خه‌رمانه‌ی مه‌رگ
مانگ پاش شه‌سته‌بارانی ئێواره، ڕوخساری ده‌توت ڕوخساری كیژۆڵه‌یه‌كی چوارده‌ساڵانه و له كانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. تیشكه‌كانی وەك تاڵی زه‌ردی پرچی كیژۆڵه چاوشینه‌كانی كوێستانان، ده‌دره‌وشانه‌وه. ئه‌و گلۆپه سروشتییه وه‌ها تاویسه‌ندبوو، ده‌توت هه‌ر ئێستا ده‌ته‌قێته‌وه. جارجاره په‌ڵه‌هه‌ورێكی ته‌ره‌بووی ته‌نكی دوای بارانه‌كه‌ی ئێواره له خۆرئاواوه به‌ره‌و خۆڕهه‌ڵات ده‌كشا و ڕوخساری مانگی چڵكنده‌كرد، ده‌توت په‌نجه‌ی خونیاگه‌ره و دڵی ئه‌ویندارانی خه‌مبارده‌كرد. له‌ته‌ك هه‌ر تێپه‌ڕبوونێك دونیای ده‌كرده سیاچاڵێك، كه له كڵاورۆژنه‌یه‌كه‌وه ڕوناكی تێبچێت.
به‌ژن و باڵای ڕێكهه‌ڵكه‌ته‌ی (نازه‌نین) له‌ته‌ك ده‌ركه‌وتن و شارانه‌وه‌ی مانگ، له‌سه‌ر زه‌وی حه‌وشه‌كه‌یان وێنه‌ی ده‌كێشرا، ده‌توت نازه‌نین و مانگ له یه‌كدییه‌وه ڕوناكی وه‌رده‌گرن، كه په‌ڵه هه‌ورێك ده‌كه‌وته نێوانیان، ئیدی تابلۆی به‌ژنوباڵای نازه‌نین له‌سه‌ر حه‌وشه‌كه و مانگ له ئاسامان ونده‌بوون.
نازه‌نین، نوقمی ده‌ریای خه‌یاڵ بوو و ئاگای له‌م تابلۆكێشانه نه‌بوو، به‌دوای ئه‌ستێره‌ی به‌ختیدا ده‌گه‌ڕا، كه له مناڵییه‌وه هۆگری بووبوو. زۆربه‌ی شه‌وان تاكو ده‌ردی دڵی خۆی بۆ ئه‌و هاوه‌ڵه‌ی مناڵی نه‌كردایه، خه‌وی لێنه‌ده‌كه‌وت. ئه‌م شه‌و زۆر به هه‌ڵه‌داوان له‌دووی ده‌گه‌ڕا، تاوه‌كو پێیبڵێت “هاوه‌ڵه دوور-ده‌سته‌كه‌م، سبه‌ی شه‌و لێره بۆم مه‌گه‌ڕێ، من لێره نیم و كۆچ ده‌كه‌م؛ كۆچێكی بێگه‌ڕانه‌وه”. به‌ڵام ئەم شەو ھەورێكی خه‌ست و چڵكن وه‌ك خه‌مه‌كه‌ی نێودڵی نازه‌نین له ئاسمانی باكووری شار نیشتبوو، ئه‌ستێره‌ی به‌ختی له پشت خۆی حه‌شار دابوو.
نازه‌نین، ئاهێكی هه‌ڵكێشا و ده‌سته‌كانی له پشت سه‌ری خۆی گرێدان و به‌ناخیدا ڕۆچوو :
– تۆ بلێی دواجار بێت، كه مانگه‌شه‌و ببینم، تۆ بڵێی ئه‌ستێره‌كه‌م بزانێت، كه به‌یانی چی ڕووده‌دات؟ بۆ نا؟ هه‌ر له مناڵییه‌وه ئه‌و ئه‌ستێره بچكۆله دووره‌م وه‌ك به‌خته‌كه‌ی خۆم، كه شادی تێدا دووره، هه‌ڵبژاردووه … جار جاره ئه‌گه‌ر شه‌وانێك له‌به‌ر چڕی هه‌وره‌كان نه‌مبینیبێ، ئه‌وا شوێنه‌كه‌یم زانیوه و كه‌مێك له‌ته‌كی دواوم و ده‌ردی دڵی خۆمم بۆ كردووه. به‌ڵام ئه‌م شه‌و به‌یه‌كجاری خۆی لە من حه‌شار داوه، هه‌ر ده‌ڵێیت كۆتایی هاوه‌ڵێتیمانه و چاوی به‌رایینادات، خه‌می لێكدابڕان له ڕوخساریدا بخوێنمه‌وه و نه‌یه‌وێت دواساته‌كان هه‌ست پێبكه‌م. تۆ بڵێی؟ نا … نا، بۆی هه‌یه ئاوا نه‌بێت و خه‌ریكی خۆڕازاندنه‌وه بێت بۆ سبه‌ی شه‌و، تا له شه‌وی كۆتاییهاتنی خه‌م و تامه‌زرۆیی مندا ماچی پیرۆزبایی به تیشكێكی درێژ و ڕه‌نگاوڕه‌نگدا بۆ من و سالار گیان بنێرێت، به‌ڵام له كوێ ده‌ماندۆزێته‌وه، خۆ لێره نین و خۆشم نازانم له كوێ ده‌بین، ده‌ی قه‌یناكات، وه‌ك هه‌میشه من به دوایدا ده‌گه‌ڕێم. ئێستا ئیدی هیوایه‌ك له دڵما گه‌شاوه‌ته‌وه، ته‌مه‌ندرێژی له‌ته‌ك سالار و هاوسه‌رییه‌كی پڕ له ئه‌وین.. (هاواری دایكی له‌م خه‌یاڵه دایچڵه‌كاند)..
