Skip to content
ئەو یاداوەرییانەی هەرگیز لەبیرناچنەوە
زستانی ١٩٩٢، پاش ئەوەی کە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست لە هەڵەبجە و رانیە بە نیازی فریاکەوتنی پڕۆلیتاریای “بێ پارت و پێشڕەوی” وڵاتانی ئەوروپا بنکەکانی داخستن. لە یەکەمین کۆبوونەوەدا بۆ ڕێکخستنەوەی بەشی ئاشکرای ڕێکخستن پاش تێکشکانی پێشنیارە پادەرهەواکەیان، سەرلەبەیانییەك لە ماڵی هاورێ خەبات لە شەهیدانی ئازادی کۆبووینەوە و پاش پێکهێنانی حەوزەکانی ڕێکخستنی ئاشکرای سلێمانی، هاوڕێ ئارام ….[لە فینلەندا] کورتە باسێکی پێشنیاریی هەبوو، کە قسەی لەسەر ناپێویستبوونی خەبات دەکرد و دێترمینیستانە مژدەی گۆرانی خۆبەخۆی کۆمەڵگەی بەپێی گەشەی ئابووری و پیشەسازی دەدا. تەنیا کەسێك کە لایەنگریی لە بۆچوونەکانی کرد، هاوڕێ ئاراس بوو. پاش تەواوبوونی دانیشتنەکە لێمپرسی هاوڕێ، چۆن بەلامەوە سەیرە تۆ ئاوا بیردەکەیتەوە، لە وەڵامدا گوتی ” هەر من نیم، کەسانی دیکەش هەن، بەڵام شەرم لە دەربڕینی بۆچوونیان دەکەن یا بوێری ئەوەیان نییە، من لەم ساتدا ئاوا بیردەکەمەوە”. ئەمە یەکەمین ناسینی هاوڕێ ‘ ئاراس ‘ و من بوو.
هاوینی هەمان ساڵ پاش ئەوەی لە گەشتیکی ئێران گەڕامەوە، هاوڕێیانی حەوزەکەی ئێمە کە زۆربە کەرکووکی بووین و لە هوتێڵ ‘سۆمەر’دا دەژیایین، بە مەبەستی بەهێزکردنەوەی ڕێکخستنی ئاشکرای هەولێر، کە پاش دوورکەوتنەوەی هاوڕێیان ‘جەمال کۆشش’ و ‘ ئازاد [بژارد] ‘ و ڕەحیم … [لە کەنەدەا] ، ‘سیروان عەلی ‘ لەسەر پرسی بەشداری خۆهەڵبژاردنی پارلەمانی، ڕێکخستن لەوێ کزبووبوو، هاوڕێیانی حەوزەکەی هوتێڵ سۆمەر چووبوونە هەولێر و لە شوققەیەکی نزیک باخچەی کورد حەرەب دەژیان، بە فەرمانی ڕێکخستن دەبوو منیش بچمە هەولێر و بەڕێکەوت هاوڕێ ئاراس لەوێ بوو و گوتی بەیانی منیش دێم و بەیەکەوە دەچین. بەڕاستی بۆ من گەورەترین دیاری بوو، جونکە چوونم بۆ هەولێر زۆر سەخت بوو و هەرەندە لە ژیانمدا هەولێرم نەدیتبوو، لە داخی گۆرانی “سەدام زێرە” هەولێرم لەبەرچاو کەوتبوو. هاوڕێ ئاراس بوو بەو فریشتەیەی کە باڵی منی گرت و سڵەمانەوەی چوونە ئەو شارەی لای من شکاند و چەند ساتی [سەعاتی] ڕێگە زۆر قسەوباسمانکرد و هاوبۆچوونییەکەی زۆرمان هەبوو. کاتێك کە لەلای ”شێخەڵڵا/ شێخ اللە” دابەزین و لە دەستی چەپەوە لەژێر سێبەری شوققەکاندا بەرەو گاراجی شیمال شۆڕبووینەوە، ئەو بەردەوام سەرنجی ڕوخسار و هەنگاوەکانی منی دەدا، کە چۆن پاگیرە گرتبوومی و هەستم دەکرد بەرەو چارەنووسیكی نەخوازراوم دەبەن، بەداخەوە هەر ئاواش بوو.
