ھۆكاری ھوشیاری تاكی كورد لە خۆرھەڵات و باكوور و خۆراوا، دەستەمۆیی لە باشوور
شتێك كە ھەردەم سەرنجم ڕادەكێشێت، جیاوازییە لە ھوشیاری و چۆنیەتی بەرەنگاری لە تاكی كوردی خۆرھەڵات و باكوور و خۆراوادا، كە بەداخەوە لە تاكی كوردی باشووردا ئەو ھوشیارییە و ئەو ئاوەزە ئامادە نەبووە و بەداخەوە دەبێت بێڵم ھێشتاكە زۆر بەدەگمەن ئامادەیە.
بەدیاریكراوی ئەوەی مەبەستمە، شێوە خەبات و بەرەنگارییە؛ خەباتی جەماوەری، كە تا ھەنووكە لە باشووری كوردستاندا بەھۆی زاڵی بیركردنەوەی پارتایەتی بەسەر سەراپای ژیان و بیركردنەوە و بوونی تاكدا، تاكی كردووەتە ڕۆبۆتێك كە تەنیا بە سیگناڵی دەسەڵات و پارتەكان و ڕامیاركاران دەكەوێت بزووان.
لە پاش ڕاپەڕینی تێكشكاوی ئازاری ١٩٩١ەوە چالاكانی ھونەری كوردی باكوور، ھاتنە باشوور و كەوتنە چالاكی ھونەری لە شێوەی تیپی شانۆی و سروود و گۆرانی و چالاكی كولتووری….تد، بەو جۆرە بینیمان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا جەماوەرێكی زۆریان لە باشووردا لە خۆیا كۆكردەوە و بوونە ھێزێكی ئاوا، كە (ینك) و (پدك) خۆیان بە ناچار زانی بۆ بەرگرتن بە پەرەسەندنی ئەو شێوە خەبات و ڕەوتەی جەماوەریبوونە، ھانا بۆ لەشكری توركیە بەرن و ئەوەبوو لە سەرەتای ئۆكتۆبەری ١٩٩٢دا پەلاماری گەریلاكانی باكووریان دا و چەكدارانی (پدك) و (ینك) وەك پاداشتی كوشتن و رادەستكردنی كچە گەریلاكانی باكوور، سەرو چەند مەتر قوماشی سەربازی و چەند سەد دینارێكیان وەرگرت.
ناوەڕستی ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك گەییشتمە سنووری توركیە، لە سێ شاری كوردستاندا مانگرتن لە كردنەوە و كڕین و خوێندنەوەی میدیا دەستیپێكردبوو، كە لە مێژووی ئەوروپاشدا زۆر دەگمەنە و دەتوانین بڵێین داھێنانی تاكی شۆڕشگیری باكوورە و بەس. لەو چەند ڕۆژەدا نە كەس تەلەفزیۆن و ڕادیۆی پێدەكرد، نە كەس ڕۆژنامەی دەكڕی و نە كەس ڕاگەیاندنەكانی دەخوێندەوە، ئەم مانگرتنە ڕێكەوتی خۆئامادەكردنی پارتەكانی توركیە بوو بۆ ھەڵبژاردنەكان.
لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە باكوور فۆرومی كۆمەڵایەتی (Social Forum) پێكھێنراوە، كە لە سەرانسەری جیھانەوە ئازادیخوازان بە بەرھەمی ھونەری و چالاكی كۆمەڵایەتی و وۆركشۆپی ھوشیاركەرەوە بەشداری تێدادەكەن و ساڵێك لە دیاربەكر ڕێكدەخرێت و ساڵێك لە ئیستانبول.
