ئاڵه هاوسێ
پاش ماوه‌یه‌كی زۆر، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ر و بێنه‌وبه‌رده، توانیم سه‌رپه‌نایه‌كی كه‌مێ گونجاوتر له كونه‌چه‌قه‌ڵه‌كه‌ی پێشووم به‌ده‌ستبێنم. فره دڵم پێی‌خۆش‌بوو، چونكه ده‌متوانی هێنده‌ی سینییه‌ك ئاسمان ببینم. هه‌رچۆنێ بوو، چته‌كی تازه‌بوو. هه‌رچه‌ندی ده‌بوو، له‌یه‌ك كاتدا خانووه كۆنه‌كه پاك و سپی بكه‌وه‌وه و خانووه نوێیه‌كه‌ش كاخه‌زدیواری لێبده‌م، به‌ڵام هه‌ر فره دڵم پێێخۆشبوو. هێشتا پشتم له‌ژێر ئه‌و كارانه‌دا ڕاستنه‌كردبووه‌وه، زه‌نگی ده‌رگه لێدرا و لەتەك كردنه‌وه‌ی ده‌رگه، سێ كه‌س خۆیان هاویشته ژوور و بێ یه‌ك و دوو كه‌وتنه پشكنینی ژوور و هۆڵه‌كه. چیتان لێبشارمه‌وه، ترس سواری دڵم بوو و دڵم كه‌وته تەپەتەپ. لێدانی دڵم گه‌یشتبووه خێرایی سم له زه‌میندانی شینه ئه‌سپێك له غارداندا. خه‌می ئه‌و دونیایه بووبووه مۆته‌كه‌ی سه‌ر دڵم؛ تۆ بڵێی من هێنده گه‌وج بووبم، به‌هه‌ڵه خانووی خه‌ڵكیم له‌بری خانووه‌كه‌ی خۆمان پاك و ئاماده‌كردبێ. ئه‌وان بەبێ مۆڵه‌ت، خه‌ریكی پشكنین و به‌راوردبوون، منیش كه‌شتییه‌كه‌م لە ده‌ریای ترس و خەیاڵدا ڕۆچووبوو. هه‌رچه‌ندم ده‌كرد، تێنه‌ده‌گه‌یشتم چ باسه، باشبوو،
پیاوه‌كه به باوه‌شێ سمێڵی پاش و پێش تاشراوه‌وه گوڕاندی:
– ئه‌من جیرانی ئه‌نگۆمه.
كه‌مێك هاتمه‌وه سه‌رخۆم و توانیم گرێكوێره‌ی مه‌ته‌ڵه‌كه تۆزێ شلكه‌م، به‌ڵام هێشتا لێم ڕۆشننه‌بوو، كه دوو ژنه‌كەی تەكی چین و كێن؟ هه‌ر چۆنێ بوو، تۆزێ خۆم گوڕكرده‌وه و لێم‌پرسی:
+ بەته‌نیا تۆ ؟
وه‌ك لەیەكدانی دوو گه‌واڵه‌هه‌ور، پرسیار و وه‌ڵامه‌كه لەیەكیاندا و هه‌وره‌تریشقه‌ئاسا، وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌گوێچكه‌مدا ده‌نگیدایه‌وه:
– چۆن به‌ته‌نیا، مه‌گه‌ر نازانی ئه‌وانه ژن و مناڵمن؟
به‌جۆرێ په‌رده‌ی گوێم له‌رییه‌وه و كپبوو، كە ده‌ستبه‌جێ نه‌متوانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. پاش كه‌مێك حه‌په‌سان گوتم:
+ نه‌خێر كاكه، لە كوێ بزانم ؟
وه‌ك گلۆربوونه‌وه‌ی به‌رمیله نه‌وتێك، غه‌ڵبه غه‌ڵبێكی كردوو و گوتی:
– كاكی برا، ئه‌من له خێزانێكی خانه‌دانیمه و شكور موسوڵمانیشم، ئه‌دی كو، خۆ ئەمه وه‌كی ئه‌و گاورانه بێئه‌سڵ و فه‌سڵ نین!
تا ئه‌و ساته هێنده شێوابووم، ئاگام له هاوه‌ڵه ئه‌ڵمانییه‌كه‌م نه‌مابوو و به‌فه‌رمایشتی برای موسوڵماندا زانیم، كه هاوه‌ڵه‌كه‌م
له‌م كه‌ینوبه‌ینه واقیوڕماوه. ترس و قین سه‌ردڵیانگرتبووم، ناچاریش ده‌بوو وه‌ڵامبده‌مه‌وه، ئه‌گینا شه‌قمده‌برد. بۆیه پێمگوت:
+ دیاره، كاكه بەخۆی دیاره، پێویست به گوتن ناكات، خه‌ڵكی خانه‌دان له دوورڕا هاوارده‌كات. ئه‌ی لۆ له سه‌ره‌تاوه نه‌تگوت، خۆ گیان گه‌یشته كونه‌كەپووم، وامزانی به‌هه‌ڵه ماڵی كه‌سێكی دیكەم داگرتووه.
نازام چۆن بوو، ژن و كیژه‌كه‌ی به‌ره‌و ئێمه هاتن؛ بۆ پرسیار یان حه‌زیان له گوێڕایێڵان له شانازییه‌كانی كاكم بوو! به‌ڵام كاكی هاوسێمان چه‌ند جار ئحم. ئحم، ده‌تگوت ماتۆره و گازی ده‌ده‌نێ، به زمانی خانه‌دانان هه‌وڵیدا بیانگێڕێته دوا‌وه، كه زانی بێسووده ناچار تێیقوچاند. له ده‌می ده‌رگه‌كه‌دا به‌ڵای ڕاستدا ئاوڕی داوه و گوتی:
– ئه‌مه‌ش خانووی ئێمه‌یه، سوپاس لۆ خودای، كه ئه‌و گاورانه دراوه‌سێمان نه‌بوون!
به‌خێرایی ده‌ركه‌گه‌م بەدوایدا داخست و ئۆخه‌یه‌كم كرد. هاوه‌ڵه ئه‌ڵمانییه‌كه‌م كه تا ئه‌وكات ده‌می بووبووه ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، بزه‌یه‌كی هاتێ و گوتی:
– ئه‌وه چیانده‌ویست، كێبوون ؟
دیاربوو له سەرەلەقێ و دەستڕاكێشانەكانی كابرای خانه‌دان تێگه‌یستبوو. هه‌ر چۆن بوو، به چوار وشه ئه‌ڵمانییه‌كه بێسەرونەركەی خۆم تێمگه‌یاند، كه كێن و بۆ هاتبوون. ھاوەڵەكەم كه‌مێ ڕاماو گوتی:
– ده‌مێكه ده‌یانناسی ؟
منیش به‌كه‌مێ شەرمه‌وه گوتم:
+ نه‌خێر.
پاڵی به په‌نجه‌ره‌كه‌وه دا و مژێكی له سیگاره ده‌ستپێچكه‌كه‌ی دا و گوتی:
– ئه‌ی چۆن ئا‌وا به‌بێ قسه و بێمۆڵه‌ت خۆیان ترنجانده ژووره‌وه، لای ئێوه خه‌ڵكی ئاوه‌هان؟
هێنده‌ی دیكە ئاره‌قه به‌نێوچاوانمه‌وه وشك‌بووه‌وه، هه‌رچۆن بوو گوتم :
+ نا، نەخێر ..
ناچار باسه‌كه‌م بادایه‌وه سه‌ر په‌یوه‌ندی گاڵكێشان به بێكارییه‌وه. دڵخۆشیم به خانووه نوێیه‌كەمان وه‌ك كورته خه‌ونێك له ناخما شوێنی به‌خۆنه‌گرت و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت. په‌شیمانی بووه میوان و خه‌میش له‌بانی. ئاخر چۆن ده‌توانی چه‌ند ساڵ له‌ته‌ك هاوسێیه‌كی ئاو‌هادا بژیت و هه‌ست به‌ئاسووده‌یی بكه‌یت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م بۆ نه‌دۆزرایه‌وه. هاوسه‌ره‌كه‌م گوتی: ده‌ی ده‌ی تۆش هێنده شت به قورس وه‌رمه‌گره، تێكه‌ڵاوییان ناكەین و بڕاوه. منیش گوتم ئا‌وا بۆمان بلوێت، خراپنییه.
ڕۆژ هاتوو ڕۆژ چوو، وه‌ك هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی، پاش تەواوبوونی كار، به‌په‌له خۆم گه‌یانده‌وه ماڵ، تاوه‌كو نانێ بخۆین و بچینه گه‌ڕانێ. به‌ڵام كه هاتمه‌وه دیتم، هاوسه‌ره‌كه‌م وه‌ڕس دیاره. كردمه شۆخی و گوتم:
– چییه خانمه‌كه‌م، چی ڕوویداگه، خۆ گه‌نمه‌كه‌مان ئافات لێینه‌داگه؟
+ نه‌خێر، ئه‌رێ تۆ چۆنت زانی، كابرای هاوسێمان گەلەك له نه‌هزه‌ی ئیسڵامی خراپتره؟
– كچێ هه‌ی خانه خراو، ئه‌وانه هه‌ر هاتنه جواو، كه‌لـله شه‌كرێ ده‌كه‌ن ته‌واو، یان یه‌كسه‌ره مرۆڤ ده‌كه‌ن ڕاو.
