Skip to content
پێشنیاری ڕۆژێك بۆ خۆشەویستی لە كوردستان
ھەژێن
١٢ی فێبریوەری ٢٠١٣
بەدڵنیاییەوە، زۆرێك لەتەك یەكەم خوێندنەوەی ئەم سەردێرە، كۆمەلێك پرسیار بە ھۆشیاندا دێت و لەوانەشە لە یەەكم كاردانەوەدا بە ناسیونالیستبوون و دژایەتی كولتووری خۆراوایی لەمەڕ ڕۆژی خۆشەویستی، تۆمەتبارم بكەن. بۆیە پێویستبوونی ئەم بەراییە خۆی دەسەپێنێت؛
ھەستی یەكترخواستی نێوان دوو تاكی دوو ڕەگەز [لێرەدا قسە لەسەر دوو ڕەگەزی جیاوازە، نەك خۆشەویستی نێوان ھاوڕەگەزەكان] ھەستێكی مرۆییانەییە و مێژووی ھەمان مێژووی مرۆڤایەتییە و پێش ھەموو ھەستە ئایینیی و نەتەوەیی و ڕەچەڵەكیی و نەژادیی لە مرۆڤدا سەریھەلداوە یا لەتەك مرۆڤدا لەدایكبووە، ھەر بۆیە خۆشەویستی ئەو سنوورە دەستكردانە ناناسێت، كە دوای خۆی لەدایكبوون و مرۆڤایەتی بەسەر (ئایین و نەتەوە و ڕەچەڵەك و نەژاد)دا دابەشدەكەن.
یەكێك لەو پرسیارانە، ئەوەیە؛ ڕۆژی ڤاڵانتاین ھەیە و لە زۆر وڵاتدا سیمبولە بۆ خۆشەویستی، ئیدی ڕۆژێكی دیكە و تایبەت بە كوردستان بۆچی؟
ئەگەر بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەكان و ھۆكاری سەرھەلدانی ئەو ڕۆژە و پێناوێك كە بۆی ھاتووەتە بوون، خۆمان بەوە رازی بكەین، كە ڤالانتاین ڕۆژی خۆشەویستییە، ئەوا وەڵامی پرسیارەكە ئەوە دەبێت، كە پرسیارێكی بەجێیە. بەڵام مێژووی ئەفسانەی ڤالانتاین، ئەوەمان نیشاندەدات، كە لە مێژوودا سێ قەشە بەناوی ڤالانتاین ھەبوون و ھەر سێكیان بە كوشتن تیاچوون و لەم بارەوە بوونەتە ئەفسانە و یەكێك لە داستانەكان دەمانباتەوە ڕۆمی كۆن و سەردەمی (كلاودیوس)ی دووەم، كە لە سەردەمی ئەودا لەو باوەڕەدابوون، كە سەربازانی زوگورت لەچاو سەربازانێك كە ھاوسەرییانكردووە، جەنگاوەرتر و باشترن، ھەر لەبەر ئەوە لە ئیمپراتۆری ڕۆمدا ھاوسەرگیری بۆ پیاوانی لاو قەدەخە دەكەن. قەشە (ڤالانتاین)یش لەو باوەڕەدا بووە، كە ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە، بۆیە بە دزییەوە ھاوسەرگیری سەربازانی ڕۆمی لەتەك خۆشەویستەكانیان ئەنجامدەدا. كاتیك كە ئیمپراتۆر (كلاودیوس)ی دووەم بەوە دەزانێت، بڕیاری كوشتنی قەشە ڤالانتاین دەدات.
ئەفسانەی دووەم، ئەوەیە، كە قەشە ڤالانتاین، خەڵكی مەسیحی لە چنگ ڕۆمەكان ڕزگار كردووە و ھەر ئەمەش بووەتە ھۆكاری كوشتنی.
ئەفسانەی سێیەم، ئەوەیە، كە گوایە قەشە ڤالانتاین بەخۆی ئەڤینداری یەكێك لە كچە زیندانەوانەكەی بووە و خودی ڤالانتاین پێش مردنی یەكەمین كارتی ڤالانتاینی بۆ ئەو كچە ناردووە و لەسەری نووسیوە “لەلایەن ڤاڵانتاینی تۆوە” ١
ئەمە پوختەی بەسەر ھاتی ڕۆژی (ڤالانتاین)ە و ھۆكاری بوونە بۆنەی ئەم ڕۆژە، قەدەخەبوونی خۆشەویستی نەبووە لەو سەردەمەدا و بڕیارەكەی ئیمپراتۆریش بۆ قەدەخەكردنی خۆشەویستی لەنێوان ھاوسەران نەبووە، بەڵكو بۆ قەدەخەكردنی ھاوسەرگیری پیاوانی لاو بووە، كە ئەم بڕیارە خۆبەخۆ دەبووە ھۆكاری خۆشەویستی و سەرھەڵدانی ھاوسەرگیریی لە دەرەوەی كلیسا و ھەر ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، كە قەشە ڤالانتاینی بۆ بەرەنگاربوونەوە و پاراستنی ڕێساكانی ھاوسەرگیریی لە تیاچوون ھانداوە و سەرەنجام بە مەرگی خۆی تەواوبووە. لەو سەردەمەدا خۆشەویستی لە دەرەوەی خێزان و ڕیسای كلیسا، بە ھەمان شێوەی بڕیارەكەی ئیمپراتۆر، ڕووبەڕووی لەلایەن پیاوانی كلیساوە ڕووبەڕووی مەرگ بووەتەوە.
كەواتە ڤالانتاین، لە بنەڕەتەوە ڕۆژی خۆشەویستی نییە، بەڵكو ڕۆژی پاراستنی خێزانە لە چوارچێوەی ڕێساكانی كلیسادا، ئەگەر بڕیاربێت لە مێژووی دەسەڵاتی كلیسا و ئیمپراتۆرەكانی ئەوروپادا بۆ ڕۆژێك بگەرێین، تاوەكو بیكەین بە ڕۆژی خۆشەویستی، ئەوا پێویستە بۆ ئەو ڕۆژانە بگەرێین، كە ژنانی ئەڤیندار، لەبەرئەوەی لە دەرەوەی سنوورەكانی ڕێسای خێزان و كلیسا، ئەڤیندارییان دەكرد، دەسووتێنران یا بە ملپەرێن (مەقصەڵە) لەنێو ئاپورەی لایەنگرانی كلیسا و ئیمپراتۆردا ملیاندەپەڕێندرا.
ئەگەر واز لەوەش بھێنین، كە ئەم ڕۆژە ڕۆژی خۆشەویستی نییە و خودی خێزان یەكەیەكی كۆنەپەرستانەیە و پارێزەری توندوتیژی و كینەیە بەرامبەر خۆشەویستی، ئەوا پرسێكی دیكە دێتەپێشەوە، ئەویش ئەوەیە، كە ئەم ڕۆژە لە ولاتانێكی كەمدا و لەنێو چەند سەد ملیۆنێك مرۆڤدا كراوەتە سیمبولی خۆشەویستی [ھەڵبەتە خۆشەویستییەك كە لە بنەڕەتدا كلیسا وەك مزگوتەكانی لای خۆمان بە كۆمەڵێك مەرج و ڕێساوە پەسەندیدەكەن] و ناتوانین بە ڕۆژێكی جیھانی وەریبگرین، ھەر بۆیە زۆر ئاساییە، كە بیر لە ڕۆژ و بۆنەیەكی دیكە بكەینەوە، كە بەڕاستی پەیوەندی بە خۆشەویستی ئازادەوە ھەبێت و لەو پێناوەشدا قوربانی درابێت و بووبێتە پرسی نێو كۆمەڵگە و بەردەوامی ھەبێت.
