خەونێكی جوانەمەرگ

خەونێكی جوانەمەرگ

                                                                      

پێشكەش بەو هاوڕێیەی، پێش

ئەوەی بیبینم و بیناسم، پەتی

سێدارەیان كردە ملی ئەو و

خۆزگەكانی من لە ھونەرەكەی ئەودا

گیانی گیان و

چاوی ‘كاروان’م

كۆرپەی خەمزەدەم

هێشتا بە ژانەكانی تۆ

كاتێ كە ناوكتیان

بە لێوارە ڕەقەی نان بڕی،

.. دەتلێمەوە و

خەمێ سەردڵی گرتووم ..

لەو ساوە جەستەم

كێڵگەی ژانە و

دڵم قاقڕە بیابان ..

لێوەكانم خەون،

بە لێواری ڕووبارەوە دەبینن

دەستەكانم لەدووی

جەستەم دەگەرێن؛

تا لە كاروانی تۆدا

هەنگاوەكانم ملی ڕێ بگرن

 *****

من، تۆم و

تۆ، دەنگی من

تۆ ژێیەك نەبووی،

چڕنووكی مەرگ بتژەنێ

تۆ دەنگێ نەبووی،

لەتەكیدا ئەژدیهای هەزار سەر

قاقا پێبكەنێ

تۆ، منیت و من لە تۆ

من لە هیوای تۆدا،

سروودەكانی’جۆ هیل’ دەڵێمەوە

من لە گیتارەكەی تۆدا

گۆرانییەكانی ‘جۆن لێنن’ دەژەنمەوە.

 *****

تۆیان تەنیا گرت و

خەونی گشتمان زڕا

تۆیان تەنیا برد و

ناخی گشتمان گوشرا

بەڵام ئەوڕۆ یا سبەی

ئێمە ڕادەبین و تۆ دێی

كاروانەژێی گیتارەكەت

بەئاگادێنێ، خەواڵوانی شار

ئەوسا خەوندزان دەبینن

بەژنت بەرزتر لە گوێژە

خەونت سەوزترە لە بەھار

خوێنت سوورترە لە شۆڕش

گیتارەكەت توڕەترە لە خەڵكی ھەژار

ھونەرەكەت لە یاخیبوونەكانا

مەرگ دەچڕێ، بۆ خودا و سەرمایەدار

 *****

ئەوسا ئێمەش لە گردی سەیوان

پێكرا سروودەكەت، دەكەینەوە دووبارە

تا چیدی سەروەران،

نەكەنەوە ملی ھونەر، پەتی سێدارە