دەستەی دووەم، ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و نائومێد، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتاوە، لەبەرئەوەی كە تێگەیشتنێكی میكانیكانەی لە ڕاپەرێن و شۆڕش ھەیە، كاتێك ڕاپەڕین ناگاتە ئاستی دروشمە نەزۆكەكانی ئەوان، ئیتر ڕاپەڕین تەنیا لە گۆڕینی خودە بە جامەدانی و پۆستاڵ بە كڵاش و پۆشاكی سەربازی بە كەتافی كوردیدا كورتدەكاتەوە و ھیچ ئاڵوگوۆڕێكی كۆمەڵایەتی و ھیچ ئاستێكی ھوشیاریی و ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی بەڕووی دەسەڵاتی بۆرجوازی كوردیدا ھاتووەتە سەرھەڵدان نابینێت. ئەمەش ڕەش و سپی خوێندنەوەی كۆمەڵگە و گۆرانەكانییەتی، ئەمە لە پەرتووك و ئایدیۆلۆجیاوە ڕوانینە بۆ ژیان و خەبات و گەشەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە. بەداخەوە پاش بیست و دوو ساڵ خەریكە ئەم دەنگانە دووبارە سەرھەڵدەدەنەوە و ناڕەزایەتی جەماوەریی بەو تەنكبینییە ئالوودەدەكەنەوە. ھەرچەندە كەسانی خاوەن ئەو بۆچوونە لە توڕەبوون و دڵسۆزییانەوە، ئەو دەستەواژە بێگیانانە بكەنە چەپكەگوڵی ساڵیادی ڕاپەڕین و بەبێ خۆماندووكردن لە تێگەییشتن لە ڕاپەڕین و سروستی سەرھەڵدانی و ئەگەری سەركەوتن و ڕەھەندەكانی كارایی لەسەر ڕووداوەكانی دواتر، بەڵام دەربڕینەكانیان دەچنە خانەی ساردكردنەوەی خەڵك لە بڕوابەخۆبوون و ئەندێشەی ڕاپەڕین و ئەم دەستەیە لەوەدا ھاوبۆچوونی دەستەی سێیەمە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم، بە درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دادەنێت. بەڵام جیاوازی چاوەڕوانی ئەم دەستەیە لە چاوەڕوانی دەستەی سێیەم، ئەوەیە، كە ئەم دەستەیە بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەستەی سێیەمەوە، دەخوازێت كە ئەم سەرەنجامەی نەبووایە!
دەستەی سێیەم، دەستەبژێری ڕۆشنبیری بەرتەریخواز، قسەگەرانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا، ئەم دەستەیە ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ساڵانی ٩٣-١٩٩٤ و ھەروەھا لە سەردەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەملاوە، ھەوڵیانداوە مێژوو بە ئاراستەی لێكدانەوە بێبنەما و پوچەكانی خۆیان بشوێنێنن و تێنەگەییشتنی خۆیان لە ڕاپەڕین و سەربەخۆیی جەماوەر، تیئۆریزە بكەن. ئەم دەستەیەش دەسەڵاتی ھەرێم وەك درێژە و سەرەنجامی ڕاپەڕین دەبینێت و ئەم سەرەنجامەش بە نیگەتیڤ نابینێت، تەنیا گلەیی ئەوەیە، كە دەسەڵاتداریی میرایەتی ھەرێم یا پارتە فەرمانڕەواكانی ھەرێم، لە ئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نییە، واتە سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكان نەیتوانیوە بگاتە ئاستی سیستەمی نوێنەرایەتی پارتەكانی ئۆروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا و لەولاشەوە نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و لە عیراق جیابێتەوە، ھەڵبەتە ئەو گلەییانەیان لە سیستەمی چینایەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوپێچی بەرتەری زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر بۆ خودی خۆیان وەك دەستەبژێری ڕۆشنبیر و ژیری دەسەڵاتخوازە.
