Skip to content
بەڕاییەکی کورت لەمەڕ ئەنارکۆسەندیکالیزم
http://issuu.com/sakurdistan/docs/enarkosendikalizm

http://issuu.com/sakurdistan/docs/enarkosendikalizm
ئەنارکۆسەندیکالیزم، شێوازی خەبات و ڕێکخستنی ئازادیخوازانەیە لە بواری خەباتی جەماوەرییدا، کە لەسەر پایەی خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆبڕیرادان و خۆجێبەجێکردنی تاکی چەوساوە لە خواڕەوەڕا، لە بنکەی جەماوەریی فراوان و لە نێوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیدا وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخستن و چالاکی و فەرمانبەری و جێبەجێکردن لەسەر بنەمای گوێرایەڵیی بۆ سەرەوە و شێوازی قوچکەییانەی (هیراشی) ڕێکخسنی باو، کە دەسەڵات و ئاراستە ڕامیارییە دەسەلاتخوازەکان بۆ ڕاگرتن و پاراستنی سیستەمی چینایەتی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێ لە قاڵب دەدەن و گیانی ئازادیخوازیی و کارابوون و دەستپێشخەریی لە تاكی چەوساوە دەسێننەوە و دەیکەنە تاکی خۆشباوەڕ و پاشکۆ و ملکەچی بڕیارە پێشتر دریاریکراوەکان. ئەم شێوازە لە کوشتنی گیانی کارابوون و چالاکبوون و بەدەربەستبوون، تەنیا لەلایەن دەسەڵات و پارتە پارلەمانیییەکانەوە نەگیراوەتەبەر، بەڵکو فێرگە و ئاراستە سۆشیالیستییە دەسەڵاتخواز (پڕۆ-مارکسیزم)ەكانیش، ئەوەی کە بۆرجوازی نەیتوانیوە کۆمەڵایەتیی بکاتەوە، ئەوان بەلەخۆبوردووییەوە بۆ کۆمەڵگەی چینایەتی ئەنجامیان داوە.
ئەناکۆسەندیکالیزم وەك ڕێبازی یەکێتیگەرایی شۆڕشگێرانە لەبەرامبەر هەوڵە خۆشباوەڕگەر و خەڵەتینەرەکانی بۆرجوازی بەوەی بە پارانەوە و چاوەڕوانی و متمانە بە نوێنەرە پارلەمانییەکان، بەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان ژیان و گوزەرانی چینە ژێردەستەکان (ناسەروەرەکان) باشتر دەبێت، هەروەها لەبەرامبەر خۆشباوەڕیی و پاشکۆکردنی چین و توێژە ژێردەستەکان لە دووی پارتە ڕامیارییەکانی دەستەبژێران، بەوەی ئەگەر چەوساوان وزە و هێزی خۆیان بکەنە پاڵپشتی پارتی پێشڕەو و دەستەبژێرە فەرماندەرەکەی، ئەوا پاش بەدەسەلاتگەیشتنی ئەو جەنابانە، چەوساوان بە ئاواتەکانی خۆیان دەگەن و جیاوازییە چینایەتییەکان وەك بەفری بەهاران بە جادووی پێشرەویی ئەوان دەتوێتەوە. ئەنارکۆ سەندیکالیزم لەبەرامبەر ئەو فریوکارییە هەزارانباربووانەدا وەك ئەلتەرناتیڤی خۆڕابوونی چەوساوان و خۆرزگارکردن چەوساوان لە نوێنەرایەتی پارلەومانیی و پێشڕەوایەتی دیکتاتۆری پارتەکان، وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستی خەباتی چینایەتی لە دەروونی خودی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی چەوساوانەوە، هاتووەتە مەیدان و هەر لە سەرەتاوە لە شێوەی ڕێکخستن و شێوازی خەبات و میکانیزمەکانی کار و چالاکی و ڕۆڵی تاکە چەوساوەکان لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیاندا لەتەك یەکێتیگەرایی یاسایی و
پاشکۆگەرایی پارتە چەپەکاندا سنووربەندی کردووە. لە هزر و ئایدیای ئەنارکۆسەندیکالیستیدا ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی سەنگەری لاوەکی و کاتیی خەباتی چینایەتی نین، بەڵکو تاکە سەنگەری شۆرشگێڕانە و چەکی کارای ئەو خەباتە پێکدەهێنن و هاوکات دەبنە یەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی داهاتوو. لەمەش واوەتر یەکێتییە شۆڕشگێرەکان لە ژیان و کاروبار و چالاکی ڕۆژانەدا هەوڵی لێدان لە پایەکانی سیستەمی چینایەتی دەدەن و دەخوازن هەر ئەمڕۆ و لە دەروونی سیستەمی چینایەتیدا سوونەت و کولتوور و پایەکانی ژیان و مامەڵەی مرۆڤی نوێ جێخستە بکەن و هاوسەنگی هێز لە خەباتی ڕۆژانەدا بەلای کۆمەڵگەی هاوبەش و هەروەزییدا بشکێننەوە.
جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەنارکۆسەندیکالیزم وەك هزر و ئایدیای یەکێتییە شۆڕشگێڕانەکان لەتەك یەکێتییە کلاسیکە یاساییەکان و پاشکۆکان، ئەوەیە، کە لە بەرامبەر نێوەندگەرایی بڕیاردان و سنووربەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، خۆجێی چالاکی دەکەن و جیهانی بیردەکەنەوە، لە بەرامبەر پێهکاتەی قوچکەیی ڕێکخستندا، خوازیاری پێكھێنانی یەکێتی پیشەیی سەربەخۆ و یەکگرتووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەسەر بنەمانی فیدرالیستیی، لە بەرامبەر گوڕیڕایەڵی نێوەندی و یاسا و دەوڵەت، خەریکی هەڵخڕاندنی خەباتی ڕاستەخۆ و کتوپڕ و مانگرتنی گشتی دەبێت، لە بەرامبەر دەوڵەتییکردنەوە و بازارئازادی نیئۆلیبراڵیزم، کار بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییە ئازادەکان و خۆبەڕێوەبەرایەتی چین و توێژە بندەستەکان لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا دەكات، بە واتایەکی دیکە واتە دەستکۆتاکردنی هەنگاو بە هەنگاوی سەروەران و سیستەمی چینایەتی لە ژیانی ڕۆژانەدا، پێبەپێی هوشیاربوونەوە و ڕیکخرانوون و دەستبەکاربوون و پەرەگرتنی هێزی یەکگرتووی چەوساوان بۆ سەپاندنی ویست و خواستیان و کۆمەڵایەتیبوونەوەی کولتووری هاوبەشیی و هاریکاری و هەرەوەزیی ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە ئازادە بێسەروەرەکاندا و کۆتاییهێنانی یەکجاریی بە سەرکوت و نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی. (و.ك)