حه‌فت و هه‌شت *
شوێن : سه‌رشه‌قامێك [جار جاره ده‌نگی ئۆتۆمۆبێل، هاواری ئه‌ره‌بانه‌چی و مناڵانی شتفرۆش]. له‌لای ڕاسته‌وه مێزیك، كچێكی جوان، پۆشاكی جۆری پوله‌كه‌یی زه‌ردی كوردی پۆشیوه، جامه‌دانییه‌كی سوور له پشتسه‌ری هه‌ڵاواسراوه و به زەرد له سه‌ری نووسراوه “ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە …”. له‌لای چه‌په‌وه میزێك، كچێكی باریكئه‌ندام، پۆشاكی له جۆری ڕیشی مامه‌ی پۆشیوه و پشتوێنێكی سه‌قزی له كه‌مه‌ری به‌ستووه، جامه‌دانییه‌كی سه‌وز له پشتسه‌ری هه‌ڵواسراوه و له ناوه‌ڕاستیدا به سوور نوسراوه “مافی چاره‌ی خۆنووس …”.
[پیاوێكی ته‌مه‌ن باڵا مامناوه‌ندی، سه‌ر و ڕیشی ماشوبرنجی، پۆشاكێكی كۆنه و دڕاوی پۆشیوه، له كچه پۆشاك زه‌رده‌كه نزیكده‌بێته‌وه و به وردی سه‌رنجی كچه‌كه ده‌دات و له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌دوێت]
– ئای كه پۆشاكه‌كه‌ی چه‌نده جوانه، ئاخۆ گه‌ر مژده بیپۆشێت، چه‌ندی لێبوه‌شێته‌وه و چه‌ند خانومانبێت ؟ ئه‌ویش وه‌ك هاوه‌ڵه‌كانی له ئاهه‌نگه‌كانی فێرگه‌دا خۆی بڕازێنێت، ئای له‌م ڕۆژگاره لۆ هه‌مووان ناتوانن پۆشاكی جوانیان هه‌بێت ؟
[ له پڕ ده‌نگێكی ناسك دایده‌چڵه‌كێنێت]
كچه‌كه پۆشاكزه‌رده‌كه: مامۆستا، یاخوا به‌خێربێیت، هاتووی ده‌نگ به لیستی خۆت بده‌ی، لیستی زه‌رد؛ لیستی برسییان، ده‌نگ به ئاشتی بده !
ڕێبواره‌كه : [وه‌ك ئه‌وه‌ی كه گوێی له قسه‌كانی كچه‌كه نه‌بووبێت، له‌به‌رخۆیه‌وه] ئای له‌م داستانه چه‌نده كۆنه، ئاوا ده‌زانێت، كە نه‌مبیستووه ! [ڕوو له كچه‌كه ده‌پرسێت] بابت كاری چییه ؟
كچه‌كه : به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله !
ڕێبواره‌كه : [به‌توانجه‌وه] ئا .. ده‌یناسم، چاكی ده‌ناسم چ قاره‌مانێكه. كاتی خۆی پاش حه‌فتاكان لای من پیشمه‌رگه بوو، كاڵا شایسته‌ی باڵا، ئمم … ئمم …
كچه‌كه : ده‌ی كه‌واته هاتووی ده‌نگ به پارتی خۆت بده‌ی ؟
ڕێبواره‌كه : نا كچی خۆم، به هه‌ڵه‌داچوویت، من كۆنه مسته‌شار نیم، خوا بازارتانبدات.
[ پاش كه‌مێك ئه‌وجار به‌ره‌و كچه به‌رگ سه‌وزه‌كه ده‌ڕوات و پۆشاكەكەی ئەویش زۆر سه‌رنجی ڕاده‌كێشێت، له‌به‌رخۆیه‌وه]
– نا ئه‌مه‌یان جوانتره، ئه‌و پشتوێنه كاتێك كه خاتوون ده‌زگیرانم بوو، داوایلێكردم گوتی “توخوا جه‌مال بۆم بكڕه”. منیش وتم: كچێ ئاخر به‌چی؟ نیمه، مه‌گه‌ر خۆم بفرۆشم. ئای خاتوونه‌كه‌م زۆر ده‌ترسم ئه‌و ئاواته به‌ریته ژێرگڵ، به‌ڵام نا، بڕواناكه‌م تاسه‌ر دونیا هه‌ر ئاوابێت. ئه‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ی برسییه‌كان، هه‌ر ده‌بێت كۆتاییه‌كی هه‌بێت. دڵنیام له‌ته‌ك گزنگی ئه‌و به‌یانه، ئه‌م چارشێوه ڕه‌شه‌ی سه‌روه‌ران له‌سه‌ر بیر و هۆشی مرۆڤایه‌تی لاده‌درێت. خاتوونه‌كه‌م ئه‌گه‌ر من و تۆش نه‌یبینین، ئه‌وا دڵنیام كه نه‌وه‌كانمان ده‌یبینین.
كچه پۆشاك سه‌وزه‌كه : به‌خێربێیت خاره گیان. دیاره، خه‌ركی زه‌حمه‌تكێش، خاوه‌نی خۆی ده‌ناسیتن. [به په‌نجه‌كێشان بۆ كچه پۆشاك زه‌رده‌كه] كۆنه‌په‌رست و به‌كرێگیراون. ئاخا و ئاخاوات له‌خۆده‌گرن. ناوی به‌ڕێزتان چی‌بوو؟ به‌دڵنیاییه‌وه پاش ئه‌مه یارمه‌تیتان ده‌درێت و سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی به‌دڵی ئه‌نگۆ ده‌بیتن !
ڕێبواره‌كه : به‌ته‌مان چی لۆ ئێمه بكه‌ن ؟
كچه‌كه : كوردستان ڕزگارده‌كه‌ین، كارگەكان ده‌خه‌ینه‌وه‌گه‌ڕ، گونده‌كان ئاوه‌دانده‌كه‌ینه‌وه، بارزگانی له‌ته‌ك ده‌رودراوسێیان و موچه دواكه‌وتووه‌كانیش ده‌درێنه‌وه …
ڕێبواره‌كه : كەواته بۆ من هیچ !
كچه‌كه : كو هیچ، لۆ ئه‌وانه هیچن ؟
ڕێبواره‌كه : ئه‌وانی تۆ گوتتن، هیچیان لۆ ئێمه نین، تەنیا لۆ بازرگان و خاوه‌نكار و خاوه‌نزه‌وییه‌كانن. كاتی خۆشی كه به‌عس فه‌رمانڕه‌وابوو، بارزگانی هه‌بوو، كارگه‌كان له‌گه‌ڕدابوون، وڵات ئاوه‌دانبوو، موچه هه‌بوو، به‌ڵام مناڵه‌كانی ئێمه هه‌ر له ژیان بێبه‌شبوون !
كچه‌كه : خاره وه‌ره تاقیبكه‌ره‌وه، بزانه هه‌ر ئاوایه، كو له خۆته‌وه ئه‌و بڕیارە بۆ سبه‌ینێ ده‌ده‌یت ؟
ڕێبواره‌كه : نا كچی خاره‌ی، له سه‌رده‌می باپیرانمانه‌وه تاكو ئێستا هه‌ر تاقیده‌كه‌ینه‌وه، یه‌ك له یه‌ك خراپتر، هه‌مووان زالوئاسا له گه‌رووی مار و مندارماندا ئاوسان. به‌ڵام ئێمه ڕه‌نگ زه‌ردتر و برسیتربووین. كچم ئه‌و قسانه لۆ كەسانی گێل و نه‌فام به‌چێژن، خوا ڕزقتانبدات.
[ له‌م كاته‌دا ئه‌ره‌بانه‌چییه‌ك به‌ده‌م ڕاكێشانی ئه‌ره‌بانه‌كه‌یه‌وه تێده‌په‌ڕێت و ھاواردەكات …]
ئه‌ره‌بانه‌چی : وه‌ره خاره گیان، وه‌ره لۆ سرقی جوان، سرقی قودسی كوردستان، لۆ نیوه‌ڕۆی ئه‌م به‌هاره، له‌گه‌ر پیازه‌ته‌ڕه‌ی، خواردنی خه‌ركی هه‌ژاره. ئای كه چه‌ند خۆشه …..
[ له‌م كاته‌دا كچه سه‌وزپۆشه‌كه چه‌پڵه‌یه‌كی بۆ لێده‌دات و قسه‌كه‌ی پێده‌برێت …]
ڕێبواره‌كه : كوڕم، مه‌لا …. فتوای داوه، سرقی قودس حه‌رامه، چونكه جوله‌كه تێیدا ده‌سه‌ڵاتداره !
