كاك نەژاد، بەڕێزم، لەوە دەچێت، تۆ زۆر بەخێرایی وەڵامەكانی من بخوێنیتەوە، بۆیە لە ھەموو وەلامێكدا دەنووسیت، تۆ ئاوا دەلێت …..
بۆئەوەی زۆر درێژە بە باسی لابەلایی نەدەم، ھەوڵدەدەم ڕوونكردنەوەكانم بە چەند خاڵێك بنووسم، تاوەكو لە گفتوگۆكە لە سووڕانەوەی بازنەیی دەربچێت …
١- ئەناركیزم ھزرە نەك ئایدیۆلۆجیا، من ئەناركیستم، واتە ئازادیخوازم، چونكە واتای دیكەی ئەناركیزم، ئازادیخوازییە و ئەناركیزم [ لە تێڕوانینی منەوە] ئازادی كۆمەڵگە لە ئازادی تاكدا دەبیبنێتەوە و تاكی ئازادیخوازیش بە بوونەوەرێكی ھاوپشتیگەر و یەكسانیخواز و دادپەروەر و خاوەن ویژدان و ھەڵگری شوناسی مرۆڤایەتی لەبەرچاو دەگرێت.
٢- ئەگەر فاشیزم و نازیزم گەشە و پەرەسەندنی ناسیونالیزم نین، ئەدی چین؟
٣- بەڵێ سەدام ناسیونالیست بوو، چونكە ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتە و ھەر كەس دژی ئەو دەسەڵاتە و سەرانی بوەستێتە، ئەوا لەتەك مەرگ و لە باشترین باردا زیندانی دەكرێت و تووشی بێبەشكردن لە بەشداری كۆمەڵایەتی دەبێتەوە … ئایا دەزانیت ‘بێرتۆلد برێشت’ كە لە ترسی نازییەكان [ناسیونال سۆشیالیست] بەرەو ئەمەریكا رایكردوو و ڕەگەزنامەی ئاڵمانیان لێسەندەوە و تا مردیش ئاڵمانی خۆراوایی ‘ناسیونال دێمۆكرات ‘ ڕێگەی گەڕانەوەی نەدا و تا كۆتایی سەدەی رابوردوو ڕەگەزنامەی ئاڵمانیان بۆ نەگێرایەوە. تكایە خۆت بەراوردی كردەوەكانی نازییەكان و سەدام و دێمۆكراتەكانی ئاڵمان بكە.
٤- بەپێچەوانەوە لە سیستەمی دێمۆكراتی ناراستەوخۆ (پارلەمانی)دا بە دوو جۆر ملیان بە ڕیفۆرم لە بەرژەوەندی خەڵكی بێدەسەڵات داوە: یەكەم لەژێر فشاری كارایی و بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھێز لەنێوان ھاوپەیمانییەكانی ناتۆ و وارشۆ، دووەم، لەژێر فشار و بە شەقی راپەڕینی ئایاری ١٩٦٨.
٥- بەشداری ژنان و مافی دەنگدانیان بۆ ھەڵبژاردنی سەروەران و كۆیلەتی خۆیان، پێش ١٩١٩ لە ‘كۆمونەی پاریس’ی ١٨٧١ و لە راپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا بۆ ژنان دەسەبەركراوە و لەژێر فشار و ناچاریدا تۆپ دێمۆكراتە پارلەمانییەكان ملیان بەو مافە رواڵەتییە داوە. بێجگە لەمە مافی دەنگدان بۆ سەروەران لای من تەنیا گاڵتەجارییەكی دێمۆكراتی ناراستەخۆیە.
٦- من وتوومە وەڵامەكانی منت شێواندوون، تكایە جارێكی دیكە سەرنجی وەڵامی یەكەمی من پاش یەكەمین سەرنجی خۆت، بدە و لەتەك گیڕانەوەیان لە وەلامەكانی خۆدا بەراوردیان بكە.
