پشووی كار و دەنگدانەوەی خومپارەكان
سه‌یرێكی كاتژمێری قەد دیواره‌كه‌ی كرد و ئاهێكی هه‌ڵكێشا … ”ئای كه گه‌وجی، وەھا بڕوات شێتده‌بیت، ئاخر سی و پێنج ساڵ كاركردن به‌چاوه‌ڕوانی زووهاتنی ساته‌كانی نانه‌درۆزنه و پشووی نیوه‌ڕۆ و كه‌ی ده‌ستله‌كارهه‌ڵگرتن ته‌واونابێت. سی و پێنج ساڵ به‌ده‌م خۆشه، ته‌مه‌نێكه، ئه‌ی قوڕ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م ڕۆژی كاركردنیانه و ده‌بێت چل و پێنج ساڵ كاربكه‌ن، چل و پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی تاكو پیر بیت و به‌یانیان به ئاره‌زووی خۆت له خەوڕابیت و سه‌گێكی چكۆله‌ی توكنت هه‌بێت بۆ هاوه‌ڵی ڕۆژانی خانه‌نشینی و خۆزگه خواستنه‌وه به‌م ڕۆژانه‌ی كه ئێستا وه‌ك دوژمنی باوككوشته، خۆزگه به‌تێپه‌ربوونیان ده‌خوازیت، تاوه‌كو تاوێك زووتر بگه‌ڕێیته‌وه ماڵ” …. ده‌نگی هاوكاره‌كه‌ی ”با بڕۆین سیگارێك بكێشین” دایچڵەكاند و له‌م بێنه‌وبه‌رده‌یه‌ی ڕۆژانه بەئاگایھێنا و بەبێ یه‌ك و دوو ده‌ستی له‌كار هه‌ڵگرت و سه‌یرێكی ئه‌م لا و ئه‌و لای خۆی كرد و به‌ره‌و ده‌رگه بچكۆله‌كه‌ی پشته‌وه ملینا … “هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌كی پاك له‌وانه‌یه كارایی له‌سه‌ر درێژبوونی ته‌مه‌ن دابنێت، ئه‌ی چه بۆ چەنا، خۆ مردم ئه‌وه‌نده‌ی تۆز و گه‌رد چووه نێوسییه‌كانم”. هه‌ر له‌ده‌رگه‌كه ئاودیوبوو دیمه‌نی دارستانه چره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری ئه‌سپه‌شێی خەیاڵیان پێتاودایه‌وه و ئاره‌زووه په‌ژمورده‌كانی چرنوكیان له‌بیری گیركرده‌وه ”ئه‌ی سمۆره‌ی داره‌وان گوێز چەند خۆشه بۆ زستان” سه‌رنجێكی دره‌خته‌كانی دا و ئاهێكی هه‌ڵكێشا ”ئای كه چۆن به منداڵی پیر بووم، چەنده به‌چێژبوون ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌تەك نه‌ریمان به‌ره‌و ناو باخ ده‌كشاین و به‌ده‌م هه‌ڵماتێن و ڕاوه سمۆره‌وه، كاته‌كانی دوای فێرگه‌مان ده‌بردنه‌سه‌ر. ده‌یوت – ئه‌م جاره، سمۆره‌م گرت بۆ تۆ ده‌بێت – ، یادی به‌خێر، ئەوە دوا وشه‌و دوا به‌ڵێنی بوو ،كه وه‌ك یادگاری بۆی به‌جێهێشتم. هه‌رچەنده ئەو له من مناڵتر و لاوازتر بوو، به‌ڵام هێنده‌ی سمۆره‌كان، چست و چالاك بوو، ده‌یزانی سمۆره و چۆله‌كه‌كان كه‌ی ده‌رده‌كه‌ون و كه‌ی كاتی هه‌ڵبه‌زودابه‌زی یاریكردنیانه. ئه‌و ڕۆژه دارلاستیكێكی نیشاندام و وتی – بڕوانه تازه كڕیومه، چەرمی سووره، كێشی فره‌یه، له‌به‌ر خۆره‌تاویش ناسووتێت – … ئاخر هه‌رچەنده من لەچاو ئەو به‌جەسته‌تر