Skip to content
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی شەشەم
هەژێن :
لەبەرئەوەی كە ناتوانم لێرەدا بەتێروتەسەلی وەڵام بە پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیربدەمەوە، بۆیە زۆر بە كورتی لە چەند سەردێرێكدا وەڵام بە شۆرش لەیەك وڵات و دەوڵەتدا دەدەمەوە :
سەرەتا وەك وتم، من تەنانەت بە پێچەوانەی ھەندێك لە ئەناركییەكانەوە، شۆڕش بە ڕووداوێكی ماوە و كات دیاریكراو نازانم؛ شۆڕش خۆبەخۆ پرۆسێسێكی مێژوویی جیھانییە، تا ئێستا لە ھیچ جێیەك بەیەكجاری بەسەر سیستەم و سەروەری چینایەتییدا سەرنەكەوتووە و بەھیچ شێوەیەكیش تێكشكانەكان، تێكشكانی شۆڕش نەبوون و نین، بەڵكو تەنیا تێكشكانی تاكتیكێك یا ستراتیجی ڕەوتێكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستیی بوون، باشترین نموونەش پاش تێكشكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە بلۆكی خۆرھەڵاتییدا، كە دەستبەجێ لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوودا، ھاوكاتی ھەڵوەشاندنەوە و ناوگۆڕینی دەیان پارتی كۆمونیست، بینەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕۆلیتێری بووین، لەوانە خۆپیشاندانەكانی شیكاگۆ، مانگرتنی كەناسانی توركیە، مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئاڵمان ناسراو بە مەشخەڵبەدەستان، مانگرفتنی كرێكارانی ئیسرائیل، مانگرتنی گشتی لوبنان و گۆڕینی حكومەت، مانگرتنی گشتی بەنگلادیش، مانگرتنی كرێكارانی پۆستە و گەیاندنی ئەمەریكا پاش چەند دەھە بێدەنگی و ھەروەھا لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا بینەری خۆپیشاندانە جیھانییەكانی دژی جەنگ و دژی كۆبوونەوەكانی لوتكەی (G8) و داگیركردنی كارخانە و ھۆتیل و چێشتخانە و چاپخانە و شەقامەكان لە ئەرجەنتین و پار و پیرار و لەم ڕۆژانەشدا ڕاپەڕینەوەی جەماوەر لە تونس و میسر و مانگرتنە بەردەوام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی یۆنان و پۆرتوگال و ئیسپانیا … تد . ئەمانە ھەموویان ھەم نیشانەی بەردەوامی شۆڕش و پشتڕاستكردنەوەی بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی بوون لەژێر قورسایی كەلاكی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوباییدا و ھەم ناپێشڕەوبوونی پارت و دەوڵەتی بەناوی كرێكارییان سەلماند. لەم بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل Cajo Brendel كە یەكێكە لەو ماركسیستانەی ڕەخنەی پەیگیرانە لە بۆلشەڤیزم و لێنین دەگرێت، بەنێوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە” ڕادەكێشم، كە چەند دەھە پێش كڕمۆڵبوون و پووكانەوەی بلۆكی ڕوسی، بابەتەكانی نووسیوەن.
