دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی دەھەم
ھەژێن :
” دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵۆزترین پێکهاتەی سیاسیی بوو کە دەبووایە نەک تەنها پاشماوەکانی دەسەڵاتی فیوداڵی پێڕابماڵێت، بەڵکو دەبووایە وەک شمشێرێکیش بەسەر ئەو چینە نوێیە [ پرۆلیتاریا ]وە ڕایبگرێت کە تازە لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا گەشەیکردبوو. ” [تاھیر ساڵح]
لێرەدا زۆر بە سەلیقە و وردەكارییەوە، پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی یا ھاوچەرخت كردووە و دێوجامەكەیت داماڵاندووە و ھیچ بوارێكت بۆ خۆشباوەڕیی بە دەوڵەت و نەتەوەییبوونی دەوڵەت نەھێشتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە من لەم وەڵامانەی دواییتدا ناكۆكیی و دوو بۆچونیی دەبنم، لەوێدا كە ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەتەكماندا دەكەوێتە گفتوگۆ، بەتەواوی دەست بۆ كردنەوەی كرێكوێرەكان دەبەیت، بەڵام لەو ڕستانەدا كە ھانا بۆ ماركس و ئەنگلس دەبەیت، كە لەجیاتی خۆت گفتوگۆمان لەتەكدا بكەن، نەك ھەر دژی خۆت دەوەستیتەوە، بەڵكو خۆت لەبیردەكەیت، كە لە ساڵی ٢٠١٣دا دەژیت و ئەزموونەكان دێوجامەی شۆڕشگێڕبوونی دەوڵەت و پارت و بۆرجوازییان شندڕ وندڕ كردووە. ئەگەر تەنیا ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەم وەڵامانەی دواییدا بدوایە، بەدڵنیاییەوە منیش زۆر ناچار بە وەڵامدانەوەی باسی لاوەكی نەدەبووم و زۆرتر لەسەر چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت دەوەستام، كە خواست و پرسیاری تۆ و ھاوڕێ فوئاد بوو لە سەرتایی ئەم مشتومڕەدا.
بەڵام لەبەر ناكۆكیبووونی چەمكی شۆڕش و شۆڕشگێریی لە بۆچوونەكاندا، كە لەلای من شۆڕش واتە لەنێوبردنی سەروەری چینایەتی، لەلای تۆ بەپێی ڕستەكانت دەكاتە گۆڕینی سەروەری چینایەتی چینێك بە چینێكی دیكە، بۆیە لە ڕستەكانی دواتردا، كە بۆرجوازی دەكەیتە سۆپەر شۊڕشگێڕ، دیسانەوە، لەتەك ئەو بۆچوونەت، كە ‘ یاسای گەشەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی لەدەرەوەی ویست (ئیرادەی) مرۆڤەكان’ دادەنێت، دەكەویتە ناكۆكی و بۆرجوازی بەسەر ئەو یاسایەدا زاڵدەكەیت، واتە دەیكەیتە سەرنشینێكی ڕۆڵدار و بڕیاردەر! دەكرێت من لە مەبەستی تۆ تێنەگەییشتبم، بەڵام بەپێی تێگەییشتنم، بەو سەرەنجامە دەگەم، كە دوو بۆچوونی ناكۆك بە درێژایی وەڵامەكانی ئەم دواییە دێن و دەڕۆن، وەك وتم كاتێك كە خۆت قسەدەكەیت، مرۆڤەكان، مێژوو ئاراستە دەكەن و كاتێك ھاوڕێیان ماركس و ئەنگلس قسەدەكەن، ڕۆڵەكە لە مرۆڤەكان دەستێنیتەوە و بە یاسا سەروو مرۆییەكەی دەبەخشیت. ….
ھاوڕێ، دەبێت بمبەخشیت، كە بڵێم، بەتەواوەتی دوا ڕستەی ئەنجامگیریی “گۆڕانی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمەیداری بۆ شێوە بەرھەمھێنانی كۆمونیستی” تێناگەم یا تێنەگەییتم، چونكە نازانم ھەڵەی داڕشتنی ڕستەكەیە یا دروستی ڕستەكە و دێژەدانەوەیە بە بێڕۆڵی و بێویستی تاك و چینەكان؟
من لەوەدا ھاوبۆچوونتم، كە لەچاو سیستەمی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی، سیستەمی سەرمایەداری ئاڵۆزترین سیستەمە كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیبێتی، بەڵام ئەو یاسا كوێرانەیە، كامەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵات و ویستی چینی بۆرجوازیدا، خۆی بەسەر دەسەڵاتەكەیدا سەپاندووە؟ ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پەرەگرافەكانی پێشوو و پرسی یاساكانی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی و گۆڕانی سیستەمەكان، ئەوا جارێكی دیكە دژی ویست و شۆڕشگێڕبوونی بۆرجوازی دەوەستیتەوە و بۆرجوازیش وەك پرۆلیتاریا دەكەیتە ڕۆبۆت و كۆیلەی یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو و ھەموو لێپرسراوەتییەكی مێژوویی لێدەستێنیتەوە و لە قەفەزی تاوانباریی بەرامبەر مرۆڤایەتی ڕزگاری دەكەیت. وەك وتم من ئاوا لەم پەرەگرافە تێدەگەم، ئەگەر ئاوا نییە، تكایە لە درێژەی مشتومڕەكەماندا ڕۆشنی بكەرەوە.
ھەروەھا بێجگە لەوە لە ھەمان پەرەگرافدا، بەپێچەوانەی سەندنەوەی ڕۆڵ و ویست لە بۆرجوازی، بەرھەمھێنانی كۆمونیستی دەكەیتە فەرمانێكی بێچەندوچوون، ئایا ئەو بێچەندوچوونییە (حەتمیەتە) لە كوێوە سەرچاوەدەگرێت؛ لە یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو یا لە ناچاریی شۆڕشی كۆیلانی سەرمایەداری؟ ئەگەر وەڵام، یەكەم بێت، ئەوا ئەمە بۆچوونێكی دیتێرمینیستی گەشەی ئابووریی و ملكەچی تاكەكانە بۆ ئەو گەشەیە و نە بۆرجوازی ڕۆلی لە گۆڕانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا ھەبووە و لە پرۆلیتێرەكانیش دەتوانن ڕۆلیان لە سەرھەڵدانی بەرھەمھێنانی كۆمونیستیدا ھەبێت!
بەڵێ ھاوڕێ تاھیر، دەوڵەت ئەوەیە كە تۆ باسی دەكەیت و زیاتریش، بەڵام جارانیش ھەمان شتبووە و ھەر ناوەڕۆكە چینایەتییەكەیەتی، كە ئەو بوونە ئەختەبوتییەی پێبەخشێوە، خۆ ئەگەر دەوڵەت، ئاوا كە لایەنگرانی پاگەندەی بۆ دەكەن، بێلایەن بووایە، بەدڵنیاییەوە دەبوو شەڕی زۆرێك لەو ھێزانەی بكردایە، كە تۆ ناوتھێناون. لێرەدا زۆر بەجوانی خەڕێكی كڕۆكی دەوڵاتمان بۆدەخەیتەڕوو، ھۆیەكەشی ئەوەیە، كە خۆتی قسەدەكەی، بەڵام كە دەكەویتە ھەوڵی خۆگرێدانەوە بە بەجێماوەكانی نێو پەرتووكەكان، دیسان ناچار دەبیت، ئەو خودای خراپەیە، كە لە لەنێوبردنیدا ڕزگاری مرۆڤایەتی دەبینی، دووبارە زیندووی بكەیتەوە، بە یاسای دۆناودۆن بیكەیتە نێو جەستەیەكی پاكژ و چاكەكاری پێدەسپێریت. ئیدی من لێرەوە لەتەك تۆدا نایێێنم، چونكە من خەڕێك دەبم، كە ئامادەكاریی بۆ كۆمەڵگەی نوێ، لەنێوبەری دەوڵەت بێت، نەك پاش لەنێوبردنی دەوڵەت، ئینجا بۆ پێكھێنانی یەكەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو، بكەومەخۆ. بەبۆچوونی من، ھۆكاری ئەوەی كە تۆ یا ھاورێیانی ماركسیست ناچار بە زیندووكردنەوەی گیانی خراپەكاری دەوڵەت لەنێو جەستەیەكی پاكژدا دەبن، ئەوەیە كە تاكە ژێردەستەكان بۆ سەربازبوون لە پارتی پێشرەودا بانگەوازدەكەن و ھەموو ڕۆڵێكیان جەنگكردنە بۆ پلانەكانی پارت و كاتێك كە دەوڵەتە بۆرجوازییەكە دەڕوخێنن، خودی سەربازەكان لە تاكە بۆرجواخوازەكان خراپتر، ھیچ ئامادەییەكیان بۆ كۆمەڵگەی نوێ نییە و بەھەمان كولتوور و ڕاھاتنی جاران، زۆر ئاسایی دەبنەوە ھاوولاتی نادەربەست و ژێردەستی دەوڵەت، وەك وتم كاتێك كە ھیچ ئامادەكاریییەك بۆ كۆمەڵگەی نوێ چ بە پەروەردەی تاكی سۆشیالیست و چ بە ڕۆنانی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكان و چ بە بەجێخستنی ھەروەزی و خۆبەرێوەبەرایەتی بەكۆمەڵ لەنێو ئەو تاك و گروپانەدا نەكردبێت، نەك مەترسی گەڕانەوەی بۆرجوازی بۆ دەسەڵات چ بە كودەتای سەربازی و چ بە فریودان و وروژاندنی كۆنەپەرستی ئایینی و ..تد، زۆر نزیكە، بەڵكو بێجگە لە قوتكردنەوەی دەوڵەت وەك ڕێكخستنی قوچكەیی و كۆیلەڕاگری دانیشتووان، ھیچ چارەیەكی دیكەت، نابێت.
گرفتەكە لەوەدایە، كە ئێوە ھاورێیانی ماركسیست، بە ھەمان شیمانەی ڕوخاندنی دەوڵەتی بۆرجوازی بەھۆی سەركردژایەتی پارتی پێشڕەو و پاشڕەویی پڕۆلیتێرەكان و دۆشدامان لە دووڕیانی گەڕانەوەی بۆرجوازی یا سازكردنی جەستەی پاكژ بۆ گیانێكی شەڕەنگێزدا دۆشدادەمێنن. ھەر ئەو دۆشدامانەش بوو، كە ئاوای لە بۆلشەڤیكەكان كرد ڕەوایەتی بە سەركوتی ھاوڕێكانی خۆیان بدەن.
ھاوڕێیان، بەداخەوە لەبەرئەوەی كە ھزری ئەناركی لە سەرچاوەی یەكەمەوە لە پەرتووكخانەی كوردیدا بوونی نییە، ھەرچەندە دەزانم ھاوڕێ تاھیر تۆ ھەم فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی دەزانیت، بەڵام لەوە ناچێت ئارەزوومەندیت لە خوێندنەوەی بۆچوونە ئەناركییەكان ھەبێت، ئەگینا دڵنیام ئەو بۆچوونەت نەدەبوو، كە ئەناركییەكان بەبێ ڕێگەچارە و ئەڵتەرناتیڤ، خوازیاری لەنێوبردنی دەوڵەت بن. لێرەدا بۆ یەكەم جار ،ناچار دەبم وتەی ھاوڕێیەكی ئەناركی (ئێڕێكۆ مالاتێستا) بھێنمەوە، چونكە قسەی خۆم نییە. مالاتێستا دەڵێت ” ئەگەر ھەر ئەمڕۆ بەبێ ئامادەكاری و ئامادەبوونی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێكخستن و دەزگە بۆرجوازییەكان، دەوڵەت، پۆلیس، پۆست، …تد لەنێوبەرین، كارەساتێك ڕوودەدات، چونكە تاكی گۆشەكراو بەم دەزگە و ڕێكخستنانە، توانای دەركی كۆمەڵگەی ئەناركی نییە…… ” . بەڵێ وەك ئەو دەڵێت، پێویستە ھەنگاوی یەكەم، لەنێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵكیدا، خەڕێكی ئامادەكردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤەكان بین، كەی توانیمان ئەوە بكەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێداویستی دەوڵەت و ڕێكخستنی بۆرجوازی نامێنێت و ڕوخاندنی ھەر زۆر ئاسان دەبێت. ئەمە ھەر ئەو پلەی گەشەكردنەیە، كە ھاورێ تاھیر باسی دەكات، بەڵام وردی ناكاتەوە.
من ناتوانم مل بە كۆیلەتی كرێگرتە نەدەم، ئەگەر ھەرەوزەییە سۆیالیستەكان ھەر ئەمڕۆ ھەلی سەربەخۆبوونم بۆ نەڕەسخێنن، چونكە زینوومانەوە و ناچاریی ژیان، بەرەو چوونەوە سەركاری كۆیلەگەرانە بەڕێمدەكات. من ناتوانم پۆلیس ڕەتبكەمەوە، ئەگەر پێكھاتەیەكی كۆمەڵایەتی جێگەی ئەوی نەگرتبێتەوە و ئاساییشی ھەمووان نەپارێزێت ! ھەر بۆیە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە قوچكەییە (ھەرەمی/ ھیرارشی)یە، پێویستمان بە ھوشیاربوونەوە و پەروەردەی ئەو تاكانەیە، كە ژیان لە سایەی وەھا سیستەمێكدا بۆیان ئەستەمە. بەڵام كاتێك كە تۆ لە سیستەمی قوچكەیی پارتدا تاكە ناڕازییەكان بەھەمان ڕێكخستنی قوچكەیی چینایەتی ڕێكدەخەیتەوە، ئیدی لۆجیك سەرەنجامی كارەكە بەرەو پێداویستی نۆژەنكردنەوەی دەوڵەت دەتبات. چونكە تەنانەت سەربازەكانی پارتیش پێویستیان بە دەزگەیەكی سەركەوتگەری وەك دەوڵەت ھەیە، ئەگیا وەك دڕندە بەردەبنە گیانی ژێردەستەكانی كۆمەڵگە، ئیدی با ھێزە تێكشكاوەكانی بۆرجوازی لەولاوە بوەستن. من بەتەواوەتی لەوە تێدەگەم و دەركی دەكەم، كە بۆ ئێوە ناتوانن دەركی كۆمەڵگەی ئازاد لە دەرەوەی دیوارەكانی ئەم زیندانەوە بكەن، چونكە سەرەتا دەزگەیەكی قوچكەیی وەك پارت دەكەنە كەڵەگا بەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستییەوە و پاشان بەبێ پەروەردە و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالسیتی لەم كۆمەڵگەدا، دەتانەوێت بە شەورۆژێك بە پلانە ئابووریی و ڕامیارییە زۆرەملێییەكانی پارت، سۆشیالیزم بەرپابكرێت، ھەر بۆیە لەوەھا بارێكدا بەبێ دەوڵەت، نە سەپاندنی پلانەكان مەیسەر دەبێت و نە ڕاگرتنی تاكە بۆرجوازییە حەپەساوەكانی پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازی ئاسان دەبێت. بەڵام تۆ وەرە لەبری پارت، رێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە شوێنی كار (كارخانە و كیڵگە) و خوێندن و فەرمان و نیشتەجێبووندا وەك فێرگە و پەروەردگەی سۆشیالسیتی و ئامرازی خەباتی ڕۆژانە، ھەرەوەزییەكان لە بواری پێشەسازی و كشتكارییدا وەك نموونەی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەرە سەنگەری ئازادكردنی تاك لە كاریكرێگرتە، بزانە چۆن سیستەمی چینایەتی سەرمایە لەبەردەم گۆڕانی پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ھوشیاریی تاكی ئازادیخواز و سۆشیالیستدا دەبیێتە ئەو شتە زیادەیەكی كە كۆمەڵگە وەك كاژێك ناچار بە فریدانی دەبێت و بزانە وێناكردنی كۆمەڵگەی سۆسیالستی پاش نەمانی پێداویستی دەوڵەت و سیستەمی بۆرجوازیی، چەندە ئاسانە و ڕۆنانی زۆر بە ئاسانی لە توانای تاكە ئامادەكانی ئەو كۆمەڵگە نوێیەدا ھەیە و دەبێت!
بەڵێ، تا ئەو كاتەی كە كۆمەڵگە ئەو ئامادەیی پەیدانەكردبێت و تاكەكان بەو جۆرە خۆیان پەروەردە نەكردبێت، ھەم سۆشیالیزم خەیاڵپڵاوییە و ھەم بوون و مانەوەی دەزگە بۆرجوازییەكان پێویستییەكی ناچاریی كۆمەڵگە دەبێت. بەبۆچوونی من، تا ئەو كاتەی كە ئەو ئامادەییە بۆ كۆمەڵگەی سۆشیالیستی نەبووبێتە ھەڕەشەی لەنێوبردن و ناپێویستكردنی سیستەمی سەرمایەداری، ڕێكخستنی بۆرجوازی لە ڕێكخستنی پارتی پێشرەوی كۆمونیستەكان بۆ كۆمەڵگە پێویستتر و ناچارییترە، بەڵام وەك سوشیالیستێك ئەگەرچی ھێشتاكە ئەو ئامادەییە لە قۆناخی كۆرپەلەیی خۆیدایە و لێرەو لەوێ لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا ھەرەوەزییەكان و ڕێكخراوە سەربەخۆكان وەك سەرەتایەك سەریانھەڵداوە و ھێشتا لە قوناخی ئاڵوگۊری بنەڕەتیدا نین، بەڵام بۆ تەنیا ساتێكیش نابێت لە دژایەتی دەزگە سەركوتگەرەكانی بۆرجوازی (ئەختەبوتەكەی دەوڵەت) بوەستین، ئەگەرچی ھێشتاكە لە نائامادەیی ژێردەستاندا بۆ لەنێوبردنیان، پێویست دێنەبەرچاو.
ھاوڕێ گیان، لەبەرئەوەی كە وەڵامەكان لەوە زیاتر درێژنەبنەوە، ناچارم خۆم لە وردەكاریی لەمەڕ كۆمونەی پاریس لابدەم و تەنیا ئەوەندە بڵێم، كۆمونەی پاریس ڕاپەڕیننێك بوو، كە نەھامەتی جەنگ و شكستی ھێزەكانی فەرەنسە لە بەبارمبەر پروسەكاندا زەمینەیان ڕەخساند، ھەروەك ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و ئازاری ١٩٩١ی لای خۆمان بەرەنجامی شكستی جەنگبوون، دەزانم لە خوێندنەوەی ئەم ڕستانەدا، تا من ئەم ڕستەیەی دوایی بۆ زیاددەكەم، زۆر ھاورێ پەرێشان و دڵتەنگ دەبن، بەڵێ تەنیا ڕاپەڕینێك بوو وەك بەرەنجامی شكستی جەنگ، ھیچ ئامادەكارییەكی بۆ بنیاتنانی سۆشیالیزم نەبوو، جەماوەری ڕاپەڕیو وەك لە ھەموو ڕاپەڕینەكانی دیكەدا دوای قەرەباڵخی و زاڵی دەنگەكان كەوتن، كە لەو كاتەدا سۆشیالیستەكان (ماركسیستەكان، بلانكیستەكان، ئەناركیستەكان و زۆرێكی دیكە ھەرە دیارترینیان بوون) دەنگی زاڵ و ھزری باوی كۆمەڵگە بوون و پاریس پەناگەی سۆشیالیستەكانی دونیا بوو، ھەروەك لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی بۆلشەڤیكەكان، لە ١٩٧٩ی ئێراندا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی ئیسلامییەكان و لە ئازاری ١٩٩١دا دوای دەنگی زاڵی ناسیونالیستەكان كەوت، ھەر ئاواش لە كۆمونەدا زۆرینە دوای سۆشیالیستەكان كەوت، بەڵام بەداخەوە لەبەر دوو ھۆ؛ یەكەم، نەبوونی ئامادەیی سۆشیالیستی بۆ وەڵانانی سەروەری و تەریكەوتنەوەی ڕاپەڕینەكە لە پاریس و نەبوونی پشتیوانی، دووەم ئاگربەستی پروسەكان بۆ خۆسازدانەوەی لەشكری تێكشكاوی فەرەنسە بۆ سەركوتی كۆمونەی شۆڕشگێڕ، كە بۆی ھەبوو لە درێژەكێشان و مانەوەیدا، ڕاپەڕین ھەموو ئەوروپا بگرێتەوە و ئاگر لە سەراپای بوونی بورجوازی لە ئوروپا بەربدات. بەداخەوە ڕاپەڕین تێكشكاو و زۆرینەی جەماوەری ڕاپەڕیو تێداچوو. بەڵام ئەگەر بھاتایە ھەلی بەردەوامی ھەبووایە و لەسەر مۆدێلەكەی بلانكییەكان بۆ سۆشیالیزم دەوڵەتیان دروستبكردایە، ئەوا شەڕەفی سەركوتگەرییەكانی پاش ١٩١٨ی بۆلشەڤیكەكان بەوان [بلانكییەكان] دەبڕا. لێرەوەیە كە تێزەكانی ماركس بۆ دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزم سەرچاوەیان بۆ سۆشیالیزمی بلانكییەكان دەگەڕێتەوە و ھەر ئەوەش بوو، كە لێنین و ترۆتسكی و ستالین و بۆلشەڤیكەكان لە ڕوسیەی پاش ١٩١٧ بە ئاگر و ئاسنباران پیادەیانكرد و ئەوەش سەرەنجامەكەی بوو، كە دیتمان و بۆ ئێمەش تەنیا خەم و شكست و ئەفسوسخواردنی بەجێھێشت!
ئینجا ھاوڕێ گیان، وەك تۆ دەوڵەتبوونی سۆشیالیزمت كردووەتە ناچاریی بۆ داھاتووش، من بۆ خۆم ئەگەر ھیچ ڕێگەیەكی دیكەم نەبێت و ناچاربم بە ژیان لەو دەوڵەتەدا، وەك ئەوەی تۆ زۆر بەدڵنییاوە دەڵێت سەرەنجامی ھەموو ھەوڵەكان ھەر دوڵەتیبوون دەبێت، ئەوا ھەر لە ئێستاوە من واز لە خەباتكردن بۆ شتێك كە بە ناچاریی سەرەنجامەكەی ھەر دەوڵەت و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكیدا بێت، دەھێنم و لەبەرامبەر ئەو ناچارییەدا، ئازادییە ڕواڵەتی و سكبرسیبوونەكەی سەرمایەداریم لە سكتێربوونە زیندانییەكەی ئەو سۆشیالیزمە دەوڵەتییە پێباشترە، چونكە وەھا سۆشیالیزمێك [تكایە ئەمەم بە سووكایەتیپێكردن لێوەرمەگرە، چونكە فەرماندانەكەی تۆ بە مێژوو، بە وەھا دەربڕێنێك ناچارم دەكات] تەنیا بە (گاوداری و جوجەسازی) دەبینم، كە ئاژەڵ و پەلەوەرەكان لەلایەن خاوەن و سەرپەرشتكارەكەیانەوە، مشەبوونی خواردنیان، بە مەرجی لەدەستدانی ئازادی بۆ دابیندەكرێت !
