ميداڵی كوردايه‌تی
له‌سه‌رخۆ تەڵان تەڵان به هه‌ناسه‌بركێوه سه‌ركه‌وته سه‌ره‌وه، لەتەك هه‌ڵبرێنی لاقه‌كانی سه‌ريشی ده‌له‌قیيه‌وه. سه‌رێكی به‌رزكرده‌وه و بزه‌يه‌كی خسته‌سه‌ر لێوه وشكهه‌ڵاتووه‌كانی، نيگا به‌زه‌يیخوازه‌كانی سكاڵای دونيای ڕه‌به‌نی و ڕه‌نجه‌ڕۆييان به‌گوێی داروبه‌ردا ده‌دا.
به په‌له سڵاوێكی شه‌رمنۆكانه‌ی له دانیشتوان كرد، بەبێ ئه‌وه‌ی له نێوانيادا بۆ شوێنێك چاوبگێڕێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه پێشتر بڕياریدابێت تێكه‌ڵ به كۆڕه‌كه‌يان نه‌بێت، له بن دارهه‌نجيره‌كه‌دا پاڵیدایەوه. ئاخر ئەو هه‌ميشه خۆی له‌وه ده‌پاراست، نه‌كا ببێته شه‌وچه‌ره‌ی كۆڕه‌كان. هێنده هه‌ستی برينداركرابوو، باوه‌ڕيشی به‌خۆی نه‌مابوو. وه‌ها به په‌له وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه، ده‌توت وشه‌كان زاری ده‌پروزێنن. هێنده بڕوای به به‌خێرهاتنه‌كه‌يان نه‌بوو، له وه‌ڵامدانه‌وه‌یاندا ئاوڕی لێنه‌ده‌دانه‌وه و ته‌نيا له‌كۆڵی خۆی ده‌كردنه‌وه.
لێپرسراو : حه‌مه‌ده‌مين، به‌خێر بێيت، چۆنيت؟
حه‌مه‌ده‌مين : باشم قوربان.
لێپرسراو : چييه خه‌ليفه، ده‌ڵێی ئه‌م ناوه‌ت به‌دڵنييه؟
حه‌مه‌ده‌مين : به‌دڵيشم نه‌بێت، چم له‌ده‌ستدێتن؟
لێپرسراو : كو بابم، مه‌گه‌ر تۆ گه‌وره‌ی هه‌موومان نيت؟
حه‌مه‌ده‌مين : نه‌خێر، من چ گه‌وره نيمه. گه‌ر گه‌وره‌بام، ئه‌وه حارم نه‌ده‌بوو !
لێپرسراو : ده‌زانم. ده‌زانم بۆ واماتی، هه‌بێ و نه‌بێ سيگارت لێبڕاوه. وا نييه؟
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌دی كه‌نگێ ئێمه پاره‌دار بووينه، پاره‌داران ديارن!
لێپرسراو: مامۆستا ساڵح، ده ديناری بده‌رێ و بنووسه، حه‌مه‌ده‌مين دوو جار قه‌رزاری منمه.
م. ساڵح : ها..هااااااه، واته ئەو پێشه‌كیمان لێوه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌يان تازه‌يه!
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌دی كو، ئه‌نگۆ، له‌خۆرايی پاره نابه‌خشنه‌وه.
لێپرسراو : ئه‌وه‌نده‌ت به‌سته؟
حه‌مه‌ده‌مين : له نه‌بوون باشتره، خۆ ئه‌نگۆ…
(قسه‌كه‌ی ته‌واوناكا و هه‌ڵده‌ستێته‌وه و به‌ره‌و سه‌رڕێگه خاكییه‌كه به‌لای ڕاستدا باده‌داته‌وه).
لێپرسراو: من ده‌يناسم، خۆی حه‌زی به به‌زمه، كه‌ڵكی نه‌ماوه سكرابه. به‌ڵام هه‌رچۆن بێت، ڕاگرتنی بۆ پاسه‌وانی بنكه خراپ نييه. هه‌رچه‌نده كه‌ڵبه‌ی داڕزاوه!
