سەرباز
لەسەر شانۆی كۆیلەتی
سنگی سپارتاكوست، ھەڵدڕی
ختوكەتدا، دڕندەیی كۆیلەدار
بازنەیەكی دیكەت خستەسەر،
زنجیری دەست و پێت
تا پڕڕەونەق بێت، باج و بازار
شەوان تا بەیان
كێشكت كێشا
لەبەر ھەیوانی دیواخان
تا بلەوەڕێ ئەژدیھای ھەزار سەر،
لەنێو كاسەسەری منداڵان
دەستە دەستە
كیژۆڵانت وەك كەنیزەك،
نانە باوەشی ئاغایان
تا كەڵبە گیركەن لە سۆز و جەستە
دامركێننەوە ھەوەس و ئالۆشی خوایان
بۆ سەروەری قامچیبەدەست
بۆ یەكێتی گەل و نیشتمان،
كۆمۆنەت كرد جوانەمەرگ
خەونی ئازادیت،
لە خوێنا گەوزان
داستان لە دوای داستان
گەرماوی گاز و كیمیاباران
هیچ ئاوڕت لە مێژووت نەداوە
تا لە پێشبركێی كارا،
ببیتە قارەمان
خۆشبكەیت دڵی سەروەرانت،
ببی بە ھاونیشتمانی گێل و نەزان.
ئازاری ١٩٩٧