تارمایی جەنگ
له‌وه‌ته‌ی ھەم
ھەر لە به‌یانی تا ئێواره
به نێو په‌ڕاوی یاده‌وه‌ریما
دێم و ده‌چم لەم دیارە
به‌هیوا‌ی ئێواره ساتێ
تا به‌سه‌رھاته‌كانی ڕۆژگارم
بۆ زەرده‌ی ده‌مكه‌ل، بگێڕمه‌وه
به‌ڵام، پێش خۆرئاوابوون
خێرا شه‌وه‌كانم دادێن
پێش قاقای كازیوه‌ش
برسییەتیم كۆڵانه و كۆڵان
له زبڵدانه‌كانی نیشتمانا ،
بۆ ژەمێ تێری، لە نان دەگەڕێ
ھیوام له‌ژێر قامچی
هاووڵاتیانا جوانه‌رگ ..
خۆزگەم لەبۆ پەنایێ
لەو دیو سنوور، وێڵ وێڵ دەگەڕێ
*****
ساڵەھایه .. من
خەونم له‌ژێر
ناڵی ئه‌سپه‌دێزەكه‌ی ئه‌با عوبه‌یده‌دا
وردوخاش ده‌بێ و
به‌ده‌م گه‌رده‌لوولی بیابانه‌وه
ڕوخساری .. ونده‌بێ
ساڵەھایە .. ھەروا
ڕۆژم شه‌وه و شه‌و شه‌وه
ده‌ست له بینه‌قاقام ده‌نێ
هاوسێكه‌شم؛
له‌تەك مێرولان لە خەو ڕادەبێ و
له‌تەك ئەوانیش ده‌نوێ
كه‌چی هه‌ر كات من
باسی مانگه‌شه‌وی بۆ ب‌كه‌م
ئەو به‌ده‌م باوێشكه‌وه
قوتووه بیره قڵپده‌كا
شه‌وانیش بەدەم خەوەوە
وه‌ك ئامێره‌كان ده‌گرمێنێ
*****
ئیدی بڕیارمداوە چیدی نەنوونم
گه‌ر سه‌راپای ته‌مه‌نیش ببێته شه‌و
ھەر نەنووم و چاوەڕێ بمێنمەوە
ئه‌م ئێواره پێش خۆرئاوابوون
پێش ئه‌وه‌ی سێبه‌ری مه‌رگ
خۆی له هه‌نگاوه‌كانم بئاڵێنێ
ده‌ڕۆم بۆ كه‌ناری ده‌ریا
تا به‌ده‌م شه‌پۆله كۆچەره‌كانه‌وه
نامه‌كانی ته‌مه‌نم، پەیامەكانی دڵم
بۆ كۆچەره‌كانی باكوور و باشوور
بۆ لانه‌وازانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، به‌ڕێبكه‌م
*****
ئەرێ، ئیدی بڕیاڕمداوه
ئه‌م شه‌وی یه‌ڵدایه نه‌نووم
نه‌كا شه‌مشه‌مه‌كوێران،
پرچی زێڕینی كازیوه
بقرتێنن
نه‌كا ڕاوچیان
پێش ڕابوونی باڵداران
له سنگی چیادا،
تۆڕ بچێنن
نه‌كا جەنراڵەكان، ئەم شەو
كۆرپه‌له‌كان بۆ به‌ره‌ی جەنگ
بڕفێنن
*****
نا، چیدی ئه‌م شه‌وی یه‌ڵدایه نانووم
له‌ته‌ك ئه‌ستێره‌كانا ڕێده‌كه‌م
شوێنپێیەكانی خەم لەسەر ڕومەتی مانگ
بە پێڵووەكان دەسڕمەوە
دەبمە كێشكچی، تا تیشكی خۆر
بەرەبەیان لێرە ..
بێ‌ترس له سه‌ره‌تاتكێی هه‌واڵدزەكان
بێسڵهمینه‌وه له فتوای مناره‌كان
له ئامێزی میھرە‌بانی دایەزەمینا
لێوه ته‌زیوه‌كانی ژیان ماچباران كا
************************