خەونێكی خەواڵوو
هۆ هاوڕێ، چاوه‌ڕێ مه‌به ! پاسارییه‌كانی ته‌یراوا لانه‌شێواو له‌دووی مانگه‌شه‌و ده‌گه‌ڕێن و جێژووان نادۆزنه‌وه. گاڵكێشه‌كانی باخچەی (كورد و عەرەب) ڕێگه‌ناده‌ن شوێنپێی گوڵه وه‌نه‌وشه‌كان هه‌ڵگرنه‌وه. داربێیه‌كان هه‌ست به‌نامۆیی ده‌كه‌ن و له‌تەك نه‌سیمی پاییزان ئه‌شكه زەردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانیان ده‌وه‌رێنن.
چاوه‌ڕێ مه‌به ! گوڵی گوڵدانه‌كه‌ت په‌ژمورده‌یه و مه‌گه‌ر به‌خەون و خەیاڵ، په‌ڕه ئاڵ و گه‌ڵا وردیله‌كانی به‌سه‌رپه‌نجكانت ماساژ بده‌ی .. ئه‌شكه‌كانت سۆزی لكه وشكه‌كانی نابزوێن، نیگاكانی له دوافرمێسكی ئه‌وینا په‌لكه زێڕینه‌ی ئێواران ناشكێننه‌وه.
چیدی چاوه‌ڕێ مه‌به ! جەسته‌ی ماندووت بده به‌كۆڵی هه‌نگاوه‌كانتا، چەند كۆڵانێ ئه‌ولاتر له گۆشه‌ی باخچەكه‌دا خەمه‌كانت بنێژە و ئه‌شكبارانیان بكه، به‌ڵكو ئه‌م بەھاره گوڵه وه‌نه‌وشه‌كانت سه‌وز ببنه‌وه و پاسارییه‌كانی ستۆكھۆڵم مه‌ست بكه‌ن و گۆرانییه یاخییه‌كان ڕووت ڕووت، بێ توێكڵ، بێ فێڵ و درۆ وشه ئه‌ویناوییه‌كان، له گه‌ردنتا بھۆننه‌وه. چیدی چاوه‌ڕێ مه‌به هاوڕێ، پاسارییه‌كانی گه‌رمیان لە لەندەن ناگه‌ڕێنه‌وه !
٩ی سێپتەمبەری ١٩٩٩