دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان / بەشی نۆھەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی نۆھەم

 

ھەژێن :

ھاوڕێ تاھیر، ئەوەی كە لەنێوچوونی سەرمایەداری لە گرەوی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتییدایە، منیش ھەمان بۊچوونی تۆم ھەیە، بەڵام ناتوانم ناوی كۆمونیستبوون لەسەر ئەو شۆڕشە كۆمەڵایەتییە دابنێم، لەبەرئەوەی كۆمونیستبوون لەتەك ناو و  ڕابوردووی پارتە كۆمونیستەكان و دەوڵەتە بەناو كۆمونیستەكان، ھاوتا و ھاوواتابووە، ھەر لەبەرئەوە من شۆڕشی سۆشیالیستی، كە خاڵی ھاوبەشی نێوان ئەناركیستەكان و ماركسیستەكانە بەكاردەبەم. ئەو لێكدانەوەیە بۆ بەسەرەنجامگەییشتنی ململانێكە و خاڵی تەقینەوەی ناكۆكییە چارەسەرھەڵنەگرەكان، بەدروست دەبینم، بەڵام ھیچ پێشمەرجێكی تەكنۆلۆجی و پەسەرەندنی ئابووریی و ڕێكخستنێكی ڕامیاریی بە پێویست نازانم و تەنیا بە خاڵی دووەمەوە گرێیدەدەمەوە، كە ھوشیاریی و ئامادەیی و ناچاریی پرۆلێتێرەكانە بۆ ڕزگاربوون لە نەھامەتییەكانی سەرمایەداری و  خۆڕزگاركردن لە ژێردەستەیی سەروەریی كەسانی دیكە. وەك پێشتر وتم ئەمە لە ھەموو سەردەمەكاندا ئەگەری دەبوو، ئەگەر ھوشیاریی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕەتكردنەوەی سەروەریی لەئارادابووایە. ھەڵبەتە ھوشیاریی لەخۆیەوە نایێتەبوون و  بەرھەمی بەرەو لوتكەكشانی ململانێكەیە، كە بەپێی ئەزموونگیریی لە شكستەكان، شۆڕشگێرەكان [لێرەدا مەبەست لە دەستەیەكی ڕامیارپیشە یا ئاراستەەیەكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی نییە، بەڵكو مەبەست ھەموو كەسێكە كە ژیان لە سایەی سەروەریی كەسانی دیكەدا بە كۆیلەتی دەزانێت و  خوازیاری یەكسانی بەرھرەمەندی لە تواناییە ئابوورییەكان و دادوەریی كۆمەڵایەتییە]  بە پلەیەكی باڵاتر لە ھوشیاریی شۆڕشگێرانە دەگەن.

بەڵام بەداخەوە، وەك پێشتر وتم، ھەم ماركس و ئەنگڵس، ھەم پاشڕەوانیان، لەبەرئەوەی كە پرۆسێسی شۆڕش و  ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی یا داھاتوو بە دوای ڕوخانی سەرمایەداری دەبەستنەوە و  بەپێچەوانەی ئەوەی كە تۆ لە پەرەگرافەكانی پێشووتردا بە یاسای گۆڕان و گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی ناوی دەبەیت، ھەروەك تۆ، دان بەوەدا دەنێن، كە ڕەتگەرەوەی سیستەمەكانی پێشتر (كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی) لە مناڵدانی ھەمان سیستەمەوە سەرھەڵدەدەن و  لەڕووی بنەمای ئابووریی و پەیوەندی بەرھەمھێنان و گۆڕانی كۆمەڵایەتی و  ئامادەیی ھوشیاریی شۆڕشگیرانەوە گەشەدەكەن، بەڵام كاتێك كە دەگەنە سەر چۆنیەتی لەنێوبردنی سەرمایەداری و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، یاساكانی گەشەكردن و  ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ڕەتدەكەنەوە، ھەر بۆیە سەرەتا بۆ ڕوخاندنی سەرمایەداری دەستەوداوێنی پارتی پێشڕەو و دواتر بۆ بەرگرتن بە گەڕانەوەی سیستەمی ڕوخاو، ناچار بە دروستكردنەوەی دەوڵەت دەبن و لەبەرئەوەی كە ناتوانن نكۊڵی لە كڕۆكی دیكتاتۆریی دەوڵەت بكەن، بۆیە دێن و پڕۆلیتاریا  دەكەنە پاشگری دیكتاتۆری دەوڵەتەكە . بەڵام ئیدی لێرەوە دەستەوداوێنی خەیاڵبافی دەبنەوە  و  تا مردنی خۆشیان و پاشڕەوانیان نەیانتوانی مەتەلی خۆبەخۆپووكانەوەی دەوڵەتەكە شیبكەنەوە و  وەك تەوقێك كردیانە ملی پڕۆلیتاریا و بوو بە ئامرازێك بۆ ڕامكاربازی ڕامیارپێشەكان.

