چی بكەین باشە؛ پابەندبوون بە ڕێزمان و پاراوی زمان یا ڕەدووكەوتنی زماننەزانان؟

چی بكەین باشە؛ پابەندبوون بە ڕێزمان و پاراوی زمان یا ڕەدووكەوتنی زماننەزانان؟

ئەگەر زمان كۆڵەكەی كولتوور و گیانی ھزر بێت، ئەوا بەداخەوە لە ھەرێمی كوردستاندا كولتوور لە ھەڵوەشاندنەوەدایە و ناچارین بە وردبین بەدوای ھزردا بگەڕێین !

لەوەتەی “تەكنۆلۆجی زانیارییەكان” سنوورەكانی سانسوویان ڕماندوون و میدیای كوردیی دیگیتاڵش سەریھەڵداوە، بەداخەوە ئەوانەی بەردەوام لە خەمی دروستنووسین و دارشتنی نووسیندان، زۆر كەمن و بەردەوام ڕوو لە كەمی دەكەن. بلەبەرئەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاخاوتن و نووسینی زۆرینەی قسەكەرانی نێو میدیاكان [زۆرینەی وێژەرانی كاناڵەكان، ڕامیاران و سەرانی پارتەكان، پرۆفیسۆری زانكۆكان و ڕۆژنامەنوسان و سەرنووسەرانی ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەكان و میوانانی بەرنامە ] وەك میزی حوشتر تا دێت، بۆ دواوە دەگەرێتەوە !

ئەم دوو ڕۆژە واتە دوێنێ و ئەمڕۆ سەرنجی زۆربەی كاناڵەكانی راگەیاندن بەتایبەت تەلەفزیۆنەكانم دا، ھەمووان وەك نەخوێندەوار [كەسێك كە ڕێزمانی كوردی نەخوێندبێت] پاشگری فرمان و ئاوەڵناو بۆ تاك و كۆ لەیەك جیاناكەنەوە، ئەمە ئاوای كردووە، كە لەشكرێكی چەند ملیۆنی زماننەزانی وەك خۆیان لە كوردستاندا پەروەردە بكەن!

ئەم دیاردەیە لە فیلمە دوبلاژكراوەكانی منداڵانەوە تا فیلمە شەڕە شمشێرییەكان و شانۆیی و زنجیرە تەلەفزیۆنییە كوردییەكان و ھۆنراوە و چیرۆك و ڕۆمان و ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەكانی گرتووەتەوە و ھەستدەكەم، كە ھەموو كوردانی ھەرێمی كوردستان بەو جۆرە قسەدەكەن و تەنیا كەمایەتییەك ماوین، كە پابەندی ڕێزمان و ڕێنووس و داڕشتنی دروست و پاراستنی زمانین و خەریكە وەك دایناسور قڕمانتێدەكەوێت و تەنانەت ئەو كوردانەی خۆرھەڵاتیش كە لە میدیاكاندا بە دروستی دەئاخاوتن، ئەوانیش تووشی ئەو پەتایە بوون، ھەڵبەتە ئەمە بێجگە لە سڕینەوەی زۆرێك لە واژە كوردییەكان بەھۆی بەكاربردنی ناپێویستی واژەی زمانەكانی دیكە و تێكدانی ھەموو بنەما زمانەوانییەكان بەھۆی وەرگێڕانی نادروستی پەرتووك و بابەت و تێكستی زنجیرە تەلەفزیۆنییە ناكوردییەكانەوە.

من چەند ساڵ جارێك تەماشای كەناڵە كوردییەكان دەكەم و زۆر بە كەمیش بابەتی نووسەرانی كورد دەخوێنمەوە، زۆر بە كورتی چاو بە سایتە كوردییەكاندا دەگێڕم و ئەگەر سەردێڕی بابەتەكە ھەڵەبوو، ئەوا ھەرگیز ناچمە سەرخوێندنەوەی ناوەڕۆكەكەی، ئەگەر باڵاترین بیرۆكە و پەیبردنی ھزرییشی تێدابێت!

بەبۆچوونی من ھەر ئاوا لەنێو نزیكەی ٦٨ ‘مەلا’ی ھەرێمی كوردستاندا دا تەنیا ٧ مەلا [زۆر لە ڕێژەكە دڵنیانیم] لە تاقیكردنەوەیەكدا سەركەوتووبوون، ئەگەر بڕیاربێت ئەكادیمیایەك ئاستی زمانزانیی پڕۆفیسۆرەكان و وێژەرانی كاناڵەكان و سەرنووسەرانی گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتەكان و نووسەران ھەڵسەنگێنێت، لەو بڕوایەدام ٩٧%ی كۆی ھەموویان، دەبێت لە خوێندنەوەی وانەی كوردی پۆلەكانی سەرەتاییەوە دەستپێبكەنەوە، ھەرچەندە خودی دانەرانی پەرتووەكانی وانەی كوردی لە سەرەتاییەوە تا ئامادەیی، پێویستیان بەھەمان دەستپێكردنەوە ھەیە!

لەسەر ئەو بنەمایە،دەتوانم بڵێم، ئەوەندەی میدیای پارتەكان و دەزگەكانی ڕاگەیاندن لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابوردوودا زمانی كوردییان وێرانكردووە، ھەموو تەمەنی نەگریسی ڕژێمی بەعس بە ھەموو ھەوڵەكانییەوە، نەیتوانی بەو ئامانجە بگات و نەیتوانی ئاوا زمانی كوردی پەرپووت بكات !

تكایە، ئەی ئەوانەی كە لە سەرەوە ناوەكانم ڕیزكردوون، ئەگەر ھیچ گربنگییەك بە زمان و كارایی نیگەتیڤی ئاخاوتن و نووسینی پەڕپووتتان لەسەر زمانی نەوەی نوێ دەركناكەن و بە ھەندوەرناگرن، دەی بیكەن بە خاتری سەرۆكەكانتان، بە خاتری پارتەكانتان، بە خاتری مووچەكانتان، بە خاتری ناوبانگ و شكۆتان، بە خاتری گیرفان و خانەنشینیتان، ئاگاتان لە زمانی كوردی بێت و ڕێز بۆ خوێنەر و بیسەر دابنێن !

**************************************
تكادەكەم، ھەر كەس ڕەخنە و سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە ھەیە، با نادەرستانە خۆی لانەدا و ھەوڵبدات لەم بارەوە مشتومڕێكی بەسوود بۆ ڕزگاركردنی زمانی كوردی لە گەندەڵكاری ڕامیاران ھەڵخڕێنێت …