خۆ ئەگەر كەمێك لە شێوازی ئاھەنگەكە واوەتر بڕۆین، ئەوا لەوەش خراپتر خۆفرۆشتنی ژنە بەیەكجاری لەبەرامبەر خشڵ و خانوو و ئۆتۆمەبێلدا، كە ئەم داواكارییانە، زەمینەیان بۆ سەرداریی دەوڵەمەندان دروستكردووە و لەو نێوەدا كێبڕكییەكیان لەنێوان ژناندا دروستكردووە و كاركێشاویەتە ئامادەیی ژنان بۆ چوونەپای شووكردن (بەداوای لێبورنەوە ناتوانم واژەی ھاوسەری بۆ وەھا ھەڵبژێرێك بەكاربەرم) بە پیاوانێك كە ژنێك یا چەند ژنی دیكەیان ھەیە یا چوونەپای سێكسفرۆشی، كە بە بۆچوونی من شوكردنەكە بە پیاوێك لەبەرامبەر خشڵ و خانوو و ئۆتۆمەبێل چ ئەو ژنە تاكە ژنی بێت یا خاوەنی چەند ژنی دیكە بێت، لە ناوەڕۆك و شێوەدا ھیچ جیاوازییەكی لەتەك سێكسفرۆشیدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، كە سێكسفرۆشی مامەڵەیەكە بۆ یەكجار و ماوەكەی دیاریكراوە، بەڵام شووكردن مامەڵەیەكەی سێكسفرۆشییە بۆ ھەمیشە بەردەوام دەبێت یا بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت !
ڕاستییەكەی كاتێك كە یاسای چەندژنە لە پارلەمانی ھەرێمی كوردستاندا پەسەند كرا، لەو بروایەدابووم و خۆشباوەڕبووم بەوەی كە بۆ ڕۆژی دوایی لە سەرتاسەری ئەم ھەرێمەوە لە ھەموو گوند و ناوچە و شارەكانەوە ڕێپێوانی ژنانی یەكسانیخواز بەرەو داگیركردن و سووتاندنی بالاخانەی پارلەمان و داگیركردنی ناوەندەكانی فەرمانڕەوایی بەڕێدەكەوێت، بەڵام بەداخەوە ھەژماری ژنانی نارازی بەلایەنی كەمەوە لە میدیادا لە ھەژماری پیاوانی یەكسانیخواز و دژە چەند ژنە كەمتر بوو! بەداخەوە نە ڕێپێوانی ملیۆنی بەرەو بالاخانەی پارلەمانی ھەرێم بەڕێكەوت و نە لە شارەكاندا بالاخانەی دادگە و نێوەندەكانی فەرمانڕەوایی داگیركران و نە لە شوێنی كار و خوێندگەكاندا مانگرتن ڕاگەییێنرا و نە لە نێوەندی شارەكاندا چادری ناڕەزایەتی و مانگرتن ھەڵدران! ئایا وەھا كاردانەوەیەكی نادەربەستانەی خودی ژنان، شیاوی تێرامان و لێكۆڵینەوە نییە؟
بەڕاستی من بۆخۆم تووشی داچلەكان (شۆك) بووم و گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەگەر ھەر ئەو پارلەمانتارانە و ھەر ئەو دەسەڵاتە بڕیاری قەدەخەكردنی شیربایی، مارەیی و خشڵ و زێر و داواكاریی ئابووری بدایە، لەوانە بوو، زۆرینەی ژنانی كوردستان بڕژێنە سەرشەقامەكان! ھەروەھا ئەو ژنانەی كە ئازادی چوونەدەرەوەیان ھەیە لەنێویاندا كچانی خوێندكار، ئەوەندەی كە ھەڵگر و پەرەپێدەری كولتووری بەكاربەری و كێبركێی ساخكردنەوەی كەرەستەكانی بازار و ئەوەندەی كات بە شتە ڕواڵەتییەكانەوە بەفێڕۆ دەدەن، ئەوەندە لە پەرتووكخانە و كایە ھزریی و ڕۆشنبیرییەكاندا ئامادەییان نییە! ئەوەندە داھات و كاتییان بۆ كڕینی گۆڤار و ڕۆژنامە ڕیكلامییەكان تەرخان دەكەن، ئەوەندە خەرێكی خوێندنەوەی پەتووك نین، ئەوەندەی خەریكی پەرەدان بە شتە ڕواڵەتییەكانن، ئەوەندە خەریكی خۆھوشیاركردنەوە و خۆڕزگاركردن لە ڕێوشوێنی نالەبار و كۆیلەئاسایان نین. ئەوەندەی خەریكی پاساوھێنانەوە بۆ دەستەمۆیی و نادەربەستییانن، ئەوەندە خەریكی گەران بەدوای ڕێگەچارەی ڕادیكاڵ و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی كەسیی و خۆپساندن لەو دەستەمۆیی و نادەربەستییە نین! ھەڵبەتە ئەوەش نەوتراو نەمێنێتەوە، كە لە كۆمەڵگەدا تەنیا ژنان نین، كە پاساو بۆ دەستەمۆیی و نادەربەستبوونیان دەھێننەوە، ھەروا كرێكاران و خوێندكاران و چین و توێژە ژێردەستەكانی دیكەی كۆمەڵگە بە ژن و پیاوەوە، بەھەمان كار ھەڵدەستتن، بەلام ڕۆڵی ژنان فرەتر زاقدەكاتەوە، ئەوەیە كە ژنان لە خوارترین ڕێوشوێنی كۆمەلایەتیدا گیریانكردووە و بەھۆی خۆشباوەڕییان بە پەیدابوونی فریادڕەس لەدەرەوەی ڕیزی خەباتكارانەی خۆیان، فرەتر گیرۆدەی كردوون!
