شۆڕشی كۆمەڵایەتی ڕەتكردنەوەی سیستەم ڕامیاریی و و نوێنەرایەتی رامیاركانە!

خوێنەری ھێژا، بمبەخشە، ھیوادارم  بایی ئەو كاتەی، كە بۆ خوێندنەوەی ڕستەكانی من تەرخانیدەكەیت، توانیبێتم شتێك بخەمەسەر خەرێنەی زانیارییەكانت. بمبەخشن ناچاركراومم بچمە پای مشتومڕی ئاوا توندوتیژ، ھیوادارم پێش خوێندنەوەی وەڵامەكەی من، خودی وەڵامەكەی بەڕێز (ئەكرەم نادر) بۆ سەرنجەكەی من، لەم بەستەرەدا:

https://www.facebook.com/akram.nadir/posts/10151528763952480?comment_id=25786561&offset=0&total_comments=14

بخوێننەوە.

*******

سڵاو بەڕێز ئەكرەم نادر

بەرلەوەی وەڵامی ناڕامیاریی بە وەڵامە ڕامیارییەكەت بدەمەوە، دەمەوێت بڵێم، بەداخەوە ئاگام لە وەڵامدانەوەكەت نەبووە و دوێنی بە ڕێكەوت، لە پەیامی ھاوڕێیەكدا بەستەری مشتومڕەكەی (تۆ و ھاوڕێ كەیفی)م كلیككرد ودیتم كە وەڵامی سەرنجەكەی منت داوەتەوە، ھەروەھا دەمەوێت ئەوەت لێبپرسم، كە ئەو چەواشەكارییانەی سەرەوە، تووڕەبوون و ھەڵچوونە دەروێشانەكەتی لێدەركەی، كە ڕیزتكردوون، بە ویژدانت چەندیان بەرھەمی بیركردنەوە و  مێشكی خۆتن ؟ تكات لێدەكەم  بیسەلمێنە كە ٠١%ی وەڵامەكەت، ھی خۆتە و ئەو قەوانانە نین، كە چەند سەدەیە لێدەدرێنەوە !

كاكی برا، تكایە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەرەوە، كە دەكاتە سەلماندنی پاگەندەكانت :

من لە كوێێ سەرنجەكەمدا پرنسپڵی مرۆیمم ژێرپێخستووە، یا ئەوەتا تۆ ھێشتا چانسی ئەوەت نەبووە، كە بە پڕنسیپڵی مرۆیی ئاشنابیت ؟

كوا من خۆم سەپاندووە، تكایە خۆسەپاندن پێناسە بكە، با جارێكی دیكە منی ناڕامیار، تووشی ئەو ھەڵەیە نەبمەوە ؟!

مەزھەبیبوون چییە، بیركردنەوە و دەربڕین و كردار و تێڕوانینی مەزھەبیبوون چۆنە و نموونەیەك لە سەرنجەكەی مندا دیاری بكە؟

ئینجا براڵە گیان، پەندێكی كوردی ھەیە دەبێژێت “ڕێوی نەدەچوو بە كوندا ھەژگێكیشی بە كلكییەوە دەبەست”، تۆ كوردی فێربە، ئینجا بكەوەرە وێرانكردنی زمانی عەرەبیش … وەك پەندە فارسییە دەبێژێت ” ھۆنەر (شاعیر)ی تێكشكاو دەبێتە بازرگان و بازرگانی تێكشكاو دەبێتە ھۆنەر”. تۆ ھەوڵەكانت بۆ ڕابەربوون لە سلێمانیدا مایەپووچبوون، ھەنووكە دەخوازیت بەو عەرەبییە شەقوشڕەت ببیتە ڕابەری زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن عەرەب ؟

بیكە بە خاتری ئەو خوا و پێخەمبەرانەی كە دەیانپەرستی ئەم چوار نیوە ڕستیەم بە كوردییەكی دروست بۆ بنووسەرەوە، با پرۆلیتێرە پاشڕەوەكانت ئەی ڕابەری ھەشبەسەرەكان ” دوای ئەوە ئەگەر بیروڕای هەرکەست قبوڵ نیە بۆ سوکایەتی ئەکەی بەناوی گفتوگۆوە ئەمەی تۆ موداخەلەی مەزهەبیە یان بیرکردنەوەی ئێمە؟ ” لێیان تێبگەن!

بەڕێزم، من دەمێكە بەئاشكرا و بەبێ پەردە وتوومە و دەیڵێمەوە، ڕامیارییبوون شەرمەزارییە و ئەگەر كەسێك پاگەندەی سۆشیالیستووون (كۆمونیستبوون / ئەناركیستبوون) بكات و خۆشی بە ڕامیاریی بزانێت و قسەی ڕامیارانە بكات، یا ئەوەتا ڕامیارە یا ئەوەتا سۆشیالیستخوازێكی گەمژەیە، چونكە سۆشیالیستبوون دژی ڕامیارییبوونە و ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی تەنیا بۆ لەنێوبردنی ھەموو توخمێكی سۆشیالیستی لە بوونی مرۆڤی چەوساوە و لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا ھاتوونەتە بوون و ئەوەشیان ئەنجامداوە و ئەوەش ئەنجامدەدەن، ھەروەك تۆ و ھاوڕێ ڕامیارەكانت ئەنجامیدەدەن. ھەڵبەتە من زۆر لەوە توندتر دژی ڕامیارییبوون و ڕامیارەكانم، بەڵام لەبەرئەوەی شتەكە بەرامبەر تۆ كەسیی نەكەمەوە، ناچار لێرەدا پێناسەی خۆم بۆ ڕامیارییبوون و ڕامیاری و ڕامیاركاران نانووسمەوە.

بەڕاستی چەندە ھەوڵتداوە سووكایەتیم پێبكەی و لە ڕێگەی منیشەوە كیندۆزی بەرامبەر ئەناركییەكان بكەیت، بەڵام من ھێشتا زۆر سوپاسگوزاری تۆم، كە بە كەسێكی ڕامیار ناوتنەبردووم، چونكە لەلای من خراپترین و شەرمئاوەرترین جنێوە بەرامبەر مرۆڤ، ھەر لەبەرئەوە، لە ناخەوە و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە سوپاستدەكەم، كە بە ڕامیارییبوون شەرمەزارتنەكردووم. ھیوادارم ھاوڕێیان و ھاوەڵان و دۆست و تەنانەت كەسانێك كە ناكۆكی بۆچوونمان ھەیە، دوو چاكە ھەیە، ھەردەم لەتەكمدا بیكەن؛ یەكەم، وەك تۆ ڕێزم بۆ دابنێن و بە ناڕامیارم بناسێنن؛ دووەم، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ئاوەزی خۆمم لەدەست دا و ڕامیارانە بیرمكردەوە و ڕامیارانە نووسیم و پاگەندەم كرد، بێبەزەییانە ڕەخنەم لێبگرن و تەنانەت كەسایەتیشم وردوخاش بكەن، چونكە ئەو كات ئیدی مرۆڤایەتیم تێدانەماوە و شایانی ڕێزی ئازادیخوازەكان نیم و نابم!

بەڕێزم، من بەوەی كە لە تۆ و ھاوڕێ كەیفی داوامكردووە، كە بە كوردی درێژە بە مشتومڕەكە بدەن، وەك پێشتر نووسیومە، ھۆكارەكەی بۆ بەھرەمەندبوونی خوێنەری كوردە و ئاسانكارییە بۆ ئەوی ئوانیش بتوانن بەشداریبكەن، بەتایبەت كوردانی ئێران، كە عەرەبی نازانن. پاشان ھەرئاوا تۆ زۆر باشدەناسم و ڕابوردووە ڕامیارییەكەت دەزانم، ئاواش دەزانم، كە ھاوڕێ كەیفی كوردە، چونكە لە فەیسبووكدا ھاوەڵمە و لەتەك ھاوڕێیانی خودی خۆشتدا بە كوردی مشتومڕیكردووە، تۆش ئەوە باشدەزانیت، بەڵام تەنیا ویستووتە وشە ڕیزبكەیت و ئەوەشمان لێبكەیتە زانست و ڕامیاریی، ئەمەش ئاساییە، چونكە ڕامیاری ھەر ئەوەیە كە تۆ خەریكی ئەنجامیدەدەیت!

كاكی برا، من لە مشتومڕی دیكەدا وەڵامی ڕابەران و ھاوڕێكانی بەرێزتم داوەتەوە، ئەوانەی كە خەڵك لەسەر بیروڕا تیرۆردەكەن، دەزانن (ھەژێن / خەمی نان و خەونی ئازادی) كییە. ھەروەھا بەخۆشت وەڵامی خۆت داوەتەوە و لێرەدا پێویستنییە، من كاتی خوێنەر بەوەوە بكوژم، چونكە گرنگ نییە ئێمە چ ناوێكمان ھەیە و بە چ زمانێك قسەدەكەین و چی دەپۆشین و پلەی ئەكادێمی و پلەی پارتایەتی و كوڕ و كچی كێین و لە كوێ دەژین، پێشتر چ دژەشۆڕشێك یا شۆڕشگێرێك بووین، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە، چەندە لەمەڕ پرسەكانی ڕۆگاری خۆمان ھوشیارین و چەندە سەربەخۆ بیردەكەینەوە و چەند توانیومانە خۆمان لە ژیان لە ڕابوردوو و شەڕەدەندووكی مردووەكان ڕزگاركردووە، چەندە ڕۆڵەی سەردەمی خۆمانین و لە كام لای بەرەی ململانێ و جەنگی چینایەتیدا وەستاوین!

ئازیزم، ئایا دەزانیت جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ئەم و ئەو چەندە ناخۆشە ؟ دەزانیت خەڵك بە مێگەلزانین  وخۆ بە ڕابەڕزانین چەندە ناسۆشیالیستانەیە؟ ئایا دەزانیت لەخۆگۆڕان نەخۆشییەكی ڕامیارانەیە؟

بڕاڵە گیان، من ھەر ئاوا، كە لە سەرنجەكەمدا دژی مردووپەرستی و مەزھەبگەرایی ھاوڕێ ماركسیستەكانم، ھەرئاواش خاترجەمتدەكەمەوە، كە من نە پێخەمبەرێكم ھەیە ناوی پڕۆدۆن بێت و نە ساخكردنەوەی مشتومڕی پرۆدۆن و ماركس كاری منە، چونكە من لە سەدەی بیست و یەكدا، لە ھەزارەی سێیەمدا دەژیم! یادی ھاوڕێیان ماركس و پڕۆدۆن پڕخۆشی و ئاسوودیی بێت، بەڵام ئەگەر تۆ لەمەڕ مێژووی ناكۆكییەكان و مێژووی بزووتنەوەی سۆشیالیستی بە ھەموو باڵەكانییەوە، خوێندەوەت ھەبووایە، ئەوا دەتزانی كە ماركس قەرزاری پڕۆدۆنە و پرۆدۆن مامۆستای ئەوە! تكات لێدەكەم، بڕۆ وەڵامەكەی پڕۆدۆن بۆ نامەكەی ماركس بخوێنەوە، ئینجا كەمێك دوور لە تەڵقینە پارتییەكان، وردبەرەوە و ببینە مەزھەب چییە و ئینجا بەراوردی (فەلسەفەی ھەژاری)ی پڕۆدۆن و (ھەژاری فەلسەفە)ی ماركس بكە و ئەوسا وەرە لە بارەی مێژووەوە قسەمان بۆ بكە! چونكە، مێژوو قسەی ئەم و ئەو نییە، تاكو دەرخیبكەیت، دەكرێت مێژوو بۆ ماوەیەك بشێوێنرێت، پەردەپۆشبكرێت، بەلام تاسەر شێواندنی تەنیا لە خەونی ڕامیاراندا توانای كەتوارییكردنەوەی ھەیە !

كاكی برا، من ڕەخنەگرم، من دەرباری پارت و سەرۆك نیم، ئەگەر بڕیاریش بێت، ئایینێك پەسەند بكەم، بەدڵناییەوە ئایینی ڕامیاریی و پارت پەسەندناكەم و ئەوەم پێخۆسترە لەتەك خەڵكە سادە و ناڕامیارەكاندا بم، تاوەكو لە كۆڕی خۆبەڕابەرزاناندا!

بەڕاستی، بۆ من سەخترین شت، دۆزینەوەی ھونەری چۆنیەتی قسەكردن لەتەك كەسی مەزھەبی و ڕامیاردایە، چونكە لەلای ئەو دوو جۆرە كەسە، لۆجیك بوونینییە، ئاوەز لەئارادانییە … بەڵام ئەوە دەزانم و لەوە دڵنیام، ئەگەر ڕۆژگارێك قەزاوقەدەرەكانی سیستەمی سەرمایەداری بوارتبدەن و چانسی بەئاگاھاتنت لەو مەزھەبگەراییە ھەبێت، بەدڵنیاییەوە شەرم لەم ڕستانەت دەكەیت. چونكە نە ڕێزت لە خۆت گرتووە، نە ڕێزت لە بەرامبەرەكەت گرتووە، نە ڕێزت بۆ خەبات و گیانبەخشی سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان داناوە، سەرباری ئەوانەش، خەریكی جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ئەم و ئەویت!

كاكی خۆم، ئەگەر ماركسیزم زانستی ژیانە، ئەدی بۆ ھەركەس ڕەخنەیەكی لێبگرێت یا بیەوێت لاوازی و خەوشێكی وەلابنێت، یەكسەر لەلایەن خەلیفە و مەلاكانتانەوە بە لادەر و دوژمن بەدناودەكرێت ؟ ئایا دەزانیت ژیان لە ھیچ ساتێكدا ناوەستێت و بەردەوام لە گەشە و پەرەسەندندایە! كاتێك ژیان لە گەشە نەوەستێت، ئیدی چۆن زانستەكەی دەوەستێت و ھەر ڕەخنە و پێداچوونەوەیەكی دەچێتە خانەی لادان و دژایەتی؟ بەپێچەوانەوە، ماركسیزمەكەی ئێوە [نەك وتە و بیركردنەوەكانی ماركس]، كە كاریكاتێرە لە وتەكانی ماركس، قورئانێكە و ھیچی دیكە، چونكە تەنیا لە پەرتووكە ئایینیی و مەزھەبییەكاندا كەسە ئەندێشمەندەكان بە لادەر و تاوانبار و دوژمن وێنادەكرێن و سزادەدرێن!

من تێناگەم تۆ لەتەك مندا قسەدەكەیت یا لەتەك كۆمەڵە كەسێكی دیكەدا؟ پاشان من ھەر بەو ناوەوە دەنووسم و ھەم فەیسبووك و ھەم بلاگەكەم بەناو ناوەوەن، بەڵام ئەوە كەسانی دیكەن، كە بەناوی خوازراوەوە پەڕگەی درۆینە بۆ من دەنێرن، تاوەكو لە بواری تیرۆری ئینتەرنێتیدا سەركەوتنێكی ڕامیارانە تۆماربكەن!

ھەرچەندە وەڵامەكەت لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە لە ڕشانەوەی ڕامیارە سەرخۆشەكان دەچێت، كاتێكی زۆری پێدەوێت، تاوەكو بزانم لە كامە ڕستەدا لەتەك مندا قسە دەكەیت و لە كامە ڕستەدا لەتەك كەسێكی سیێەمی ھەندێك جار تاك و ھەندێك جار (كۆ)دا قسە دەكەیت؟ ھەرچەندە مەگەر خۆت بزانیت كە دەتەوێت چی بڵێت و مەگەر تەنیا خۆت بتوانیت لەنێو پارادۆكسەكانتدا دوو ڕستەی ئاوەزپەسەند و واتادار پەیدابكەیت! بەڵام ئەم ڕستەیەت ھەرچەندە لە ڕووی ڕێزمانییەوە پەڕپووتە، بەڵام لە ڕووی واتاوە زۆر ڕاستە “ئەوەی مێژوو نەخوێنێتەوە ناتوانێت لێکدانەوەی دروستی هەبێت بۆ گەشەکردنی هزرو هۆشیاری مرۆڤایەتی ئێستا بۆ هستریا گرتوتی ” ! ھەر لەبەرئەوە تكات لێدەكەم، لیستێك لەو سەرچاوە مێژووییانەی كە بەڕێزتان لە خوێندنەوەیان بوونەتەوە، بۆ منیش بنێرە، تاوەكو لەو زانیارییانە بەھرەمەندبم، كە بەڕێزتان لێیانبەھرەمەندبوون! خۆ ئەگەر پەرتووكەكانم لۆ بنێریت، ئەوا زۆر سوپاسگوزارتدەبم، چونكە ھەم لە ڕووی داراییەوە كۆمەكێكی گەورەیە بۆ من و ھەم بازرگانیشەوە لێدانێكە لە كڕین و فرۆشتن و سووڕی بازار!

برای بەڕێزم، ” دەتەوێ بەزۆر بەکێشمان بکەی بۆ گفتوگۆیەک کە خۆت ئەتەوێت ” جارێكی دیكە ئەم ڕستەیە بخوێنەرەوە، بە ویژدانت تا ئێستا من پەیامێكی كەسییم بۆ تۆ ناردووە، كە تێیدا بۆ مشتومڕكردن بانگھێشتمكردبیت؟ مەگەر ھەموو جارێك بەھۆی خۆشەویستی منەوە بۆ چەند ھاوڕێ و ھاوەڵێكی ئازیزی وەك كەیفی ئەمین و سیروان عەلی و باكۆ جەلال و (ئەناركیستان)ەوە نەبووە، كە من ھاتوومەتە نێو مشتومڕەكانتان؟ من دەزانم چی تۆ و ھاوریكانتی ھەراسانكردووە، ئەوەیە كە كەسانێكی وەك من، جار جارە بەمەبەستی بەئاگاھێنانەوەی چەند ئەندامێكی خوارەوەتان، بەردێك فردەدەینە گۆمە لیخنەكەی پارتایەتی و ڕامیارییەكەتان، ئێمە دەمانەوێت ئەندامە خۆشباوەڕەكانی خوارەوەتان لە زیكر و تەلیلەی خانەقاكەتاندا داچڵەكێنین !

كاكە ئەكرەم، من نازانم قسەی كامە ماركسیستی كورد و عیراقی و ئێرانی بەھەند وەربگرم؛ تۆ دەلێت ” ئەوەندەی مەیلی ئەنارکیستی زاڵبووە بەسەر ڕاپەڕینە جەماوەریەکان کەمترین دەرفەت بۆ مەیلی ڕێکخراوی کۆمۆنیستەکان فەراهەم بووە “، ھاوڕێبازەكانی دیكەت دەڵێن “ئەناركییەكان كەمینەیەكی پۆخڵەواتن … بەكرێگیراوی بۆرجوازین .. وردەبۆرجوازین .. دژەشۆرشن .. یەكێك دەڵێت ماركس و ئەنگلس پۆرتی ئەناركیستەكانیان شكاند و تائێستاش پشتیان بۆ ڕاستنەكراوەتەوە …” ئەمانە و زۆر پاگەندەی تەنگەتاوانەی ڕامیارییی دیكە … ئیستا تۆ ڕاستدەكەیت یا ئەو ھاوڕێ و ھاوڕێبازانەت، كە پێچەوانەی تۆ ئەناركییەكان بە كەمینەیەك وێنادەكەن؟

ئایا دەزانیت بەدبەختی كەسانی وەك تۆ لەوەدایە، ئەوە نابینیت، كە ئاڵا سوور و ڕەشەكان بە پێچەوانەی بازرگانی پارتە ڕامیارەكانەوە لە زۆربەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەكانی ھەزارەی سێیەمدا، پێكەوە ھەر لە (جاكاتا)ەوە تا یوھانسبێرگ، ھەر لە (قاھیرە)وە تا وۆلستریت، شانبەشانی یەك دژی دوژمنی چینایەتیمان دەجەنگن؟ من لەوە تێدەگەم، كە ئێوە دەروێشانی تەكیەی حیكمەتی، ھەر ھاوڕێیەكی ماركسیست كە ڕەخنەی لە مەزھەبگەراییەكەی ئێوە ھەبێت، چاوتان ئاڵا سوورەكەی دەستی نابینێت و وەك ئەناركییەكان بە دوژمنی پرۆلیتاریای دادەنێن!

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە ” بەڵام پێم ناڵێی بۆ زۆربەیان سەرکەوتو نەبوون “. با ناوی ڕاپەڕینە ئەناركییەكان بھێنین، كۆمیتەی كارخانەكانی ١٩١٧ تا ١٩١٨ی ڕوسیە، ڕاپەڕینی ئۆكرانیا ١٩١٧ تا ١٩٢١، ڕاپەڕینی كرۆنشتات ، ڕاپەڕینی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ی ئیسپانیا و كۆمیتەی كارخانەكانی ئیتالیا، ئەمانە بەرچاوترینیان بوون، كە تێشكاون، لەبەرئەوەی بەڕێزتان وەك خۆتان پاگەندەی دەكەن و كەسانی دیكە بە نائاگا لە مێژوو دەزانن و خوێنەوەی چڕوپڕتان لەو مێژووە ھەیە، حەزدەكەم تۆ ھۆكاری تێكشكانەكان و چۆنیەتی تێكشكانەكان و  دوژمنە تێشكێڼەرەكانیان دیاریبكەیت، چونكە من لە ئاستی مێژووناسێكی وەك بەرێزتاندا بوێری ئەوەم تێدانییە، قسە لە مێژوو بكەم! ڕاپەڕین و ھەوڵەكانی ١٩٩٠ بەم لاوە، وەك بەڕێزتان دەبینن و خۆت لێیان نائاگادەكەیت، ھەر لە داگیركردنی كارخانەكانی ئەرژەنتین و فیرگەكانی بریتانیا و ئەمەریكا و كارخانە و فێرگەكانی یۆنان و ئیتالیا و ئیسپانیا تا دەگایە داگیركردنی پارەلەمانی وڵایەتیی و وۆڵستریت و مەیدانەكانی دیكە، ھێشتا نەبوونەتە ڕابوردوو، ئاوا مێژووناسێكی وەك بەڕێزتان بكەونە نووسینەوەی مێژوو بەئاوەژوویی. ئەگەر لە سەردەمی دەسەڵاتی قەرەقووشی بۆلشەڤیكەكاندا، كە نە كەرەستەكانی میدیا لەبەردەستتدابوون و نە جیھان وەك ئەمڕۆ دیگیتالیزەبوو، نەتوانرابێت ڕاستییەكان بەتەواوی ئاوەژووبكرێنەوە و ئەمڕۆ چەندەین گرتەی ڤیدیۆی و وێنە و دۆكومێنت و ڕۆژنانەی سەردەمی كوشتوبڕەكانی ئۆكرانیا و كرۆنشتات لەبەردەستتدان. ئەوا زۆر ئەستەمە كەسێكی وەك تۆ، كە نەتوانێت یەك ڕستەی كوردی بەدروستی بنووسێت و بێجگە لە دەرخكردنی وتە دەرخكراوەكانی ڕابەرەكانی ھیچی دیكە نازانێت، بتوانیت مێژووی ئەم ڕۆژانەی كە ئاڵا ڕەشەكان بەچاوی ئێوەی ڕامیار و پارتییدا دەچن، ھەر ئاوا بە ئاسانی بشێوێنیت و بنووسیتەوە!

ئازیزم، بڕۆ مێژوو بخوێنەرەوە، بەڵام تكات لێدەكەم مێژووی لەدایكبوونی ماركس و ئەنگلس و لێنین و ژمارەی ڕۆژەكانی ژیان مەنسووری حیكمەت نا [مەبەستم بێرێزی نییە بەو كەسانە]، مەبەستم مێژووی شارستانی و مێژووی كۆمەڵگەكانی پێش چەند ھەزار ساڵ لەمەوپێش، مێژووی ڕاپەڕینەكان و كۆمەڵگە بێدەوڵەتەكان بخوێنەرەوە، ببینە كە بە ھەزاران ساڵ پێش ماركس، مرۆڤەكان ھەم سۆشیالیستانە ھزراندوویانە و ھەم سۆشیالستانە ژیاون و ھەم ئەو ڕامیارییەی كە تۆ شانازی پێوەدەكەیت، نەیتوانیوە ھێندەی دەسڕی توالێت بۆ مرۆڤایەتی كەڵكی ھەبێت!

كاك ئەكرەمی بەڕێز، تكا لە خۆت و ھەموو ھاوبۆچوونەكانت دەكەم، یەك ھەڵوێستی بۆرجوازییانەی ئەناركیستەكان بە دەق و بەڵگە بنووسە، با خوێنەری ھێژا بۆ خوێندنەوەی بگەرێتەوە سەر سەچاوەكەی تۆ. برای من، قسەفرێدان زۆر ئاسانە، گۆبڵز لەو بوارەدا زۆر بەتوانابوو، بەڵام نەیتوانی مێژوو ئاوەژوو بكاتەوە و نەیتوانی بڕوا بە پاسەوانە نازییەكانی دەوروبەری خۆیشی بھێنێت، كە ڕاستدەكات !

كاكی برا، دەزانیت گرفتی تۆ و ھاوبۆچوونەكانت چییە، ئەوەیە كە بە چاویلكەی پارتایەتی و ئایدیۆلۆجیا و ڕابەرەكانتان، مێژوو و كەتوار دەخوێننەوە، ئەمە ئەوپەڕی بەدببەختییە، چونكە كاتێك كە چاویلكەیەكی زەرد، سوور، ڕەش، شین، سەوز، ..تد لە چاوبكەین، ئەوا دونیا تەنیا بە ڕەنگی ئەو چاویلكەیە دەبینین. بەڵام ئەوی خاوەنی خۆھوشیاریی و بیركردنەوەی سەربەخۆ و شێوازی ئاوەزپەسەندی لە لێكدانەودا بێت، بەدڵنیاییەوە كەتوار و ڕووداوەكان وەك خۆیان دەبینێت، نەك بەو جۆرەی كە خۆی دەخوازێت! تۆ خەریكی وڕێنەی ڕابەرەكانت لە كۆبوونەوە پارتییەكاندا لێبووەتە كەتوار! ھیچ ماركسیستێكی ئازادیخواز نییە، كە بتوانێت نكۆڵی لە ڕۆڵی ئەناركیستەكان لەم سەر تا ئەو سەری دونیا لە خەباتی ڕۆژانە و لە ڕێكخستنە كۆمەڵایەتییەكاندا، بكات.

بەڕاستی بەدبەختییە، تاكی ھەزاری سێیەم قسە لە پێویستی پارت و ڕابەر بۆخۆی بكات! تكادەكەم یەك خاڵی گەش لە یەك ساتی مێژووییدا لەمەڕ ڕۆڵی پارت بخەرە بەرچاوی ئێمەی نەزان؟ ئەگەر بەخۆت شەیدای وابەستەیی و گوێڕایەلی و ملكەچیت، تكادەكەم واتای ئازادیخوازیی مەشێوێنە! ئازادیخواز كەسێكە كە لە سەرووی خۆیەوە بروای بە سەروەریی كەسانی دیكە نییە، نە خۆی بە گەمژە و نە كەس بە ڕابەری خۆی دەزانیت و نە كەس بە گەمژە و نە خۆی بە ڕابەری كەسانی دیكە دەزانێت! كەسی ئازادیخواز دژی ھەموو پێكھاتەیەكی قوچكەیی (ھەرمی)، ھەموو بەرتەرییەك، ھەموو دەستەبژێرییەك، ھەموو سەروخوارێك، ھەموو ئایدیالیزمێكە، ئیدی ئاسمانی بێت یا عەلمانی!

بەڕێزم، بڕۆ چاویلكە پارتییەكەت فڕێبدە و لە دەمی خودی (ماركس)ەوە ماركسیزم بخوێنەرەوە، نەك ئەو كاریكاتێرەی كە حیكمەتیزم لە ھۆشی ئێوەدا بۆ ھزر و بۆچوونەكانی ماركس كێشاویەتی و وەك مەلاكانتان لێھاتووە، تەنیا ئەو وتانە دەرخدەكەن، كە خزمەت بە ناوبانگدەركردن و پارتایەتی و دەسەڵاتخوازیی و ھەڵپەی پلەوپایەی پارتیی دەیخوازێت، ھەروەك چۆن مەلایەك ئەو ئایەت و حەدیسانە بۆ خەڵك ناگێڕێتەوە، كە زیان بە ھێنانی مریشكە ڕەشە و مووچە و بەخشیشەكانی دەگەیێنێت، ئاوا ئێوەش ئەو بۆچوونانەی ماركس كە زیان بە دەسەڵاتخوازیی و ڕامیارییكردن و سازشكارییەكانتان لەتەك دەسەلاتدارانی ھەرێم و دەوڵەتە بۆرجوازییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترانیا و كەنەدا دەگەیێنێت، ناخوێننەوە و دووبارەناكەنەوە و بۆشتان بلوێت، دەیانسووتێنن!

بەڕاستی سەیروسەمەرەی ھەزارەی سێیەمە، كە ڕامیاركاران و دەسەڵاتخوازان و پلەوپایە و ناوبانگخوازان، قسە لە شۆڕشی كۆمەڵایەتی بكەن! ئایا دەزانیت شۆرشی كۆمەڵایەتی واتە ڕەتكردنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و پارتی ڕامیاریی و بازرگانیی و سەرمایەگوزاری ڕامیاریی؟

ئەزیزم، دژایەتی سیستەمی چینایەتی بە دژایەتی پێكھاتەی چینایەتی و ڕێكخستن و بیركردنەوە و ئاراستەی چینایەتی و بە كاریكرێگرتە و خاوەندارتی چینایەتی دەكرێت! دەتوانی لێكدانەوەیەك لەمەڕ پێكھاتە و ڕێكخستنی پارتەكەت بكەیت؟ دەتوانیت لێكدانەوەیەك بۆ بیركردنەوە و ئاراستە و تاكتیك و ستراتیژی پارتەكەت و پارتە دەستەخۆشكەكانی بكەیت؟ دەتوانیت پێناسەیەك بۆ پەیوەندی ئەندامناوەندی و نووسینگەی ڕامیاری پارتەكەت و پارتە دەستە خوشكەكانی لەتەك ئەندامانی پارت و كرێكارەكانیان [وەك خۆت دەزانیت زۆرێكیان لە ئەوروپا سەرمایەدار و خاوەنكارن] بكەیت و ئینجا ئەوسا بگەڕێتەوە سەر وێناكردنی خەبات و شۆڕشی كۆمەڵایەتی !

بەڕاستی و بەبێ لاقرتێ، من وەك خوێنەرێك نازانم لەم دەستەواژانەدا

“بۆ زانینت ئەوەی هەتا ئێستا بەسەر ئەو کەسانەی خۆیان بە مارکسی ئەزانن ئەوەیە کە بەم ملدانە شەرمنۆکانەیەی ئەنارکیزم بەکردار لە بیرکردنەوەی زانستیانەی مارکس دورکەوتونەتەوە گە لێکدانەوەی زانستیانە کە لەبەرامبەر ئەنارکیستەکاندا چی ناکۆکیەکیان هەبوە لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتیەوە بۆ شۆڕش و نەمانی کۆمەڵگەی بێچین و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی لە جێگای” بەتەمایت چ جادوویەك لە خوێنەر بكەیت و دەتەوێت چ پەڕجوویەكمان بۆ بگێڕیتەوە؟ تەنیا ئەوە تێدەگەم، كە واژەی زاستتان كردووە بە گۆچانەكەی موسا و دەتەوێت بەنێو لیتاوی پارتایەتی و دەسەڵاتخوازیدا تونێلێك لێبدەیت و خۆت لە بێسەرەوبەرەیی قسەكانت و ناكۆكی بۆچوون و پاگەندەكانتان ڕزگاربكەیت!

لە بەرامبەر درێژەی دێرەكانی كۆتاییتدا، ئەگەر بە لاقرتێش وەریبگریت، ئیدی بەلامەوە گرنگ نییە، چونكە تۆ بەخۆت خوازیاری ئەوەیت و كۆمەڵێك قسەی بێبەڵگەت ڕیزكردوون و وەك دوكاندار یا پاگەندەچی سەر سندووقەكانی دەنگدان، قسەی بێباج ھەڕاجدەكیت. تەنیا ئەوەندە دەڵێم، ئەزموونی ١٩١٧ تا ١٩٨٩ی ڕوسیە، نادروستی بۆچوونەكەی مامە (ئەنگلس)یان سەلماند، پێویست ناكات لەو بارەوە قسەبكەم، بەڵكو ئەوە تۆیت كە پێویستە دەستبەرداری قسەی بێباج ببیت و واز لە ھەراجكردنی وڕێنەی ئەم و ئەو بھێنیت و چەند بەڵگە نا، تەنیا یەك بەڵگە بۆ پاگەندەكانت بخەیتەڕوو و خوێنەر بە گەمژە نەزانیت!

بە بۆچوونی من زیندووبوونەوەی مرۆڤ لە جیھانێكی دیكەدا فرەتر ئاوەزگیرترە تاوەكو پووكانەوەی خۆبەخۆی دەوڵەتی ماركسیستەكان [كۆمونیستەكان نا، چونكە كەم نین ئەو كۆمونیستانەی كە وەك ئەناركییەكان دژایەتی دەوڵەت دەكەن] !!!!!

نەوتراو نەمێنێتەوە، وێناكردنی كاریكاتێریانەی ماركس و ئەنگلس بۆ كۆمەڵگەی كۆمونیستی، لە وێنای كریستیانەی دەوروبەرەكەیان بۆ جیھانی پاش مردنەوە سەرچاوەی گرتووە! من دەتوانم ئەمە لە شێوەی ھاوكێشەی ماتماتیكی بسەلمێنم، بەڵام ئایا تۆ و ھاومەزھەبەكانت بە بەڵگەی مێژووی و پاڵپشتی ئاوەزگیر و لۆجیكپەسەند، توانای سەلماندنی پاگەندەی دژەشۆڕشی ئەناركیستەكانتان ھەیە؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

دوا وشە، ئەگەر بەڕێزتان خۆتان لەوە بانتر دەبینن، وەڵام پرسیارەكانی من بدەنەوە یا توانای دەربڕین و نووسینتان بە عەرەبی لە كوردینووسین و دەربڕین، باشتر و زیاترە، تكایە وەڵامی پرسیارەكانی ھاوڕێ كەیفی ئەمین بدەرەوە!