بەبۆچوونی من، ئەوەی بە شۆڕش ناسێنراوە و دەناسرێنێت، تەنیا ڕووداوی ھەڵچوونی نێو ڕەوتی بەردەوامی شۆڕشن و تەنیا دەكرێت ناوی ڕاپەڕینیان لێبنرێت و بەداخەوە ھەندێكیان لەلایەن ڕەوتە بەناو سۆشیالیستیەكانەوە سەركوتكراون؛ لەوانە ھەرەوەزییە كشتكارییەكانی ئۆكرانیا و سۆڤیەتە سەربەخۆكانی دەریاوانی كرۆنشات، كە دەكرا لەو كاتەدا وەك نموونە و ھەوڵێكی سۆشیالستی بواری تاقیكردنەوەیان بدرایە و بماندیایە، كە كام شێواز سەركەوتووە، ھەرچەندە ھەر ئەوكات ھەم لە ڕووی ڕێكخستن و ھەم لە ڕووی خودكەفایی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكی و نێوخۆیی بەھێزتر و سەركەوتووتر بوون. بەشەكەی دیكەیان ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئەسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ و كۆمیتەكانی كارخانە [ئۆتۆنۆمییە كرێكارییەكان]ی ئیتالیا ١٩٦٢- ١٩٧٧ كە ئەمانیش وەك ئۆكرانیا و كرۆنشتات بەپێچەوانەی ئەزموونی بۆلشەڤیكی لەنێوخۆیانەوە كرمۆڵ نەبوون و جەماوەر تێكینەشكاندن و لە ڕووی ئابووری و پەروەردەیی پرۆلیتێرییەوە سەركەوتووبوون و تەنانەت كاتێك كە پاش سەركەوتنی سەربازیی فرانكۆ و گەڕانەوەی خاوەنكیڵگە و كارخانەكان، بەداخەوە دونیایەكی ئاوەدان و پڕبەرھەمیان بۆبەجێما. من ئەم نموونانە وەك ئەزموونی ئەناركی گەشاوە دەخەمە بەرچاوی ئێوە و دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن و لەتەك ڕوسیای زلھێزی جیھانی ١٩١٨ – ١٩٨٩ بەراوریان بكەن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاسۆیەكی ڕۆشن بۆ ڕاپەڕینەوە و ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن بەرنامەی شۆڕش، بەدەستبھێنن.
ھاوڕێ تاھیری ئازیز، ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا ناوی شۆڕشی لەسەر دەنرێت، فرەتر كودەتای پارتییانە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەردا و كودەتای سەربازییە بەسەر حكومەتی بۆرجوازیدا و دروستكردنی حكومەتی پارتە بەناوی كرێكارانەوە لەسەر كەلاوەی دەوڵەت و چێكردنەوەی و دواتر ڕەوایەتیدان بە دیكتاتۆری سەركردایەتی پارت بەسەر خودی ئەندامانی پارت و دواتر بەسەر كۆمەڵگەدا و ڕەوایەتیدان بە كوشتوبڕی مانگرتنەكان و كۆمەڵكوژی ناڕازییانی كۆمەڵگە چ ماركسیستە ئازادیخوازەكان و چ ئەناركیستەكان بەناوی سەپاندنی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریاوە . ئایا تا ئێستا مێژوو لەمە زیاتری نیشانداوین، یا پەنابردنەوە بۆ چەندبارەكردنەوەی دەوڵەتی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە، بێجگە لەو شكستانە، دەتوانێت شتێكی دیكەمان بداتە دەست، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، خۆشحاڵ دەبم بە خوێندنەوە و بیستنی .
بە بۆچوونی من نە لە قۆناخەكانی پێش سەرمایەداریدا ڕویداوە، كە ڕاپەڕینەكان گشتگیر و جیھانی بن، نە لە یەك وڵاتیشدا یەكئاستبوون، نە لە ئێستاشدا یەكئاست دەبن . بۆیە قسەكردن لەسەر ڕاپەڕینی جیھانی تەنیا خەیاڵپلاوی ڕۆشنبیرانی نەخشەكێشە [ تكایە لێرەدا قسەكەم مەیكێشنە سەر خۆتان مەبەستم ئێوە نییە]دەوەشێتەوە، وەك وتم مەبەستی من لە ڕاپەڕین ھەمان شتە كە تۆ ناوی شۆڕشی لەسەر دادەنێیت، بۆ نموونە ئەوەی لە كۆمونە یا ١٩٠٥ و ١٩١٧ ی ڕوسیا، ١٩٣٦ ئیسپانیا، ١٩٥٦ ھەنگاریا، ١٩٧٩ ئێران، ٢٠١١ی وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا تەنیا ڕاپەڕین بوون و بە ھەندێكیان لەلایەن دوژمنە دەرەكییەكانەوە تێكشكاون و ھەندێكیان لەلایەن دژە شۆڕشە نێوخۆییەكانەوە.
