یاداوەرییەكانی بان قەراتێ

یاداوەرییەكانی بان قەراتێ

له‌تاو جیڕەجیڕی زرێپۆش

پاساری سه‌ر دارته‌له‌كان

فڕین و چیدی نەگەڕانەوە

ته‌په‌ی پۆستاڵ

زریكه‌ی منداڵانی تاسان

خۆڵەپۆته‌ی ژێر زرێپۆش

گڵگۆی دڵدارانی پۆشان

ڕەشه‌بای ئەنفال

سروه‌ی ئەوینی تۆران

بانگی سەروەری

له‌ مینبه‌ری چۆڵییەوە

چرپه‌ی ئازادی خنكان

ژاوه‌ ژاوی مه‌رگ

خەوی له‌ چاوی

كۆتره‌شینكەكانی قەڵا زڕان

بزەی تاڵی كازیوه‌

هه‌واڵی ناوه‌خته ‌پایزی دركان

پاییز ھات و

دەرگەی بۆ بەستەڵەك خستەسەرپشت و

ئەوینی لە دڵمانا تەزان

 *****

ئەوان ھاتن و ئەمان چوون

ئەمان ھاتنەوە و ئەوان ونبوون

ھەمان بەزم لە بان قەڵا

جارێ بە كەسكی و جارێ بە زەردی نمایشكرایەوە

ئەوان ھاتن و باجی ئەمانمان دا

ئەمان ھاتنەوە و باجی ئەوانمان دا

ئەم فوتبۆڵین و چاوشاركێیە

لە فیفتی فیفتییەكەی نەوەد و دوو دەچن

سەركەوتوو و ھەڵھاتوو، ھەردووك؛

سێبەری پێش و پاشی نیوەڕۆن

لەم كێشمەكێشەدا،

خەون و خۆزگەی ئێمە

تۆپی بەرپێی خواكانی ئەو و تۆن

ھەر كەس بێتەوە و ھەركەس دەرچێ

ژیانی ئێمە، باجی شەڕە و

بەرە بەرە، خەونەكانی ڕاپەڕین لەباردەڕۆن

 

***********************

٠٥ی ئۆكتۆبەری ١٩٩٩