لەبەرئەوەی پێشتر وتارێكم لەژێر سەردێری (کێ دیکتاتۆره‌، پارت یا پرۆلیتاریا؟)دا نوویسوە، بۆیە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم بابەتە ناوەستم، تەنیا دەپرسم ئەگەر شۆڕشی پڕۆلیتاریا بۆ لەنێوبردنی دژەكەی واتە بۆرجوازییە، ئەدی خۆی وەك چینێك پاش لەنێوبردنی دژەكەی، چۆن دەمێنێتەوە؟ ئایا بەبێ بوونی بۆرجوازی پرۆلیتاریا وەك چینێكی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی چینایەتی دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ئەگەر وەڵام ئەریێیە، كەواتە ئەو كات ھێشتا سەرمایەداری ماوە، كە ئەویش مابێت، ئیدی قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕش، بێواتایە! ئەگەر بۆرجوازی وەك چینی سەروەر نەمابێت، وەك پێشتریش وتمان، دەبێت زەمینەی مانەوە و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنانی بۆرجوازی تێكشكابن. كاتێك كە تێكشكانێكی ئاواش لە پرۆسێسێكی مێژووكردی شۆڕشگێرانەدا ڕوویدابێت، گەڕانەوەی ئەستەمە، ھەروەك گەڕانەوەی سیستەم و سەروەریی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەڕێتەوە، ئەوەش لەبەر تێداچوونی ئامادەیی ڕاپەڕیوان بۆ مانەوە و ملدان بە سەروەریی داراكان. كاتێك ئامادەییەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی سەرمایەداری لەنێو ژێردەستانی كۆمەڵگەدا مابێت، كەواتە قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و یەكلاكردنەوەی ململانێی چینایەتی بەلای سۆشیالیزمدا، لە ھەراوھوریای ڕامیارپپشەكان بەولاوەتر نابێت!

بەڵێ ھاوڕێ، من دەرك و تێگەییشتنم لەوە زیاتر بوارم نادات، بڕوا بە خۆم بھێنم، كە ئەوەی لە ڕوسیە ڕوویدا، شكستی تیئۆری دەوڵەتە بەناو پڕۆلیتێرەكەی ماركس و ئەنگلس نەبووبێت و لەو بڕوایەشدام، ئەگەر لەجێی لێنین و ھاوڕێكانی، ماركس و ئەنگلس و  ھەژێن و تاھیر و  زاھیر و فوئاد و ..تد بوونایە، لەوان باشترمان جێبەجێنەدەكرد. بەپێچەوانەوە، من لە شكستی ئەو تیئۆرییەدا سەركۆنەی لێنین ناكەم، ھەروا كە لە دادگەییكردنەكانی سەردەمی (ستالین)دا لەبری سەركۆنەی ستالین، بۆ یەكەمین پاكتاو یا پاڵافتەكردنی ڕیزەكانی پارت لەیەكەمین كۆنگرەی پاش ١٩١٧ لەسەر دەستی لینین دەگرێمەوە، ھەروا شكستی ئەو تیئۆرییەش بۆ ھەڵەتێگەیشتینی (ماركس و ئەنگلس)ی دەگێڕنمەوە، كە بەداخەوە لە كاتی نێونەتەوەیی یەكەمدا چەپلە و پیداھەڵدانی پاشڕەوانیان، بواری پێداچوونەوە و  پاشگەزبوونەوەیان لەو ھەڵە مێژووییە، كردە نەنگێك و ئەو دوو ھاوڕێیە نەیانتوانی بچنە ژێری.

