سورانەی سەردەم
شوێن : ژوورێكی ئاسایی، لەلای ڕاستەوە لاوێك لەسەر كورسییەك، لەبەردەم مێزێكی نووسین دانیشتووە، گلۆپێك لە ڕاسەری كزدەسووتێت. لەلای چەپەوە تابلۆیەكی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال هەڵواسراوە و دەزگەیەكی تێلەفۆن بەرچاودەكەوێت. [موزیكێكی ئارام دێتەگوێ] لاوەكە نووقمی دەریای خەیاڵ بووە و چاوی بڕیوەتە خاڵێك لەسەر دیوارەكەی بەرامبەری. سەرێكی پێنووسەكەی بەددان گرتووە و بەدەستی یاری بە پێنووسەكە دەكات. [لەم بارەدا ماوەیەك دەمێنێتەوە] لەپڕ وەك لە خەو ڕابووبێت، دەستێك بە پرچە ئالۆزكاوەكەیدا دەھێنێت و سەیری دیوارەكانی دەوروبەری دەكات و وەك پەسەندكردنی ئەوەی بە خەیاڵیدادێت، سەری دەلەقێنێت.
وەك گرێكوێرەی كردبێتەوە، بەپرتاو پێنووسەكەی دەگرێتە دەست و دەستبەنووسیندەكات. لەتەك داڕشتنی وشە و ڕستەكان دەستەكەی دیكەی گرمۆڵەدەكات و گرژی دەروونی لەهێڵەكانی نێوچەوانیدا دەردەكەوێت، چەندجارێك شتێك دەنووسێت و پەرە كاخەزەكان دەدڕێنێت، [هەستانەوەیەكی كتوپر، چەند جار هاتووچوون لەم سەرەوە بۆ ئەوسەری ژوورەكە]. لەپڕ بزەیەك هێڵەگرژەكانی نێوچەوانی دەسڕێتەوە، هەردوو دەستی بەهێمای دۆزینەوەی شتێك پێكدادەدات. لە شێوەی سەمادا لە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە و دووبارە پێنووسەكەی دەگرێتەوەدەست. لەتەك بەرزبوونەوەی موزیكەكە ڕەوتی نووسینەكەی خێراتر دەبێت، هەروەك ئەوەی كە لەسەر ئاوازی موزیكە خەریكی ھۆنینەوەی ئارەزووەكانی بێت.
[لەپڕ زەنگی تێلەفۆن ڕایدەچڵەكێنێت، وەك ئەوەی دەمێك بێت، كە چاوەڕێی ئەو زەنگە بێت، بەپەلە خۆی دەگەیێنێتە لای تێلەفۆنەكە]
لاوەكە : بەڵێ. ئارام [ دەنگی كچێك ] دەبیسترێت
دەنگەكە : ئەلو .. ئەلو ( دەنگەكە دوور دیارە)
ئارام : [ پاش هەڵوێستەیەكی كورت، وەك بڵێی دەنگەكە ناناسێت]
دەنگەكە : ئەلو .. ئارام
ئارام : [ وەك بوژانەوەیەك، بەخۆیدا دێتەوە] : ئازیز گیان تۆیت، چۆنیت، گوڵەكەم؟ ئەوە لەكوێوە، كچی ئاسمان؟
دەنگەكە : لێرەم.
ئارام : [ئارامی لێهەڵدەگیرێت، بەدەم دووانەوە هاتووچۆ دەكا و دەست ڕادەوەشێنێت] لێرە ! چۆن هاتی، كەی؟
دەنگەكە : ئەوە چی دەڵێی ! من لێرەم، لە سولێمانی.
ئارام : [ دووبارە دەگەڕێتەوە سەرباری پێشووی] خەنی بووم، وامزانی …
دەنگەكە : واتزانی چی، ئەی بڕیار نییە، خۆت بەدوامدا بێیتەوە ؟
ئارام : ئای بەدبەختی، خۆ منت كوشت، نەدەنگ و نەڕەنگ !