+ ئه‌رێ خۆیه‌تی به‌ڕاسی، وه‌ك كه‌ره‌كه‌ی خۆمان، خاسی ده‌ناسی.
كه دیم شتە‌كه به‌ڕاسییه، ده‌ستبه‌جێ پرسیم:
+ بۆ چی بووه، چ ڕوویداوه ؟
– چشتەكی وانییه، ئه‌مڕۆ چووم پۆسته‌كەمان بكه‌مه‌وه، لوتم
به‌لوتییه‌وه ته‌قی و گوتی ” ئه‌رێ خوشكێ، عه‌یب نه‌بێ كو سه‌رپۆشی به‌سه‌ردا ناده‌ی، مه‌گه‌ر ئه‌نگۆ موسوڵمان نین، ئه‌ی نازانن ڕه‌مه‌زانه؟ “
منیش گوتم : با، به‌ڵام ئێمه ڕۆژی ناگرین.
له‌كاتی قسه گێڕانه‌وه‌كه‌دا هێنده په‌له‌م بوو بزانم چی و چی گوتووه، وه‌خت بوو شه‌قبه‌رم. گوتم:
– ئه‌ی نه‌تتوانی پێیبڵێی كاكه به‌تۆ چی، مه‌گه‌ر من به‌ژنه‌كه‌ی تۆ ده‌ڵێم بۆ وه‌ك یاپراخی گه‌ڵامێو خۆی پێچاوه‌ته‌وه !
+ من به‌جێمهێشت و زۆر له‌سه‌ری نه‌ڕۆیشتم.
هێنده‌ی دیكە دڵخۆشیم به‌خانووه تازه‌كه، بوو به بڵقی سه‌رئاو، ده‌تگوت كابرا شه‌و و ڕۆژ سواری سه‌رم بووه، هێنده لێی په‌ستبووم. هه‌ر مه‌پرسن. ڕۆژ هات و ڕۆژ تێپه‌ڕی، ئه‌م جاره‌یان به‌ختژمێره‌كه‌ی ئەو خراپ سوورا و به‌ختژمێری من له‌سه‌ر هه‌لی زێڕین وه‌ستا. ڕۆژێك نه‌خۆشبووم و نه‌متوانی بچم بۆ سەر كار، دكتۆر مۆڵه‌تی نه‌خۆشی بۆ نووسیم و لاره‌لار گه‌ڕامه‌وه ماڵ. له‌به‌رده‌ركه‌ی ماڵ به‌ده‌م بنێشتجوینه‌وه، به‌یانی باشم له هاوسێیه‌كی ڕوسمان كرد، ئەویش به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه گوتی:
– فڵانه‌كه‌س ده‌ڵێی تۆ به‌ڕۆژی نیت؟
پرسیاره‌كه‌ی لەلام فره سه‌یرنه‌بوو، چونكه ئه‌و ڕۆژانه ئه‌و پرسیارانه‌م فرە لێده‌كران، كه له‌كارگه ده‌یانبینی وەك ئەوان ھەموو شتەكان ده‌خۆم و له ساڵڕۆژی له دایكبوونه‌كانیاندا شه‌راب ده‌خۆمه‌وه، ئه‌م پرسیاره وه‌رسیكردبووم. به‌ڵام به‌سه‌رخۆم نه‌هێنا، دیاربوو به هه‌راوهوریای ماڵه خانزاداندا زانیبووی كه ڕه‌مه‌زانه، له‌وه ده‌چوو، چووبنه سه‌ریان و پێیانگوتبن: ” ئه‌م بانگ و سه‌ڵایه چییه، خۆ مزگه‌فت نییه و كابرای خانه‌دانیش، كه‌مێك مه‌وعیزه‌ی لۆ كردبن” بۆیه به‌ده‌م پێكه‌نینه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه:
+ نه‌خێر، هێشتا ڕەمەزان نه‌گه‌یشتۆته ماڵی ئێمه.