ھەروەھا لە چەند ساڵی ڕابوردوودا بزووتنەوەیەكی كۆمەلایەتی بۆ پەرەدان بە كۆمونەی كشتوكاڵی وەك بەرەنگاری ئابووریی و ڕۆنانی دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ وەك دەسەڵاتی جەماوەری لە بەرامبەر دەسەلاتی ڕژێمی توركییە، دەستبەكار بوون و وەك ئەمڕۆ دەبینین، ئەم ھەوڵانە بوونەتە ھۆی ھەڵخڕاندنی ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ملیۆنی خەڵكی ناڕازی و ئازادیخواز لەو دەڤەرە و بەڕادەیەك ئەم بزووتنەوە كارایی داناوە، كە دەسەڵاتدارانی باشووری ناجاركردنەوە، ئەم جارە لەبری ناردنی لەشكر بۆ سەركوتیان، پەنا بۆ ڕێگەی دیكە و كنەكردن بەرن و قسەكەرانیان دەنێرن تا وسڵی پێشلەشكرییان بۆ سوپای توركیە، بە كۆمەڵێك پاگەندەی بێبناخە و بەڵێنی درۆ دەربكەن.
ئەگەر سەرنجی خۆرھەڵاتیش بدەین، ئەوا زۆر بە ئاشكرا ھوشیاری مانگرتنی گشتی و بایكۆتكردنی جەماوەریی و خەباتی نافەرمانی سڤیلی لە پێنج ساڵی ڕابوردوودا ئامادە بووە و تەنانەت ھوشیاری تاكی بەشەكانی ئێرانی خستووەتە ژێر كارایی و گەورەترین وەڵامیشی بە پارت و ھێزە دەسەڵاتخواز و ھاوكارەكانی ئەمەریكا دایەوە.
بەشی خۆراواش زیندووترین نموونەیە، كە خەریكن بەڕێوەبەرایەتی جەماوەریی لەجێی بەرێوەبەرایەتی پارتیی و دەستەبژێریی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا دادەنێن، ئەوەی كە خەونی لە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەپێش دەسەڵاتدارانی توركیەوە زراندووە و كەوتوونەتە ھاریكاری ھێزە سیخوڕیی و سەربازییەكانی توركیە بۆ تیكدانی ئاساییش و یەكڕیزی و یەكدەنگیی جەماوەری ڕاپەڕیوی خۆراوا.
بەڵام بەداخەوە دەبێت ددان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێن و بوێری ڕەخنە لەخۆگرتمان تێدابێت، كە تاكی كورد لە باشوور، سەرەرای لە ئارادانەبوونی دەسەڵاتی داگیركەر، لەبەرئەوەی كە جاڵجاڵۆكەی پارتایەتی و پاشڕەوایەتی شوانە ڕامیارەكان ھۆشی تەنیوە و پاشڕەوی بۆ پارلەمانتاران و دەسەڵاتداران بووەتە بەشێك لە كولتوور و مێنتالێتی و دەتوانی بلێن بووەتە بەشێك لە پێكھاتەی كرۆمۆسۆم و دی ئێن ئەی و ناتوانێت لە دەرەوەی دەوڵەت و پارتەوە بیری لە ئازادی بكاتەوە و بەبێ شوانە ڕامیارەكان، توانای بیركردنەوەی نەماوە، بۆیە لە لاساییكردنەوەكەی ١٧ی فێبریوەری ٢٠١١دا سەرانی دەسەڵاتخوازی لیستی گۆڕان توانیان بە ئاسانی ئەو ھەوڵە دستەمۆ بكەن و بیكەنە دەستكەلای خۆیان بۆ بەدەستھێنانی بەرتەری ئابووریی و ڕامیاریی بۆ خۆیان و بژاردنەوەی مووچەی دواخراوی ئەندامان و لایەنگرانی لیستی گۆران و پاشڕەوانی نەوشیروان موستەفا!
