ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له شاره‌كانی كوردستان، په‌یامی ئاڵوگۆڕێكی مه‌زنه له‌ناوچه‌كه‌دا
٣ی ئۆگوستی ٢٠٠٥
ئه‌وڕۆكه جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی خۆرھەڵاتی كوردستان له شاره‌كانی مه‌هاباد و (سنه)دا، له كاتێكدا ڕاده‌په‌ڕێ، كه ڕاسته‌وخۆ و ناڕاستەوخۆ خاوه‌نی دوو ئه‌زموونه. دوو ئه‌زموونی تێكشكاو؛ ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری له ساڵی ١٩٧٩دا هاوشانی شارهكانیدیكەی ئێران و ڕاپه‌ڕینی ئازاری ١٩٩١ی باشووری كوردستان. له‌وانه‌یه كه‌سانێك هه‌بن، چ له ناهوشیارییانهوه چ له كۆنهپارێزییانهوه دژی ئه‌م بۆچوونه بن، بەڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی هه‌ردوو ڕاپەڕینه‌كه سه‌ره‌ڕای جیاوازی سه‌رده‌م و كارایی ده‌ره‌كی له‌سه‌ریان، ده‌بینین، كه هیچكامیان به‌ئاكام نه‌گه‌یشتوون !
له ڕاپەڕینی ١٩٧٩دا به‌هۆی زاڵبوونی پاگه‌نده‌ی جیهانی بۆ ئاخونده‌كان و دژه‌خونی چه‌په‌كان له‌جه‌ماوه‌ر، له‌سه‌ر ئاستی ئێران ئاخونده‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست و به‌مه‌ش نه‌ك ھەر ڕاپه‌ڕین تێكشكا، به‌ڵكو به‌ره‌ی دژه‌شۆڕش به‌هاریكاری جیهانی توانییان سواری شه‌پۆله‌كانی شۆڕش بن و كۆمه‌ڵگه به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه بهاژوون. له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش ململانێی پارت و گروپه ڕامیارییه‌كان توانی دووبه‌ره‌كی له‌ناو ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و ئازادیخوازدا دروستبكات و ئاماده‌یی به‌رگری جه‌ماوه‌ر له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشی سوپای ئاخونده‌كاندا، لاواز بكه‌ن.
له ئه‌زموونی دوومیشدا، سه‌ره‌ڕای ڕۆڵی سه‌ره‌كی هێزی هاوپه‌یمانان و وابه‌سته‌یی پارت و گروپه ڕامیارییه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانی و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، كه له ڕاستیدا ئەوانیش فره‌تر هه‌ر ئه‌و به‌ره كوردستانییه بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری له‌به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه لەنێو ئه‌و ڕاپەڕینهدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، هێزێكی ڕادیكاڵی جه‌ماوه‌ریی خۆڕێكخستوو له (شوراكان)دا له په‌ره‌سه‌ندندا بوو، تێكشكانی ڕاپه‌ڕینه‌كه و به‌ڕێخستنی كۆڕه‌وی ملیۆنی و دواتر گفتوگۆی به‌ره لەتەك ڕژێم، چووه ده‌ستوری كاری هێزههاوپهیمانهكان و به‌ره‌ی كوردستانی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو لا له‌و ساته‌دا لەتەك ڕژێمی به‌عس.
نائاماده‌یی ئه‌وڕۆكه‌ی هێزه ڕامیارییه‌كانی خۆرھەڵاتی كوردستان و ئێران به‌گشتی بۆ پشتگیری له‌م ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه، هۆكه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌وان ناتوانن كۆنترۆڵی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه خۆبه‌خۆییه بكه‌ن و لەتەك ستراتیجی ئه‌واندا نایێته‌وه، كه چاویان بڕیوه‌ته گفتوگۆ لەتەك ڕژێم و به‌ڵین و ڕامیاریی چه‌په‌ڵی زلهێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا. به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانم بڵێم، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر له خۆرھەڵاتی كوردستان سوود له ئه‌زموونه‌كه‌ی ئازاری ١٩٩١ی باشووری كوردستان وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر ڕاپەڕین به ڕاماڵینی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له كوردستاندا كۆتایی بێت، هیچ جێگه‌ی گومان نییه، كه هێزه ڕامیارییه‌كان هه‌ر له چه‌پیانه‌وه بیگره تا ڕاستییان، ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌ره‌ی كوردستانی پاشه‌كشی كتوپڕ و نهخشهبۆكێشڕاو نه‌كه‌ن، ئه‌وا بەبێ سێ و دوو به هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و ناوچه‌گه‌ری و كۆنه‌قین، ڕاپه‌ڕین له‌بارده‌به‌ن. ئه‌م بۆچوونه نه له ڕك و دژایه‌تی ڕامیارییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و نه له نائومێدییه‌وه، به‌ڵكو دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوانه پێشینه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه و تایبه‌ت به ناوچه‌یه‌ك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه !
بۆ ده‌ركه‌وتنی باشتری ڕاستی ئه‌م بۆچوونه، بڕواننه هه‌ڵوێستی لایه‌نه ڕامیارییه‌كان له‌مه‌ر خۆ به‌خاوه‌نكردنی گیانبه‌ختكردوو «شوانه»وه و له‌وێشه‌وه خۆ به‌خاوه‌نكردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه! هه‌روه‌ها بڕواننه هه‌نگاوی بهكردهوهیان بۆ هه‌ڵخڕان و سهرتاسهریكردنهوهی خۆپێشاندانه‌كان و ڕاكێشانی ڕای گشتی بۆ پشتیوانی له جه‌ماوه‌ر و خستنه‌ڕووی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت نائامادهییان بۆ گه‌یاندن و ڕاكێسانی مێدیای جیهانی و ڕۆژنامه‌وانانی ئازاد له‌م كاته‌دا، كه كۆماری ئیسلامی دووباره لەتەك یه‌كێتی ئه‌وروپی له‌سه‌ر چه‌كی ئه‌تۆمی، ده‌رگیره! له‌ولاشه‌وه بڕواننه هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی هێزه ڕامیارییه‌كانی باشووری كوردستان به فه‌رمانڕه‌وا و نافهرمانڕهوایانهوه، كه قسه‌ی سه‌رزمان و بنیزمانیان مافی نه‌ته‌وایه‌تییه و خۆیان به قسه‌كه‌ری نه‌ته‌وه ده‌زانن ! ئایا ئه‌گه‌ر له ترسی به‌رگرتن و سه‌ركوتگه‌ری ئه‌وان نه‌بێت، جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی باشووری كوردستان، كه هه‌ر ئێستا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وت و سه‌پاندنی كۆمارێكی ئیسلامی وه‌ك ئێراندایه به‌سه‌ریدا، ناڕژێته سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ پشتگیری ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری مه‌هاباد و سنه؟
ئه‌مانه خاڵگهلێكن، كه ناكرێ لاوه‌كی و كاتی چاو لێبكرێن، ئه‌مه هه‌ڵوێستی چینایه‌تی بۆرجوازی كورده چ له خۆرھەڵات و چ له باشوور به‌رامبه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی، چونكه ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به ئامانجی خۆی بگات، ئه‌وا ئه‌وان وه‌ك هێزی سه‌روخه‌ڵكی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان نابێت، كه له پێناویدا له‌دایكبوون. ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌دوایه‌وه‌ن كۆتاییهێنان به سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌ركوتی ئایینی نییه، ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ته‌مان بیسه‌پێنن، ئازادی و سیسته‌مێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئازادانه نییه، كه ئازادییه گشتییه‌كان و تاكه‌كه‌سییه‌كان دابینبكات، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش ده‌توانین له هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی كوردستانی و دوو پارته فه‌رمانڕه‌واكه‌ی پاشایه‌تی بارزان و (تاڵه‌بان)دا ببینین، كه چوارده ساڵه یاری به چاره‌نووسی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن و مافه نهتهوایهتییهكانی كوردیان كردووه به‌كارتی قومار و یاری به‌ده‌ستهێنان و پاڕاستنی كورسی پارته‌كانیان مۆسگەردهكهن !
له‌م باره‌وه ده‌كرێ فره قسه بكرێت و فره باسی دیكەشی لێده‌بێته‌وه، بەڵام ئه‌وه‌ی له‌م ساته‌دا فره گرنگه، سوودوه‌رگرتنه له‌و وانانه‌ی كه له‌و دوو ڕاپه‌ڕینه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی مه‌هاباد و سنه به‌جێماون و ده‌كرێ هه‌ڵسوراوانی جه‌ماوه‌ریی سه‌رخه‌ت و خاڵه سه‌ره‌كی و دهستبهجێكانیان بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌ركه‌وتن، لێوه به‌ده‌ستبهێنن، كه به‌بۆچوونی من ئه‌م خاڵانه به‌شێكیانن:
– پێكهێنانی كۆمیته‌كانی مانگرتن و خۆپیشاندان.