٧- كاتێك كە من تێزەكانی ھۆبزو پێش و پاشی ئەو لەبارەی دەوڵەت و نەتەوە-دەەوڵەت ڕەتدەكەمەوە، بنەمایەكم بۆ ئەوە ھەیە، نەك حەزێكی سەرشێتانە. من دەڵێم تا سەروەری كەسێك بەسەر كەسێكی دیكەدا بمێنێت، سەركوت، نایەكسانی، نادادوەری، توندوتیژی، پشێوی كۆمەڵایەتی ھەر دەمێنێت. دەزانی گرفتی ناسیونالیزم و تیئۆریسیۆنەكانی چییە، ئەوەیە كە نەتەوە، دەوڵەت، ئایین، كولتوور، ترادسیۆن، زمان، پووچگەراییەكانی دیكە پیرۆز دەكرێن و لە سەرووی ویست (ئیرادە) و خواستی تاكەوە دادەنرێن، برای من، ھەر لەبەر ئەوەیە كە من دەڵێم ئەناركیستم، چونكە لە ھزری ئەناركیدا تاك لە سەرووی خوا و دەولەت و نەتەوە و زمان و ھەموو گشتگیركردنەكانی دیكەوە و ھەرچی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەری بۆ تاك بخاتە ژێر مەرج و كۆتوبەندی بكات، ئەوا ئەناركیزم جەنگی سەرسختانەی دەكات.
نازانم ئایا سەرنجی ئەوەت داوە، كە ھیوا و خواستی مرۆڤە ئازادیخوازەكان لە ھەموو سەردەمەكاندا لەلایەن دەسەڵاتداران و تیئۆریسیۆنەكانی دەسەلاتەوە بە “یوتۆپیا نەك یۆتۆپیا” ھەژماركراوە، ھەر ئەوەی كە ئێستاكە من و تۆ مافی جووڵە و نووسین و بۆچووندەربڕینمان ھەیە، ڕۆژگارێكی نەچەندان دوور، بە خەیاڵ ‘یوتۆپیا’پەروەری دادەنرا، بۆ من سەرھەڵدانی ھەموو كەتوارێك بە كردەی تاكەكانەوە بەندە و ھەموو كردەیەكی تاكەكانیش سرووش لە خەیاڵ ‘یوتۆپیا’وە وەك ئارەزووی مرۆڤەكان، وەردەگرێت؛ كاتێك كە كۆیلەكان راپەڕین، پیاوانی ئایین و دەسەلات، خەونی كۆیلەكانیان بە یوتۆپیا دەچوواند، ھەروەك دەرەبەگەكان بە جوتیارانی ئازادیخوازیان دەگوت خەیاڵپەروەر، ئەوا ئەمڕۆكە نیئۆلیبرالەكانیش بە ئێمە دەلێن خەیاڵپەروەر، ئایا ئەمە ڕێكەوتە یا ھاوبەشی ناوەڕۆكیان؟!
٨- ئایا ئەو سیستەمانەی كە تۆ بە خێڵەكیان دادەنێیت، لەو بڕوایەدای كە یاسایان نییە، ئایا تۆ یاسا تەنیا بەچەند سەردێرێكی نووسراو دادەنێت، پێتوانییە كۆیلەدار و دەرەبەگەكان یاسای خۆیان ھەبووە، ئەگەر تەنیا یاسای نووسراویش پەسەند دەكەیت، ئەوا ڕژێمی بەعس لەچاو ڕژێمی بریتانی یاساییترە، چونكە بریتانیا تا ئێستاش یاسای بنەڕەتی نووسراوەی نییە! برای من لە سیستەمەمی بەعسیشدا ھەموو یاسایەك ھۆكارێكی ھەیە. گرفتی من سەروەری چینایەتییە و گرفتی تۆش ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپترە لەنێوان شتە ڕواڵەتییەكاندا، یاسا زارەكی بێت یا نووسراو، گرنگ رێكەوتنی كۆمەلایەتییە لەسەری نەك فۆرمەكەی!