دەنگەكە : لە خۆت بپرسە، من هەردەم چاوەڕێم. كەچی تۆش، دەڵیی ئێمەت لەبیرنەماوە ؟
ئارام : ئەمە چییە؟ من بەردەوام نامەت بۆ دەنووسم، ئاگادارت دەكەمەوە كە بۆچی نەهاتوومەتەوە. ئاخر سەفەر بووە بە یاری قومار و من ناتوانم. خۆت دەزانیت هەر ڕۆژە و لەشكری وڵاتێك كێشدەكەنە سولەیمانی و هەولێر، تۆ دەتوانی تەنیا سەفەربكەی.
دەنگەكە : چۆن ، لەتەك كێ ؟ دەڵێی لەبیرتچووە، كە لێرە كچ بۆی نییە تەنیا سەفەربكات، یاسا ڕێگەنادات !
ئارام : ئاخ، لەتەك كەسێك دەربازبە، من بەخۆم لەم بەری سنوور چاوەڕێت دەكەم …
دەنگەكە : ئاخر من چۆن لەو هەموو بازرگە و ڕاوەتاژییە ڕزگارمدەبێت ؟
ئارام : تۆش وەك هەمووان، دەبێت سوورانە بدەی. پێمبڵێ، ئێستاكە چ دەكەی، ورەی جارانت ماوە؟ لە ئەتك و ڕادوونانی جەنگی نێوخۆدا بەرنەكەووتوی ؟
دەنگەكە : تا ئێستاكە نا، بەڵام وەختە شێتبم. بەگیانی تۆ لەمە زیاتر توانام نییە. وەرە ڕزگارمبكە ! دووری تۆ و شەڕ و شۆڕ. هەموو ڕۆژێك لە ڕێی كارگە تا دەگەمەوە ماڵ، چاوەڕوانی مەرگ دەكەم. ئاخر تۆ نازانی بارودۆخەكە چۆنە! هەر كەسە و خواخوایەتی دەرچێ و ڕزگاریبێت. بەڵام توانای دەوێت. تۆ بۆم بنووسە، من چیبكەم، چۆن بگەمە لای تۆ؟ بەس تەنیا جارێكی دیكە بتبینمەوە. ئیدی ھیچم ناوێت. شادومان دەبم، گەر لە ئامێزی تۆدا بمرم. ئای لە تەنیایی و خۆخواردنەوە. خەیاڵ، تاسەم ناشكێنێت. وەختە لە ئاگری …. دەسووتێم و ئاگر لەبیرەوەرییەكانم بەردەدات. ڕۆژانە هەزاران جار حەزەكانم زیندەبەچاڵدەكەم و جەلادی عیشق كفنیان بەباڵادەبرێت و بایەقوشێك بە منارەی مزگەوتێكەوە وێرد و ستایشی بێگەردییان دەخوێنێت. چ ڕۆژگارێكە تێیكەوتین ؟
ئارام : خۆت ڕاگرە، من لە تۆ خراپتر. ئاخر ئەگەر تۆ دێوەزمەی تەنیایی خەریكبێت ڕاوتبكات، ئەوا منی قووت داوە! من لە هەناویدا شەڕی هاتنەدەرەوە دەكەم، لەتەك نائومێدی دەست و پەنجە نەرمدەكەم. دڵنیابە گوڵەگیان! من لە تۆ حاڵم شڕترە. مەگەر بگەیتە لام بۆتی باسكەم، بێتۆیی واتای چییە! خەمی تۆ و باری ئەو خەڵكە، خەوی لێزڕاندووم. (٣١)ی ئاب تەمابڕتبووم. بەڵام هیوام پێتە ئەم جارەش دەستبخەینەوە نێودەستی یەك، تا لە شەوێكی بێهاوتادا لەبەر ڕووناكی مانگەشەودا، لە كەناری ڕووباری (ڕاین) خەمەكان بدەینەدەم شەپۆلە سەرشێت و یاخییەكان، قاقڕی ئەم ساڵانە بە ماچ پاراوبێ و سێبەری لێكئاڵاومان بەدەم جریوەی ئەستێرەكانەوە سەمابكا و دەنگدانەوەی قاقای پێكەنینمان سنوورەكان ببڕێت.
دەنگەكە : چییە دەڵێی بووی بە ھۆنەر؟ ئای كە نامەكانت چەندە ئارامبەخشن.
ئارام : كچێ ئاخر ئەوینی تۆ مرۆڤ دەكاتە باڵدارێكی بەرزەفڕ. هەمیشە لە هۆشمدا ئاوازی دوانت موزیكێكی جادوویییە و وشەكان لە مێشكمدا دانەدانە دەهۆنێتەوە، دەنگت لە گوێمدا دەنگدەداتەوە و كێش و سەروا بە خەیاڵەكانم دەبەخشێت. تەنیا كاتێ ئارامدەبم، كە خەیاڵ لە دەریای یادگارییەكانتاندا نووقممدەكات. پێكەنینە سادەكەت، مەرگێگی ئارامە بۆ ژانەكانی دەروونم.
دەنگەكە : زوو زوو نامەم بۆ بنووسە، تا بزانم چیبكەم !
ئارام : بەچاوان. هەر ئاواش دەبێ. تۆ بەزووترین كات دەربچیت، ئاخر بۆی هەیە خواكانی سەرزەوی دەرگەكان دابخەن. ئەوساكە دەبینە ئەكتەرێكی شێت لە شانۆگەرییەكی خەمناكدا.
دەی ئازیزەكەم دوو وشە لە دەرەوەی یاساكان بە گوێمدا بچرپێنە، تاوەكو ئەم شەو بە یادی جاران لە سەرمەستیدا سەرخەوێك بشكێنم.
دەنگەكە : گیانەكەم خۆشمدەوێی هەر لە سنوورەكان دەربازبم، ئەوساكە هەموو شەوێ پێش لەجووڵەكەوتنی پێڵوەكانمان، ئەم ڕۆژانەی ڕەبەنی لەبیری خۆمان بەرینەوە و تۆش پارچە هۆنراوەیەكم لەگردنبكەی. هەموو ڕۆژێك بەر لە چوونەسەركار بەگزنگی بەیاندا ماچم بۆ بەڕێبكە. شەوباش خەوێكی ئاسوودە و دوور لە جەنجاڵیی ژیان.
ئارام : زۆر سوپاس ئازیزەكەم، ژێی یادگارییەكانت تێر ژەنیمەوە و بە ئاوازەی ئەوین مەستتكردم. شەوێكی شاد و خەوێكی دوور لە ترس .
[تێلەفۆنەكە دادەنێتەوە و بەهەنگاوی خێرا دێت و دەچێت. ئاهێك هەڵدەكێشێت، لە باری سەمادا لەسەر یەك لاق وەردەسووڕێ و بەرەو تێلەفۆنەكە دەچێتەوە] :
ئای كە ژیان چەندە دژوارە. دەست بۆ هەر شتێك دەبەی، وەكومار پێتەوەدەدات و ویستەكان جوانەمەرگدەكات. تەنیا ژیان هەرزانە، ژیان، ژیان، ژیان..
[دووبارە لەبەردەم مێزەكە دادەنیشێتەوە و پێنووسەكە بە دەستەوەدەگرێت و سەرهەڵدەبڕێت]
نا، ناتوانم بخەوم. ئاخر ژاندەمگرێ، ژان .. ژانی … [ دەست بە نووسین دەكاتەوە .. لە دڵی خۆیدا … ]
” ژانی خەیاڵێكی دیكە …. سواری ئەسپەشێی خۆزگە یاخییەكان دەبمەوە. ئەم جارە لە پێدەشتێكی دیكەوە. لە هەورازێكی دیكەوە، دێمەوە كیشوەرەكەی ئێوە.
