٥ی ئۆكتۆبەری ١٩٩٢، یادێك لە هاوڕێ ئاراس (سۆران ئەحمەد)
كاتێك كە جەستەی كەنەفت و لاواز دەبێتە زیندانی بەرزەفڕیی ھەست و سۆز، گیان دادەھرزێت و خۆی دەخواتەوە …
بۆ من، ئەم وێنەیە، یاداوەریی ( ٥ی ئۆكتۆبەری ١٩٩٢*)م بیردەخاتەوە، كە لە ڕەشبگیریێكی سەرتاسەریی هەرێمی کوردستاندا لە گەڕەكی تەیراوا، تەنیشت باخچەی كورد و عەرب، سات نزیكەی ٣ی پاشنیوەڕۆ، چەكدارەكانی ملازم ‘ ڕەفعەت كاوانی ‘ وەك بەعسییەكان كوتایانە سەرمان و دەمەو ئێوارە لەپشت پەنجەرۆكەی زیندانی ئاساییشەوە لە فڕێنی ئازادانەی كۆترەكانی ” گەڕەكی عەرەبان”م دەڕوانی و خەمی ئەوەم لێنیشتبوو، كە لەنێو ماڵەكەمان بگەرێن و وەڵامی وەرگرتنی سێ ھاوڕێ (ن. ج/ خەڵكی کەرکووک)، (ح. د/ دانیشتووی دارەتوو) و (ئ. ئـ/ خەڵکی ڕانیە و خوێندکار لە هەولێر) لە ڕێزەكانی ڕێكخراوەكەماندا لە گیرفانی كراسە جێماوەكەمدا بدۆزنەوە و ئەوانیش وەک ئێمە لە خۆشی و ئازادی پیاسەی ئێوارانی بەردەم قەلا بێبەشبن.
بەو پەڕی تاسەوە چاوم لە ئاسمان دەبڕی و لە ناخمدا بەو پەڕی توانامەوە ھاوارمدەكرد، ئاوا ھاوارمدەكرد، كە ھەستدەكرد ئاسمان لە ھاواری من پڕبووە، ھەموو مردووەكان بە دەنگی من داچڵەكاون، كۆترەكانم بانگدەكردن، تا نامە بێ ئەژمارەكانی ناخم، تا خەمی ھاوڕێ ئاراس ‘سۆران ئەحمەد’ بۆ سلێمانی، ‘عەبدولقادر’ بۆ دایكی لە گەڕەكی عارەبان و ‘ عەزیز’ی وێنەگر بۆ خۆشەویستەكەی بەرن …
ئێشتاش دەستە لەرزۆكەكانی مام مەولود [كرێكاری كارخانەی جگەرە]، چاوە كزەكانی مامۆستا فوئاد [مامۆستای ئایین لە فێرگەی سەرەتایی] لە پشت چاویلكەكانییەوە، پەشۆکاوی و سەرسوڕمانی هاوڕێ ‘ئاراس’ لە میواندارییەکەی عەقید ‘سمکۆ’ [بەڕێوەبەری ئاساییش] سۆی برینەكانی ھاوڕێ عەلی خەڵكی ڤان [یەكێك لە بریندارەكانی پەكەكە] داستانە ترساوەكانی مام خدری شۆڤێر [باوكی گیانبەختكردوویەكی پدكع] ھاوارەكانی جەمال و باوكی [خەڵکی هەکاری] لە ژووری ئەشكەنجە، یاداوەریی زیندانییەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەسەر دیوارەکان، وێنای دڕندانەی عەبدوڵخالق جەلاد [خەڵكی ھەولێر]، عەلی جەلاد [خەڵكی كەركووك] ئەشكەنجەدەرەكانی ئاساییش، ئەو وێنانەن، ئەو دەنگانەن، ئەو نیگایانەن، كە ھەرگیز لەبیرمناچنەوە و ھەموو ساتێك لەتەكیاندا دەژیم …
دوانیوەڕۆیەکی درەنگ، چەند کاتژێر پا گیرانی خۆمان [هاوڕێ سۆران کەریم و زیندانییەکانی دیکە] و گواستنەوەمان لە بنکەی پۆلیسی ‘مەنتکاوە’وە بۆ دەزگەی ئاساییش، شریخەی پەیتا پەیتای کردنەوەی دەرگە ئاسنینەکەی ژووری زیندان، جارێکی دیکە هەموومانی داچڵەکاندەوە. عەزیزی پاسەوان [چەکداری پارتی و وەک خەڵك دەیگوت کۆنە چەکداری ڕژێمی بەعس] و کەسێکی کورتە باڵای قژلول لەلاوە دەرکەوت. هاوڕێ ئاراس چاکەتی قاتە شینە کۆنەکەی کە لە لەنگەفرۆشییەکەی بۆخۆی گلدابووەوە، بەسەر باسکی راستیدا دابوو، بە پەشۆکاوییەوە چاوێکی بەنێو ئێمەدا گێڕا، پێش ئەوەی نیگای بخاتە سەر شوێنەکەی هاوڕێ سۆران کەریم و من، بە هاوڕی سۆران’م گوت ئەوە ئاراس’ە، خۆت بشارەوە، با ئەویش بەبۆنەی ئێمەوە نەگیردرێت. هەردووکمان خۆمان دایە پشتی هاوڕێ عەلی [خەڵکی ڤان، کە پاژنەی پێی چەپی برینداربوو و لە خەستەخانە دەستبەسەریانکردبوو] هاوڕێ دەشتی وێنەگر [کە لەسەر عەزیزی برای گیرابوو و محەمەدی برایشی لەسەر ئەو گیرابوو و عەزیزی برایشی کە دەمەوئێوارە بەخۆی هات، لەسەر ئەمان گیرا].