پێشنیاری ڕۆژی * دوعا – ٤/٤* وەك ڕۆژی خۆشەویستی لە كوردستان ٢
پێش ئەوەی بچمە سەر ڕۆژێك كە من مەبەستمە، دەكرا و لەوانەشە زۆرێك ھەمان بۆچوونیان ھەبێت، كە لە كوردەواریدا دەیان داستانی لە چەشنی (مەم و زین) ، (لاس و خەزاڵ) و (شەم و دێوانە) و ….تد ھەن، كە كۆتاییان بە ناخۆشی ھاتووە و ئەڤیندارانی ئەو داستانانە، بوونەتە قوربانی ئەڤینەكەیان. بەڵام گرفتێك كە لەسەر ئەم ڕۆژانە دێتەپیش، ئەوەیە، كە ڕۆژی كارەساتی مردن یا كوژرانی ئەو ئەڤیندارانە ڕۆشن نییە و ناتوانین لە خۆمانەوە ڕۆژێك دیاری بكەین و لەوانەشە ئەگەر ڕووداوی یەكێك لەو داستانانە بكەینە ڕۆژی خۆشەویستی، بە ئاسانی نەتوانێت ببێتە ئەو ڕۆژە یا ئەو ھەستە لای ھەمووان دروستنەبێت. بەڵام ڕووداوەكانی ئەم ساڵانەی دوایی كە بە كوشتنی ئەڤینێك كۆتاییھاتووە، دەتوانن گونجاوترین ڕووداو و بۆنە و ڕۆژ بن، بە بۆچوونی من داستانی ئەڤینی (دوعا و ئەڤیندارەكەی) لەبارترین و شیاوترین داستانە بۆ دیاریكردنی وەك ڕۆژی خۆشەویستی لە كوردستان بەلایەنی كەمەوە لە ھەرێمی كوردستان، ئەوەش لەبەر ئەم ھۆكارانەی خوارەوە :
– دوعا و موهەنەد [ئەڤیندارەكەی] خێزانەكانیان سەر بە دوو ئایینی جیا [یەزیدی و ئیسلام] بوون …
– دوعا و موهەنەد خێزانەكانیان سەر بە دوو نەتەوەی جیا [كورد و عەرەب] بوون …
– خۆشەویستی دوعا و موهەنەد لە دەھەی یەكەمی ھەزارەی سێیەمدا كرایە قوربانی دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی…
– كەرنەڤاڵی كوشتنی دوعا، نیشاندەری دڕندانەترین شێوازی بەرگرتنە بە خۆشەویستی لە كۆمەڵگە داخراو و جەنگزەدەكاندا …
ھەر بۆیە، وەك پێداگرییەك لەسەر خۆشەویستی وەك ھەست و بوونێكی سروشتیی مرۆڤ و وەك دژایەتی و نەیاریی بۆ دەمارگیریی و جەنگی ئایینەكان و نەتەوەكان و خێڵەكان و ململانێی سیستەمە ڕامیارییەكان، پێویستە لە كوردستاندا *دوعا* بكرێتە سیمبولی خۆشەویستی و ئەم ڕۆژە لەجێی ڤەلانتاین جەژن بگرین.
