شه‌وی یه‌که‌می نواندنی ‘ چایكا ‘ له‌سه‌ر شانۆی هونه‌ریی مۆسكۆ
نێمیڕوڤیچ دانچێنكۆ *
و. لە فارسییەوە: ھەژێن
دواجار هه‌ژدەھەمی دێسه‌مبه‌ری ١٨٩٨ هاته بەرۆ. لە ھۆڵەکه‌دا خەڵكێكی وا به‌رچاوناکه‌ون. شانۆییكەی چێخۆڤ هۆڵەکه‌ی پڕنه‌كردووه. ‘ میزانسن – placing on stage / Mise-en-scène ‘ی په‌رده‌ی یه‌که‌م زۆر نوێكاری تێدا بوو. به‌پێی نووسینه‌که‌ی نووسه‌ر ڕێگه‌یه‌ك به‌ناوه‌ڕاستی ته‌ختی شانۆدا تێده‌په‌ڕی، سه‌كۆیه‌ك له كۆتایی ته‌خته‌که‌دا كۆتایی بە ڕێگه‌که دەھێنا، له‌به‌رامبه‌ر سه‌كوکه‌دا په‌رده‌یه‌ك هه‌ڵواسرابوو. ئه‌مه دیمه‌نێکه که ‘ كۆنستانتین ‘ی تێدا ده‌رده‌که‌وێت. كاتێك که ئه‌م په‌رده‌یه لاده‌درێت، ده‌ریاچە و مانگه‌شه‌و به‌رچاوده‌که‌ون. له هه‌ر شانۆیه‌كی باودا ده‌بوو كورسی دابنرێن، تاوه‌كو ئه‌كته‌ره‌كان له‌سه‌ریان دانیشن، به‌ڵام ئێمه قەنەفەیەكی گه‌وره و درێژمان له پێشه‌وه‌ی شانۆكەدا دانابوو. له‌لای چەپی شانۆوه بنه‌دارێك که ده‌بوو ‘ ماشا ‘ له‌سه‌ری دا‌نیشێت، دانرابوو و که‌مێك ئه‌ولاتر كورسییه‌كی دیكە. له‌سه‌ر كورسییه‌که‌ی پێشه‌وه‌ی شانۆکه، ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی، که ده‌بوو نواندنی شانۆکه سه‌یربکه‌ن، پشت له جەماوه‌ر داده‌نیشتن.
له‌به‌رئه‌وه‌ی مانگه‌شه‌و له پشت په‌رده‌ی سه‌كۆکه‌یه، سه‌ر شانۆ تاریکه. هه‌م تاریكی و هه‌م که‌سانێك که له‌سه‌ر شانۆ دانیشتبوون، بێزارییه‌كی فره‌ی به‌ڕێخست. گاڵته‌یان پێده‌كردین و به توانج و لۆمه به گه‌مژەیان داده‌ناین، به‌ڵام له‌ولاوه که‌سانێك که شانۆیییه‌که‌یان وه‌ك كەتوارێك که له‌ژیانی ئاسایی‌دا ڕووده‌دات ده‌بینی، له‌م ڕاستییه چێژیان وه‌رده‌گرت، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانویست به‌ده‌ستیانهێنا. ئه‌م شێوازەی ڕۆڵبینین ساكاریی و ساده‌یی به‌رهه‌مدەھێنا. ئه‌مه هه‌مان شت بوو، که ئێمه ده‌مانویست. پاشان مانگه‌شه‌و شانۆی ڕۆشنكرده‌وه. ئه‌مه که‌شێكی تایبه‌تی شه‌وێكی هاوینه‌ی ده‌به‌خشی، ئه‌كته‌ره‌كان زۆر هێواش ده‌چوونه ڕێوه و له كاتی قسه‌كردنیشدا بەھیچ جۆرێ زۆریان له خۆیان نه‌ده‌كرد. له‌سه‌رخۆ ده‌دوان، له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆ ژیانی تێدا ئارام بوو. ده‌ربڕینی شته‌كان هێواش و هاوكاتی بێده‌نگی بوو. ئه‌م بێده‌نگییانه ده‌وروبه‌رێكی ئاسایی‌یان به‌دیدەھێنا و ڕسته ناته‌واوه‌كان درێژەیان پێده‌درا و تێدا ته‌واوده‌كران. به‌و واتایه‌ی هه‌ستی که‌سایه‌تییه‌كان که به‌ده‌ربڕینی ناته‌واو دەھاتنه سه‌رزمان له بێده‌نگیدا كۆتایی‌یان دەھات و به‌و جۆره‌ی که ئه‌كته‌ر هه‌ستیپێده‌كرد، بۆ بینه‌ران ده‌گوێزرایه‌وه.
