دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی دووەم
هەژێن:
سڵاو ھاوڕێیان، مشتومڕەكەتان خۆشە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەم سەرنجانەی لەلای من بەجێھێشتن … .
ھاوڕێ (زاھیر)یش لە وەڵامی ھاوڕێ (فوئاد)دا، بەھەمان تێڕوانین، چەمكی پڕۆلیتاریا بەكاردەبات، كە دەكاتە كرێكاری پیشەسازی و لەم بارەدا ڕاسدەكات، پرۆلیتاریا كەمینەیە، بەڵام پڕۆلیتاریا لە یۆنانی كۆنەوە بە واتای چینی ئەو تاكانەی كە خاوەنی سامان و دسەڵات نین یا كۆیلەی كەسانی دیكەن، كە لەم بارەدا ھەموومان بە كرێكار و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار و خانەشین و بێكار و جوتیار و ھەرجی ژێردەست ھەیە، دەگرێتەوە؛ واتە ھەموو ئەوانەی كە مافی بڕیاردانیان لەسەر ژیانی خۆیان و كاروباری كۆمەڵگە نییە. من پڕۆلیتاریا بەم واتایەی دووەم بەكاردەبەم .. .
ھاوڕێ فوئاد، لەوەتەی دەوڵەت سەریھەڵداوە، ھەندێك كاری ئەنجامداوە؛ لەوانە وردوخاشكردنی ویست (ئیرادەی تاك) و متمانە بەخۆی، لەنێوبردنی پەیوەندی و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە دامودەزگە ڕامیارییەكان، ڕۆبۆتكردنی تاك و كوشتنی ھەموو گیانێكی ھەرەوەزیی و ھاڕێكاریی و متمانەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێكخستنی ئابووری كۆمەڵگە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت و لە باشترین باردا خاوەندارێتی دەوڵەتی، لەنێوبردنی مۆڕاڵ و ڕێسای كۆمەڵایەتی و یاسای سروشتی، جێگرتنەوەیان بە مۆڕالی ڕامیاریی و یاسای دەستكرد، ھەروەھا كەڵەگایی بەسەر كۆمەڵگەوە و بڕیاردانی جەنگ و سازش و كوشتوبڕین و جینۆساید و داگیركردن و تاڵانكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بەنێوی كۆمەڵگە و نەتەوە و چینەوە .. . ئایا دەتوانرێت و دەكرێت و بۆی ھەیە وەھا ئامرازێك ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و پارێزەری دادپەروەریی؟ ھەروەھا ئەگەر لە سەردەمی دەربڕینەكانی (گۆدوین شتاینەر و و پرۆدۆن و باكونین)دا ھاوڕێ ماركسیستەكان، لەبەر نەبوونی ئەزموونی دەوڵەت لەلایەن پارتە كۆمونیستەكانەوە و بەنێوی پرۆلیتاریاوە، توانیبێتیان ئەوان [ئەناركیستەكان] بە خەیاڵپڵاو تۆمەتباربكەن، ئایا پاش ئەو ھەموو كۆیلەكردنەی پرۆلیتێرەكان لەلایەن دەوڵەتی پارتە كۆمونیستەكانەوە لە (ڕوسیا)وە بۆ چاینا و كوبا و ڤێتنام و كۆریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیا و ئەڵمانیا و ھەنگاریا و بولگاریا و … تد، ئەوە نالۆجیكی نییە و پاش ئەو ھەموو ئەزموون و سەلماندنە مێژووییانەی دروستی بۆچوونی ئەناركیستەكانی پێش و پاش ئینتەرناسیونالی كرێكاری (یەكەم)، ڕاستی بۆچوونی ئەناركییەكان ناسەلمێنێت ؟
بابەتێكی دیكە خەدری مێژووییە لەو سۆشیالیستە كەتوارییانەی كە بەداخەوە ئەناركیستەكانیش وەك ماركسیستەكان بە یوتۆپی (خەیاڵپڵاو)یان ناودەبەن، كە بە بڕوای من لە ھەموو سۆشیالستەكانی پێش و پاشی خۆیان كەتواربینتر بوون و بەكردەوەش سەلماندیان پرسی سۆشیالیزەكردنی كۆمەڵگە، پرسێكی ڕامیاریی نییە و تەنیا بە ھەنگاوی كردەیی دەكرێت، سۆشیالیزم ببێتە سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵگە .. .
ھاوڕ فوئاد، بەداخەوە لە دوا وەڵامتدا بۆ ھاوڕێ زاھیر، بەجۆرێك دەرگەت لەسەر لێدوانەكە داخستووە. لە كاتێكدا كە ھیچ یەك لە ئێمە ناتوانین بڵێین، من ئەوەم بۆ داھاتوو یا لە داھاتووشدا ئاوا دەبم، دەكرێت بڵیین من لەم ساتەدا ئاوا بیردەكەمەوە، چونكە بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە خولەكێكی دیكە ئاوا بیردەكەمەوە، ڕەتكردنەوەی بنەماكانی بەردەوامی گۆڕانی مرۆڤە وەك ماددە .. .