(سه‌يرێكی كاتژێره‌كه‌ی كرد و كه‌مێك چرچ و لۆچه كشاوه‌كانی نێوچه‌وانی لەیەك نزيككردنه‌وه. هه‌وای سييه‌كانی به‌فوويه‌كی دوورودرێژ ده‌ردايه‌وه و باڵه‌كانی به‌رزكردنه‌وه و ماسولكه‌كانی گرژكردنه‌وه. ده‌ستێكی به‌سه‌ره ڕووتاوه بچووكه‌كه‌يدا هێنا و يه‌ك دووجار سه‌ری به‌م لاو به‌و لادا سوڕاند و باسكی وه‌ك ده‌سكی ئافتاوه‌ی چه‌مانده‌وه به‌ركه‌مه‌ری. سه‌يرێكی قه‌فه‌زی بولبوله‌كانی كرد و ڕوويكرده شۆڤێره‌كه‌ی ..
– عه‌لی، گاڵت كرده به‌رده‌م بولبوله‌كان، قازه‌كان چی، بردنته لای تاڤگه‌كه، تيۆتاكه‌ت له ڕيكنه‌ی قازه‌كان پاككرده‌وه؟
عه‌لی : به‌ڵێ قوربان، هه‌رچه‌نده ئێستاكه لاقيان خۆڵاوی بۆته‌وه !
لێپرسراو : كه‌واته دانه دانه له ئاوه‌كه‌يان هه‌ڵكێشه و بیانخه‌رەوە نێو تيۆتاكه !
عه‌لی : ئاخر قوربان دواده‌كه‌وين، به‌ئاسانی بۆم ناگيرێن !
لێپرسراو: چه‌ند جارم وت بەبێ وه‌ڵامدانه‌وه، كاره‌كه‌ت ئه‌نجام بده و ئه‌وه‌نده مه‌ڵێ ! بڕۆ دوو پێشمه‌رگه له‌تەك خۆت به‌ره و زووكه.
لەتەك هه‌ڵكێشانی پاژنه‌ی كڵاشه‌كانی، گشت وه‌ك پرسه‌دارانی به‌رده‌ركه‌ی مزگه‌وت ڕاستبوونه‌وه و پێشاوپێش وه‌ستان، تا جه‌نابی فه‌رمانده پێشكه‌وت، له گه‌وره‌وه تا بچووك پله به پله كه‌وتنه‌ڕێ …..
ده‌نگی حه‌يرانه‌كه‌ی مام حه‌مه‌ده‌مين، كاره‌ساته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌ك په‌رده‌ی سينه‌ما هێنايه‌وه به‌رچاوی سه‌ركۆ و به‌ره به‌ره له‌تەك ڕۆچوونه ده‌ريای بيره‌وه‌رييه ده‌نگنووساوه‌كانییەوە، لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵدراوه‌ی ڕۆمانی دايك، لەبەرچاوەكانی لێڵده‌بوو. هه‌ڵچوونی خه‌م و په‌ژاره‌ی دڵی حه‌يرانبێژ، مه‌رگ و ژيان له ياداوه‌رييه‌كانا، شه‌ڕی مان و نه‌مانيان ده‌كرد. به‌ته‌واوی ئاگای له ده‌وروبه‌ری بڕابوو. پرسياره كتوپڕه‌كه‌ی مام حه‌مه‌ده‌مين، وه‌های داچڵه‌كان، ده‌تگوت بۆمبا به‌سه‌ريدا ته‌قيیه‌وه.
حه‌مه‌ده‌مين : چ بوو، هه‌مووان ڕۆيیشتن؟
سه‌ركۆ: ئا.. به‌ڵێ مام حه‌مه‌ده‌مين.
حه‌مه‌ده‌مين : به‌خودای حه‌زمكرد ڕۆييشتن، با به‌خۆمان ئاسووده دانيشن. ئه‌رێ به‌ڕاستی لۆ نيوه‌ڕۆ چمان هه‌يه؟
سه‌ركۆ : برنج و فاسۆليا زياتر، چی هه‌يه؟!
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌دی ئه‌وان نايێنه‌وه؟
سه‌ركۆ : بڕواناكه‌م، له‌سه‌ره‌وه ميوانیكراون؛ گوێره‌كه‌يه‌كيان له هه‌ڵه‌بجه هێناوه و خه‌ريكی خواردنه‌وه ده‌بن. بۆچ ناڕۆی؟
حه‌مه‌ده‌مين : فاسۆليا نه‌كورايه‌كه‌ی تۆم پێباشتره.