– به‌رزكردنه‌وه‌ی داخوازییه جه‌ماوه‌رییه‌كان، كه ده‌ربڕی خواست و خه‌ونی گشتین، له‌بری دروشم و داخوازیی پارت و گروپه ڕامیارییه‌كان.
– په‌یوه‌ندیگرتن لەتەك چالاكانی جه‌ماوه‌ریی لەسەر ئاستی سه‌رتاسه‌ری ئێران، به‌تایبه‌ت ئازه‌ربایجان و ئه‌حواز.
– په‌یوه‌ندیگرتن به‌ناوه‌نده جیهانییه‌كانی ماف و بزووتنه‌وه‌كانی وه‌ك ئاتاك و دژه كاپیتالیست و …تد.
– گه‌یاندی هه‌واڵ و ڕاكێسانی سه‌رنجی ناوه‌ندییه ڕهسانهییهكان، به‌تایبه‌ت ڕۆژنامه‌وانای ئازاد.
– ده‌ستبردن بۆ مانگرتنی گشتی؛ هه‌ر له مانگرتنی گشتی له‌كار، له خواردن، له كردنه‌وه‌ی میدیای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات و بایكۆتی ڕۆژنامه‌وانی و خوێندنەوە و گوێگرتن و بینینی میدیای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات.
– هه‌وڵی ده‌ستبه‌جێ بۆ پێكهێنانی كۆمیته و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان له شوێنی كار و لەنێو گه‌ڕه‌كه‌كاندا و خۆبواردن له‌سه‌ر شه‌ڕه‌ده‌نووك له‌سه‌ر ناولێنانی ئه‌و ڕێكخراوانه.
– له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت هه‌وڵه‌كان تا بلوێت سهرتاسەریی بكرێنه‌وه، بەڵام پێویستە كۆمیته‌كانی ڕاپەڕین له‌هه‌ر شوێنێك ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان هه‌بێ و بڕیاری پێویست و ده‌ستبه‌جێ بده‌ن.
– به‌شداری هه‌ر پارت و ڕێكخراوه‌یه‌كی ڕامیاریی لەنێو ئه‌م كۆمیتانهدا ده‌بێت له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی و خواست و گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت بڕیاره‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر، بێت.
– پێكهێنانی لێژنه‌كانی پاڕاستنی خانووبه‌ره و فه‌رمانگه و فێرگه و شوێنه‌گشتییه‌كان وه‌ك موڵكی گشتی.
– پێكهێنانی كۆمیته‌كانی گه‌ڕه‌ك بۆ پاڕاستنی ئاسایشی دانیشتووان.
– به‌رگرتن به‌هه‌ر هێز و كه‌سێك كه ده‌ست بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كه‌سی و تاڵانی ده‌بات.
– ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمیته‌كان هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی سه‌ركه‌وتنه‌وه بۆ پێكهێنانی گاردی جه‌ماوه‌ری و هێزی پارێزگاری.
– ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و خستنه‌كاریان بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر.
– پێكهێنانی ئه‌نجومه‌ن و كۆمیته‌كانی كارگه و كارخانه و فه‌رمانگه و شوێنه گشتییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆ و ئازادانه له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه و سپاردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌و شوێنانه به كارگه‌ران و كارمه‌ندان و سه‌رپه‌رشتی كردنی به‌هۆی خۆبهڕێوهبهرایهتییهكانیانهوه.
– ده‌ستبه‌كاربوون بۆ پێكهێنانی فیدراسیۆن و كۆنفیدراسۆنی سه‌رتاسه‌ری ڕێكخراوه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كان و وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه سەربەخۆكان.
– ئه‌مانه و چه‌ندین خاڵیدیكە.. كه ئه‌ركی ده‌موده‌ستی نێو ڕاپهڕینهكانن و خۆبواردن له جێبه‌جێكردنیان، هه‌م بوار بۆ بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی دروستده‌كات و هه‌م ڕاپه‌ڕین ده‌كاته ده‌سته‌مۆی هێزه ده‌سه‌ڵاتخوازه سهروخهڵكییهكان.
– هه‌ندێك له‌م خاڵانه فره‌تر ئه‌ركی چالاكانە له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به گه‌یاندنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر به ناوه‌نده جیهانییه‌كانەوە په‌یوه‌سته.