زاهیر باهیر:
کاک فوئاد تکایە بمبەخشە گەر کۆمێنتەکەم ، لای تۆ وای گەیاندبێت کە تۆ لەسەر ئەنارکیسزم هیچت نەخوێندۆتەوە یا هیچ نازانیت. من دڵنیام کە تۆ دە ئەوەندەی منت لەسەریان خوێندۆتەوە. لێتی ناشارمەوە تاکو ئەم دەقەیە من کتێبێکی یەکێک لە ئەنارکستە بیردۆزە کۆنەکانم نەخوێندۆتەوە، من تەنها لێرەو لەوێ چەند وتارێکم خوێندۆتەوە. من کە ئیدیعای ئازادیخوازی و ئەنارکستێت دەکەم لە خوێندنەوەی شتەکانی ئەنارکستەکانەوە نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەوەیەکی سەردەمێکی زۆرەوە کە پێموایە چەند ساڵێکی خایاند ، هەروەهاش تەماشای ئەزموونەکانی هەموو پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و نموونەی دەوڵەتەکانی بەلشەفی، تێکەڵاوبوونم بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرەو نقابەکەیان، وایلێکردم کە من بە سەرجەمی بیروڕای خٶم و هاوڕێیانی دووروو نزیك و تەواوی ئەزموونەکانماندا بچمەوە بگەمە ئەم قەناعەتەی ئێستام ، ئەمە جگە لەوەی کە من فکری ئەنارکست بە ڕۆح و گیانی سروشتی خودی مرۆڤ دەزانم کە گیانی یاخیبوونی تێدایە، حەزی بەوە نییە کە نەسیحەت و ئیرشادات بکرێت، حەزی بە ئازادییەو دژی کۆنترۆڵکردنە، حەزی بەوەیە کەکەس بڕیاری بۆ نەدات خۆی خاوەنی بڕیارەکانی بێت. هەر هەموومان کە گەنج بووین ئەمانەمان تیادا بووەو خاڵی هاوبەشیمان بوون لەگەڵ یەکتریدا. گەر من بچمە جەدەلی دەوڵەت و پارت و سیاسەتەوە باوەڕناکەم پەنا بۆ تەنها بڕگەیەکی یەکێک لەو ئەنارکستە ناودارانە، بەرم ، مەگەر تەنها لە ٢ بوواردا کە یهکهمیان ئاماژە بە ئامارهکانهو ئەوی تریان هێنانەوەی ئەزموونهکانی سەردەمی ئەوانن. من باوەڕم وایە نابێت هەوڵبدەین تیورەکان بسەپێنین بەسەر کۆمەڵگەو چینەکاندا ، بە یەک وشە واقیعدا، بەڵکو دەبێت تیورەکان و بیرۆکەکان لە واقیعەوە هەڵهێنجین . هەروەکو خۆتیش دەزانیت باشترین بەڵگەنامە گەڕانەوە بۆ واقیعە ، لەبری گەڕانەوە بۆ بڕگەی ناو کتێبەکان ئیدی ڕابوردوو یا ئێستا، گرنگ نییە.
لە کۆتاییدا وەکو ئەو هاوڕێیەش پێشتر وتی ، تۆ دەرگات لەسەر مشتومڕەکان داخست، کە ئەمە بێئومێدی لای من دروستکرد چونکە من هەمیشە ڕام وایە کە تۆ یەکێکی لە هەرە ڕۆشنبیرەکان و بە ئەقڵ و سەلیقەی زۆرو قوڵەوە دەچیتە ناو کێشەکان ، پرسەکانەوەو لێکدانەوهکانت شایانی خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنن. با ئەوەش بڵێم ، من خۆم هێشتا بەدوای حەقیقەتدا دەگيڕیم بۆیە تامەزرۆی مشتومڕو ڕاگۆڕینەوەم لەگەڵ هەمووتاندا. هەڵبەتە تۆش ئازادیت لە بڕیارەکانتا. خۆشی و تەندروستی باشت بۆ دەخوازم.