بەپێچەوانەوەی ڕەخنەی گشت ھاوڕێ ماركسیستەكانەوە لە كۆمونەی پاریس، یەكەم ھۆكاری شكستخواردنی نەبوونیی پارتی پێشڕەو نەبوو و ھەروەھا بەرێوەربردن لەوێدا بەرەو دەوڵەتییبوون نەچوو، بەڵكو بەڕێوەبردنی كۆمونەیی (سۆڤیەتی) بوو؛ كە شانازی بۆلشەڤیزم بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، ئەوەی لە كۆمونەدا نەتوانرا دەستی بۆ ببرێت، ئەوان ئەنجامیانداوە؛ واتە پارت و دەوڵەت، ئەوەی لە ئۆكتۆبەردا پێیھەستان. بە بۆچوونی من سەرەنجامگیریی ماركس لە كۆمونە و ڕێكخستنی كۆمونەیی، گەورەترین ھەڵەی مێژوویی بوو، كە بەسەریدا تێپەڕی. ھۆكاری ئەوەش، بۆ كارایی بلانكییەكان لەسەر ماركس و ئەنگلس لەمەڕ  شۆڕش و دەوڵەت و سۆشیالیزم دەگەڕێتەوە، ئەوەی كە لێنین لە پارتی پۆلایین و دواتر لە دەوڵەتدا گەشەی پێدەدا و  مەنسووری حیكمەت لە پرسی “دەسەڵاتی ڕامیاریی و كۆمەڵگە”دا بە لوتكەی دەگەیێنێت و  بلانكیزم دەھێنتەوە نێو سەردەمی ئێمە.

لە درێژەی وەڵامەكانی ھاوڕێ تاھیردا ئاوا ھاتووە ” بۆچی شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا دەبێت قۆناغ بەندی بکرێت؟ پێویستی، دەوڵەت و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕوانگەی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە چییە؟ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە؟ ………

بەداخەوە ھاوڕێ، دەبێت ئەوە بڵیـم، كە لەم سەرنجانەی دواییتدا، بەخۆشت باسەكەت فراوانتركردووەتەوە، بۆیە منیش ناچارم و بەناچاری دەبێت قسە لەسەر گەشەی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بكەم. بەڵێ منیش لەوەدا كە گۆڕانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان بە ڕاستەھیڵ و بە شێوەی یەكسان و لەدوای لاوازبوونی شێوەیەك لە بەرھەمھێنان، یەكسەرە كۆتایی پێنەھاتووە و شێوەیەكی دیكە لە سنووری كۆتایی ئەودا دەستیپێنەكردووە، بەڵكو ھەمیشە پرۆسێسێكی بەیەكداچوو بووە و ھەرواش دەبێت، چونكە گۆڕانی ئەوان وەك ڕوخاندنی خانوویەكی كۆن و ڕۆنانی خانوویەكی نوێ نییە، كە ڕۆنانی نوێیەكە لە خاڵی كۆتایی پرۆسێسی ڕوخانی كۆنەكەوە دەستپێبكات، نەخێر بە پێچەوانەوە، لەسەردەمی كۆیلایەتیدا زەمیندارە ئازادەكان ھەبوون، كە بە ھاوڵاتی ئازاد یا ئازادەكان ناوبراون، ھەروەك چۆن لە سەردەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداریشدا بەتایبەت لە ئەمەڕێكا، لە كێڵگەكاندا كۆیلە ڕەشپێشتەكان ھەبوون و كاریاندەكرد.