هاوڕێ ئاراس ئێمەی نەبینی و وەرگەڕایە دواوە و بە عەزیزی پاسەوانی گوت “هاوڕێکانم لێرەنین” بەتەمابوو لە دەمی دەرگەکە بچێتەدەرەوە، عەزیزی پاسەوان پێیگوت “بۆ کوێ ؟ بڕۆرە ژوورەوە، عەقید سمکۆ گوتی تۆ ئەم شەو لەلای ئێمە میوان دەبیت!” و پالێکی توندی بە هاوڕێ ئاراسەوە نا و خستیە ژوورەوە و دەرگەکەی لەسەر داخستینەوە.
هاوڕێ ئاراس بە پەشۆکاوییەوە لەنێو ئێمە [زیندانییەکان]دا بە دوای شوێنێکدا گەڕا، شوێن نەبوو، بانگمکرد “ئاراس .. ئاراس .. وەرە ئێرە ” … یەکسەر هات و گوتی کوڕی خوا من بۆ ئێوەم نەبینی، ئەوە لێرە چیدەکەن ؟ ”
ئێمەش هەمان پرسیارمان ئاراستەی خۆی کردەوە، ئاخر ئەو دانیشتووی سلێمانی بوو و ئەندامی بەشی ئاشکرای سلێمانی ‘ڕەوتی کۆمونیست’ بوو و وەک کاریش لە لەنگەفرۆشییەکەی تەنیشت دادگەی سلێمانی، لەنگەفرۆش بوو و دەرکەوتنی لەو ساتەدا کە ئێمە گیرابووین، بۆ ئێمە جێی پرسیار بوو، لە هاتنەکەی ئادارنەبووین و ڕۆژی پێشوو هاوڕێ هیوا کەریم چووبوو بۆ سلێمانی و ئەویشی لەتەکدا نەبوو.
لە وەڵامی پرسیارەکەی ئێمە و پرسیاری زیندانییەکانی دیکەدا گوتی ” کەمێك لەمەوپێش لە سلێمانییەوە هاتم، چووم بۆ شوققە و لە دەرگەم دا، کەس لەوێ نەبوو، لە دەرگەی هاوسێکەتان [حەسەن یەزیدی]م دا هاوسەرەکەی ئەو گوتی”ئێوە گیراون” منیش بەرەو ئاساییش هاتم و چوومە لای عەقید سمکۆ، تا بزانم بۆ گیراون، کەچی بە گاڵتەپێکردنێکەوە پێیگوتم ”بەخێر بێیت کاکی کۆمونیست، بەپێی خۆت هاتوویت، جارێ لەلامان میوان دەبێت، ئەوسا پێتدەلێین هاوڕێکانت لە کوێن و بۆ گیراون!” ئیتر ئاوا هاتمە ئێرە، ئەی ئێوە بۆ گیراون ؟ ”
ئێمەش گوتمان هەر ئێمە نا، ئەم هەمووە هەروەك تۆ گیراون و ڕەشبگیرە!
* ئا بەم جۆرە، ڕۆژی فیدراڵی لە کوردستان ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢، ڕۆژی ڕەشبگیری بوو، ڕۆژی ڕەوایەتیدان بوو بە هێڕشی سێ قۆڵی (ینک و پدک و لەشکری تورکیە) بۆ سەر گەڕیلاکانی باکوور، ڕۆژی وەرگرتنی پاداشت بوو لە بەرامبەر ڕادەستکردنەوەی کچە گەڕیلاکان لەلایەن پێشمەرگە و ئاساییشەکانی ‘ فەرمانڕەوایەتی بۆرجوازی هەرێمی کوردستان’ەوە !