فواد قەرەداخی:
سوپاس هاوڕێیان بۆ وەڵامەکانتان ، وەڵامەکان دیسان لەسەر دەوڵەت تەرکیزیان کردووە ، کە هاوڕاتانم لەسەر ماهییەتی دەوڵەت بەڵام + ناسنامە چینایەتییەکەی . ئێوە باس لەدەوڵەت بە گشتی دەکەن ، من پێموایە دەوڵەت ناسنامەی چینایەتی هەیە و سەرکوت بەشێکی کارێتی ، بەڵام کێ سەرکوت دەکات ؟ ئەوە مەسەلەکەیە ، لەلایەکی ترەوە من دەبینم کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکیان هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتی چینایەتیدا ، دیارە ئەو تەجروبەیە فەشەلیکرد بەڵام دەستکەوتیشی لە سەرەتادا هەبووە و دەکرێت بۆ دواڕۆژ سوود لەو تەجروبەیە وەربگیرێت بۆ دەورەیەکیتری تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری ، ئەو سیستمەی بە تێکۆشانی منظم ، بە خۆڕێکستن ، بە حزبی تکۆشەرو جەماوەیی پۆڵایین دەڕووخێت ، من تا ئێستا نازانم بەبێ دەسەڵاتی سیاسی چینی پێشڕەوی کۆمەڵگا چۆن دەتوانین مەرجەکانی کۆمەڵگای ( بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت ) بەدیبهێنن ئانارکیستەکان بەرنامەیەکی رۆشنیان بۆ ئەوە نییە ، ئەوان دەسەڵاتخواز نین ، واتە دەسەڵاتیان ناوێت ، بۆیە بە عەمەلی ئەبێت دەسەڵاتی سیستمی سەرمایە دەستکارینەکەن ،ئەم جیهانە بەرینە چۆن دەگاتە کۆمۆنیزم کە تۆ بەرنامەی رووخاندنی سەرمایەو چۆنیەتی رێکخستنەوەی کۆمەڵگای گواستنەوەت پێ نەبێت . من دەرگاشم لەسەر ئەم مەسەلەیە دانەخستووە ، بە پێچەوانەوە دەرگایەکم کردەوە کە ئێوە بتوانن لێی بچنە ژوورەوەو بەرنامەی تەفصیلی و عەمەلی ئانارکیستی بخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و میکانیزمی نەهێشتنی دەوڵەتیان پێ بڵێن لە سەرانسەری جیهاندا ، من بەرنامەی ئانارکیستەکان بە بەرنامەیەکی خەیاڵیی دەزانم کە ئەگەری بەدیهێنانی نییە ، بۆیە وەک هەر کەسێکیتر چاوەڕوانی نووسینەکانتان دەکەم و هەر کاتێک قەناعەتمکرد دڵنیابن بێ سێو دوکردن پێیەوە پەیوەست دەبم .
هەژێن:
سڵاو ھاوڕێ فوئاد، پرسەكە لەسەر قەناعەتكردن بەیەكتر نییە، نەخێر من بۆخۆم و لە ھاوڕێ (زاھیر)یش دڵنیام كە نیازی شتێكی ئاوای نییە، بەڵكو ھەوڵدانە بۆ مشتومڕكردن و بۆچوونگۆڕینەوە و دەرگەئاوەڵاكردن بەڕووی كۆمەڵێك پرسدا، كە بەداخەوە بەستەڵەكیان بەستووە. ھەروەھا وەك ھاوڕێ زاھیر دەڵێت “پرسەكە لەسەر دروستی و نادروستی ئەم و ئەو نییە” بەڵكو لەسەر دەربڕینی بۆچوونی كەسیی خۆمان و بەشكردنیەتی لەتەك ھاوەڵەكانی فەیسبووكدا .. . با ئاوای دابنێین، كە لە مێژوودا ئەناركیستەكان بوونیان نییە، ئەی دەبوو من و تۆ و ئەوانی دیكە لەبەردەم شكستخواردنی بەكردەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەردەستی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان چیمان بكردایە؟ ئایا ئەركی من و تۆ و ئەوانی دیكە نییە، كە لەو شكستانە وردبینەوە و لە دەرەوەی بۆچوونە باوەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەرێین؟
بە بۆچوونی من ئەو لێدانەی كە بۆلشەڤیزم لە ١٩٠٥ە تا ١٩٨٩ لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كرێكاری داوە، ھەموو دەوڵەتەكانی بۆرجوازی لەوەتەی سەرمایەداری ھەیە، تا ئەمڕۆش نەیداوە … . چونكە بۆلشەڤیكەكان بە ڕابەرایەتی لێنین [نەك تەنیا ستالین و دواتران] دەسكە دارینەكەی تەورەكە بوون لە بڕینەوەی دارستانەكانی شۆرشدا تا ئێستاش ھەر دەسكەتەورن … .