سه‌رشانۆ به‌ره به‌ره چڕییه‌كی تایبه‌تی به‌خۆوه ده‌گرت. خاڵێك که
ده‌بێت په‌نجەی بۆ ڕابكێشم، ئه‌وه‌یه که شته لاوه‌كییه‌كان له شانۆدا گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه. بۆ نموونه ‘ ماشا ‘ دەرمانی ھەڵدەمژی (ا‌نفیه)، پۆشاكی ڕەشی پۆشیوه، وشە دووباره ده‌كاته‌وه، قسه‌كانی ساده، به‌ڵام پڕواتان و … گشت ئه‌مانه وا له بینه‌ر ده‌که‌ن، که به وریایی گوێ ڕادێرێت و به‌م شێوه بەبێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت، ده‌که‌وێته ژێركارایی دیمه‌نه‌که. ورده ورده ئه‌وه‌ی که لە ھۆڵی شانۆدایه له‌بیرده‌كرێت. ئاوا دێتە به‌رچاو که شه‌نگی شه‌وی هاوین و قسه‌ی ناته‌واو و بێده‌نگی، جادوویان لێكردووه. كاتێك که له ده‌ربڕینی که‌سایه‌تییه‌كاندا، هه‌ست به‌ده‌ردێكی شاراوه ده‌كرێت و قسه‌كان كۆتایی‌یان پێدێت، بینه‌ر واقووڕماو چاوی بڕیوه‌ته ته‌ختی شانۆ.
له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆی ئێمه شتێك ڕوویدا، که ماوه‌یه‌ك بوو هۆگرانی شانۆ ئاره‌زوویان ده‌كرد: ژیانێكی كەتواریی نه‌ك شانۆیی. به بۆچوونی ئێمه ترسناكترین به‌ش، ڕۆڵگێڕانی ‘ نی‌نا ‘ بوو له په‌رده‌ی یه‌که‌مدا. ئەو ده‌بوو له‌سه‌ر سه‌كۆکه ڕۆڵبگێڕێت : له‌سه‌ر سه‌كۆکه دانیشتووه، له‌به‌ر ڕۆشنایی مانگه‌شه‌ودا ڕۆچووه و قسه‌كانی به‌م جۆره‌ن :
– … مرۆڤەكان … هه‌ڵۆكان … گیانله‌به‌ران … كارایییان هه‌یه ؟
كاتێك که ئه‌م شانۆییە له پترسبۆرگ چووە سه‌ر شانۆ، ئه‌م به‌شه بینه‌رانی خسته پێکه‌نین. به‌ڵام من گومانم نه‌بوو له‌وه‌ی که ئه‌م به‌شه ھۆنەرانه و جوانه، به شێوازێك که له نیشاندانیدا به‌كارمان هێنابوو، به‌و جۆره‌ی كە ده‌بێت ببێت، ده‌چێته پێشه‌وه؛ هیچ كارایییه‌كی گاڵته‌جاڕی یان وه‌ڕسیی له بینه‌ردا دروستناكات.
پاشان گفتوگۆی نێوان دایك و كوڕەکه که زۆر توندوتیژه له بینه‌ردا كارایی داده‌نێت و ده‌یوروژێنێت، كۆمه‌كی ئه‌م شێوازه به‌یارمه‌تی بێده‌نگی جار به جار له قوڵایی گیانی که‌سانێك که لە ھۆڵەکه‌دا كۆبووبوونه‌وه، كنه‌ی ده‌كرد و ئەوان نزیكییه‌كی زۆرتریان له‌نێوان خۆیان و دیمه‌نه‌که‌دا هه‌ستپێده‌كرد. وەھا بوو، که بینه‌ر په‌رێشانی و ناڕەزایه‌تییه‌كانی له‌خۆیدا به‌دیده‌كرد.
