ھاوارەكانی ئەنادۆڵ
لە یادی ئەو ئازیزانەدا، كە جەستەی خۆیان كرد و دەكەنە مۆم
بۆ ڕوناكردنەوەی سیاچاڵەكانی خۆرھەڵات و خۆراوای ئەنادۆڵ
ژیان لە شوێنەواری شەپۆلی ورەتانا
ئاھەنگی بەیان دەگێڕێ
دەی ھاوڕێیان، تەوژمێكی تر ..
بێ ئاوڕدانەوە،
بێ سازش و بادانەوە
ئێوە سواری كەشتییەكن
كە ئاراستەی دونیایەكی بێدەرگەوانە
بنواڕن ھاوڕێیان !
سیمای زەندەقچووی
گەلە گورگی بەر دەرگەی بەیرەم پاشا،
چۆن لەئاست شكۆی یەكبوونمانا
زەردھەڵگەڕاوە؛
بنواڕنە چاوانی دەرپۆقیوی
گورگە بۆرانی عیمرانییە،
بنواڕن چۆن !
لە بەرامبەر مستی گرمۆڵەمانا،
واقیان وڕماوە.
دوێنێ چەكمەی ڕەقی بەیرەم پاشا
بەسەر سنگی یەكە یەكەمانا
تێدەپەڕی،
گەلە گورگی خۆرئاوای ئەنادۆڵ
توند بەڕوومانا ئەوەڕی،
بنواڕن چۆن!
ئەوڕۆ لە كۆشك و مۆڵگەكانا
ئارامیان لێبڕاوە
دەی ھاوڕێیان !
تێنێكیتر، بنواڕن چۆن
لە خامۆشی گرمەی كارگەكانا،
بانگەوازی ئازادی زیندانیان
لە پایتەختی وڵاتانا
زەنگی مەرگی گەلەگورگی لێداوە.
دەی ھاوڕێیان !
ھەنگاوێكی بەگوڕتر ..
ھێندەی نەماوە، بڕمێ تەختی خواكان
گورگە بۆری سەرمایە دەمێكە،
چنگ و كەڵبەی لە جەستەمانا داڕزاوە.
ھەواڵی مەرگی سەرمایە ..
خەون نییە،
پێرێ و دوێنێ و ئەوڕۆ
لە پای شۆڕشگێڕی ئێمەیە،
ڕەوڕەوەی مێژوو، مۆری خۆی لێداوە.
***************
٢١ی ئۆكتۆبەری ٢٠٠٠