– چۆن، تێناگه‌م، مه‌گه‌ر گه‌یشتنی ڕەمه‌زان، چۆنه ؟
+ ده‌زانم لەلات سه‌یره، ده‌زانی چۆنه؟
– چۆنه، بۆم باسكه؟
+ له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵی هاوسێكه‌مان خۆیان واته‌نی له عیراقیش خانه‌دان بوون، بۆیه وا خێرا ڕه‌مه‌زان گه‌یشتۆته لایان، دیاره به‌فڕۆكه لۆیان ناردوون. به‌ڵام ئێمه له‌وێش هه‌ژار بووین، بۆیه
به وشتر لۆمانی ده‌نێرن و دره‌نگ ده‌گاته لامان !
كابرا هێنده پێكه‌نینی، خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌ردایه‌وه، به‌ده‌م قاقای پێكه‌نینه‌وه ده‌ستی بۆ خانووه‌كه‌ی
ئه‌وبه‌ریان ڕ‌اكێشا و گوتی :
– ڕۆژێك به منیان وت ” با بچینه كه‌نیسه شه‌رابی پیرۆز بخۆینەوە”. منیش گوتم: كوره بابه بۆ هێنده كیلۆمه‌تر ده‌بری لۆ كه‌وچكه شه‌رابێ، وه‌ره كن من، با بوتڵێك شه‌رابی كۆنت بده‌مێ، هه‌مووی بۆخۆت.
به‌ده‌م قاقای پێكه‌نینه‌وه، به‌پێپلیكانه‌كاندا سه‌رده‌كەوتم، یه‌كڕاست كابرای دراوسێمان به‌كۆمه‌ڵێ ڕیشی بێسمێڵه‌وه وه‌ك جندۆكه‌ی له‌به‌رده‌مم قوت بویه‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی داچڵكام. ئاخر هێشتا ترسی دێ‌و و درنجی چیرۆكه‌كانی نه‌نكم له ناخمانا ده‌رنه‌چووه. ڕه‌نگی زه‌رد و ڕدێنێكی چڵكن و قانگدراوی سیگار، ناوچه‌وانی گرژ و توند وه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ره‌كانی به‌عس ترسناك بوو. دیار بوو گوێی له‌گاڵته و گه‌پی ئێمه بووبوو و كوڕه مێرد مناڵه‌كه‌ی بۆی كردبووه كوردی، ڕكوكینه‌ی كه‌فی ده‌چراند:
– ئه‌رێ كاكه تۆ عه‌یب ناكه‌یت، كه به‌خۆت ڕۆژی نابی، لۆ لەتەك گاوران گالته‌ی به‌ئیسڵامی ده‌كه‌ی ؟
+ بۆ فڵانه‌كه‌س، چ بووه، خۆ باسم به‌خراپه نه‌كردووی ؟
– ئه‌ی ئه‌وه چییه، ئه‌و ھەموو گووخواردنه‌ت؟
به هه‌ناسه بركێوه گوتم: ببووره كه من ناتوانم، گوڵاوی وا له‌ده‌م
ده‌ركه‌م، به‌ڵام ده‌كرێ پێمبڵێیت، ئه‌ی تۆ كێ به‌كرێی گرتووی ڕێ له هاوسه‌ره‌كه‌م بگریت و وه‌ك پۆلیس بیده‌یته به‌ر پرسیار، بۆ حیجاب ناپۆشن، بۆ ڕۆژوو ناگرن، بۆ سواری پایسكیل ده‌بن، بۆ لەتەك گاوران قسان ده‌كه‌ن، مه‌گه‌ر تۆ چیت؟
– ئه‌ی لۆ ئێوه له‌خۆتان گۆریوه و ده‌ڵێن ” ئێمه خۆمان به موسوڵمان دانانێن؟
ئه‌م جار گوتم: جا به‌تۆ چی، ده‌ڵێی بزنی به‌م ڕیشه‌ته‌وه، هه‌موو كوردتان له‌به‌رچاوی ئه‌م خه‌ڵكه كردووه به خه‌ڵكی نیانده‌رتاڵ.
كابرا كه زانی لێی پڕم، وه‌ك مردوو ده‌می داچه‌قاند و چووه خوارێ. به‌ڵام قینم دانه‌ده‌مركایه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی فریاكه‌وتم و پێمگوت: هێنده موسوڵمانی لۆ پاره‌ی سۆشیال و كاریتاس وه‌رده‌گری، خۆ له سعودییه‌وه نایێت، باج و خه‌راجی له‌شفرۆشخانه و مه‌یخانه‌كانه، كاكی موسوڵمانی خانه‌دان؟! وا دیاره تۆ گۆشت ناخۆی، بەڵام گۆشتاو ده‌خۆی، ها؟!