ھەورەھا لە ئاستی وڵاتیشدا بڕوام بە ھاوجۆری و ھاوئاستی نییە، ئەوەی ڕوودەدات بە ئامادەیی و خۆپەروەردەیی پرۆلیتێرەكانەوە پەیوەستە، ئەوەی كە لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانەدا چەندە توانیویانە خۆیان رێكبخەن و ڕێكخراوە ناقوچكەییە (ناھەرەمی/ ناھیرارشیی) سەربەخۆكانیان پێكبھنن و ھەم وەك ئامرزای خۆھوشیاریی و خۆپەروەردەیی و ھەم وەك ئامرازی بەرەنگاری و ھەم وەك ئامرازی رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەگەی داھاتوو، چەندە توانراوە لە رێكخراوە و ھەرەوەزیی و كۆمونەكاندا ژیانی سۆشیالیستی و پەیوەندی سۆشیالیستی و كولتووری سۆشیالیستی جێگیربكەن و بەكردەوە نیشانی كۆمەڵگەی بدەن، كە دەكرێت و لە توانادا ھەیە، مرۆڤ ئاوا بژی و خۆی لە پەیوەندییە سەروەرییەكان و سیستەمی كرێگرتەیی ڕزگار بكات . كاتێك كە ئەمە بوو بە بەشێك لە كولتووری ڕۆژ و مرۆڤەكان كەتوارییبوونیان دەركرد و توانیان ئەزموونی بكەنەوە، ئەو كات من و تۆش زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەركی ئەوە بكەین، كە پێویستمان بە دەوڵەت و دیكتاتۆری و شوانەیی پارتەكان و ئامۆژگاری ڕامیارەكان نییە.
ھاوڕێ، بەبۆچوونی گرفتی لەیەك تێنەگەییشتنمان لەوەدایە، كە تۆ باس لە پرۆسێسی دروستكردنی پارتێك وەك پێشڕەو دەكەی، كە دونیا بۆ پرۆلیتاریا تەخت بكات و دواییش سەركردە و ڕابەرە خۆ بە ژیر و خەڵك بە نەزانكانی ئەوەندە بەخشندە بن، بێن و بڵێن، فەرموون پرۆلیتێرەكان، خۆتان ژیانی خۆتان لە سۆڤیەتەكاندا ڕێكبخەن و دەوڵەتێكی سەراپاگیر و توندوتۊڵ (مەحكەم)ی ئاواش كە بەرگەی ھێرشی دەرەكی و گەندەڵی نێوەكی و ھێرشی دێمۆكراسی بۆرجوازی و بیروكراسی نێوەكی بگرێت و جەنگی دار و بەرد بكات، پاشان بەخۆیشی، دیسانەوە بەخشندانە وەك پەشمەك بتوێتەوە [ تكاتان لێدەكەم ئەمەم بە لاقرتێ و كەمڕێزی لێوەرمەگرن] بەداخەوە وەھا پارتێكی بەخشندە و دەوڵەتێكی پەشمەكی، تەنیا لە فیلمە كارتۆنییەكاندا توانای بوونیان ھەیە. بۆیە من زۆرجار ئەوانەی ھەموو تاوانەكانی (ڕوسیا)ی جاران و بلۆكی خۆرھەڵاتی دەدەنە پاڵ )جۆزیف ستالین)، بەبێویژدانی دەزانم. چونكە كەسێكی وەك ستالین [ كە پەروەردەی پارتی كۆمونیست و شاگردی لێنین و جێمتمانەی ترۆتسكی و دەوڵەتی بەناو كرێكاران] لەوە زیاتر نەیدەتوانی نەرمتر بێت، لەوانەشە ھەندێك جار چاوپۆشیشی لە پێداویستیی دیكتاتۆربوون كردبێت. ھیوادارم دەربڕینەكانم زبر و برنداركەر نەبن و دڵی ھاوڕێیانێكی وەك تۆ و كاك (فوئاد)م نەئێشاندبێت، كە ھیچ كات ناتوانم گومان لە سۆشیالیستبوون و دڵسۆزیتان بۆ سۆشیالیزم و پرۆلیتاریا بكەم. ھەرواش دڵنیام كە ھیچ ئامانجێكی كەسیی (شخصی) ھاندەری پێداگرییتان لەسەر پارت و دەسەڵات نییە، بەڵكو بەوپەڕی دڵسۆزیتانەوە بۆ سۆشیالیزم پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونانەتان دەكەن. بەڵام دیسان بەداخەوە، ناچارم بڵێم ھاوڕێیان، مێژوو وەڵامی خۆی بە پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی و دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا داوەتەوە و بڕواناكەم ھوشیاریی و كەتواریی جیھانی ئەمڕۆ و تاكەكان، ھیچ كات بواری دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەكی ئاوا بە گاڵتەجارییەوە بدات .
لێرەدا وەك دوا ڕستە حەزدەكەم ئەوە بڵێم و بیدركێنم؛ خۆزگە سۆشیالیزم بە پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆری بھاتایەتەدی، بەدڵنیاییەوە ئامادەدەبووم گیانی خۆم بكەمە مۆمی ڕێی سەركەوتنی ئەو پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆرییە، بەڵام داخەكەم تەنیا یەك خۆزگە دەیتوانی ئەوە جێبەجێ بكات و بەر بەو شكستانە بگرێت، ئەویش دەیتوانی ئەوە بێت، كە لە ساڵی ١٩١٨ەوە لە ڕوسیا بواری ئەناركیییەكان و مەنشەڤیكەكان و نادرۆنیكەكان و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەكان بدرایە، تاوەكو لەو جێیانەی كە جەماوەر بۆچوون و شێواز و كاركردی ئەوانی لەلا پەسەندە، تاقیبكەنەوە. چونكە بەدڵناییەوە نە ئەوەندە ئەناركی و سۆشیالیست و كۆمونیست دەكوژران و نە ئەوەندەش جوتیار و كرێكاری بەدبەخت ڕەوانەی ئوردووگە و دوورخراوگەكانی سیبریا دەكران و نە ئەو ئەزموونەش ئاوا بە ئاسانی بەو سەرنجامەی ١٩٨٩ دەگەیشت و نە من و تۆش لەم ساتەدا لەبری ئەم مشتومرە ھەزاربارەبووەوە، چاومان لەدیار كۆمیوتەرێك كزدەبوو و لەوانەشە لەم ساتەدا پارچە ھۆنراوەیەكی پڕ یاداوەری پاش ڕاپەڕین یا بەسەرھاتی ئەڤیندارییەكی سەركەوتوو یا باسی یارییەكی سەردەمی مناڵیمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە یا لەوانەیە پێداویستی یەكترناسیمان نەھاتایەتە بوون و (تاھیر و ھەژێن)ێك بەم بۆچوونانەی ئێستە لە نێۆماندا دروستنەدەبوون .
زۆر سوپاستان دەكەم و بە ھاورییەتی و ھاوەڵی كەسانی وەك ئێوە دڵخۆشم، كوردواتەنی ” ئێمە ماركسیستەكان و ئەناركیستەكان گوشتی یەكتر بخۆین، ئێسقانی یەكتر ناشكێنین” چونكە یەك ئامانجمان ھەیە؛ ئەویش سۆشیالیزم و لەنێوبردنی سەرمایەداریییە، با ھەر یەكەمان بە شێوازی خۆی لەو پێناوەدا درێژە بە خەباتی بدات.
تاهیر ساڵح شەریف :
ئەمشەو ڕەنگە نەتوانم هەموو سەرنجەکانم بنووسمەوە، چونکە بەڕاستی ماندووم و کۆمێنتەکانی بەڕێزیشتان تا ڕادەیەک درێژن و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیش تێکەڵ بەیەکترکراون…. سەرەتا لە هاوڕێ هەژێنەوە دەست پێدەکەم. هاوڕێ هەژێن سەدجار لەسەر هەقە کە مانا گریکییەکۆنەکە” پرۆلیتێر ” بە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خاوەنی موڵکداری تایبەتی نین و کۆیلەی سەرمایەدارانن. تەعریفە گریکییەکە بە ڕای منیش دروستە و پێم وایە فەریدرەک ئەنگڵسیش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا، وەڵامی ئەو پرسیارە [ پرۆلیتاریا کێیە؟… پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاری خاوەنی هیچ هۆیەکی بەرهەمهێنان نییە – هەڵبەت ئێستا فرۆشتنی هێزی فیکر و تەنانەت هێزی سێکسیش هاتۆتە سەر” sex workers “، چونکە لەسەردەمی ئەنگڵسدا، بەکاربردنی هێزی فیکری و هێزی سێکسی لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا وەک ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو] بەجۆرێکی دیکە دەداتەوە. لەم ڕووەوە من هاوڕام لەگەڵ بەکاربردنی ووشەی پرۆلیتێردا بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەنی هیچ موڵکایەتییەکی تایبەتی نین، جگە لە فرۆشتنی هێزی کار، هێزی فیکر و هێزی سێکسیان و ژیانی خۆیان لەوڕێگانەوە دابین دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەو زووییە نەتوانم لە نووسینەکانمدا ئەو دەستەواژەیە بەکار ببەم، چونکە ئەمە پێویستی بە کات هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و جێگیرکردنی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا.
زاهیر باهیر :
کەواتە با هەموومان پێک بێێن لەسەر واتای وشەی پڕۆلیتاریا کە لە سەدا ٩٩ کە دەگرێتەوە نەک کوشەی کرێکاران کە فرۆشەری هێزی بازوو و زهنی و سێکسی دەفرۆشن کە کەما یەتین. دیسانەوە ببورن کە من بووم ڕام کێشان بۆ ئەو جەدەل، بەڵام سەرئەنجامێکی باشی دا بەدەستەەوە کە ئەویش هەموومانی یەکخست لە سەر ئەوەی کە هەموومان مەبەستمانە، بەبەکارهێنانی پڕۆلیتاریا کە نزیکەی هەموو کەس دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا من پێشنیازی ئەوە دەکەم گەر هاوڕێیان ، هەمووتان بەلاتانەوە باش بێت ، لە کۆتایی مشت و مڕەکانماندا ئەمەی کە کردومانە لە م بوارەدا لە ماڵپەڕەکەی هاوڕی تاهیرو سەکۆی ئەنارکستاندا بڵاو بکرێتەوە، دەشتوانیین هەواڵەی سایتەکانی تریشیا بکەین گەرچی دڵنیانیم کە هەموویان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام دڵنیام کە ڕەوەندوو پێنووسەکان و کۆمۆنەش بڵاوی دەکەنەوە. من دەزانم کە ڕينگە لە کۆتاییدا نەگەینە سەرئەنجامێکت وا بەڵام دڵنیام ئەمە بەسوود دەبێت گەر هاوڕێیانی تر لە لایەنە جیاجیاکانەوە بیبینن و بێنە زمان. ئێمە هیچمان نەکردبێت، هەندێک شتی گرنگمان وتتوەو، لە هەمووشی گرنگتە بە گیانێکی هاوڕێیانەی پڕ لە ڕیزو خۆشەویستییەوە لە یەکتری چوینەتە پێشەوەو ، کە بێڕێزیو سوکایەتی بە فکری یەکتری و نە گیانی خۆ بە مامۆستایی زان و گومڕایی فکری تێدا بەدی ناکرێت. کە ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ نوسەری کورد و سیاسی کە زۆربەیان زمانییان زبرە بەرامبەر بە یەکتری.
درێژەی ھەیە ….
********************
خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :