شه‌واره‌ی بەزمی نوێ
هه‌موو ڕۆژێ دايكم كۆرپهيهكی كه‌مئه‌ندام له هه‌ناوی ژانهكانیدا دهپهروهرێنێ، نۆ مانگ له مناڵدان و نه‌وه‌د ساڵ له كۆڵی مه‌ينه‌تی ده‌گرێت. هه‌موو چه‌ند هه‌فته‌يه‌ك براڵهكانم له‌بارده‌چن و هه‌موو نۆ مانگ و نۆ ڕۆژێك، دايكم به‌سه‌ر زگه‌وه، مل به‌لاره‌وه ده‌نێت. هه‌موو ڕۆژێ له كۆڵانه‌كه‌ماندا چه‌پكێ خونچهمناڵ ته‌راخوما چاويان ده‌خوا و زه‌ردۆيی وه‌ك گه‌ڵای پایيزان ههڵياندهوهرێنێ و كۆكه‌ڕه‌شه تا لێواری مه‌رگ، بهچهپۆك بهڕێياندهكا. هه‌موو شه‌وێ يارانی پەیامبەر گڵوپی سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كوژێننه‌وه و چرا دهستیيهكانی سهركۆڵان ده‌دزن، تا ئاڵه چاوچنۆكهكهی بەزمی نوێ هاوسێكانمان بتاسێنێ.
ھەموو بەرەبەیانێك له‌تەك هات و هاواری مناره‌كان جه‌سته‌ی ژيان دهگرينه كۆڵ و له مهينهتئاوا زيندهبهچاڵی ده‌كه‌ين. سەرتسووڕنهمێنت، كه خۆمان دارهمهيتی ئاره‌زووه‌كانمان بۆ گۆڕستان ڕاكێشدهكهين و ئهشكيان بۆ نابارێنين، ئاخر ئه‌شك نه‌ماوه تا تۆز و گه‌ردی دڵمان بشۆينهوه و ههورهكانيش نه‌زۆكن.
سەرتسووڕنهمێنت، كه له مهيخانهكانی بەزمی نوێ‌دا، خوێناو بخۆینه‌وه، ئاخر هێشووهترێكان هه‌و و كيميان لێده‌چۆرێ. سەرتسووڕنهمێنت، نينۆك و پێستی وشك هه‌ڵاتوومان دهجووین و دەخۆين، ئاخر بڕياره له يه‌كه‌م زستانی سه‌ده‌ی نوێ‌دا، جه‌سته‌ی سه‌رمابرده‌ڵه‌ی خۆر به بۆمبی ئه‌تۆمی گه‌رمبكه‌نه‌وه، له يه‌كه‌م به‌هاری سه‌ده‌ی نوێ‌دا، لێوی وشكهه‌ڵاتووی كانياوهكان به‌ژار تهڕكهن، له يه‌كه‌م هاوينی سه‌ده‌ی نوێ‌دا، گوڵه ژاكاوه‌كان به خه‌رده‌ل ببوژێننه‌وه. سەرتسووڕنهمێنت، گه‌ر دهريالووشهكان به‌گه‌نم پڕكه‌نه‌وه و به‌چكه دووپشكه‌كان به‌شير ژيركهنهوه. سەرتسووڕنهمێنت، گه‌ر شه‌وی سه‌ری ساڵ، نازیيهكان ئاگری قينيان به‌جه‌سته‌ی كارگەڕانی كۆچەر ههڵگيرسێننهوه و چه‌پكێ دڕكی نەزمی نوێ له به‌رۆكی ساڵی نوێ بده‌ن و له سهماگهی ديموكراسی خواكاندا لەتەك زڕه‌ی دهمپێكی خوێناوی خواپێداوه‌كان، ئاهه‌نگی كۆيلهتی ئێمە بگێڕن.
٢١ی دێسەمبەری ١٩٩٩