– : نازه‌نین، كچێ وه‌ره چایه‌كه‌مان بده‌رێ، چیت به‌سه‌ر هات؟
نازه‌نین : به‌ڵێ دایه، ئه‌وا هاتم ( پیاڵه‌كانی له‌به‌ر ته‌نكی ئاوه‌كه‌دا هه‌ڵگرت و چووه ژووره‌وه) ..
دایكی : كچم ئاو بردووتی یا له‌ته‌ك جندۆكان ده‌دوای، بۆ ئه‌م ڕۆژانه وا خاووخلیشك بووی؟
نازه‌نین : نا دایه گیان، خه‌ریكی شتنی پیاڵه‌كان بووم، جوان پیاڵه‌كانم نه‌ده‌بینی، مانگه شه‌ویش بووه به كاره‌باكه‌ی شار له ساتێك‌دا چه‌ند جار ده‌كوژێته‌وه !
له‌كاتێكدا كه نازه‌نین له نزیك ده‌رگەی هۆله‌كه‌دا خه‌ریكی چاییتێكردن بوو، دایكی له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌دا به‌رده‌وام سه‌رنجی نازه‌نینی ده‌دا. ‘گوڵاڵه’ی خوشكی له به‌رامبه‌ر دایكی دانیشتبوو، حاجی باوكیان له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه چوارمه‌شقی دانیشتبوو و ته‌زبیحه‌كه‌ی ده‌ژمارد و له‌ته‌ك هه‌ر ده‌نكێكدا لێوه‌كانی ده‌بزواند، ده‌توت تا ئێستا نه‌یژماردووه و ئه‌مه یه‌كه‌م جاره، چاویشی بڕیبووه سه‌فته پاره‌كانی به‌رده‌م ‘عه‌بدوڵڵا’ی كوڕی كه له ده‌ستی ڕاستییه‌وه دانیشتبوو، دیارنه‌بوو، كه پاره‌كانی ده‌ستی عه‌بدوڵا ده‌ژمێرێت یا به‌ده‌م ژماردنی ده‌نكی ته‌زبیحه‌كەی ده‌ستییه‌وه وێردده‌كات. نازه‌نین هه‌ستایه سه‌رپێ و كه‌وته دانانی چایی و له باوكییه‌وه ده‌ستیپێكرد؛ هه‌ر كه به‌ره‌و باوكی دانه‌وییه‌وه، پیاڵه چاییه‌كه له ده‌ستی به‌ربووه‌وه، ده‌توت له سیمای باوكی ترساوه. حاجی به ده‌نگی پیاڵه‌كه داچڵه‌كا و ڕوو له گوڵه :
– هه‌سته كچم، زوو بیسڕه با فه‌رشه‌كه ڕه‌قهه‌ڵنه‌گه‌ڕێت، حه‌یفه.
حاجیژن ڕوو له نازه‌نین : چیته كچێ، شه‌پڕه لێیداوی؟ چییه ده‌ڵێی دواییته، خۆ جنۆكه نه‌یبردووی؟
نازه‌نین : نا دایه، خه‌تای من نه‌بوو، بنی پیاڵه‌كه قۆقزه.
عه‌بدوڵا : نه‌خێر به‌نابه‌دڵی ئیشه‌كه ده‌كه‌ن. ئه‌و ڕۆژه كه‌ی دێ، كه له‌به‌رچاوم ونده‌بن و له‌م ماڵه‌دا ناتانبینمه‌وه؟
حاجی : گوێیمه‌ده‌نێ، چاییه‌كه شیرینه، خێری له دواییه ئینشائه‌ڵڵا شه‌كراوی خۆی به دوادادێت. (ڕوو له نازه‌نین كچم تۆ دانیشه با گوڵه چاییه‌كه‌مان بۆ تێبكات، ده‌مه‌وێت له‌ته‌ك تۆدا یه‌ك دوو قسه بكه‌م !
نازه‌نین ده‌یزانی، باوكی نیازی وتنی چی هه‌یه، بۆیه به‌لایه‌وه سه‌یر نەبوو، كه بابی به‌بێ هۆ ئاوا نه‌رمونیان بێت و به‌سۆزه‌وه قسه‌ی له‌ته‌كدا بكات، به‌نابه‌دلێ وه‌ڵامیدایه‌وه..
نازه‌نین : به‌ڵێ بابه.
حاجی كه‌مێك ڕاما، هه‌روه‌ك بیه‌وێت جادوو له دڵی نازه‌نین بكات و به‌دوای واژه‌ی وادا بگه‌ڕێت، كه نازه‌نین ڕازیبكات :
– كچم نازه‌نین، وه‌ك هه‌موومان ده‌زانین ماڵی باب تا سه‌ر بۆ كچ نییه و كچ ده‌بێت بچێته خانه‌ی به‌ختی خۆی. تۆ تائێستا هه‌ر كه‌س هاتووه، ڕازینه‌بووی. به‌ڵام خوا به‌مه ڕازینییه و بۆ خاتری خوا ئه‌م جاره گوێ له بابی خۆت بگره و له كه‌لی شه‌یتان دابه‌زه. ئه‌م جاره ده‌بێت ڕازیبیت و ڕووی باوكی خۆت سپیبكه‌ی. كچم چونكه من ڕازیبووم و پیاو كوڕی پیاو هاتۆته داوات، دوێنێ حاجی عه‌لی زه‌ڕه‌نگه‌ر هاته دوكان لام و وتی ” حاجی ده‌بێت خزمایه‌تییه‌كه‌مان تازه‌بكه‌ینه‌وه و ‘عه‌بدولقادر’ی كوڕم بكه‌یته كوڕی خۆت”، ڕاستییه‌كه‌ی منیش له‌به‌ر باشی كوڕه‌كه و ده‌وڵه‌تمه‌دنییان، نه‌متوانی بڵێم نا، چونكه له‌وه دڵنیام كه نانێك ده‌بێت بخۆیت و سه‌رپه‌نایه‌كیش ده‌بێت تێیدا بحه‌وێیته‌وه. جا منیش وه‌ك هه‌ر باوكێك داوات لێده‌كه‌م، دڵی من له خۆت ڕازیبكه، تا خواش له‌و دونیا له گوناهه‌كانت خۆشبێت !
نازه‌نین، له‌كاتی بیستنی قسه‌كانی باوكی‌دا سپی هه‌ڵگه‌ڕا بوو، هه‌ر ده‌توت ئێستا ده‌مرێت. لێوه‌كانی هه‌ڵبزركابوون، ده‌سته‌كانی ده‌له‌رزین و ئه‌ژنۆكانی هێزیان تێدانه‌مابوو، پڕ به دڵ حه‌زی ده‌كرد هاواربكات ” تف له پاره و پیاوه‌تی، تف له‌و سۆزه درۆزنانه‌یه”، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو ڕك و نه‌فره‌ته بووبوو به پڵمه‌یه‌ك گریان و له قوڕگیدا په‌نگیخواردبوو. سه‌یرێكی گوڵاڵه‌ی كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌چاو پێیبڵێت “به‌ده‌م ئه‌م ته‌زبیح ژماردنه‌یه‌وه باش خه‌ڵه‌فاوه”.
حاجی : چیت وت كچم؟ ناوی خوای لێبهێنه با سبه‌ی شه‌و، ماڵی حاجی عه‌لی بێنه پێشه‌وه و كاری خه‌یره تا په‌له‌ی تێدابكه‌ی كه‌مه !
نازه‌نین هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه، ئه‌م جاره بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، گوڵزار ده‌یزانی، ئه‌م جاره بێده‌نگی واتای ڕازیبوون نییه. حاجیژن وه‌ك بیه‌وێ نازه‌نین له‌م باره ڕزگار بكات و حاجیش واز له پرسیار و وه‌ڵامه‌كه‌ی بهێنێت، ڕوو له حاجی ..
– حاجی ماوه‌ی پێبده تا بیربكاته‌وه، تۆ ده‌ته‌وێت كچه‌كه بێ سێ و دوو بڵێت “بابه ڕازیم.”. خۆت ده‌زانی كچ له باوك و دایكی شه‌رمده‌كات و بێده‌نگیش نیشانه‌ی ڕازیبوونه، له خوا به‌زیادبێت كچه‌كه‌مان خوێنده‌وار و به ئاوه‌زه.
لەناکاو ماڵه‌كه ڕۆشن بووه‌وه و گڵۆپه‌كان داگیرسانه‌وه. عه‌بدوڵڵا له دڵی خۆیدا ” ئه‌گه‌ر عاقڵ بووایه به‌دیار هه‌تیووه‌كه‌ی (سه‌بری) نانكه‌ره‌وه دانه‌ده‌نیشت. من عاقلیده‌كه‌م بۆتان”. هه‌ستایه‌وه سه‌رپێ و چووه ژووره‌كه‌ی خۆی، له‌به‌رخۆیه‌وه بۆڵه‌ی ده‌هات. ده‌ستی درێژكرد و چه‌كه‌كه‌ی به دیواره‌كه‌وه داگرت و پاش كه‌مێك ڕامان چووه لای ته‌له‌فۆنه‌كه و پێنج ژماره‌ی به دوای یه‌كدا لێدا .. …
– مه‌رحه‌با حه‌مه، چۆنیت؟ ….. خۆ نه‌خه‌وتبووی ؟ …….. ده‌ی باشه، ترسام له‌وێ نه‌بیت……. ئم ….. ئم….. نه‌وه‌ڵا من هه‌ر له ماڵه‌وه بووم و هه‌ندێك كارم هه‌بوو، ته‌واومكردن .. ئا حه‌مه گیان، به‌یانی من لێره نیم، به‌ڵكو ئاگات له جموجوڵی ئه‌و هه‌تیوه‌ی سه‌بری بێت، …. ئا، به مه‌فره‌زه‌كه‌ی خۆت بڵێ با چاودێریبكه‌ن، پێیانبڵێ به‌عسییه، …. ئا خۆت دروستی بكه، با به‌وردی چاودێریبكه‌ن…… ئا وه‌ك وتم ئه‌م هه‌فته‌یه با بژی تاوه‌كو ئه‌م شته ته‌واوده‌بێت، ….. مه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پێمنه‌وتی، …… ئا، ئا له‌وه ده‌چێت خۆشی ڕازیبێت، به‌خوا به‌شه‌ق ڕازیده‌كه‌م، ئیدی وه‌رسبووم. له‌بیرت نه‌چێت ته‌نیا ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه بیانگری، ئه‌گینا ده‌بێت دوای ئه‌م شته سه‌ری بخۆین، باشه!
له‌ته‌ك داخستنی ته‌له‌فۆنه‌كه‌دا، ده‌ستی به پاككردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كه‌ی كرد ….. حاجی هه‌ر خه‌ریكی ژماردنی ده‌نكه ته‌زبیحه‌كانی بوو …. حاجیژن وه‌نه‌وز ده‌یگرت و گوڵاڵه و نازه‌نین ماته‌مینی دایگرتبوون و وایان نیشانده‌دا، كه سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كه‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵیان هه‌ر لەلای قسه‌كانی باوكی و چۆنیه‌تی پیاده‌كردنی نه‌خشه‌كه‌ی به‌یانی بوو. ده‌نگی میللی چه‌كه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا، ‘نازه‌نین’ی داچڵه‌كاند و ده‌سه‌ته‌كانی كه‌وتنه له‌رزین و لێوه‌كانی ده‌توت باده‌مه‌ی مله‌كه‌وه لێیداون.
حاجی : عه‌بدوڵڵا، كوڕم ئه‌وه چیته به‌و نیوه‌شه‌وه، ئه‌و شریخه و هوڕه چییه، دراوسێكان خه‌وتوون، چه‌ك شه‌یتانه كوڕم وریابه!
ڕوو له نازه‌نین و گوڵاڵه : هه‌ستن كچم نوێنه‌كان ڕابخه‌ن، با بخه‌وین، دره‌نگه !
نازه‌نین و گوڵاڵه چوون بۆ نوێنڕاخستن و پێكەوە چوونە ژووری خۆیان، كه ده‌كه‌وته ته‌نیشت ژووری حاجی و حاجیژن، نازه‌نین پرچی به‌ردایه‌وه و سه‌یرێكی ئاوێنه‌كه‌ی كرد و ئاهێكی هه‌ڵكێشا …..
گوڵاڵه : وه‌ره نێوجێگه‌كه‌ت و كه‌مێ پشوو بده.
نازه‌نین : پشوو له كوێ؟ باوك ڕازیبووه، سه‌یركردنه‌كه‌ی عه‌به ده‌ڵێی خه‌نجه‌ره، به‌یانیش نادیار.. گوڵه گیان، ده‌زانی عه‌به ئه‌م شه‌و زۆر خراپ سه‌یریده‌كردم، كه ده‌نگی میللی چه‌ككه‌ی هات به‌جارێ زه‌نده‌قمچوو، خه‌ریكبوو له هۆش بچم. گوڵه تۆ بڵێی عه‌به زانیبێتی؟ تۆ بڵێی دوادیدارمان بێت؟ تۆ بڵێی له ده‌ستیان ڕزگار بین؟ …. ئه‌رێ به‌ڕاستی بۆ شه‌وگار هێنده درێژ بووه، حه‌وت ساڵ دڵداری له‌ته‌ك سالار، به‌قه‌د ئه‌م چه‌ند ساته درێژنه‌بوو. ژیانی خۆمم لێبووه‌ته دوژمنی باوككوشته و حه‌زده‌كه‌م له‌نێویبه‌رم.
گوڵاڵه : كچێ بخه‌وه با به‌یانی خه‌واڵوو نه‌بیت !
نازه‌نین: خه‌وم نایه، هه‌ستده‌كه‌م ئێستا (سالار)یش خه‌وی لێزڕاوه و هه‌ر له خه‌یاڵی به‌یاندایه. ئای خۆزگه به سبه‌ی شه‌و، ئه‌گه‌ر مه‌رگیش بێت، هه‌ر شادومانم، هه‌رچۆن بێت، به نابه‌دڵی ناچمه باوه‌شی هه‌تیوه‌كه‌ی ‘حاجی عه‌لی’یه‌وه. (ئاوڕێكی له گوڵاڵه دایه‌وه، به‌ڵام ئه‌و حه‌وت زه‌مان بوو، خه‌وی لێكه‌وتبوو).
نازه‌نین، ڕۆچووه نێو ده‌ریای خه‌یاڵ و كه‌وته لێدانه‌وه‌ی یادگارییه‌كانی و له دڵی خۆیدا : ئای كه چه‌ند خۆش و سه‌رنجڕاكێش بوو، كه یه‌كه‌م جار له سه‌ر ڕێی قوتابخانه چاوم پێكه‌وت؛ مرۆڤێكی ئارام و شه‌رمن، چه‌ند جارێك ئاوڕیدایه‌دوواوه و بزه‌یه‌ك گرتی. هه‌ر ئه‌و بزه‌یه بوو، كه له دڵمانا سه‌وزبوو و بوو به نه‌مامێكی هه‌میشه سه‌وزی ئه‌وین. به‌ڵام دوێنێ كه‌متر دڵخۆش بوو، كاتێ كه باسی نه‌خشه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌ستمده‌كرد كه خۆی ده‌له‌رزی. ئاخر ئه‌و به‌دبه‌خته له‌م دونیا پانوبه‌رینه‌دا بێجگه له دایكه پیره‌كه‌ی كه‌س شكنابات، هه‌رچه‌نده ده‌یوت “ئه‌گه‌ر مه‌رگیش بێت، خۆ له‌وه باشتره كه مل به هاوسه‌ری زۆره‌ملێی بده‌ین”. ئای كه نه‌رم ده‌دوا و چه‌نده وردبینه، ڕووی نه‌بوونی ڕه‌ش، ئه‌گینا كوڕی وا چ كه‌موكوڕییه‌كی هه‌یه، كه ماڵی خۆمان پێیڕازینابن؟
خه‌یاڵ و یاوادوه‌ری، هێنده‌ی دیكە سه‌ریان كاسكرد و ورده ورده پێڵووه‌كانی قورس‌تر بوون و خه‌وبردییه‌وه…. نازه‌نین، خێرا خێرا له پڕ داده‌چڵه‌كا و توند چاوه‌كانی لێكده‌نایه‌وه و تا به‌ره‌به‌یان چه‌ند جار به‌ده‌م خه‌وی ناخۆش و ترسناكه‌وه له خه‌و ڕاده‌په‌ڕی و گوڵاڵه‌شی له‌ته‌ك خۆی به‌ئاگاده‌هێنا و گوڵاڵه پێیده‌گوت: پێویسته ده‌ستبه‌رداری خه‌یاڵی ناخۆش و ترس ببی، ئه‌گێنا به‌یانی له كاتی خۆیدا له خه‌و ڕانابین و بۆی هه‌یه نه‌خشه‌كه‌مان ده‌ركه‌وێت، ئه‌مه نازه‌نینی هێنده‌ی دیكە بۆ خۆخه‌وانده‌وه و ئارامی هانده‌دا …..
دەمەوباین ده‌نگی مه‌لا، حه‌وت گه‌ڕه‌ك ده‌چوو، حاجی به بۆڵه‌بۆڵه‌وه، ڕوو لە حاجیژن:
– هه‌سته خه‌جێ، نوێژه‌كه‌ت بكه !
حاجیژن : باشه حاجی، خۆ هێشتا بانگه‌كه ته‌واونه‌بووه، خۆزگه نوێژیش وه‌ك ڕه‌مه‌زان بووایه و ساڵی جارێك، ماڵی خوام ئاواكرد …
حاجی : كچێ خه‌جێ، ئه‌سته‌غفیڕوڵڵا بكه، تۆ ده‌زانی خه‌ریكی چی ده‌ڵێیت؟ به‌خوا یه‌ك نوێژت لێوه‌رناگیرێت، چونكه به‌نابه‌دڵییه‌وه ده‌یكه‌ی !
حاجی و حاجیژن، هه‌ستانه‌وه و تا به‌یانی هه‌ر خه‌ریكی باسی شووكردنی نازه‌نین و جارجاره‌ش بیری كاتی لاوی خۆشیان ده‌كه‌وتنه‌وه و ناوبه‌ناویش بێده‌نگده‌بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێك هه‌بێت و هه‌ركه‌سه و چاوه‌ڕێی وتنی له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد. حاجیژن، هه‌ستایه‌وه و چووه ژووره‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا ….