سه‌ركۆ : كه‌مێ له‌سه‌رم ڕاوه‌سته، ئێستاكه هه‌ڵده‌ستمه‌وه و ئاماده‌ی ده‌كه‌م !
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌رێ نێو گوندی ده‌رێی چوونه‌ته هه‌واری، نه پياو و نه مندار، نه….
سه‌ركۆ : نه چی، بڵێ مام حه‌مه‌ده‌مين، تۆ هاوسه‌ريت كردووه؟
حه‌مه‌ده‌مين : نه‌خێر.
سه‌ركۆ : خۆ دڵداريت كردووه؟
حه‌مه‌ده‌مين : كه جحێڵ بووم، حه‌زم له كيژێك ده‌كرد، به‌ڵام نه‌يانداپێم. به‌م جۆره‌ی كه‌وتمه شوێن كوردايه‌تی و ئێستاكه‌ش خۆت ده‌زانی !
سه‌ركۆ : چه‌ند ساڵه پێشمه‌رگه‌ی، له حه‌فتا و شه‌شه‌وه؟
حه‌مه‌ده‌مين : له سه‌ره‌تای به‌زمه‌كه‌ی ئه‌يلووله‌وه.
سه‌ركۆ : به‌س نييه، ماندوو نه‌بوويت؟
حه‌مه‌ده‌مين : لۆ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌پرسيت، ده‌ته‌وێتن، قسه‌كانم تۆماركه‌ی، من ته‌نيا بڕوام به‌تۆ هه‌بوو، كه‌چی تۆش ئاوا؟
سه‌ركۆ : نه به‌سه‌ری خۆم، من چۆن كاری وا ده‌كه‌م. جا چييه، خۆتۆ درۆناكه‌يت؟
حه‌مه‌ده‌مين: نه‌خێر، لۆ ئه‌وه‌م نييه. ئه‌من ده‌زانم، گه‌ر ئه‌م قسانه بكه‌ونه ده‌می ئه‌و هه‌تيوانه، ئيدی بەيه‌كجاری سواری ملم ده‌بن.
سه‌ركۆ : وه‌ڵامت نه‌دامه‌وه، له‌م به‌زمه وه‌ڕسنه‌بووی؟
حه‌مه‌ده‌مين : بێزاريش بووبم، چ بكه‌م، مه‌گه‌ر كه‌س هه‌يه، من بگرێته خۆی؟
سه‌ركۆ : باشه مام حه‌مه‌ده‌مين، كه تۆ له پێشمه‌رگه كۆنه‌كانی ئه‌يلوولی، چۆن نه‌كراويته لێپرسراو؟
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌تۆ به‌خۆت گه‌مژه‌ی يان خۆت له‌گێلی ده‌ده‌ی؟
سه‌ركۆ : بۆ شتێكی خراپم وت؟
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌ی چی، مه‌گه‌ر به‌خۆت نازانی ئێمه و مانا نابينه چت !
سه‌ركۆ : بۆچ ناڕۆی بۆخۆت له ئوردوگەيه‌كی ئێران پاڵی لێبده‌يته‌وه؟
حه‌مه‌ده‌مين : ئۆردووگەش هه‌ر وه‌تره، هه‌رچۆنێ بێت، به‌م جۆره مانگانه‌يەك وه‌رده‌گرم، دوو هه‌زار و پينج سه‌د تومه‌ن وه‌رده‌گرم. جاران (٥٠) دينار بوو و ئه‌وڕۆكه تمه‌ن، به‌يانيش!!…
سه‌ركۆ : جا به‌شی سيگاره‌نت ده‌كات؟
حه‌مه‌ده‌مين : جارجاره‌ش سه‌رو پێنج دينار له‌و ده‌مڕووتانه‌ی ده‌ستێنم.