ئەم دەستەیە ھیچ كات لەسەر چینایەتیبوونی سیستەمەكە و نایەكسانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تاكەكانی ھەرێم یا لەسەر بوونی زیندان و لەسێدارەدان و تایبەتیكردنەوەی كەرتە خزمەتگوزارییەكان و كارخانەكان، ڕەخنەی ئاراستەی دەسەڵاتداران و پارتەكان نەكردووە، بەڵكو ھەردەم خۆی وەك راوێژكاری دەسەڵات بۆ زیاتر چەسپاندنی ڕامیاریی و پلانە ئابوورییەكانی سیستەمی جیھانداگیركەری نیئۆلیبرالیزم، نیشانداوە و لەو ڕوانگەیەشەوە گلەیی لە دەسەڵاتداران ھەبووە و پێیوابووە، كە دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە باشتر خزمەت بە جێگیربوون و كۆمەڵایەتییبوونەوەی نەخشە ئابووریی و ڕامیارییەكانی نیئۆلیبرالیزم لە ھەرێمی كوردستاندا بكەن .
بە كورتی ھەر سێ باڵی دەسەڵاتخواز چ گروپە چەپەكان و چ ڕۆشنبیرانی گۆشەگیر و ھیوابڕاو و چ دەستەبژێری ڕۆشنبیری نێو میدیای دەسەڵات و میدیای بەناو ئەھلی، لە یەك خاڵی ھاوبەشدا یەكدەگرنەوە، ئەویش تیۆریزەكردنی ھەڵەلێكدانەوەی خۆیانە بۆ ڕاپەڕین و ڕەوت و پەرەسەندنی كۆمەلگە. ھەر سێ ڕەوت بەمەبەستی كایەكردن و گشتییكردنەوەی بەرژەوەندییەكانیان لە بۆشایی نەبوونی خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری نارازییادا، چەمكەكانی شۆرش و ڕاپەڕین تێكەڵوپێكەڵدەكەن و لەوێوە ڕەخنە و گلەیی لە شۆرشگێڕبوون و نەبوونی دەسەڵاتداران و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕین دەگرن و دەكەن. بە واتایەكی دیكە، ئەوا لە خاڵێكەوە دەسپێدەكەن، كە بەخۆی ناڕۆشن و لنگەوقوچلێدانەوەیە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەمە بێجگە لەوەی كە ھەر سێ باڵ پێداگریی ئایدیۆلۆجی و بڕوایی لەسەر پێویستبوونی پارت و دەسەڵاتی ڕامیاریی دەكەن و ھەوڵی ڕامیاریی و ئاڵوگۆڕی ڕواڵەتی یا جێگۆڕكێی دەسەڵاتداران بە شۆڕش ھەژماردەكەن و چ خۆیان و چ دەسەڵاتخوازانی دیكە بە شۆڕشگێڕ دەچوێنن.
ئەوان ھەوڵی پەردەپۆشكردنی ئەوە دەدەن، كە ڕاپەڕین لە كودەتای سەربازیی و ھەلپەرستی ڕامیاریی جیادەكاتەوە، كە سەربەخۆیی جەماوەرە لە بڕیاردان و نەخشەكاری پارت و ھەوڵی ڕامیاران بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و جێگرتنەوەی سەروەرانی پێشوو. ھەر ئەم خاڵەشە كە ھەرسێ دەستە دەسەڵاتخوازەكە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ توڕەدەكات و بەرەو سووكایەتی و جنێودان و شێواندنی ڕاستیی ڕاپەڕین ھاندەدات. لە ڕاپەڕیندا جەماوەر بە ھەموو چین و توێژە ژێردەستە نەدارەكانەوە بە ھەموو ئاستە جیاوازەكانیان لە ھوشیاریی شۆڕشگێڕانەدا و بە ھەموو خەونەكانیانەوە، بەشداریدەكەن و قوربانی بۆ دەدەن و ھیوای خۆیان بە سەركەوتنییەوە گرێدەدەن. ھەر بۆیە سەركەوتنی تەواوەتی ھەر ڕاپەڕێنێك بە ئاستی خۆھوشیاریی ئەو چین و توێژە ژێردەست و نەدارانەوە پەیوەستە، كە دەبنە مۆتۆری خرۆشانی و سووتەمەنی كلپەسەندنی و چەندێك تاكەكانی جەماوەری ڕاپەڕیو توانبێتیان خۆڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی (ناڕامیاریی) سەربەخۆ و خۆھوشیاریی