– هه‌سته كوڕم، عه‌بدوڵڵا، دره‌نگه سه‌فه‌رت له‌پێشه…. ( پاشان چووه ژووره‌كه‌ی نازه‌نین و گوڵاڵه)
– هه‌ستن كچینه دره‌نگه، نیوه‌ڕۆیه وه‌رن با به‌یانیانه بخۆین !
گوڵاڵه وه‌ك كچه بچكۆله و دوابه‌ره‌ی ماڵ، كردی به گاڵته ..
– دایه، بۆ خاتری خوا، هێشتا خۆر هه‌ڵنه‌هاتووه، نیوه‌ڕۆی چی؟ (حاجیژن، چووه ده‌ره‌وه و گوڵاڵه ڕووی له نازه‌نین نا:
– نازه‌نین، هه‌سته، خواده‌كات نیوه‌ڕۆ وا به‌ئاسانی دێت … (نازه‌نین پاش به‌یانیانه‌خواردن، ده‌ستیكرد به شوشتنی قۆڕی و پیاڵه و گوڵاڵه‌ش خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی نوێنه‌كان بوو… حاجی و عه‌بدوڵڵا له ماڵ ده‌رچوون … حاجیژنیش هه‌ر بیری لای شووكردنه‌كه‌ی نازه‌نین بوو …
نازه‌نین: دایه … دایه … له كوێی؟
حاجیژن : به‌ڵێ كچم، ئه‌وا هاتم … چییه كچم بۆ با‌نگم ده‌كه‌ی؟
نازه‌نین : دایه من و گوڵاله ده‌مانه‌وێت بچینه بازار، هه‌ندێك شت بۆ خۆمان بڕین.
حاجیژن: ئاخر كچم، گه‌ر عه‌بدوڵڵا بتانبینێت چی؟
نازه‌نین : دایه ئه‌و له سه‌فه‌ره و ئێمه‌ش خێرا ده‌گه‌ڕێینه‌وه، تا بازاری ڕاپەڕین ده‌چین.
حاجیژن : باشه كچم به‌س زوو بگه‌ڕێنه‌وه !
نازه‌نین و گوڵاڵه خۆیان بۆ ده‌ره‌وه پۆشته‌كرد و له ده‌رگه ئاودیوبوون. حاجیژن به دوایاندا ڕایكرد ..
– كچم ئاگاتان له خۆتان بێت، ئه‌م شه‌و خه‌وی ناخۆشم بینیوه …
گوڵاڵه : خه‌متنه‌بێت دایه، مه‌ترسه خه‌وه‌كه‌ت وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت ” كه خراپ بوو، ئه‌وا پێچه‌وانه‌كه‌ی دێته‌دی “.
نازه‌نین، پاش چه‌ند هه‌نگاوێك، ئاوڕێكی له خانووه‌كه‌یان دایه‌وه و بێده‌نگی دایگرت، ده‌توت په‌ڕاوی یاداوه‌رییه‌كانی مناڵی ده‌سووتێنیت، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ولاتر، دووباره ئاوڕیدایه دواوه ..
– گوڵاڵه له یادت ماوه، به مناڵی له شوێن خانووه‌كه‌ی باجی حه‌پسه یاریمان ده‌كرد؟ ئه‌وسا خانوو نه‌بوو، بووكه-شوشه‌كانمان ده‌كردنه مناڵ و ده‌مانلاواندنه‌وه. گوڵه گیان، تۆ بڵێی مناڵی سالار به باوه‌شمه‌وه، بێمه‌وه ئه‌م ماڵه، قه‌ت دڵم بڕواناكات.
گوڵاڵه : كچێ مه‌ترسه، مناڵه‌كانیشمان هه‌مان یاری ده‌كه‌ن، به‌شی كچ هه‌ر بووكه‌شوشه‌یه و كونجیماڵ ! (به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه گه‌یشتنه لای وێستگه‌ی باسه‌كه و سه‌ركه‌وتن. نازه‌نین به گوێی گوڵاڵه‌دا چپاندی …
– كچێ ده‌ترسم وه‌ك باسه پۆڵۆنییه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه بسووتێت و نه‌گه‌مه لای سالار.
گوڵاڵه پێكه‌نین گرتی : ئاخر كچێ پێمناڵێیت، چی ئه‌و ڕووداوه‌ی وه‌بیر هێنایته‌وه؟ خۆ ئه‌گه‌ر واش بێت، ئه‌وا ڕزگارمانبووه!
نازه‌نین، ئانیشكی كوتایه كه‌له‌كه‌ی گوڵاڵه : كچێ تۆ دونیات به‌گاڵته‌گرتووه. (به‌ده‌م ئه‌م قسانه‌وه، له داره‌سووتاوه‌كه‌وه به‌ره‌و دادگه ملی ڕێیانگرت…)
گوڵاڵه : هه‌ر كه باسی پۆڵۆنییه‌كه‌ت كرد، خه‌ریكبوو بده‌مه قاقای پێكه‌نین.
