Skip to content
كۆمونیزم و ئامارەكانی نێو پەرتووكە ڕەشەكە ( (The Black Book of Communism
بەڕێزم، نازانم بۆ تۆ كۆمونیزم و كوشتاری دەسەلاتی بۆلەشەڤیكەكان و دەوڵەتە ھاوپەیمانەكانی بەناوی سۆشیالیزمەوە و سووكایەتی بەژنان لە زمانی كوردیدا و وەلامی سەرنجەكەی منت تێكەڵكردووە. نازانم تۆ ئاگاداربیت یا نا، من كەسێكی ئەناركیستم و تا سەر مۆخی ئێسقان دژی ھەموو دەوڵەتێكم، بەو دەوڵەتانەشەوە كە بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە ئازادیخوازانیان سەركوت كرد. بەڵام ناتوانم وەك تۆ بەئاسانی بڵێم، ئەوەی لە پەرتووكە ڕەشەكەدا ھاتووە، وایە و گومان ھەڵناگرێت.
دەكرێت كۆمونیزم و ئەناركییەكەی منیش، تەنیا خەیالێكی خۆش بن و قەت نەیێنەدی، بەڵام ھیچ كات دونیا پێچەوانەكەی ئەوانیش، بەھەشتی ئاشتی و ژیان و ئازادی نییە، وەك تۆ پاگەندەی بۆ دەكەیت. چونكە ژنسووتاندن لەسەر دەستی پێشینانی دەسەڵاتی چینایەتی كە كەنیسەیە ئەنجامدراوە و ژنكوشتنیش لەسەر دەستی پێشەنگانی ناسیونالیزم ‘ھیتلەر’ و مۆسۆلۆنی’ و جەنەڕاڵ فرانكۆ’ گەییشتووەتە لوتكە. بەڵام بەداخەوە بەھۆی پەردەپۆشی ئەو تاوانانە و بێدەنگەكردن لێیان، ھەژماری قوربانیانی ناسیونالیزم تا ئێستا نەزانراوە و نزیكترینیان ھەژماری قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجەیە، كە قوربانی دەستی سەدامی عروبەن [ناسیونالیزمی عەرەب، خۆ بڕواناكەم بڵێی ئەویش ناسیونالیست نەبووە]، كەچی پاش ٢١ ساڵ لە فەرمانڕەوایی بۆرجوازی كورد و سەركەوتنی پارتە ناسیونالیونالیستەكانی كورد، ھێشتا نەزانراو ماوەتەوە و كراوە بە مەتەڵی نێو دادگە سیناریۆكانی دێمۆكراسی ھاوردەی دەم مووشەكە ژیرەكانی ئەمەریكا.
من نازانم چۆن وەلام بدەمەوە، چونكە لەوەدەچێت، ھەر لەبەرئەوەی كە نووسەری ئەو پەرتووكە ( (The Black Book of Communism ، دژەكۆمونیستە، ئیتر بێچەندوچوون متمانەی خۆتی بدەیتێ. بەڵام من ئەگەر دانیشم جەنگەكانی پارتە ناسیونالیست و میلیشیا و دەوڵەتەكان و جەنگە جیھانییەكان و جەنگە ناوخۆییەكان ھەژمار بكەم، ئەوا بەلایەنی كەمەوە چەند ھەفتەم بۆ ھەژماكردن و ھێنانەوەی ئامارەكان و لیستكردنی ناوی ھەڵگێرسێنەران و ..تد پێویست دەبێت. من دەزانم كە لەژێر دەسەڵاتی قەرەقوشی پارتە كۆمونیستەكاندا سەدان ھەزار دوورخراوە و زیندانی و كوژراو ھەبوون، بەڵام لەوەش دڵنیام، كە زۆرینەیان كەسانی ئازادیخواز و یەكسانیخوازبوون نەك بۆرجوازیخواز و سەوداسەری دێمكراسی مشەخۆران، چونكە نەیارانی پڕۆ ئەمەریكا و ئەوروپای ئەو وڵاتانە، لە دەرەوەی بلۆكەكەی ڕوسیاوە بوون، ئەوانەی كە لەژێر دیكتاتۆری ئەو پارتانەدا دەیاننالاند خوازیاری بەردەوامیدان بە شۆرشی سۆشیالیستی بوون، نەك ھەواداری خۆراوای سەرمایەداری.