شۆڕشگێڕانە و خۆئامادەییان بۆ ڕێكخستنەوەی ئازادیخوازانەی كۆمەڵگە لە ڕەوتی خەباتی پێش ڕاپەڕیندا ئامادەسازی بكەن و بیانكەنە یەكە پێكھێنەرەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و سوونەتێك لە ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتوورریی خۆیاندا، سەركەوتن و بەدیھاتنی زۆرێك لە ئاواتەكانی ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە، مسۆگەرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە چەندێك تاكەكانی ئەو چین و توێژانە وابەستەی گروپە ڕامیارییەكان و چاوەڕوانی سەرۆكی باش و پارتی باش و میرایەتی باش بن وەك ھاتنی “ئیمامی زەمان”، ئەوا شكست و ھەڵگەڕانەوەی سەرەنجامەكانی ڕاپەڕین لە بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازان و ئاسانڕێكخستنەوەی سیستەمی قوچكەیی چینایەتی تەواو دەبێت، چونكە نەبوونی ئامادەیی خۆدەستبەكاربوونی جەماوەریی بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكانی ژیانی ڕۆژانەی لەسەر بنەمای یەكێتی فیدرالیستییانەی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان و پێكھێنانی بەرێوەبەرایەتی ئازادانەی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای بناخەییبوونی ڕۆڵی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكانی بەرھەمھێنەرانی كۆمەلگە، ڕێگە بۆ چێكردنەوەی ئاسانی سیستەمی تێكشكاوی قوچكەیی چینایەتی و ڕێكخستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕۆڵی ڕێكخراوە ڕامیاریی و سەربازییەكانی دەسەڵاتخوزان، خۆشدەكات .
وەك لە زۆر شوێن و كاتی دیكەدا بۆچوونی خۆمم لەم بارەوە بەڕۆشنی دەربڕیوە، شۆڕش ڕووداوێكی كاتیی و پلانی ڕامیاریی پارتەكان و پلانی سەربازیی جەنەرالەكان نییە، شۆڕش پرۆسێسێكی مێژوویی درێژخایەنە و لە بەرەبەیانی ژیان و سەرھەڵدانی كۆمەڵگەی چینایەتیدا وەك ناچارییەك تاكی ژێردەست پەنای بۆ بردووە و ھەر بەناچاریش لەپێناو گەییشتن بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەردا درێژەی پێدەدات و تاوەكو سیستەم و سەروەریی چینایەتی چ كۆیلایەتی و چ فیئۆداڵی و چە سەرمایەداری لە شێوەی پاشایەتی و كۆماری و تاكپارتی و چ لە شێوە دێمكراسییە پارلەمانیییەكەیدا بوونی ھەبێت، بەناچاریی شۆڕش وەك بەرەنگاریی ئازادیخوازان و یەكسانیخوازان و دادپەروەییخوازان بەڕووی چەوسانەوەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام وەك وتم ڕاپەڕین تەنیا خاڵێك و ڕووداوێكی دیاریكراوی نێو ئەو پرۆسێسە مێژووییەیە و دەتوانین بە خاڵی بەرجەستە و یاخیبوونی پەرەسەندووی بەرنگارییە چینایەتییەكە ناوی بەرین، ئیدی ئەو ڕاپەڕینە دژی سەروەری ھەر شێوەیەك لە میرایەتی و ھەر جۆرێك لە دەوڵەت بێت، ھیچ لە كڕۆكە چینایەتییەكەی ناگۆڕێت و سەربەخۆییشی لە ھەوڵ و پیلانی دەسەڵاتخوازان و ململانێی نێوان باڵەكانی چینی مشەخۆر، بە خۆھوشیاریی جەماوەر و سنووربەندیی ئازادیخوازانەی تاكە ڕاپەڕیوەكان لەتەك ڕێكخستنی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازاندا، پەیوەستە!