سه‌ركۆ : وه‌ره پێشێ شيوی بخۆ، مه‌به‌ستت له ده‌مڕووت كێيه؟
حه‌مه‌ده‌مين : ئه‌و خۆڕيانه‌ی گارته‌م پێده‌كه‌ن. ئم.. ده‌سته‌كانت خۆشبن، شيوه‌كی گه‌له‌ك به‌تامه، ئه‌وه كو دروستیده‌كه‌یت؟
سه‌ركۆ : تاكو من لێره‌م، وه‌ره بخۆ و كارت نه‌بی. به‌س تۆ بيره‌وه‌رييه‌كانی خۆتم بۆ باسكه. ئه‌رێ نه‌توت، چۆن پاره‌يان لێده‌ستێنی؟
حه‌مه‌ده‌مين : لۆ تۆ نازانی كو، قه‌شمه‌ريم پێده‌كه‌ی، ها؟
سه‌ركۆ : دوور له تۆ، من وه‌ها ده‌ناسی مام حه‌مه‌ده‌مين، دياره تۆش له‌تەك من وه‌هايت؟
حه‌مه‌ده‌مين : نا .. نا، من مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بوو، ئەدی كو نازانی؟ من به‌خۆم ناوم حه‌مه‌ده‌مينه و خه‌ليفه‌شم پێده‌ڵێن. به‌ڵام ئێستاكه كه پيربووم بوومه‌ته گارته‌جاری ئاوام پێده‌رێن !!
سه‌ركۆ : بۆ سكاڵانامه‌يه‌كيان له‌سه‌ر نانووسیت، خۆت نه‌توت له‌نزيكه‌وه مامه‌ی ده‌ناسیت؟
حه‌مه‌ده‌مين : كو نه‌مكرديه، ئه‌من به‌خۆم چوومه كن مامه‌ی و پێمگوت؛ مامه ئه‌تۆ به‌خۆت ده‌مناسی و به‌خۆت ده‌زانی به‌قه‌ت تووكی ڕدێن و پرچی ئه‌و هه‌رچی و په‌رچيانه لۆ كوردی، كه‌وشم دڕاندیيه، لۆ ئه‌نگۆ نه‌نگه ئاوا ناووناتۆرەی به منێكی ساڵاچوو ده‌رێن، حه‌شاكی ئه‌نگۆ، گه‌ر جاش بوومايه، ئێستاكه خاوه‌نی قه‌سرۆكه‌كی ده‌بووم.
سه‌ركۆ : ئەی ئه‌و چی گوت؟
حه‌مه‌ده‌مين : چ دەرێ، گوتی ” خه‌ليفه ئه‌وه ئه‌نگۆيان خۆشده‌وێ و له‌تەك ئه‌نگۆ حه‌ز به‌قسان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ريش پێیسه‌خڵه‌تی هه‌ر قسەی كه‌س پێیگوتی، پێنج ديناری لێبستينه !
سه‌ركۆ : كەواتە تا زووه ئێمەش فريای خۆمان بكه‌وين، ئه‌گينا…
(ده‌نگی لێپرسراو، قسه‌كه‌ی له زاری گێڕايه‌وه و مام حه‌مه‌ده‌مين له پاروونانی ده‌ستیگێڕاوه)
لێپرسراو : تڕه گوێ ڕووت، جانتا ده‌ستیيه‌كه‌م له‌بيرچووه، بۆم بێنه‌خوارێ !
( مام حه‌مه‌ده‌مين ڕه‌نگی هه‌ڵبزركا و لێوه‌كانی له قينا سپی هه‌ڵگه‌ڕان و ده‌سته‌كانی كەوتنە‌له‌رزين، له گه‌ڕانه‌وه‌دا ڕه‌ش هه‌ڵه‌ڕابوو.)
سه‌ركۆ : ده‌زانم، هێنده‌ی تۆ لەلام سه‌ختبوو، ئه‌دی بۆ پێنج ديناره‌كه‌ت له‌و نه‌سه‌ند، چونكه ئه‌ندامی سه‌ركردايه‌تييه؟
حه‌مه‌ده‌مين : نا، نه‌خێر وه‌نييه، لۆ من فه‌رقی ناكات، ئه‌ندامی سه‌ركردايه‌تی و ئه‌ندامی بنكردايه‌تی .. ئه‌دی كو تێنه‌گه‌يشتی، وه‌كی پێشتر گوتی ” ئه‌وه ده دينار لۆ دوو جاران پێشه‌كی” به‌و حيسابه‌ی ئه‌من هێشتاكه جاره‌ك قه‌رزاری ويمه ! به‌دبه‌خت تا وه‌كی منت به‌سه‌ر نه‌هاتییه، بڕۆ فریای خۆت بكه‌وه !