به كورتی بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپەڕین به‌سه‌ركه‌وتن بگات و پاڵنه‌ڕێك هه‌بێت بۆ به‌رده‌وامی هێزی جه‌ماوه‌ر له هاتنهوهمهیدانی به‌رده‌وام، ئه‌وا ئامانجه‌كانی جه‌ماوه‌ره له ڕاپەڕین و ئه‌ركی چالاكان ڕوونكردنه‌وه و هه‌ڵهێنجانی داخوازیگهلێكه كه په‌یامی ڕاپه‌ڕین به لووتكه ده‌گه‌یێنن؛
١- خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دانیشتووانی كوردستان چ به مانه‌وه له ئێرانی فیدراڵیدا چ به جیابوونه‌وه له ئێران، كه له‌هه‌ردوو باردا ته‌نیا جه‌ماوه‌ر مافی ئه‌و بڕیاردانه‌ی هه‌یه.
٢- جیایی ئایین له كاروباری كۆمەڵگە و كۆتاییهێنان به مشه‌خۆریی داموده‌زگه ئایینییه‌كان به‌سه‌ر داهاتی خه‌ڵكه‌وه.
٣- ده‌رهاویشتنی هه‌موو توخمێكی ئایینی له سیسته‌می په‌روه‌رده و ڕاهێناندا.
٤- ئازادی و یه‌كسانی هه‌مه لایه‌نه له‌نێوان ژنان و پیاواندا.
٥- ئازادی جه‌ماوه‌ر له هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی له هه‌ر هه‌رێم و ناوچه و شار و شارۆچكه و گوندێكدا.
٦- مافی خودموختاری بۆ هه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر زۆڕینه‌ی دانیشتووان له گوند یا شارۆچكه، شار، ناوچه، هه‌رێمدا پێكبهێنن و مسۆگه‌ركردنی ئازادی كولتورییان.
٧- به‌ڕێخستنی ڕاپرسی گشتی له‌سه‌ر هه‌موو پرسه چاره‌نووسساز و سه‌رتاسه‌رییه‌كان.
٨- به‌شداری و چاودێری ته‌واوی نوێنه‌رانی ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كانی كارگه‌ران و فه‌رمانبه‌ران و ژنان و لاوان و كه‌مئه‌ندامان و خانه‌نشینان، وێڕای نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی جه‌ماوه‌ری گشت به‌شه‌كانی كوردستان، شانبه‌شانی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆری بواری یاسایی له داڕێژانی یاسای بنه‌ڕه‌تی كوردستان چ وه‌ك هه‌رێمێك له ئێران چ وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ.
ئه‌مانه ده‌توانن له هوشیاركردنه‌وه و خۆ ئاماده‌كردنی جه‌ماوه‌ر بۆ هه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراو چ له‌كاتی ڕاپەڕین و چ له پاش ڕاپەڕین و ڕێكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و ژیانی ئاسایی ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه. به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر به ماف و خواسته‌كانی خۆی ئاشنانه‌بێت، ئه‌وا به‌ده‌ردی دانیشتووانی باشووری كوردستان ده‌چن، كه له‌پاش ١٣ ساڵ به‌كرده‌وه جیایی له ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی، كه‌چی ئه‌ورۆكه ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به‌نوێنه‌ری نه‌ته‌وه ھەژماردەكەن، خه‌ریكه یاسایه‌ك مۆرده‌كه‌ن، كه نه‌ك لایەنیكهمی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئازاری ١٩٧٠ بۆ جه‌ماوه‌ر مسۆگهرناكهن، به‌ڵكو یاساكه‌ی سه‌رده‌می به‌عس له‌چاویدا پێشكه‌وتووتر دیتهبهچاو، یاسایه‌ك كه به كۆماری ئیسلامی عیراقی فیدراڵی ده‌ستپێده‌كات! ئه‌مه ئه‌و مه‌ترسییه‌یه كه ڕووبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ر ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی خۆی بداته ده‌ست پارته ڕامیارییه‌كان و له ئاڕاسته‌كردنی ڕووداوه‌كان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه و دیاریكردنی ئایدهیهكی گه‌ش، خۆی دوور بگرێت ! سەركەوتنی گشت ئه‌وانه‌ش ته‌نیا له گره‌وی یه‌كگرتووی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ردایه!
سه‌ركه‌وتوو بێت ڕاپەڕینی جه‌ماوه‌ری خۆرھەڵاتی كورستان
مه‌رگ و ڕسوایی بۆ سه‌روه‌ران و هێزه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان
Post navigation