ئەگەر ئێمە شەیدایانی دونیایەكی پڕ خۆشەویستی و نەیارانی جەنگ و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی، ئەگەر ئێمە لایەنگرانی خۆشەویستی ئازاد و ئازادی خۆشەویستی، خوازیارین چیدیكە لە كوردستان و لە ھیچ جێیەكی جیھاندا جارێكی دیكە، كەس لەسەر ئەڤینداری و دیاریكردنی ھاوسەر و ھاودەمی ژیانی وەك ( دوعا و موھەنەد ) نەكەونە بە شمشێر و گولـلـە و لەتەبلۆكی دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی و خێلەكی، ئەگەر دەخوازین لە كۆمەڵگەیەكدا بژین، كە كچان و كورانی شانازی بە ڕێسا كۆمەڵایەتییە مرۆپەروەرەكانییەوە بكەن، پێویستە دواڕۆژی پێكەوەبوونی *دوعا و موھەند – ٤ی ئەپڕیلی ٢٠٠٧ * بكەینە ڕۆژ و سیمبولی ئەڤینداری لە كوردستان و عیراق؛ پێویستە لەم ڕۆژەدا *٤/٤* گوڵ پێشكەشی ھاوسەر و خۆشەویستەكانمان بكەین و لەو ڕۆژەدا لە فێرگە و زانكۆ و كارگە و فەرمانگە و گەڕەكەكاندا سیمای ڕۆژی خۆشەویستی بە دەروبەرمان ببەخشین و بزووتنەوەیەكی كۆمەلایەتی بۆ بەرێبخەین و وەك داواكارییەكی ئەڤینداران و ئازادیخوازانی كوردستان بەسەر میرایەتی ھەرێم و پارلەمانەكەیدا بیسەپێنین، چونكە بێگومان داخوازییەكی ئاوا، ھەرگیز بەبێ خەباتی كۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی و وزە و ویستی لاوانی دڵ پڕ لە ئەڤینی كوردستان نایێتەدی و دەسەلاتی كولتووری دواكەوتووانە لە ھەرێمی كوردستان و دەسەلاتی ڕامیاریی ھەرێمی كوردستان بە ئاسانی مل بە وەھا داخوازییەكی مرۆڤدۆستانە و ئەڤینپەروەرانە نادەن و لەم بارەوە مێژووی كۆمەڵگە داخراوەكانی وەك كۆمەڵگەی كوردستان، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنیت.
با ھەموومان ئەڤینداران و لایەنگرانی ئازادی ئەڤین لە كوردستان، ھەموو ساڵێك ڕۆژی *٤ی ئەپریل * بكەینە ڕۆژی ئازادی ئەڤین و * دوعا * بكەینە سیمبولی ئەڤینداری و لەو ڕۆژەدا چەپكە گولی سوور لەسەر گلكۆی گیانبەختكردووی ڕێی خۆشەویستی * دوعا خەلیل ئەسود * دابنێین و گوڵی سوور بەنێوی *دوعا *وە پێشكەش بە خۆشەویستان و ھاوسەرەكانمان بكەین.
**********************************
پەراوێز:
١- ویكیپیدیا بەشی فارسی :
٢- * دوعا خەلیل ئەسوەد *، ئەوكچە كوردە ئێزدیە بوو، كە ڕۆژی 4/4/2007 بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەنجێكی عەرەبی موسڵمان بەنێوی * موهەنەد *، لەلایەن كەسوكارییەوە دەستبەسەركرا و لە ڕۆژی ٧/٤/٢٠٠٧ كە كەرنەڤاڵی دەمارگری نەتەوەیی و ئایینی و خێلەكیدا بە لەتەبلۆك خەڵتانی خوێنكرا.
+ ھەر كەسێك، كە خۆی بە ھاوبۆچوونی ئم پێشنیارە دەزانێت و ئامادەیە پێداگری لەسەر بكات، ئەوا ئازادە لە بڵاوكردنەوەی و واوەتر ناردنی بۆ ھەر كەس و ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و سەكۆ (فۆروم)یەك یا بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، چونكە ئەم پێشنیارە تەنیا ئامادەكردن و نووسینەوەی ھی نووسەرە، لەوە واوەتر ھی ھەموو كەسێكە، كە باوەڕی بە ئازادی ئەڤینداری ھەیە.
+ ھیچ كەس و پارتێكی ڕامیاریی مافی بەكاربردنی ئەم پێشنیارەی بە ئامانجی بەڕێخستنی كەمپەینی ناوبانگخوازانە و پاگەندەی ڕامیاریی بۆ خۆی نییە، بەلام بەتەواوی بۆ بەرپاكردنی كەمپەینە جەماوەرییە سەربەخۆكان، ئازادە و خاوەندارێتی كەسی بەسەرەوە نابێت. تەنیا پارتە ڕامیارییەكان و كەسە خۆدەرخەرەكان ئەو مافەیان نییە!