دیسانەوە بەبۆچوونی من و لە ڕوانگەی ئەناركیزمێكەوە، كە من پاگەندەی دەكەم [چونكە لەوانەیە ئەناركیستانێك ھەبن، دژی ئەم بۆچوونەی من بن]، ئەمە یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە بنەڕەتییەكانی تێڕوانینی ئەناركیستی و ماركسیستی، كە ھاوڕێیانی ماركسیست، ھەموو گۆڕانێك و ھەموو ھەنگاونانێك بۆ لاوازكردن و بنكۆڵكردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا بۆ پاش سەركەوتنی ڕاپەڕینی سۆشیالیستی ئەوەی ئەوان بە شۆڕش ناوی دەبەن، ھەڵدەگرن، واتە ئەو كاتەی كە پارتی پێشڕەو دیكتاتۆریی خۆی بەناوی پرۆلیتاریاوە ڕادەگەیێنێت و لەوێوە وەك ڕوخاندن و ڕۆنانی خانووەكە، دەست بە ڕۆنانی ژێرخانی ئابووریی و سەرخانی ڕامیاریی دەوڵەتیی بەناوی سۆشیالیزمەوە دەكەن و ئیدی ئەوی بەھەر بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێكەوە دژی یا لەتەك بڕیارەكان ناكۆك بوو، ئەوا مادامەكی لەتەك نەخشە و بڕیاری پارتدا ناكۆكە، ئۆتۆماتیكی دەبێتە دوژمنی كۆمونیزم و پڕۆلیتاریا.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەناركییەكان [لایەنیكەم من] ھەم لەبەرئەوە دەوڵەتبوونی سۆشیالیزم ڕەتدەكەنەوە و ھەم لەبەرئەوەی كە لەو بڕوایەدان، سۆشیالیزم وەك ئەلتەرناتیڤی ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە منداڵدانی سیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە ئەڵتەرناتیڤ و بەشێك لە كولتووری تاكی چەوساوە، ھەڵبەتە لەوێوە كە تاكە ھوشیارەكان بەكردەوە، لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا، ھەم ڕێكخراوە جەماوەرییە پڕۆلیتێرییە سەربەخۆكان دەكەنە فێرگەی پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەی نوێ و ھەم ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەنە شێوازی ڕێكخستنی سەربەخۆی ناكۆك بە سیستەمی زاڵ؛ لەم بارەوە پێویست نییە بگەڕێمەوە سەر ئەزموونەكانی ئۆكرانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا، بەڵكو ئەوەندە بەسە سەرنجی داگیركردنی كارخانەكان لە ئەرژەنتین لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمەوە و بەڕێوەبردنیان لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتی بە كۆمەڵی كرێكارانەوە، كە ئەم ڕۆژانە لە یۆنان و میسر و ئیسپانیا ھەوڵی بۆ دراوە و دەدرێت و تەنانەت لە ئیسپانیا ھاوڕێیانی كۆمونیست [كۆمونیستی نا حزبی و نا لینینی] لەم ھەوڵەدا بەشدارییان ھەیە و لە شارەوانی ناوچەیەكدا وێرای داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و بێكاری و نەبوونی لەڕادەبەدەر، لە كۆمونەكەی ئەواندا، بەپێی دانپێدانانی ماسمیدیا، كە وەك پەڕجووی ئابووری ناوی دەبەن، كە ھەم ئابوورییان ڕوو لە گەشەیە و ھەم بێكارییان نییە و ھەم لە ئاشتی و ئارامیدا دەژین و ھەم كۆمەكی دەوروبەریشتیان دەكەن و ھەم تێروتەسەلن.