لێرەدا دیسان ناچارم بگەڕێمەوە سەر “یاسای كویرانەی دەرەوەی ویستی مرۆڤەكان” كە تۆ بە پاڵنەری گەشە و گۆڕانی مێژوویی دادەنێیت، كە بەو سەرەنجامەی گەیاندووی، دەوڵەتیبوونی سۆشیالیزم لە دەرەوەی ویستی مرۆڤەكانەوەیە و دەبێت ملی پێبدرێت، ئەگینا ڕۆنانی سۆشیالیزم ئەستەمدەبێت. كەواتە خودی سەرمایەداریش وەھا سەرەنجامێكی ناچارییە و ئەو یاسا كوێرانەیەی سەرووی ئێمە سەپاندوویەتی و دەبێت ملی پێبدەین و ئیدی بۆچی لە دژی خەبات بكەین و لەنێوبردنی دەوڵەتی بۆرجوازی لەپێناو چی و چ سوودێكی ھەیە؟ ئایا ناكرێت ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانە سەروو مرۆییە، دەوڵەتی بۆرجوازی خۆی بگۆڕێت بە دەوڵەتێك كە تۆ پاشگری سۆشیالیستبوونی بۆ زیاددەكەیت؟ خۆت دەزانیت من ھەم خوازیاری ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیم و بەبێ ئەوە گەییشتن بە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بە خەیاڵ دەزانم، ھەم دژی دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمم، لەبەرئەوەی كە دەكاتەوە سیستەم و پێكھاتەی چینایەتی و سەركوتگەر؛ ئایا ئەو بۆچوونەی تۆ كە گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی ویستی كەسەكانەوە دادەنێیت و ھەرواش بەناچاری دەوڵەت بەسەر سۆشیالیزمدا دەسەپێنێت و پێماندەلێت، ھەرچی بكەین و بكۆشین، سەرەنجام دەبێت دەوڵەتمان ھەبێت، ئایا گۆڕانی بەرەبەرەی دەوڵەتی بۆرجوازی لە ڕوانگەی سۆشیالدێمۆكراتەكانەوە بەرەو دەوڵەتی سۆشیالیستی، كەتوارییتر و ئاوەزپەسندتر نییە، لەچاو ئەوەی كە دەوڵەتی سۆشیالیستی خۆبەخۆ بپووكێتەوە ؟
منیش ھاوبۆچوونتم، ئەگەر كۆمونەی پاریسی ١٨٧١ و ئۆكتۆبەری ١٩١٧ بە ھەمان ساتی مێژوویی و بەھەمان ئامادەیی تاكەكان و لە كەشی تێكشكانی جەنگدا دووبارەببنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم جارە بەتەنیا وەك تراجیدیا دووبارە نابنەوە، بەڵكو گاڵتەجارانەتریش دەبن. بۆیە ئەگەر ئەو بۆچوونەی تۆ “دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. تۆ هەر ناوێکی دیکەی لێبنێیت، لە ڕووی کارکردەوە هەمان شتە. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە” دروست و ناچاریی بێت، ئەوا بۆ مرۆڤایەتی، تێزەكەی سۆشیالدێمۆكراتی ئاوەزگیرانتر و كەم كارەساتبارتر دەبێت. لەبارەی ڕێگەی دووەم یا ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان لە ڕوانگەی منەوە [چونكە نازانم چەند ئەناركیست ئەم ڕوانگەیەی من پەسەنددەكەن] لەسەرەوە لەسەری دوام و لەو بروایەشدا نیم تەنیا دوو ڕێگە ھەبن، چونكە دەكرێت ھەم ڕێگەچارەكەی تۆ و ھەم ئەوەی منیش ھەڵەبێت و ڕێگەچارەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەمیش ھەبن. تاكو ئێستا مێژووی ڕووداوەكان و ئەزموونەكان ھەڵەبوونی ڕیگەچارەی ھاوڕێیانی ماركسیستی سەلماندووە، ڕێگەچارەی ئەناركییەكانیش لە ھەنگاوناندایە بۆ خۆئامادەكردن و تاقیكردنەوە [ھەرچەندە خاوەنی چەند ئەزموومنی درەخشانە و وەك وتم ئەزموونی ئەناركییەكان لەنێوخۆرا كڕمۆڵنەبوون و نەپوكانەوە، بەڵكو بەھێزی سەربازیی تێكشكێندران، بۆیە تەنیا جوانییەكانمان دیتوون و نازانین چەندە سەركەوتوو دەبن، ئەگەر ھەلی پیادەكردنیان ھەبێت و لە ڕووی سەربازییەوە بتوانن بەرەنگاری ھێرشی دەرەكی دەوڵەتانی بۆرجوازی بكەن]، بەڵام وەك وتم سەركەوتنی ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان، بە ئامادەیی ھۆشی و كردەیی تاكە ئازادیخوازەكانەوە پەیوەستە و بەبێ ئەوە، دەبێتە پلانێكی خۆشخەیاڵانە و بەس.