ئەگەر بینەری ئەم ڕووداوانە و چاودێرانی بەدەربەست بە ھوشیارییەوە سەرنج بدەنە بار و پێكھاتە و ھوشیاری تاكی ئەو دەڤەرانە، ئەوا زوو پەی بەوە دەبەن، كە جیاوازییەكە بۆ یەك شتی زۆر سادە دەگەرێتەوە، كە ئەویش بریتییە لەوەی، كە لە باكوور و خۆراوا و بەڕادەیەكیش لە خۆرھەڵات، بەھۆی ھوشیاربوونەوەی تاكی كورد و بڕوابەخۆبوونەوە و خۆدەستبەكاربوون و سەربەخۆیی لە بیركردنەوە، بەرەو ئەوەی بردووە، كە كێشە و پرسە كۆمەڵایەتی و ئابوورییە بە ڕامیاریكراوەكان بەرەو كۆمەڵایەتیكردنەوە بەرێت، بە واتایەكی دیكە لەبری ئەوەی چارەنووسی خۆی بە پارتی ڕامكار و سەركردە بسپێرێت، خۆی ھاتووەتە مەیدان و بەخۆی بیردەكاتەوە و بەخۆی بڕیاردەدات و بەخۆی جێبەجێی دەكات و بەخۆی لە خوارەوەرا لە نێوەندی كار و ژیانیدا لە زیندانەكاندا خەركی سەپاندنی دەسەڵاتی جەماوەریی خۆیەتی، خەریكی ڕۆنانی بناخەی دێمۆكراتی ڕاستەوخۆیە، خەریكی خۆڕاپساندنە لە پاشڕەوی، خەریكی ئازادانە بیركردنەوەیە!
بەڵام بەداخەوە، لە باشوور، پاشڕەوی تاك، دەستەمۆیی بۆ شوانەی پارتەكان و ڕامكاران و دەستەبژێری دەسەڵاتخواز، گیرۆدەیی بەھۆی شەیدایی بۆ دەوڵەت و چاوەڕوانی لە فرادڕەسی داگیركەرانی وەك ئەمەریكا تەنانەت لە دەوڵەتانی وەك توركیە و ئێران، وەھا بێویست (بێئیرادە)ی كردووە، كە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆشیدا بەبێ ئامۆژگاری و ڕێنوێنی سەركردەكان توانانی ھیچی نییە، بەڵگەشم بۆ ئەمە سەرنجی ژوورەكانی پالتۆك و ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەكان بدەن، بزانن چۆن تاكی كوردی باشوور، پاش ھەر قسەكردنێكی فریودەرانەی بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروان و مەلابەختیار و ئەندامپارلەمانان و مەلای مزگەوتەكان دەروێشئاسا تووشی حاڵكردن دەبێت و بە ھەفتە و مانگ خەركی پێداھەڵدان و سەڵاواتدانە بەسەر چەوسێنەرانی خۆیدا و وەك تووتی قسە پووچ و بێبەڵگە و بێبنەماكانیان وەك گوتاری پیرۆزكراوی ئایینی ھەزار بارە دەكاتەوە. بە واتایەكی دیكە تاكی كورد لە باشوور، لەبری سڕینەوەی ئاسەواری ڕامیاری لە ژیان و كاروباری كۆمەڵایتیدا، خەریكی بە ڕامیارییكردنی ئەو پەیوەندی و پرسە كۆمەلایەتیییانەشە، كە تا ھەنووكە پارتەكان و ڕامكاران نەیانتوانیوە بە ڕامیاریی ژاواوییان بكەن !
* لە ڕوانگەی منەوە، ڕامیاریی بریتییە لە درۆ و پیرۆزكردنی مەرامی مشەخۆرانە و دەسەلاتخوازانەی پارتچییەكان و دەستەبژێری ڕامیار بۆ گۆڕینی پەیوەندی و پرسە كۆمەڵایەتییەكان بە كایەی بەدەسەڵاتگەییشتن لە بەھۆی ڕامكردنی تاكی ژێردەستەوە، كە بۆ تێگەییشتن لە مەرامیان، تەنیا سەرنجدان لە واژە كوردییەكە (ڕامیار و ڕامیاری) بەسە، كە بەم جۆرەیە [ڕامیار= كەسی ڕامكەر و ڕامیاریی = كایەی ڕامكاردن].