٩- من لە نموونەكەتدا دەربارەی لەبارەی یاسای تەندروستییەوە نەگونجاوی و لێكچوون دەبینم، تكایە پێداچوونەوەی بكە. لە یاسای سەروەری چینایەتیدا تەنیا دەسەلاتداران و تیئۆریسیۆنەكانیان و دەستوپێوەندەكانیان مافی دەستكاریكردنی ئەو یاساكانیان ھەیە، لە سیستەمی خێڵایەتیشدا وەك لە سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانیدا تەنیا ئاخاكان و دەستوپەیوەند و میرزاكانیان مافی قسەكردنیان لەسەر ئەو بڕیارانە ھەیە، مەگەر ئاوا نییە، ئایا لە بارەی جەنگ، ڕێكەوتن و چەكدروستكردن و بەرزونزمی باج و لابردن و دانانی پڕۆژە، ئاوەدانكردنەوە و وێرانكردن و …تد، ھیچ پرسیك بە تاكەكان دەكرێت، ھیچ مامۆستا و خوێندكار و دایك و باوكێك ڕۆڵی لە دانانی سیستەمی خویندندا ھەیە، ئایا ھیچ كرێكارێك ڕۆڵی لە بەرنامەڕیژی بەرھەمھێنان و دابەشكرندا ھەیە، ئایا ھیچ پزیشك و چاودێرێكی دەرمانی و نەخۆسێك ڕۆڵی لە سیستەمی تەندروستیدا ھەیە، ئایا ھیچ فەرمابەرێك ڕۆڵی لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرایەتی وكارگێریدا ھەیە، ئایا ھیچ ھاوولاتییەك ڕۆڵی لە دیاریكردنی یاسادا ھەیە؟ ئیدی پێمناڵێت جیاوازی سیستەمی دیكتاتۆری پارتە كۆمونیستەكان و سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانیدا ھەیە؟
١٠- ناسیونالیزم چنگێكی خوێناوییە و تەنیا بەلەناوبردنی چڕنووكەكانی لە دڕندایەتی دەكەون، ئیدی نازانم شەیدایی تۆ و زۆرێكی دیكە لە پای چییە، شتێك كە بە خوێنڕێژی لەدایكبووبێت و بەخوێنمژی پێیگرتبێت و بەخوێنڕێژی درێژە بەخۆی بدات، دەبێت چ جوانییەكی تێدا بێت، كە ئاوا تاكی خۆشباوەڕ بە سەروەری چینایەتی و میرایەتی باش و دێمۆكراتی نوێنەرایەتی، دەستبەرداری نابێت؟ بۆچی لە دووی ئالتەرناتیڤ ناگەڕێن؟ ئەو ھاوبەشییە نیشتمانییە تۆ باسی دەكەیت، دیوەكەی دیكەی ناجاربوونی تاكە بە دەستبەرداربوونی ئازادی و مافە سەرەتاییەكانی لەوانە زمان و ھەڵبژاردنی جۆری ژیان و بەڕێوەبردن و بڕیاردان.. من تێناگەم، لەلایەك باسی دروستبوونی نەتەوەیی دەكەیت و لەلایەكی دیكەوە باسی ھاوبەشی و مافی یەكسانی بۆ ھەموو كەسانەی كە لە كوردستاندا دەژین دەكەیت، ئایا ئەم دووانە یەكتر ڕەتناكەنەوە؟ ئایا نیشتمان-نەتەوە، ھەر بە سیستەمی دەوڵەتی وسەروەری چینایەتی پشتی نەبەستووە؟