ھەر لەسەر ئەو بنەمایە لەتێڕوانینی مندا، ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ پلەیەكە لە ھەڵكشانی خۆھوشیاریی شۆرشگێڕانە و دەستپێكی گەڕانەوەی متمانەبەخۆبوون بۆ جەماوەر و بەبێ ڕاپەڕین ھیچ تاكێكی كۆمەڵگە بەو ئاستە لە ھوشیاریی ئەوڕۆكەیی نەدەگەییشت و ھەروا ئەستەمیش بوو، لە وەھا بارێكدا كۆمەڵگە بەبێ كاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەكان دەستەوئەژنۆ دابنیشێت، چونكە بڕیاری ڕاپەڕینی جەماوەریی بڕیارێكی سەرەڕۆیانە و سەرشێتانەی كۆمەڵەكەسێك نییە، بەڵكو پێگەیین و كەڵەكەبوونی وانەكانی خەبات و ئەزموونگیریی جەماوەرە لە شكستەكانی. باشترین نموونەش ئەزمووونگیریی لە شكستی چەند جارەی بزاڤی چەكداری كە بێجگە لە زیندان و سێدارە و ڕاگواستنی گوندەكان و كیمیاران و ئەنفال و وێرانی ژینگە و ھەڵوەشاندنەوە و تێكدانی ڕیز و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و جێگرتنەوەیان بە ڕكەبەرایەتی و ململانێی ڕامیاریی و جەنگی میلیشییایی و خێڵەكی نێوان سەرانی پارتەكان، ھیچی دیكەی بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەرھەمنەھێنا و تا ھەنووكەش ئەو كاراییە نیگەتیڤە ڕامیاریی و میلیشیایانە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكدا ڕەنگدەدەنەوە و لە ساڵی ١٩٦١ تا ئەمڕۆكە نەوە لە دوای نەوە، باجی خۆشباوەڕیی كاتیمان بەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانە دەدەین!
بەبۆچوونی ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ بەرەنجامی ھەڵكشانی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی و خۆھوشیاریی و ئازادیخوازیی تاكی چین و توێژە ژێردەستەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بوو، ھەر ئاوا كە ڕاپەڕینی كۆمونخوازەكانی پاریس و ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و ١٩١٧ی ڕوسیە و ڕاپەڕینەوەی ٧ی ئاازاری١٩٢١ی دەریاوانانی كرۆنشتات و ١٩١٨- ١٩٢١ی جوتیارانی ئوكرانیا و ڕاپەڕینی ١٩٣٦ ئازادیخوازانی ئیسپانیا و ڕاپەڕینی ١٩٥٦ی ھەنگاریا و ١٩٧٩ی ئێران و پۆلۆنیا و ڕاپەڕینەكانی ئەوڕۆكەی یۆنان و باكووری ئەفەریكا و ولایەتەكانی ئەمەریكا، ڕاپەڕینی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەریی بوو، بریتی بوو لە ھەڵچوونی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەڕووی سیستەمی مشەخۆرانە و سەرووخەڵكیی سەروەریی كەمایەتیی بەعسییەكان و ئەوی كە لە دووتوێی پەرتووكانەوە ڕاپەڕینەكان دەخوێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە بە سەرەنجامێك لە دەرەوەی كەتواری ڕووداوەكا دەگات و وەھا بە سەرەنجام گەییشتێك بۆ كەموكوڕی ڕاپەڕین و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕێن ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ گیرۆدەبوونی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئەو كەسانە دەگەرێتەوە (داژەیەتگەرانی ڕاپەڕین) لە جاڵجاڵۊكەی تیئۆرییە ڕامیاییەكاندا، كە وەك مردوویەك ناتوانن لە ڕابوردوو ڕزگاریان ببێت.