بەڵێ، لەبەر ئەو دوو ھۆیە، واتە ناھاوئاستبوونی گۆڕانەكان لە ھەموو شوێنەكان و سەردەمەكاندا و نەڕۆشتنیان بەھێڵێكی ڕاستدا، ئەو ئەزموونەی بە ئەناركییەكان چ لەسەردەمی پرۆدۆن و چ لە سەردەمی من و تۆدا بەخشێوە، كە لە دەرەوەی تێڕوانینە ڕامیاریی و تیئۆرییەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەڕێن، واتە لەنێو خودی ڕووداوەكان و گۆڕانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا، ھەر بۆیە، یەكەم، دەستپێكردنی گۆڕانی سۆشیالیستی لە پاش ڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری نابینین، بەڵكو ڕوخان و تیاچوونی سیستەمی سەرمایەداریی وەك بەرەنجامی بوون و گشتگیربوونی كۆمەڵایەتییكردنەوە (سۆشیالیزەكردن)ی كەرتەكانی بەرھمھێنان و خزمەتگوزاری و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بەرێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی دەبینن و ڕووخانی سەرمایەداریی لە خاڵێكدا ڕوودەدات، كە ئیدی نە سیستەمی ئابووریی و نە پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و نە سەرخانە ڕامیارییەكەی، ناتوانن وەڵام بە كۆمەڵگە و  پێداویستییەكانی بدەنەوە و لە ململانێییەكی ڕۆژانەی توند و گشتگیر و سەرتاسەرییدا، بەلای ڕوخاندا ناھاوسەنگ دەبێت، ھەروەك سیستەمەكانی پێش خۆی؛ كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی بەو چارەنووسە گەییشتن. دووەم، دروستكردنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و دەوڵەتیكردنی پەیوەندییە كۆمەڵیەتییەكان و كەرتەكانی بەرھەمھێنان، تەنیا شكست و گەڕانەوە بۆ سەر بنەمای چیانیەتی بەرھەمدەھینننەوە. سێیەم، ھەروا كە چین و توێژە پرۆلیتێرەكان بەخۆیان ڕاگری بەردەوامی ژیانی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەن، ئاواش ڕێكخستنە جەماوەرییەكانیان دەتوانن باشترین یەكەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و ئامرازی خەبات بن و ھەر ئاواش لە ڕامیارەكان باشتر دەتوانن نێوەندەكانی كار و فەرمان و ژیانی خۆیان رێكبخەن و دیسانەوە نە پێویستیان بە پارت و نە ڕامیارپێشەكان و نە دەوڵەتتی سەرووخەڵكی و نە بیروكراسییەتی توێژی فەرمانڕەای خاوەن بەرتەریی ئابووریی و دەسەڵات، ھەیە.

ئەمانە تەنیا بۆچوونی خودی منن و نازانم تا چەندە بیریارانی كلاسیك و ھاوچەرخی ئەناركیست، ھاوبۆچوونی ئەمەن، بەڵام من ئاوا لە تێڕوانینی ئەوان گەییشتووم و ئەگەر بێت و ئەوان دژی ئەمە بیربكەنەوە و كاربكەن، ئەوا من لێرەدا تەنیا خۆمم و دژی ئەوان بیردەكەمەوە.

پاشان ھاوڕێ تاھیر دەڵێت ” ئەوە لە ئیرادەو توانای کەسەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش، وەک ئۆرگانی زەبروزەنگ و ئامڕازی سەروچینایەتیدا نەبووە و نییە کە مێژوو بخەنە سەر ڕاستەهێڵێک کە خۆیان مەبەست و ئامانجیان بووە، “

