دوا چرپه‌ی ژیان*
پێش ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ی تاوان،
په‌له‌پیتكه‌ی چه‌كه‌كه‌ت فشار بدا
دوا مۆڵه‌تم به‌رێ و
دوا خۆزگه‌م به‌جێبھێنه؛
گوێت به سنگمه‌وه بنێ و
دڵه‌خورپه‌ی ترس،
دڵه‌ترپه‌ی ئاره‌زووم بۆ ژیان ..
بژمێره و
له‌ته‌ك دڵه‌خورپه‌ی دڵداره‌كه‌ت و
دڵه‌ترپه‌ی خۆت، به‌راوردیان بكه،
كاتێ من، لووله‌ی مه‌رگ
ڕوو له لانكی ساواكه‌ت
یا له نێوچه‌وانی خۆت
نیشانه‌بگرم ..
ئه‌وسا، به‌دڵنیاییه‌وه
په‌نجه‌ت بنووشتێنه‌وه
*****
پێش ئه‌وه، چركه‌كانی ته‌مه‌نم ..
ڕابگری و
له زبڵگه‌یه‌كا جه‌سته‌م فڕێده‌ی
گوێ له خۆزگه‌كانم ڕادێڕه ؛
منیش وه‌ك تۆ
خه‌می ژه‌مه‌شیری سبه‌ینێی ساوا‌كه‌مه
خه‌ون به‌و ساتانه‌وه ده‌بینم،
كه ده‌ستم له‌نێو ده‌ستی هاوسه‌ره‌كه‌ما
به شه‌قامه‌كانی ‘كینگستن**’دا شۆڕبینه‌وه
یا له كه‌ناری نێگریل***
تاوێك گوێ بۆ «بۆب مارلی****» ڕادێرین و
به ماچ ئه‌شكه‌كان بسڕینه‌وه ..
یا له كۆڕی ئێوارانا
له‌ته‌ك تۆ یا دراوسێكه‌مان
به‌ده‌م ئاوابوونی خۆره‌وه،
یاداوه‌ری بۆ یه‌كتر، بگێڕینه‌وه
*****
جارێ بووه‌سته، پێش ئه‌وه‌ی
خه‌ونه‌كانم له گۆڕ بنێی*
پێمبڵێ؛
حه‌زت له ده‌نگی (بۆب)ە*** یا بۆمب ؟
له خۆشاردنه‌وه یا سه‌ما له كه‌ناری ده‌ریا ؟
تاوێ ئارام بگره و وێنای بكه*
به هه‌ژماری گولـله‌كان، گوڵ بچێنی
به هه‌ژماری كوژراوان،
مناڵانی بێسه‌رپه‌نا
گوڵت بۆ هه‌ڵده‌ن
له‌بری چه‌ك،
وێوڵه‌یه‌كی***** ڕه‌نگینت له ده‌ستا بێ و
كوڕه‌كه‌ی من و كیژۆڵه‌كه‌ی خۆت
له سه‌كۆی كۆڵانێكا، بھێنیته خه‌نین
*****
ئه‌وسا، ئە‌گه‌ر خه‌ونه‌كانت، جیاواز بوون
ئه‌گه‌ر خۆزگه‌كانت، خراپنیاز بوون
ئه‌گه‌ر گۆرانییه‌كانت، جه‌نگئاواز بوون
ئه‌گه‌ر ویسته مرۆییه‌كانت، لاواز بوون
وه‌ره، شه‌رممه‌كه و
فه‌رمانی سه‌رووی خۆت، به‌جێبھێنه
وه‌ره، خۆزگه‌ی سه‌رخه‌وێكی ئارام ..
بۆ هه‌میشه له سه‌ری مندا بتاسێنه
*******************