بووم، به‌ڵام نه دارلاستیكم هه‌بوو نە هەڵمات، تۆپیشم نه‌بوو، ئێوارانیش له ترسی باوكم هه‌رچی خۆشی ئه‌و ڕۆژه بوو، لێمده‌بوو به‌به‌ڵایه‌كی گه‌وره و له‌بیری خۆمم ده‌برده‌وه، نه‌كا باوكم سه‌یری چاوم بكات و مێشكم بخوێنێته‌وه. وه‌ی به‌حاڵم بێجگه له شه‌ق و سۆنده‌كانی سه‌رپشتم، كه ده‌توت هێڵكاری تابلۆیه‌كی چروپڕن وەھا له‌سه‌ر پێستی منداڵیم، وێنه‌یان ده‌كێشرا، ئه‌وجا ڕۆژی دوای دەھاته فێرگه و به مامۆستا ڕۆشنبیره‌كانی ده‌وت – گۆشتی بۆ ئێوه و ئێسكه‌كانی بۆ من – … ‘نه‌ریمان’یش شه‌و و ڕۆژی بۆ نه‌بوو، بووبووه هاونیشنگەی گیانله‌به‌رانی نێو باخەكان، ناو و نیشانی ئەوانی باشتر له ناوی مرۆڤەكان ده‌زانی. به‌ڵام ئاخ، گوله‌تۆپێكی ئیمامی زەمان، ئاره‌زووه‌كه‌ی منی وه‌ك سه‌ره چكۆله‌كه‌ی نه‌ریمان پڵیشانده‌وه و وه‌ك ده‌سته لاواز و چكۆله‌كانی نه‌ریمان و نازیمه‌ی خوشكی، پارچەپارچەیكردن. لە ترسی مەرگ ئاره‌زووی دیداری نه‌ریمان و سمۆره بزیوه‌كانم له بوخچەی مناڵیمدا پێچایه‌وه و تۆپه دوورھاوێژەكانی ئیمام تا سه‌ر شیوه‌كه‌ی ئابڵاخ ڕاویاننام و خۆزگه‌كانم به به‌رخۆره‌تاوی نیوه‌ڕوانه‌وه سووتان. كاتێك كه دروستكه‌ری گوله‌تۆپه‌كان ئاگر له لانكه‌ی نه‌ریمان و نازیمه به‌رده‌ده‌ن، لێره‌ش ھێشتاكە له ناخمدا ده‌پڕوزێن و هێشتاكە لێره‌ش له دووی سمۆره وێڵم.
خشه‌یه‌ك لەژێر گەڵاوەریوەكانەوە خەیاڵكه‌ی ڕەوانده‌وه، هه‌ڵبه‌زودابه‌زی دوو سمۆره، وه‌ك شێت ده‌ستیكرده بانگكردنی سمۆره‌كه ” چكچچچكچچچكچچ ” سمۆره‌یه‌كیان به‌ره‌و ڕووی هات، دۆشداما ”خۆ .. هات …. چچكچچ چ چچ چك چچ چچ چچچ” سمۆرەكه له ته‌لبه‌ندی شوره‌ی كارگه‌كه‌وه هاته‌ژوور، ئەویش به‌سه‌رسورمانه‌وه به‌رده‌وام بانگیده‌كرد و هه‌ناسه‌بڕكێ گرتبووی، به‌خۆی باوه‌ڕینه‌دەكرد، سمۆره‌كه هاته به‌رده‌می و چاوه وردیله خڕەكانی بڕیبووه چاوی ئەو، ده‌توت لێیده‌پارێته‌وه و خوازیاری شتێكه، هه‌رچەندی ده‌كرد لێینه‌ده‌گه‌یشت … ”ئاخۆ چیت بوێت، نه‌خۆشبیت، یان برسی، ئاوھا هانات بۆ من هێناوه” … سه‌رێكی به‌رزكرده‌وه و ڕوو له باڵداره بێئۆقره‌كان ”خۆزگه‌م بە ئێوە، وەھا سه‌ربه‌ستن، نه‌كار و نه‌خاوه‌نكار” … جارێكی دیكە سه‌رنجی چاوه زەرباوه‌كانی سمۆره‌كه‌ی داوه … ”نازانم چی بكه‌م، ناتوانم بتبه‌مه لای پزیشك، یان چەند گوێزێكت بۆ په‌یدابكه‌م یان هیچ نه‌بێت بتبه‌مه‌وه ئه‌ودیو شوره‌كه، ئاخر خاوه‌نكار ڕێمپێنادات” … لەم كەینوبەینەدا لەپڕ ده‌نگی هاوكاره‌كه‌ی ڕایچڵەكاند ” ئه‌وه له‌كوێیت، چییە، خەوتبوویت ؟