سنوور لە دوای سنوور دەبڕم، هەرچی سەربازی چەقیندراوە، چەكی پێدادەنێم. تا جێژووانەكەی جاران، خۆم تاودەدەم. بۆ ساتێك وەك مناڵێكی برسی، لە شیلاوی ئەوین تێردەخۆمەوە. مەستئاسا ئارام ئارام لە ئامێزتدا دەنووم. بەڵام داخەكەم، هەر كە دەكەوینەڕێ، ئەسپەشێی خەیاڵ بریندارە و لە لوولەی مەرگ ترساوە و دوا فرمێسك لە چاویدا قەتیس دەمێنێت ….
هەرچەندە هێزدەداتە بەرخۆی، بەڵام درەنگە و ئەژنۆكانی لەهێزكەوتوون. ناچاردەبین ملی ڕێگەی مان و نەمان بەدەشت و كێواندا بگرینەبەر، تا دەگەینە دەرگەی سنوور. دەرگەوان لوولەی مەرگ دەكاتە دڵمان و داوای بەڵگەی یاسایی دەكات، پاشان سوورانە. بەڵام سوورانەی سنووری نیشتیمانی پیرۆز، ئێستاكە وەك جاران نییە ! ناتبەنە دیواخانی ئاخا، تا میش و مەگەزی حەزی لە هەنگوینی كچێنیتدا تێر بكات.
نا .. نا .. ئێستاكە سوورانەی ئەم نەزمە نوێیە، دەبێ شیلەی گیان بدەی، تا جەنڕاڵەكان لە كۆشكە سپی و شین و بۆرەكانی توركیا و ئۆروپا و ئەمریكادا، هیلاكی و ترس و توڕەیی بەرەكانی جەنگ، بەسەر كچە مێرمناڵە تایلەندی و پۆلۆنییەكاندا دامركێننەوە. ئاخر ڕێبوارانی سەرسنوور زۆرن. بووك و زاوای هەڵهاتوو زۆرن. فریاناكەون لە دیوەخانە بە كەلـلەسەر هەڵچنراوەكاندا شەوانی سوورانە گەرمبكەن. یان لەوانەیە ترسی نەخۆشیەك بێت لە بووكە هەڵبزركاوەكانەوە، كە بوونەتە خۆراكی دێوەزمەی ئابلۆقەی ئابووری، نەكا جەستەی پیرۆزیان كرماوی بكا. خۆ ئەگەر بڵێی كاكی قارەمان، خۆ من كارگەی قیرەكە یا پەنگەی پەخمە و كارگەی ئاوەتەماتەم ئاودیونەكردووە و بازرگان نیم، تا باجم لەسەردابنین .. خۆ من لە ئۆروپا تۆڕی كڕین و فرۆشتنی ژنانم نییە، لەوێش هەر كۆیلەی سەروەرەكانی ئێوەم. خۆشەویستی خۆمە و گراوی خۆمە، دەمهەوێ لەتەكمدا بژیم …
پاسەوانەكان ڕۆبۆتئاسا، بێ یەك و دوو بەسەرماندا دەگوڕێنن:
بڕۆ بابە بڕۆ، خوشەویستی چی و گراوی چی. مەم و زینە! زووكە دەی، خواخوات بێت یەكێ لە لێپرسراوەكان لەم نێوەدا پەیدانەبێت. خۆت دەزانیت، ئەم ژنەجوانە ببینێت، ئەوكات ئیدی…
[موچركێك بەلەشیدا دێت، بەپەلە لەسەر نووسینەكەی بەردەوام دەبێت ]
“خێراكە دەی ! یارمەتی حكومەتی ساوای هەرێم بدە … ”
[ماسوولكەكانی گرژدەبن و هەڵدەستێتەوە و ڕوو لەبینەران]
“بەڵێ ئازیزەكەم، ئا بەم جۆرە، بۆ بەیەكگەییشتنەوە و دەربازبوون لە جەنگ و مەینەت، دەبێت سوورانە بدەین، سوورانەی سەردەم …. سورانەی سەردەم …. سورانەی سەردەمممم ….”