Skip to content
به‌خیلی به‌خیلان
هه‌ر هێنده‌ی وتم چۆنیت و خه‌ریكی چیت، ئیدی مه‌پرسه، ده‌توت چه‌ند ساڵه قسه‌ی پاشه‌كه‌وتكردووه، تاوه‌كو له‌و سه‌ره‌ڕێیه من ڕابگرێت.
چه‌ندجار قسه‌كانم پێبڕی و پێموت: كاك …. من كارم هه‌یه و دره‌نگمه، فریای ترامە‌كه ناكه‌وم، بمبووره دەڕۆم. بەڵام ئەو ئاو‌ها زمانی پژابوو، ده‌توت له‌سه‌ر سه‌كۆیه و بۆ جه‌ماوه‌ری چه‌ند ملیۆنی وتارده‌دات، خۆی له‌بیركردبوو. جارجاره پلاری له ڕێبوارانیش ده‌دا :
“سه‌یر سه‌یر، ده‌ڵێی نانی باوكیانم خواردووه، چۆن مۆڕه‌م لێده‌كه‌ن، … بابینه، گه‌ر ده‌زانن من له وڵاتی خۆماندا چ پاشایه‌ك بووم، ئیستا ئاوھا بوومه‌ته سواڵكه‌ری سۆشیال ؟
ھێنده‌ی دیكە په‌ستیكردم و خۆمم پێڕانه‌گیرا و وتم قوربان پاشای كوێ بوویت؟
له وه‌لآمدا وتی “بیقه‌زابیت تۆش، كه‌ی كاتی گاڵته‌كردنه، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، كه له‌لای خۆمان چه‌نده خۆشه و چه‌نده مرۆڤ هه‌ست به‌بوونی خۆی ده‌كات. تۆ سه‌یركه، من لای خۆمان مامۆستا بووم، خانووی خۆم هه‌بوو، ھاوەڵی چاكم هه‌بوون، ده‌شمویست ئۆتۆمەبێل بكڕم. بڕوات هه‌بێت فلانه‌كه‌س به‌ده‌می خۆم نه‌بێت، پاشایانه ده‌ژیام، دراوسێكانم ئێرەی‌یان پێده‌بردم. خۆت ده‌زانی خه‌ڵكی نه‌دی‌وبدی و لادێی چه‌ند چاوبرسین و به‌هیچ تێرناخۆن، چاوده‌بڕنه ماڵی خه‌ڵكانی دیكەش. ئای بۆ ساتێكی سه‌رچنار و مه‌ستكرنێكی (یانەی مامۆستایان). خه‌ڵكی لای خۆمان چه‌نده به‌ڕێزبوون، پیاو نرخی هه‌بوو. خۆ لێرە ژن چووزه به‌قونی پیاوه‌وه ده‌كات. به‌ڕاستی من بیزارم و ساتێكی ئه‌و كوردستانه ناده‌م به‌گشت ئه‌وروپا ….
ھێنده دیكە پیشمخوارده‌وه، چه‌ند ساته‌وه‌خت منی ڕاگرتووه و قسه‌ی بێواتام بۆ ده‌كات و ترامەكه‌ی له‌ده‌ستدام، هه‌ڵا هه‌ڵا له كارخانه به‌په‌لەناکاووزكێ ده‌رچۆ، تاوه‌كو فریای دكتۆر بكه‌ویت، چوزانم به‌ڵایه‌كی ئاوھام لێپه‌یداده‌بێت و ڕێسه‌كه‌م ده‌كاته‌وه به‌خوری. من له ناخمدا پیشی لێده‌خۆمه‌وه، كه‌چی ئەو زۆر به‌خوێنساردییه‌وه وتی ” ده‌ڵیی په‌له‌ته، ئه‌وه خه‌یره ؟ له وه‌ڵامدا وتم: نه‌خێر، چتێكی ئاوھا نییه، ده‌مه‌ته‌قێی ئاوھاش له‌سه‌ر شۆسته خۆشه. ئینجا كەوتمه سه‌روگویلاكی : باشه كاك …. بۆچی ئه‌و كوردستانه ڕه‌نگینه‌ت به‌جێھێیشت، وەك خۆشت ئێستا وتت، جه‌نایت له هیچ كه‌مت نه‌بووە. هه‌میشه دوور له ڕامیاری و ڕامیارییبازی بوویت. تیناگه‌م چۆن ڕێگه‌ی سه‌فه‌رێكی ئاوھا نابه‌دڵت گرتووەتە‌به‌ر و خۆت واته‌نی، ملت به سواڵی بیمەی كۆمەڵایەتی و چی و چی …. داوە. به‌ڕاستی خه‌درێكی گەورەت له‌خۆت كردووە. ئێوه‌مانان و ئه‌م ژیا‌نه‌یان نەوتووه. به‌ڕاستی سه‌خته كه‌سێكی وه‌ك تۆ كه خۆتان واته‌نی، تادوێنێ له‌سه‌ر مێزی فلان لێپرسراوی یەكێتی و فیسارە لێپرسراوی پارتی بوویت. وابزانم جارانیش له‌تەك (ملازم خالد)دا داده‌نیشتی، كه‌چی ئێستا له ژوورێكی كەمپدا، خۆت واته‌نی، لەتەك چه‌ند چڵێس و نەدی و بدیدا ده‌یساچێنی؟ ده‌بێت بارێكی زۆر دژوار ناچاری كردبی، كە كوردستان و شه‌ڕه‌ف و نامووس و حكومه‌ته ساواكه‌ی به‌جێبهیڵیت، زۆر دژواره وانییه؟ به‌ڕاستی تێناگه‌م، ئه‌و نه‌دیوبدییانه‌ی كه تاوه‌كو دوێنێ چاویان له پاشایه‌تی تۆ بوو، له برسییه‌تی و بێخانه‌ولانه‌یی و ترسی شه‌ڕ و تیرۆری دەستی دەسەڵاتدارانی ئێستا و جاراندا، ئاواره‌ی ئێرۆكانه بوون، ئه‌ی جه‌نابانی وه‌ك جه‌نابتان بۆچی ئاوارەبوون، ده‌ترسم له به‌خیلیبردن به خۆشگوزه‌رانی نه‌دیوبدییه‌كان لێرۆكانه بیناز كه‌وتوون ؟!!!
پاشای كوردستان، كە تا ئەم ساتە ناچار گوێی لە قسەكانم ڕاگرتبوو، له‌تەك ده‌ربڕینی وشه‌كانمدا، ڕه‌نگی ڕه‌ش هه‌ڵده‌گه‌ڕا و له بێده‌سه‌ڵاتیدا حرس بەربینی گرتبوو و ده‌له‌رزی .. لەوە زیاتر خۆی پێڕانەگیرا و وه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی هاوه‌نێك وتی: ئااااااااخخ له كوردستان نه‌تمناسی تاوه‌كو بت…مممممممممممممممممممم