وەھا بڕوایەك بە فریادڕەسی پاڵەوانەكان ھەم ڕیشەی لە ناھوشیاریی خۆیاندایە و ھەم دەستكرد و بەرھەمی كار و چالاكی ڕامیاریانەی دەستەبژێری پارتیی و ڕۆشنبیریی دەسەڵاتخوازە، كە بە قۆستنەوەی ڕێوشوێنی نالەباری ژنان و كرێكاران و چین و توێژە ژێردەستەكانی دیكە، ئەو بڕوایە لای ژێردەستان دروستدەكەن، كە بەرەوپێشبردنی شۆڕش و یاخیبوون كاری كەسانی دیاریكراوە و پێویستی سەركردایەتیكردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەوان و بە پلەوپایەی ئەكادیمی و فرەبڵێی ڕامیاریی و ناوبانگی ئەوان ھەیە.
وەھا بیركردنەوە و ھەوڵدانێك لەلای فێمینیستانی دەسەلاتخواز بە ئاشكرا دیارە و بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ھەوڵێكیان لە دروستكردنی كینەدۆزی ژنان بەرامبەر پیاواندا چڕدەكەنەوە، تاوەكو خۆیان بكەنە دەمڕاستی ژنانی نارازی و وەك پیاوانی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخواز، تاوەكو دەستییان لە دەسەلاتی ڕامیاریی گیرببێت و ڕێوشوێنی ئابووریی باڵاتر بەدەستبھێنن. ئەگەر ئاوڕێك لە چەند ساڵی ڕابوردووی قسەكەرانی فێمینیزم لە كوردستان و نێو ڕەوەندی كوردی بدەینەوە، ئەوا چەند نموونەیەكی زیندوو لە قسەكەرانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەبینین، كە بوونە ئێسكێك لە پێكھاتەی ئێسكەپەیكەری دەسەڵات و بە بەھەشتی مشەخۆریی بەسەر تالانی سامان و داھاتی كۆمەڵگەوە، شاد بوون و لەتاو چێژبردن لە دەسەڵاتدارێتی و توانای ئابووریی، كڕكەوتوون و چیتر فرەبلێییان لەنێو كۆڕ و كۆمەڵەكانی دەسەڵاتداراندا فرەترە تا لەنێو دەنگی ناڕازییاندا و بوونەتە وێوڵەی دەسەڵات و لە بۆنە و سیناریۆ پێشتر ئامادەكراوەكاندا، پەیامی میرایەتی باش [كولیچەخواردن لە ئاسمان*] بە ژێردەستان دەدەن!
دوا وشە، لەوانەیە كەسانێك كە ڕواڵەتییانە لە یەكسانی دەڕوان و ئازادی ژنان تەنیا بە مۆدێلگەری و سەربەستی پۆشینی پۆشاكی خۆراوایی دەزانن و پشتیوانیان لە داخوازییەكانی ژنان تەنیا بۆ پاگەندەی پارتەكانیان یا لەپێناو بەدەستھێنانی پلە و ڕێوشوێنی باڵایە لەنێو بزاڤی لاواز و خۆشباوەڕی ژناندایە، لە جیاتی وردبوونەوە و گەڕان بەدوای وەڵام و ھۆكار و پێشینەی لاوازییەكان، دەستبەجێ بكەونە تەقەكردن لەم پرسیارانە. بەلام من بەوپەڕی ھوشیارییەوە، ئەم پرسیارانە ئاراستە دەكەم، چونكە من نامەوێت كۆیلە بلاوێنەوە و بەزەییم پێدابێتەوە، بەڵكو دەمەوێت ھەستی خامۆشكراوی داچلەكێنم و ئازاری تەمبەڵی بیركردنەوە و خوگرتنی بە كۆیلەتییەوە بدەم، دەمەوێت ھەستی سڕكراوی بڕیندار بكەم. چونكە لەو بڕوایەدام، لەبری ڕەخنە لە پیاوی باوكسالار، ڕەخنە لە ئەشكەنجەدەر، ڕەخنە لە دەسەلاتدار و بۆرجوا، پێویستە ڕەخنە لە ژنی ملكەچ، لە زیندانیی خۆشباوەڕ، لە كرێكار و جوتیاری بێدەنگ بگیردرێت، لەبەرئەوەی كە ئەوە كۆیلانی ڕازی و دەستەمۆ و خۆشباوەڕن، كە سیستەمی كۆیلایەتی خۆیان ڕاگرتووە، نەك چەك و لەشكر و بەكرێگیراوانی دەسەڵات!