نازه‌نین : خێراكه سه‌رتداخه، با كه‌س نه‌مانبینێت ! (چه‌ند هه‌نگاوێكیان مابوو بگه‌نه دادگه، دوو لاو نووسراویان بڵاوده‌كرده‌وه، پارچه كاخه‌زێكیان دایه ده‌ستی گوڵاڵه ..
گوڵاڵه به سه‌رسوڕمانێكه‌وه : “ڕۆژی جیهانی ژنان به‌رز و به‌ڕێز بێت”، كچێ نازه‌نین، سه‌یركه چی نووسراوه “یه‌كسانی ژن و پیاو.. ئازادی هاوسه‌رهه‌ڵبژاردن .. خۆشه‌ویستی و ئه‌وینداری ئازاد بێت ..”
نازه‌نین : كچێ خێراكه، كه‌ی كاتی ئه‌وه‌یه!
گوڵاڵه : ده‌ی باشه خۆ نه‌وه‌ستاوم، بۆ ئه‌وه‌نده په‌له‌ته خۆ له‌ده‌ستتڕاناكات؟ بڕوانه ده‌ڵێی له دڵی ئێمه‌دان، خۆزگه ئه‌مڕۆ بووایه. (به ترس و له‌رزه‌وه خۆیان كرد به‌ناو دادگه‌دا و سالار له‌و سه‌ره‌وه به‌رەوپیریان هات ..)
– به‌یانیتان باش، ئه‌وه بۆ وا دره‌نگ هاتن؟
نازه‌نین : به‌یانیت باش، ببوورە هه‌روا بۆمان ڕێككه‌وت.
ده‌مێك له‌به‌ر ده‌رگه‌ی دادیار ڕاوه‌ستان، دڵه‌ڕاوكێ و نائارامی فشاری بۆ نازه‌نین هێنابوو، هێنده په‌رێشانبوو، پێستی لانینۆكه‌كانی هێنابووه خوێن.. به‌رده‌وام خه‌ونه‌كانی دوێنێ شه‌وی ده‌هێنایه‌وه پێشچاو.. سالار له‌وبه‌ری وه‌ستابوو و له‌م فره‌تر په‌رێشانبوو، هه‌رچه‌نده بڕوای ته‌واوی به‌م بڕیاره‌یان هه‌بوو، به‌ڵام ئاسۆیه‌كی ڕوونی نه‌ده‌ده‌ی .. گوڵاڵه ڕۆچووبووه خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی له كاتی گەڕانه‌وه‌دا چ درۆیه‌ك به دایكی بڵێ و چۆن دایكی به‌وه ڕازیبكات … له‌ته‌ك تێپه‌ڕبوونی كات، فشاری ده‌روونییان زیاتر ته‌نگی پێهه‌ڵده‌چینین …
ده‌رگه‌وان : سالار و نازه‌نین !
( سالار و نازه‌نین و گوڵه به پرتاو خۆیان ترنجانده ژووری دادیار، له‌م كاته‌دا چه‌ند چه‌كدارێك له ده‌رگه‌ی دادگه‌وه ده‌ركه‌وتن و به په‌له به‌ره‌و ژوور خۆیان كوتا …
پۆلیسی پاسه‌وان : بۆ كوێ كاكه به چه‌كه‌وه، مه‌گه‌ر نازانی ئێره دادگه‌یه و چه‌ك قه‌ده‌خه‌یه؟
یه‌كێك له چه‌كداره‌كان، كه وه‌ك لێپرسراویان ده‌رده‌كه‌وت، نامه‌یه‌كی له بنباخه‌ڵی ده‌رهێنا و دایه ده‌ستی پۆلیسه‌كه)
پاسه‌وان : ئممم، باشه كه‌مێك بووه‌ستن تا دێمه‌وه … ( تا پۆلیسه‌كه هاته‌وه، ئه‌وان له سه‌ربانی پێشه‌وه‌ی دادگه دامه‌زران … له‌م كه‌ینوبه‌ینه‌دا نازه‌نین و سالار و گوڵاڵه، خه‌ریكی ته‌واوكردنی كاره ڕۆتینه‌كانی خۆماره‌بڕین بوون و به‌ده‌م خۆشییه‌وه له دوا ژووری تۆماركردن هاتنه‌ده‌ر، دڵخۆشی و بروانه‌كه‌رده‌نی وه‌ها ڕۆژیك هێنده باڵی به‌سه‌ردا كیشابوون، هیچ ئاگایان له ده‌وروبه‌ر نه‌مابوو و به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه به‌ره‌و ده‌ره‌وه هه‌نگاوییان ده‌نا …
سالار : گوڵاڵه گیان، تۆ یه‌كسه‌ره بڕۆڕه‌وه بۆ ماڵ و دوایی خۆمان ئاگادارت ده‌كه‌ینه‌وه كه له كوێین، به‌س له‌بیرت نه‌چێت، كه تۆ له داره‌سووتاوه‌كه نازه‌نینت لێ ونبووه و نازانی زه‌وی قوتی داوه یا ئاسمان هه‌ڵی لووشیوه ! هه‌وڵبده كه داوا له دایكت بكه‌یت، تاوه‌كو به‌وان نه‌ڵێت، كه تۆ له‌ته‌ك ئه‌و له ماڵ ده‌رچووی و تۆش نازانی بۆ كوێ چووه …
له‌تەك گه‌یشتنه به‌رده‌رگه‌ی دادگه، نازه‌نین باوه‌شی به گوڵاڵه‌دا كرد ….