ئه‌ره‌بانه‌چی: خاره، جوله‌كه‌ی چی، كه‌ركووكی قودسی كوردستان.
ڕێبواره‌كه : ببووره كوڕم، نەمزانی سرقی كەركووك ده‌رێیت، بروابكه برنج و ڕۆنمان نییه، تا بیكه‌ینه دۆرمه، خۆزگه به‌وه‌ی كه ده‌یخواتن.
ئه‌ره‌بانه‌چی : وامزانی هه‌ر ئێمه بێبرنج و ڕۆنین، هه‌ی ! [ ئه‌ره‌بانه‌چییه‌كه به وردی سه‌رنجێكی كچه‌كه ده‌دات و ئاهێك هه‌ڵده‌كێشێت، له پر ده‌نگی ئه‌ره‌بانه‌چییه‌كی دی ڕایده‌چڵه‌كێنێت]
ئه‌ره‌بانه‌چی دووه‌م: گندۆره، گندۆره‌ی ئێرانێ، زەردە، شیرینه وه‌كی شه‌كری. وه‌ره خاره بیرتنه‌چێ، لۆ منداره‌كانت ئه‌و شه‌مامه جوانه‌ی [به لاچاوێك سه‌ریری كچه زه‌ردپۆشه‌كه ده‌كات] هه‌ر ده‌رێی گێمه‌ڕه، ئای چه‌نده نه‌رم و خۆشه. [ ڕوو له ئه‌ره‌بانه‌چی یه‌كه‌م] خۆت لاده حه‌لۆ، با ده‌ركه‌وێت مانگی چارده !
ئه‌ره‌بانه‌چی یه‌كه‌م : باشه هه‌تیم خۆ نه‌تكڕییه ! [دە تێده‌په‌ڕێ]
ئه‌ره‌بانه‌چی دووه‌م : ده‌ی خاره لێمبكڕه، گوندۆره‌ی ئیرانێ، خۆزگه‌م به‌وه‌ی ده‌یخواتن.
ڕێبواره‌كه : خاره گیان، منداره‌كانم له به‌دخۆراكیدا تووشی سكچوون بوون، گوندۆره خراپه لۆیان.
ئه‌ره‌بانه‌چی : ئاخر خاره، هی ئێرانه، بۆ سكچوون باشترین ده‌رمانه. گوێم له ته‌له‌فزیۆنی [گوران] بوو، گوتی “له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له نه‌خۆشخانه‌كاندا داووده‌رمان نییه، بۆ سكچوون گوندۆره بخۆن، باشترین ده‌رمانه”، به‌تامه، نه‌رمه، شیرینه، شیریین !
ڕێبواره‌كه : ها.. ها..ها [به‌ده‌نگێكی به‌رز] كوڕی خۆم، خه‌تای تۆ نییه، دونیاكه پێچه‌وانه‌یه، بۆیه ژه‌هری ماریش ده‌بێته هه‌توان. ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ڵ پۆشته و ئێمه‌ش برسی و بێسه‌رپه‌نا.
[ ڕێبواره‌كه ملیڕێ ده‌گرێ و ئه‌ره‌بانه‌چییه‌كه بە لاچاوێك تەماشای كچەكان دەكات و هاوار ده‌كات] ..
– وه‌رن لۆ گندۆره‌ی، زەردە، خڕه، نه‌رمه، شیرینه، خۆ حه‌رام نه‌كرایه، ئای كه خۆشه، لۆی بمرم !
نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٩٧
* پێشتر له ژماره (٢)ی دێسه‌مبه‌ری ١٩٩٧ی گۆڤاری (ژیله‌مۆ)دا به‌ناوی (دوو تاكی یه‌ك جووت پیڵاو) بڵاو بووه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه پێڵاو لای خه‌ڵكی كورد واتای نیگه‌تیڤی هه‌یه و بۆ ئەوەی لای خوێنه‌ر ناڕۆشنی دروستنه‌كات، له‌م بڵاوكردنه‌وه‌یه‌دا گۆڕیم به (حه‌وت و هه‌شت) كه وه‌ك (6 ، 9)ی ئینگلیزی وان و هه‌مان مه‌به‌ستی پێشوو ده‌گه‌یێنێت و له هیچ بارێكیاندا ئامانجم گه‌یاندنی تێڕوانینی خێڵه‌كیی و ده‌ره‌به‌گیی نییه بۆ پێڵاو.