ھاورێ گیان، لە وەڵامی ئەوەی كە بەبۆچوونی تۆ، ئەوەی لە ڕوسیا لەسەر دەستی بۆلشەڤیكەكان [بۆیە دەلێم بۆلشەڤیكەكان، چونكە بڕوام بە جیاكردنەوەی سەردەمی لێنین و ستالین و تا پێش كۆتایی سەرۆكایەتی گرباچۆڤ نییە و ئەوانی دواییش درێژە و تەواوكەری سەرەتاكەن]، ھەمان شت نەبێت، كە ماركس و ئەنگلس لەبارەیەوە دواون. من یەكەم ئەم نیوەپەرەگرافەی خۆت، دەكەمە وەڵام، ئەگەر : یەكەم مێژوو لە دەرەوەی ویست (ئیرادەی)ی تاكەكانەوە بێت، ئەوا قسەكردن لەسەر شۆڕش و گۊرینی سیستەمی سەرمایەداری، دەچێتە خانەی خەیاڵی فڕینی مرۆڤ … . دووەم، پێویستبوونی پارت و ڕابەر و دیكتاتۆری پرۆلیتاریا و دەوڵەت بەناوی سۆشیالیزمەوە، دەچێتە ژێر پرسیار … . سێیەم، بێتاوانی بۆلشەڤیكەكان لەوەی كلێشە ئامادەكانی (ماركس و ئەنگلس)یان پیادەنەكردبێت، دەردەخات!

بەڵام من پێچەوانەی ئەوە دەبینم، یەكەم مێژوو ویستی تاكەكان [چ ئەوانەی بەرەنگاری دەكەن و چ ئەوانەی دەستەمۆیانە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست ڕامیارەكان و سیستەمی ڕامیاریی] ئاراستەەی دەكەن. بۆ نموونە ئەگەر كۆیلە ڕاپەڕێوەكان ھوشیاریی دژی سەروەرییان ھەبووایە و ئەو ھوشیارییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە [نەك لێواری شمسیر و نووكی ڕم و تیری كەوان]، ئەوا زەمیندارە ئازادەكان لە شكستی ئیمپراتۆریی كۆیلەدارەكاندا نەدەبوونە، سەروەری نوێ، ھەروا، ئەگەر لە ڕاپەڕینی جوتیاران و نەدارانی شارەكاندا ئەو ھوشیارییە دژەسەروەرییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە، ئەوا بازرگان و خاوەنكارخانەكان و ڕۆشنبیرە بۆرجواكان و ڕامیاركاران، نەدەبوونە سەروەری نوێ، دیسان ھەرئاوا ئەگەر ئەو ئامادەییە كەمەی ھوشیاریی دژەسەروەریی لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا گشتگیر بووایە، ئەوا سەروەریی پارتی بۆلشەڤیك و خاوەندارێتی دەوڵەتی (سەرمایەداری دەوڵەتی) جێگەی دەوڵەتی كاتی و ئەنجومەنی دامەزرێنەران و خاوەندارێتی تایبەتی (سەرمایەداری ئازاد) نەدەگرتەوە!

ھەڵبەتە وەك پێشتر وتم، منیش لەوەدا بەتەواوەتی ھاوبۆچوونتم، كە ڕەوتی مێژوویی پەرەسەندنی كۆمەڵگە و گۆڕانی شێوەكانی بەرھەمھێنان و سیستەمە  ئابووریی و ڕامیارییەكان، لەپاڵیەكدا ڕیزكردنی كۆمەڵێك خانوو نییە، كە ئەندازیارێك  و كۆمەڵێك كرێكار نەخشەی بكێشن و ڕۆیانبنێن، بەڵكو لە شێوەی پێكھاتەی چینەكانی زەمین، تێكەڵ بەیەكدی بوون و ئەو بەیەكداچوون و تێكەڵبوونەش گۆڕانی دروستكردووە، نەك پێچەوانەكەی. بەڵام ئاراستەەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی ئافەرێنراوی كاركردی تاكەكانە.