١١- تۆ بۆ سەلماندنی دروستی ناسیونالیزمەكەت، ھانا بۆ پێكھاتە وڵاتی چین دەبەیت، لە كاتێكدا كە ھەموو ھەوڵێكت بۆ دژایەتی كۆمونیزمەكەی روسیا و چینە؟ ئایا روسیای جارانیش وەھا پێكھاتەیەك نەبوو، ئایا یوگوسلاڤیا و چیكۆسلۆڤاكیا وەھا پیكھاتەیەك نەبوون، ئیدی بۆچی پێی ئەوان پیسە و پێی چاین پاكە؟
١٢- شتێك كە تۆ زۆر سەرنجت نەداوەتێ، ئەوەیە، كە ئەو كۆمونیستانەی كە لەلای تۆ نەفرەتلێكراون، ئەوانیش باوەڕییان بە پێداویستی دەوڵەت ھەیە و بە ئێمەی ئازادیخواز دەڵێن “خەیاڵپەروەر”! ئەوانیش وەك ‘گروپە بێڕەھەندەكە’ باوەڕیان بە پێداویستی پارت ھەیە! ئەوانیش وەك باوەڕیان بە دیكتەكردنی ژیان و زانست بە خەڵك ھەیە، ئەوانیش باوەڕییان بە پێشرەوی دستەیەك ھەیە، ئیدی نازانم گرفتی تۆ لەتەك ئەواندا لە چیدایە؟ یا ھەر سوێندت خواردووە دژایەتییان بكەیت؟
بەكورتی، ئەگەر لە وتووێژ و لێكۆڵینەوەی ناسیونالیزم و ئایین و دێمۆكراسی و كۆلێكتیڤیزم و تاككگەرایی و كۆمەڵگە و چۆنیەتی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەلایەتییەكانی كۆمەڵگەدا بەگشتی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی كۆمەڵایەتی نەبنە چەق و تەوەرەی سەرەكی، ئەوا گفتوگۆكان نەزۆك و دابڕاو لە ژیانی كەتواریی ڕێچكە دەبەستن و سەرەنجامیان سەرئێشە بۆ خودی بەشداربووان و خوێنەرانی ھێژا و دواجار گۆڕینەوەی پەیامی ” تۆ ئاوا و من ئاوا و ئەو ئاوا” كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر گفتوگۆكان لەنێوان دوو كەس دەرچن، ئەوا ڕەنگینتر و زیندووتر و تێروتەسەلتر دەبن، راستییەكەی ئامانجی من لە ھەموو نووسینێك و سەرنج و ڕەخنەیەكدا شڵەقاندنی گۆمی مەنگخواردووی ڕۆشنبیریی كوردییە لە دەوری چەند پیرۆزكراوێكدا. بەڵام بەداخەوە، ھەموو جار نادەربەستی خوێنەر، لەوە نائومێدم دەكات، كە بەم زووانە شتی ئاوا ڕووبدات و لەوە دەچێت، ھێشتاكە ھاتنی بەھاری ڕەخنە و توانەەوەی بەستەڵەكی پیرۆزی پوچگەراییەكان، كاتی نەھاتبێت.
ھەرچەندە ویستم، ئەمە دوا وەڵام بێت، بەڵام بە دیتنی وەڵامەكانت لەمەڕ زمان، خۆم بە ناچار دەزانم، وەلامێكی دیكە بدەمەوە، چونكە تۆ منت بە ناڕەوا كردووەتە ھاوبۆچوونی لایەنگرانی جووتستاندارد، تا ھەلێك بۆ وەڵامدانەوە لەو بارەوە دەدۆزمەوە، دەمەوێت بڵێم، من ئازا دژی سەپاندنی زمانێك یا زاراوەیەكم بەناوی ستانداردەوە و بە پاساوی پیرۆزییەكانی ناسیونالیزمەوە، ھەرواش دژی جووتسانداردم و ئەوەش بە گەمەیەكی سەروەرانە و سەپاندن و چەپاندنی مافی زمانی دایكی دەبینم.
ھەردەم تەندروست بژیت