بەڵام ھاوڕێ گیان، لەبیرت نەچێت، كۆمونەی پاریس ئەوەندەی لەژێر كارایی ھزری ئەناركییەكاندا بوو، ئەوەندە لەژێر كارایی ھزری ماركسیستەكاندا نەبوو، ڕێكخستنی سۆڤیەتی یا كۆمونەیی پێش كۆمونە پێشنیاری ئەناركییەكان بوو لە نێونەتوەیی یەكەمدا، پیادەكردنیشی لە ڕاپەڕینی كۆمونەدا لەژێر ئەو كاراییەدا بوو، ھەروەھا بۆلشەڤیكەكان وەك بەڵگەنامەكانی خۆیان نیشانیدەدەن، بەناچاری دروشمی ھەموو دەسەڵات بۆ سۆڤیەتەكانیان بەرزكردەوە. لەتەك ئەوەشدا پێموانییە، كە دەبێت كۆمونە وەك خەلافەتی یەكەمی ئیسلامی لە مەكە و مەدینەدا بگەرێینەوە سەری، ھەرچەندە كۆمونەی پاریس یەكەمین بەرگرتنی ھەوڵی ئەناركییەكان دەژمێردرێت، بەڵام لەچاو ھوشیاریی ئەمڕۆی تاكە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان، زۆر سەرنجراكێش نییە و ئەگەر بەو ھەڕەمەكییەی ئەوسا بەتەمابین، كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بنیاتبنێین، ئەوا خاكبەسەر سۆشیالیزم. دەكرێت لە لایەنە پۆزەتیڤەكانیدا وەك ئەزموونگیری بگەڕێینەوە سەر كۆمونەی پاریس وەك یەكەمین ڕاپەڕینی پرۆلیتێری، بەڵام بۆ ئەمڕۆی سەردەمی جەنجاڵی تەكنۆلۆجیا و ئەنكەبوتی دەوڵەت و جیھانیبوونی بازار و گوندبوونی جیھان لە تۆڕێكی ئینتەرنێتییدا، لەو بڕوایەدانیم، كە زۆر كۆمەكگەربێت.
ھاوڕێ گیان، بەداخەوە پاش ئەوەی كە وەك ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ ناوبەناو لێكدانەوەی دروست بۆ دەوڵەت و دڕندەیی و جیھانگری سیستەمی سەرمایەداری دەكەیت، بەڵام زوو زوو دەگەرێتەوە سەر ئەوەی كە ماركس و ئەنگلس ١٤٢ ساڵ لەمەربەر چیانگوتووە. ئەمە مشتومڕەكە بەملاو و بەولادا دەبات و منیش ناچار بە درێژدادڕیی بێزاركەر دەكات، بروابكە ھەر ئێستا كە ئەم ڕستانە دەنووسم، خۆم لە ناچاریی دووبارەكردنەوەی ھەندێك شت بێزاربووم، ئینجا قوڕبەسەر خوێنەری ئازیز، كە ئەم ڕستانەی من دەخوێنێتەوە. بەڵام وەك وتم، ناتوانم خۆم لە وەڵامدانەوەیان لابدەم، چونكە قسەكردن و وەڵامدانەیان ھەم بە ھەندوەرگرتنی بۆچوونەكانی تۆیە و ھەم بەدڵنییاوە بێسوود نابێت و بەلایەنی كەمەوە، وەڵام و ئەرگومێنتێكی باشتر لەلای تۆدا بەرامبەر من دەئافرینێت. بەڵام داواكارییەكی ھاوڕێیانەم لە تۆ و ھاوڕێیانی دیكەی ماركسیست ھەیە، كە بۆ ئەوەی مشتومڕەكە بابەتی لاوەكی لێنەبێتە و بابەتەلاوەكییەكان نەبنە بابەتی سەرەكی و بابەتە سەرەكییە دەوڵەت لەبیرنەچێتەوە، ھەوڵبدەن بۆچوونی خۆتان بكەنە وەڵام نەك ھێنانەوەی بۆچوونی ماركس و ئەنگڵس و دیگەران… وەك وتم تەنیا بە خاتری درێژنەبوونەوە و بەملا و بەولادا نەچوونی بابەتەكە و بەس، ئەگینا زۆرم پێخۆش دەبێت، ئەگەر ھاوڕێیانی ماركسیست نووسینەكان ماركس و ئەنگلس وەبگێڕن، بۆئەوەی ئێمەش ھەلی خوێنەوەیانمان بۆ بڕەخسێت.
درێژەی ھەیە ….
************************************************