ئەوەی كە تۆ بەبێ دەوڵەت، ناتوانیت وێنای كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەیت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم وەك زۆربەی ھاوڕێ ماركسیستەكان شۆڕش بە ڕووداوێكی كتوپڕ و دیاڕێكراوی ماوەیی دەزانیت، بۆیە لەوەھا بارێكدا تاكی پەردەوەری سیستەم و كولتووری بۆرجوازی [مشەخۆری] لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی سۆشیالیسیدا وەك جانەوەری چاوچنۆك دێتەبەرچاو و ناچار بۆ ڕاگرتن و سۆشیالیزەكردنی پێویستت بە دەوڵەت و دامودەزگە سەركوتگەرەكانی دەبێت. بەڵام ئەگەر شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی لە بەرەبەیانی مرۆڤایەتییەوە تا دواساتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانیت، ئەوا ئەو شتانەی بە شۆرش ناویاندەركردووە، دەبنە ڕاپەڕین و بەرھەڵستاری لە ڕوەتی شۆڕشدا و زۆر ئاسایی ھەر لە ھەناوی ئەم سیستەمەدا، ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكانی پڕلیتاریا، لە خوارەوەرا وەك فێرگەیەكی سۆشیالیستی، تاكەكان بە كولتووری سۆشیالیستی پەروەردەدەكەن و لەنێو خۆیاندا [لە ماڵە ھاوبەش و ھەروەزییەكانیاندا، لە كارگە و فرۆشگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكاندا] بەپێی توانا سۆشیالیزم ئەزمووندەكەن و وەك ھاوڕێ زاھیر دەلێت ” لەوێوە تیئۆرییە شۆڕشگێرییەكانیان سەرھەڵدەدەن…”.
تكایە ئەم دوا ڕستەمە وەك خۆی لێ وەربگرە؛ سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان خەڕێكن لەم سیستەمەدا ڕۆژانە خشت بە خشتی ئەم سیستەمە دەدەنە بەر ڕەخنە و بە كردەوە لە ھەرەوەزیی ژیاندا ھەڵیدەگێرنەوە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی پارتە كۆمونیستە زۆر و زەبەندەكانەوە، كە لە ئەوروپا خاوەنی پیتزەری و ڕیستورانت و قاوەخانە و فرۆشگەن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان و كرێكارانی كۆچەر بە كرێیەكی زۆر كەم بەكرێدەگرن و دەیانخەنە خزمەت سیستەمی كاری كرێگرتەوە و لەسەر ڕەنجی ئەوان، سەرمایەی دراوی پێكەوەدەنێن و لەولاشەوە لەسەر چالاكی و خەباتی لێبڕاوانەی ئەندامانی پارتەكانیان، ناووناوبانگ دەردەكەن و وێنەی خۆیان لەبەردەم وێنەكانی ماركس و ئینگلس و لێنین و ترۆتسكی و ستالین و مائۆتسی تۆنگ و جیڤارا و پەخشان و تەخشان دەكەن .. .
ھاوڕێم، ئەناركیستەكان كەتوار لە قاڵبی تیئۆری نادەن، بەڵكو تیئۆرییەكان لە ئەزموونكردنی خەباتدا لە كەتواری ئەم ساتەدا بەدەستدەھێنن، ھەروەھا ئەناركیستەكان بەرنامەی ڕامیاری داناڕێژن، چونكە، یەكەم، ڕامیاریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامراز و چەكی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتین و دووەم، ئەناركیزم بە واتای سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە بەخۆی بەرنامەی ژیانە و كاتێكیش كە ژیان لە قاڵب بدرێت، ئیدی تەنیا تابووتێك لە چەشنی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی و ماوی و كاسترۆییمان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئێمە ئەو شكستانەی كە لەسەر دەستی سۆشیالیستە دەوڵەتخوازەكان بەسەرماندا ھاتوون، بەھەند وەرنەگرین و دووبارە لە ھەوڵی چێكردنەوەی دەوڵەتێكدا بین لە جێی دەوڵەتێكی دیكە، ئەوا وەك ھەر دەستەیەكی دیكەی مەزھەبی لە جیھانی خەیاڵدا خەڕێكی چێكردنی بەھەشتێك دەبین، كە لە جیھانی كەتوارتیدا بێجگە لە پیرۆزكردنی دۆگمەكان، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە!
دەكرێت لە زنجیرە وتارێكی دوورودرێژدا بچینە پای شێوازی خەباتی ئەناركی و شێوە و بنەمای كۆمەڵگەی ئەناركی و چۆنیەتی پێكھاتنی كۆمەلگە ئەناركییەكان، بەڵام بەداخەوە ڕوونكردنەوەی كۆمەڵگەی ئەناركی كە ڕەتكردنەوەی سەراپای كۆمەڵگەی چینایەتی چەند ھەزار ساڵەیە، لە وەلامی كۆمێنتێكی فەیسبووكدا ئاسان نییە، ھەر بۆیە لەمەڕ ھەڵەی داڕشتن و ڕێنووسی نێو سەرنجەكانیم، داوای لێبوردن دەكەم، چونكە بواری نووسین لە فەیسبووكدا ھەر ئەوەندەیە .