خێوی مه‌رگ
پێش چه‌ند ساڵ، ئەو
ته‌نیا مه‌مه و
جۆلانه و
نه‌ڕه‌ی بابه‌ی دەناسی
گریان و پێكه‌نین
خۆرهه‌ڵهاتن و ئاوابوون
برسیه‌تی و ڕشانه‌وه
هه‌زار و یه‌ك پرسیاریان،
له بیریا چاند
دوێ شه‌و
چراخانی ئاسمان،
بیری هه‌ژان ..
پرسیار لە دوای پرسیار،
بابه‌ی حه‌به‌سان ..
” كچم بنوو، دره‌نگه بنوو”
خه‌و مناڵێكی چه‌قاوه‌سوو
له ماڵ یاخی .. بۆی دەستگیر نەبوو
تا پێڵوی چاوانی له‌سه‌ر داخا
پرسیار دوای پرسیار
بابی گو‌ڕاندی:
” شه‌و دره‌نگه بنوو، ڕۆڵه بنوو،
دێوه‌زمه ده‌تخوات ! “
لەپڕ شریخه‌ی ده‌ستڕێژێ، بابه‌ی تلاند
خەیاڵ و پرسیاری ئەویان پساند
توند توند قیژاندی :
” بابه .. بابه ..
ئه‌وانه بۆ ناخه‌ون،
بۆ خێو نایانخوات ؟”
به‌ڵام بابە، بێ‌گیان
بۆ ھەمیشە خەوتوو،
چیتر بەسەریدا نەیگوڕاند
نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٩٦