كاتێك که ‘ ماشا ‘ له كۆتایی شانۆكەدا به ڕاز و ژانه‌وه به دكتۆر ‘دورن ‘ی گوت :
” یارمه‌تیم بده، ئه‌گینا كارێك ده‌که‌م که په‌تی ژیانم بپچرێت ” و به‌ده‌م گریانه‌وه لە نزیك كورسییه‌که، به‌رده‌بێته سه‌ر زەوی، شه‌پۆلێك هه‌ڵچوون هۆڵەکه‌ی داگرت.
په‌رده دادرایه‌وه – ڕووداوێك ڕوویدابوو، که هه‌ر ده ساڵ یه‌ك جار له دونیای شانۆدا ڕووده‌دات.
پاشان له په‌رده‌ی سێیه‌مه‌وه وەھا شه‌یدایی و هه‌ڵچوونێك به‌سه‌ر هۆڵەکه‌دا زاڵبوو، که چەندین جار ئه‌كته‌ره‌كان هاتنه سه‌رشانۆ. پاش كۆتایی په‌رده‌ی سێیه‌م، هیچ یه‌ك له بینه‌ران لە ھۆڵەکه نه‌چوونه ده‌ره‌وه، هه‌موو وه‌ستابوون و هورایان ده‌كێشا … ته‌واو گیرمخواردووه، ئه‌م نامه‌یه که به‌یانی هه‌ینی ده‌ستمپێكردووه، ئێستاکه که دووشه‌مه‌یه توانیم ته‌واوی بکه‌م. چوار ڕۆژ مۆڵەتم وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بخەوم.
گشت ئه‌كته‌ره‌كان باش ڕۆڵیانده‌گێڕا، ته‌نیا ‘ نی‌نا ‘ باره‌که‌ی دڵگیرنه‌بوو، ئه‌وه‌ش خەتای ستانیسلاڤسكی بوو، چونکه به‌ڕاستی گێژی كردبوو. سه‌ره‌تا پێی‌گوت وه‌ك كیژێكی لادێی ڕۆڵبگێڕێ … من توڕه‌بووم و گوتم بارێكی ھۆنەرانه‌ی ساكار به‌خۆوه بگرێت باشتره … له‌به‌ر ئه‌م هۆیه گیّژ بووبوو …
‘ دورن ‘یش هێشتاکه نه‌چووەته که‌وڵی که‌سایه‌تی به‌سه‌رھاته‌که. ئه‌م که‌سه مرۆڤێكی به‌رز و خوێنده‌واره و چالاکه… له‌م ڕووه‌وه ڕۆڵگێڕانی که‌سایه‌تی ئەو كارێكی ئاسان نییه. (ماكیاژ) زۆر باشبوو. كۆتایی شانۆیییه‌که زۆر باش ده‌رھاتبوو.
بینه‌ران به‌ڕاده‌یه‌ك بێده‌نگ بوون، ده‌تگوت که‌س لە ھۆڵەکه‌دا نییه. ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م شانۆیییه سه‌راپای مۆسكۆی داگرتووه. خاوه‌نی شانۆكانی دیكە تینووی خوێنمن، له ڕاستیدا به‌رهه‌مه‌که‌ت وەھا ده‌رھاتووه، گەر خۆت بیبینی واقتوڕده‌مێنێت… من له‌ڕاده‌به‌ده‌ر دڵخۆشم، له دووره‌وه له ئامێزت ده‌گرم.
که‌ی ‘ لاله وانیا ‘ ده‌نێریت.
نێمیروڤیچ دانچێنكۆ
**************
* نێمیڕوڤیچ دانچێنكۆ Vladimir Nemirovich-Danchenko [به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ]
وه‌رگێڕانی له ڕوسیه‌وه : شاهین سركیسیان
وه‌رگیراو له: فصل تئاتر. ساڵی دووه‌م. پاییز و زستانی ٩٨- ١٩٩٩