ئەو ھەژمارەی كە لە پەرتووكە ڕەشەكەدا ھاتووە، ھەموو ئەوانەشی تێدایە، كە بەدەستی نازییەكان كوژراون و ئەوانەش بەھۆی نەبوونی و برسییەتییەوە مردوون و ئەوانەش كە لەلایەن لەشكری سپییەوە تیرۆر و ڕەشەكوژی كراون. بەڵام با قسەیەكیش بۆ دزبكەین، كە ژنان بێجگە لە كۆیلەبوونیان وەك پیاوان لەو سیستەمەدا وەك سەرتاسەری دونیا و بەھەشتە دێوجامییەكی ئەوروپا، ھێشتا لەچاو ژنانی خۆراوا ئازادتر و یەكسانتر بوون. ژنان لەو وڵاتانەدا ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو سیستەمەدا لەو وڵاتەكەیاندا، كرێی یەكسان و مافی جیابوونەوە و كاركردن و بەتەنیا ژیان و زۆر شتی دیكەیان ھەبوو، بەڵام ئایا دەزانیت، كە لە وڵاتێكی وەك ئاڵمانیای لانكەی ناسیونالیزمدا، ژنان تا سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابوردوو مافی كاركردن بەبێ پرسی پیاوانیان نەبووە و پیاوەكانیان توانیویانە بەبێ ئاگاداری ژنەكان بچنە لای خاوەنكاری ژنەكەیان و دەستبەجێ كۆتایی بە پەیمانی كارەكە بھێنن؟ ئایا دەزانیت ھەر لەم ساتەدا من ئەم دێرانە دەنووسم ھەر لەو وڵاتەدا ژنان لە چاو ھاوكارە پیاوەكانیان لە ھەمان كاری وەك یەكدا، ٧٥% مووچە وەردەگرن؟ ئایا دەزانی ھەر لەو وڵاتەی كە تۆ تێیدا دەژیت، مووچەی ژنان لە ھەمان كاری یەكساندا لە چاو پیاوان یەكسان نییە؟ ئیتر نازانم ئەو بەھایانە كامانە بوون، كە ناسیونالیزم و سەرمایەداری بۆ مرۆڤی گێراونەتەوە. من لێرەدا ناچمە سەر ئەوەی كە خودی ئەو ولاتانەی كە پەرتووكە ڕەشە كردوونی بە ھێمای دۆزەخ، ھیچ نەبوون بێجگە لە دەسەڵاتی ناسیونالیستیكی تەواو و لاساییكردنەوەی خەونەكانی خۆراوابوون.
برای من، ئایا لە خۆتت پرسیوە، كە نووسەری ئەو پەرتووكە، تا سەرەتای ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو كەسێكی ‘مائۆئیست’ بووە و تا نزیكەی كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی رابوردوو یەكێك بووە لە دەسەندكارانی گۆڤاری كۆمونیزم و ئەگەر تا كۆتایی تەمەنی نەگریسی ئیمپراتۆری ڕوسیای بۆلشەڤیكی و بلۆكەكەی سەر بە ئەو، داكۆكیكەر و پاساودەری بەشێك لەو تاوانانە [دەلێم بەشێكی، چونكە سێبەشی درۆ و ساختەن و قوربانیانی دەستی ھێڕشەكانی لەشكری سپی و ئابلۆقەی ئابووری و ھێڕشەكانی خۆراوابوون] نەبووبێت، كە خۆی لە پەرتووكەكەیدا ڕیزی كردوون، ئەوا تا سەردەمی دەسەندكاری گۆڤارەكەیان، بە ھەموو شێوەیەك پشتیوانی لەو تاوانانە، كردووە. ئیتر بازانم، كەسی ئاوا چۆن متمانە بە سەرچاوە و بەڵگەكانی دەكرێت. كەسێك كە بەبێ داوایلێبوردن و ڕدخنەگرتن لە ڕابوردووی خۆی لە شەو و ڕۆژێكدا لە پشتیوانیكەر و پاساودەری دەسەڵاتی ڕەشی ئەو پارتانەوە ببێتە ئاشكراكەر و سەركۆنەكەری ئەو تاوانانە، ئیدی ئەگەر خوێنەرێك ئەگەر ھوشیاربێت، چۆن دەتوانێت بە ئاسانی و بەبێ سەرنج و لێكۆڵینەوە، مۆری ڕەوایەتی و ڕاستبوون لەو ئامارانە بدات؟
من دەتوانم، ئەوە تێبگەم، كە كەسانی [دژ نەك ڕەخنەگر] بۆ ئامانجی كەسیی خۆیان پەنا بۆ ھەزار سەرچاوەی پڕ زێدەڕۆیی دەبەن، بەڵام كەسانێك كە بەدوای ڕاستی و لێكۆڵینەوەی مێژوودا دەگەرێن، سەرچاوەی بڕیاردانیان تەنیا لایەنی دژایەتیگەر نییە، بەلكو پەنا بۆ بەراوردی سەرچاوەی پشتیوانگەر و سەرچاوەی دژایەتگەر دەبات، بۆ ئەوەی ستەم لە قوربانییەكانی ئەو سەردەمە نەكاتەوە و ھێندەی بكوژان مێژوو نەشێوێنێت. ئەمەیە ئەركی نووسەری ئازادیخواز و دادپەروەریخواز، ئەمەش تەنیا بە سەربەخۆیی ھزریی و خۆھوشیاریی نووسەر ھەیە.
**********************
خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە