یەكی ئایار، ڕۆژی خەباتی چینایەتی یا ڕۆژی خۆشەیدایی چەپ و پاگەندەی كەسیی ؟
چەپایەتی بە كردەووە خۆشەیدایی و وردەگلەیی وردەبۆرجوازییە لە ناسەروەریی یاسا و بوونی گەندەلی و نەبوونی كار و نەبوونی میرایەتی باش و نەبوونی سەرۆكی باش و نەبوونی پارتی باش، كە ھەموو ئەمانە بێجگە لە بەرھەمھێنانەوەی تەرسەقول ھیچی دیكە نین.
سیستەمی ڕامیاریی؛ پێكھاتەی قوچكەیی؛ سیستەمی چینایەتی؛ سیستەمی سەرمایەداری بەبێ زۆرداری یاسا، بەبێ گەندەڵی ئابووریی و مۆڕاڵی و كارگێڕیی و بەبێ بێكاری، خەونی وشترە بە فڕینەوە! ھەروەھا ھەوڵی چاكسازیی [مەبەستم ڕیفۆرم نییە، جونكە ڕیفۆرم چاكسازیی نییە] لە سیستەمی ڕامیارییدا، بێجگە لە خۆكوژی كەسە ناڕازییەكان ھیچی دیكە بەرھەمنەھێناوە و ناشھێنێت.
ئەوەی دمەوێت لەم یەكی ئایارەدا بیڵێم، خۆشەیدایی كەسانێكە بەناوی كۆمونیستبوونەوە، كە ھەر بۆنە و ھەر سات و ھەر ڕۆژ ھەراجی مێژوویان دەكەن و كەوتوونەتە پاگەندەكردن بۆخۆیان و ھەراجكردنی ڕابوردووی خەباتكارانەیان لە مەزاتخانەی ناوبانگدەركردندا…
ڕەوتی ئەوەی لە یەكی ئایاری ئەم ساڵەوە بووەتە باو، لە گۊرینی یەكی ئایار بۆ مەراسیمی پاگەندەیی بۆ ڕێكخراوە ڕامیارییەكان، پاشان بە گۆڕینی بە ئاھەنگی سەما و خواردنەوە لە ھۆڵەكاندا، پاشان بە گۆرینی بە ئاھەنگی خێزانی و ئەم ساڵێش بە گۆڕینی بە ڕۆژی مەزاتكردنی وێنەی كەسیی نێو مەراسیمە ڕێكخراوەییەكان.
ھەر ئاوا كە لەوە دڵنیام، بەشداری و مەراسیمی ھیچ پارتێكی ڕامیاریی لە یەكی ئایاردا بە مەبەستی ھەڵخڕاندنی خەباتی چینایەتی نییە، ھەر ئاواش لەوە دڵنیام، كە تاكە خەباتكارەكان [مەبەستم ئەوانەیە كە بە ھەموو بوونێكیانەوە خۆیان بۆ خەبات تەرخانكردبوو، نەك ئەوانەی تەنیا بۆ دەركەوتنیان لە گرتە ڤیدیۆیی و وێنەكاندا ڕۆژی یەكی ئایار دەھاتن و دواتر وەك بەڵگە بۆ UN دەبران] ڕۆژگارێك چالاكییان تەنیا بۆ ھەڵخرراندن و جۆشدانی خەباتی چینایەتی بوو، بەڵام ئەمڕۆ پاش بیست ساڵێك, ئەگەر سەرنج بدەین، ئەو پەرجووە (موعجیزە) دەبینین، كە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان ئەنجامیانداوە؛ وێرانكردن و گۆڕینی ئەو تاكە خەباتكارانە بە كۆمەڵێك كەسی خۆشەیدا [تووشبوو بە نارسیزم] و وەك بازرگان بەمەبەستی پاگەندەكردن بۆخۆیان و ناوبانگ چێكردن، كەوتوونەتە گۊڕینی ڕۆژی یەكی ئایار بە ڕۆژی پاگەندەی كەسیی و پەخشان و تەخشانی وێنە كۆنەكانیان.
ئایا ھێشتا پێویستمان بەوە ھەیە، كە بەدوای بەڵگەدا بگەرێین، بۆ ئەوەی ئەوە بسەلمێنین، كە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان [پارت] دەزگەی گێلكردن و دەبەگنكردنی تاكە ناڕازی و خەباتكارە خۆشباوەڕەكانن بە چاوچنۆكییە وردەبۆرجوازییەكان؛ ناوبانگ، پلەوپایە، سامان، چڵێسی سێكسی و ھیدیكە .. وێنەكان بەخۆیان دەدوێن!!!!!!!!!!!!!!
١ی ئایاری ٢٠١٣
Post navigation