ھەروەھا بە پێچەوانەی دیتنی تۆوە، من پلانە ئابووریی و ڕێكخستنە ڕامیارییەكانی بۆلشەڤیزم دەقاودەق بە وركردنەوە و پیادەكردنی تێڕوانینە ڕامیاریی و بنەما دەوڵەتیەكانی ماركس و ئەنگلس دەبینم. بۆیە ناچارم لە ھەموو ھاوڕێیانی ماركسیست بپرسم، ئەگەر ئەنگۆ لەجێی بۆلشەڤیكەكان بوونایە یا ئەمڕۆكە ڕاپەڕینێكی ئاوا بێتەڕوودان، وەك ماركسیستێك چیدەكەن، بۆ نموونە ئەگەر چەند شار و ناوچەیەك دژی بوونی ڕۆڵی پارتی پێشڕەو بوون، ئەگەر كرێكاران ملیان بە پلانە ئابوورییەكان نەدا، ئەگەر ناوچەیەك داوای جیابوونەوەی كرد، ئەگەر كۆمونە كشتكارییەكان ئامادەنەبوون لە پلانی دەوڵەتیدا بتوێنەوە و ببنە ئامرازی كاری زۆرەملێ، ئەگەر لە دەروونی پارتدا، فراكسیۆنی كرێكاریی و كۆمونیستی دژ بە سەرخەتەكانی پارت و ڕامیارییەكانی دەوڵەت دروستبوون، چیدەكەن؟

بەبۆچوونی من، وەڵامدانەوە بەم پرسیارە زۆر بەئاسانی گرێكوێرەی ماركسیستبوون و نەبوونی ئەوەی لە ڕوسیا ڕوویدا، دەكاتەوە و لەباری سەلماندنی ئەرێییانەدا، دەتوانێت پشتیوانییەكی تیئۆریی پتەو بێت بۆ پێویستبوونی دەوڵەت و پارت و نێوەندگەرایی ڕێكخستنی ئابووریی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و پێویستنوونی دەسەڵاتی ڕامیاریی!

لە ساڵی (١٩٨٣)وە من بەردەوام، ئەم پرسیارەم لە ھاوڕێ ماركسیست و لێنیست و مائۆئیست و ستالینیست و حیكمەتیستەكان ھەبووە، بەداخەوە نە ڕاستەوخۆ لە دەمی خۆیانەوە و نە لە دەقی ئەو ڕەخنانەدا، كە لە ئەزموونی بۆلشەڤیكەكان گرتوویان، تا ھەنووكە وەڵامم وەرنەگرتووەتەوە، چونكە نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، كە ماركسیزم لەمەر پارت و دەوڵەت و سۆشیالیزم شتێكی دیكەیە و ڕۆشنی بكەنەوە، بە كامە جیاوازی ماركسیزم شتێكی دیكەیە، بۆیە تەنیا ھیوایەك بۆ ڕۆشنبوونەوەی ئەو جیاوازییانە، وەڵامدانەوەیە بەو پرسیارەی لای سەرەوە.

لێرەدا پاش پرسیارەكە دەگەرێمەوە سەر پرسی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی، …. بەڵام ناتوانین، ئامانج و خواستی كۆیلە ڕاپەڕێوەكان لەتەك ئامانج و خواستی زەمیندارە ئازادەكانی سەردەمی كۆیلایەتی لە دژایەتی و ململانێی بەرامبەر  ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان یەكبگرین و  ھەروەھا ئەوە زمیندارە ئازادەكان نەبوون، كە ھەرەسیان بە ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان ھێنا، بەڵكو ئەوە یاخیبوون و ڕاپەڕینی بەردەوامی چەند سەدەی كۆیلەلان بوو و زمیندارە ئازادەكان، خوازیاری لەنێوچوونی كۆیلایەتی نەبوون و پاش داڕمانی ئیمپراتۆرییەكان، درێژەیان بە كۆیلەراگرتنی ڕەشپێشتەكان و  دیلگیراوەكانی وڵاتانی دیكە لەسەر كێڵگەكانی خۆیاندا و ئەمەش بووە بنەمای كۆیلەتی جوتییاران بۆ دەرەبەگەكان و  ھەروا ململانێی بازرگان و خاوەنكارگە و ڕۆشنبیرە بۆرجوازییەكان لەتەك سیستەمی فیئۆداڵێیدا ھاوتا و ھاوسەنگەری ناڕەزایەتی جوتیاران لەو سیستەمە نەبوو و ئەوە بۆرجواكان نەبوون، كە دەرەبەگایەتیان ڕوخاند، بەڵكو ئەوە ڕاپەڕین و یاخیبوونی چەندین سەدەی جوتیاران و  دوانەوەكانی كۆیلان بوو، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕوخاند، بەڵام لە نائامدەیی ھوشیاریی دژەسەروەرییدا، بۆرجواكان ھەلی سەروەربوونی خۆیان دەقۆزنەوە و  مێژوو بەو جۆرە ئاراستە دەكرێت، كە دەیبینین، بەواتایەكی دیكە  ئەوە ھوشیاریی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانە كە مێژوو ئاراستەەدەكات، نەك پێچەوانەكەی. چونكە ئەگەر ئاوابێت، كە تۆ دەریدەبڕیت، ئەوا ئێمە سەرنشینانی  شەمەندەفەر و كەشتییەكین، كە ڕەوت و ئاراستەی مێژووی ئێمە دیاریدەكات!

ھەرچەندە خەریكە لە چەقی مشتومڕەكە دووردەكەوینەوە، بەڵام لێرەدا بەپێویستی دەزانم، كە جیاوازی بۆچوونی خۆم لەمەڕ ڕۊڵی چینە دارا و سەروەرەكان بخەمەڕوو، چونكە ھاوڕێ تاھیر وروژاندوویەتی و ناكرێت بازی بەسەردا بدەم، ئەویش ئەوەیە، شۆڕش لەلای من واتە ھەوڵی گێڕانەوەی ویست و مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی بۆ تاكە ژێردەستەكان، ئیدی ئەو تاكانە سەر بە چینێك، ڕەگەزیك یا نەتەوەیەك بن، وەك ئەزموونەكانی سەراپای مێژووی مرۆڤایەتی نیشانماندەدات، ئەو گێڕانەوەیەش بەبێ شۆڕشی كۆمەڵایەتی، واتە وێرانكردنی بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی سەروەری چێنایەتی، ناییێتەدی و ھەر ھەوڵێك بە ئاراستەەیەكی دیكە، دیسانەوە سەری لە نۆژەنكردنوەی سەروەری چینایەتی دەردەچێتەوە، وەك پاش ڕوخانی سیستەمی كۆیلەكان، پاش ڕوخانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیی لە ڕوسییە، كە بەناوێكی دیكەوە سەروەریی چینایەتییان بەرھەمھێنایەوە. لەبەرئەوە ھیچ كات خانزادەكان و زەمیندارە ئازادەكانی لاورگی كۆیلایەتی و  بۆرجواكانی لاورگی دەرەبەگایەتی و  بۆلشەڤیكەكان یا سۆشیالدێمۆكراتەكان [مەبەستم لە تاكە ئازادیخواز و شۆسیالیستخوازەكانی خوارەوەی ڕیزی ئەو پارتانە نییە، تەنیا مەبەستم سەران و دەسەڵاتخوازنی نێو ئەو پارتانەیە]ی لاورگی بۆرجوازی، شۆڕشگێڕ نەبوون و ناشبن، چونكە تەنیا شۆڕشی چینایەتییان لەباربردووە و سەروەری چینایەتییان لە تیاچوون ڕزگاركردووە و تاكە ژێردەستە نارازییەكانیان بەناوێكی دیكە و بە كایەیەكی ڕامیاریی دیكە، دەستەمۆكردووەتەوە!

درێژەی ھەیە ….

******************************************************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t