– گوڵه گیان، نازانم چۆن سوپاستبكه‌م و چۆن بتوانم پاداشتی هاریكاری تۆ بده‌مه‌وه، هیوادارم ڕۆژیك بێت، كه بتوانین ئێمه‌ش فریای تۆ بكه‌وین.
(خه‌ریك بوو چاوه‌كانی فرمێسكی شادی و دابڕانیان تێده‌زا، به‌ری به گریانی گرت و له‌ته‌ك سالار پێیانهه‌ڵگرت و پێش گوڵاڵه كه‌وتن و به‌ره‌و سه‌ر شه‌قامه‌كه ملیڕێگه‌یانگرت … گوڵاڵه‌ش دووراودوور به دوایانه‌وه ڕێیده‌كرد. چه‌ند جارێك ئاوڕیان له گوڵاڵه دایه‌وه و بزه‌یه‌كی پڕ سۆزیان ئاراسته‌كرد.. هه‌رچی هێزیان تێدابوو، دابوویانه به‌ر ئه‌ژنۆیان تاوه‌كو ده‌ربازبن. به‌ڵام پێگیره گرتبوونی و خه‌م و شادی، ترس و وره، هیوا و مه‌رگ له ناخیاندا له زۆرانبازیدابوون. له خه‌یاڵی خۆیاندا توند ده‌ستی یه‌كتریان گرتبوو و به‌ژنوباڵای ڕێكهه‌ڵكه‌وته‌یان لەنێو ئاپووره‌ی به‌رده‌م دادگه‌دا دیار، دڵیان پڕ له هه‌زار خۆزگه و خه‌یاڵیان بۆ شوێنێك فڕیبوو، كه ده‌ستی ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێڕانه‌ده‌گه‌یشت. سۆمای چاویان، تیشكی ئه‌وینی ده‌هاویشت، ئه‌مڕۆ ئیدی دونیا له‌به‌رچاویان جۆرێكی دیكه بوو. ئاوڕێكیان له گوڵاڵه دایه‌وه و زه‌رده‌خه‌نه‌یكی سوپاس و پێ‌زانین، به‌ڵام جوانه‌مه‌رگ. ده‌ستڕێژی گوله‌ی شه‌ره‌ف و ناموس له ژێر ته‌رازووه لاره‌سه‌نگه‌كه‌ی دادگه‌دا دایكرد ….
یه‌كه‌م ده‌ستڕێژ نازه‌نین خه‌ڵتانیخوێن بوو، گوڵاڵه خۆی گه‌یانده لای سالار و نازه‌نین .. ده‌سترێژی دووه‌م، سالار و گوڵاڵه‌ی كرده نیشانە و مێردمناڵێكی ده‌ستفرۆشی له خوێندا گه‌وزاند. هه‌رچۆن بوو، سالار خۆی گه‌یانده سه‌ر جه‌سته‌ی له خوێنگه‌وزاوی نازه‌نین و له ئامیزیگرت، به‌ڵام دره‌نگبوو، نازه‌نین بۆ هه‌میشه خه‌وی لێكه‌وتبوو. نامووسپاریزه‌ران گه‌یشتنه سه‌ریان و گوڵاڵه‌یان به قژ ڕاكێشكرد و پارچه كاخه‌زێكی بچووك له ده‌ستی گوڵاڵه كه‌وته خواره‌وه. سالار پڕی دایه كاخه‌زه‌كه و هه‌لیگرته‌وه و كردییه‌وه. سه‌راپای جه‌سته‌ی بووبووه نه‌فره‌ت و توڕه‌یی، ده‌توت وێردی ماڵاوای له‌سه‌ر جه‌سته‌ی دڵداره‌كه‌ی ده‌خوێنیت:
– بژی یه‌كسانی ژن و پیاو.. (له‌بری چه‌پڵه ده‌ستڕێژێك، سنگی سالاری كرده نیشانه و پارچه كاخه‌كه ده‌توت ئاڵایه‌كی سووره له ده‌ستیدا ڕایده‌وه‌شێنێت.. سالار به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نازه‌نیندا گلا.. هه‌ر ئه‌وه‌نده هێزی تێدامابوو، سه‌ریهه‌ڵبڕی و تفێكی كرده چه‌كداره‌كانی بان سه‌ریان و سه‌ری نازه‌نینی گرته نێوده‌سته‌كانی و نێوچه‌وانی ماچكرد و وه‌ك دوا ئاوات ئه‌م ڕسته‌یه‌ی به پچڕ پچڕی ده‌ربڕی..