ئەو ساتەم لەبیرناچێت کە ئەو لە پێشمەوە چوست و چالاک بە پێپلیکانەکاندا سەرکەوت و لە تاریکی ڕاڕەوەکەی نهۆمی سێیەمدا لە دەرگەی شوققەکەی دا و لە خۆشی دیتنی هاوڕێیان ‘سۆران کەریم’ و ‘ڕێبوار میدحەت’ و ‘هیوا کەریم ‘ و ‘مامە کەریم [کەریمی حەمەگوڵناز]’ و ‘ باییز عەزیز [ڕێباز]’ ، کردی بە هەڕایەك و وەها لە ئامیزی دەگرتن، مرۆڤ تەنیا دەیتوانی پەیوەندی نێوان کۆمونارەکانی پاریس بهێنێتە بەرچاوی، لە قسە و شۆخی و جوڵەکانی، میهرەبانی دەتکا، پاکی مرۆڤێکی سۆشیالیست ۆی نمایاندەکرد …
پاییزی هەمان ساڵ، کاتێك کە هاورێ ‘سۆران کەریم’ و من، لەلایەن ئەمنەکانی حکومەتی هەرێمەوە گیراین، ئەو، ئەو ڕۆژە لەبەرئەوەی لەتەك باوکیدا کەمێك دەمەقاڵەی بووبوو و سەری خۆی بەرەو کۆمونەکەی ئێمە هەلگرتبوو، بەخۆی و هەموو داراییەکەیەوە، چاکەت و پانتۆڵێکی لەنگەفرۆشییەکەی خۆی و ڕادیۆ و مسەجەلێکی شکاوی بە لاستیک بەستراوی توشیبای مۆدیل کۆن بوو، دابووە بنباڵی و بەپێی خۆی هاتبوو بۆ بەردەم ‘عەقید سمکۆ’ تا قەرەقوشییانە فەرمانی زیندانیکردنی بدات !
کاتێك کە لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لە زیندان دەرچووین، ئێوارە درەنگێك بوو، بەدەم گوتنەوەی سروودی ئینتەرناسیونال و سروودە کرێکارییەکانی دیکەوە بە کۆڵانە تەنگ و تاریکەکانی ‘تەیراوا’ دا بەرەو شوققە چووینەوە. ڕۆژی دوایی چاکەت و پانتۆڵە چڵکگرتووەکەی زیندانی پۆشییەوە و مسەجەلە شکاوەکەی [ئەگەر باش لەبیرممابێت دا بە ئێمە] و پێکەوە چووین بۆ سلێمانی و هاوڕێ سۆران کەریم چوو بۆ دیانە بۆ لای خۆشەویستەکەی، چونکە کەسێك کە سەر بە ئاساییش و ڕێکخستنی (ینک) بوو و لە ڕێگەی ڕێکخستنی نهێنی هەولێرەوە کنەی کردبووە ڕیزەکانی ڕەوت و هەر بە فەرمانی دەزگەی ئەمن هاتبوو لە نهۆمی یەکەمی ئەو بالاخانەدا کاری دەکرد و ناوی ‘خەلیل’ بوو، ئێمەی دابوو بەگرتن و یەکسەر پاش ئازادبوونیشمان هەنگاو بە هەنگاو لە ماڵەوە بۆ ئاساییش و لە ئاساییشەوە بۆ ماڵ چاودێریی دەکردین، ناچار هەر یەکەمان بەلایەکدا بۆ چەند ڕۆژ دوورکەوتینەوە …
بەداخەوە تا ئێستا هەلم بۆ نەڕەخساوە، یاداوەرییەکانی زیندان جارێکی دیکە بنووسمەوە، هەرچەندە هەوڵمداوە لە چەند چیرۆکێکدا هەندێکی بنووسمەوە، بەڵام ئەوەی کە پێشتر لە دووتوێی شانۆگەرییەکی چەند پەردەییدا بەناوی “ڕۆژی فیدراڵی” نووسیبوومەوە، بەڵام پاش ئەوەی ناردم بۆ لای هاوڕێ ‘سۆران کەریم’ لە سوێد، لەلای ئەو ڕەشنووسی شانۆگەرییەکە فەوتا و نەگەڕایەوە و ئەوە بووە هۆی نەبوونی توانا بۆ دووبارەنووسینەوەی.
لێرەدا وەك وەفادارییەك بەو هاوڕێ کۆچکردووەم، بەو بەشە ونبووەی ژیانم، بەو مرۆڤە لێوانلێوە لە شادی و ڕاستگۆیی و خەندەلێوە، بەڵێندەدەم، کە لە هەلێکدا کات بۆ نووسینەوەی ڕۆژە زیندانکراوەکانی هاوڕێ ‘ ئاراس ‘ تەرخانبکەم. هیوادارم ئەگەر هاوڕێ سۆران کەریم لە هەرکوێیەك هەیە و ئەم ڕستانەی پێدەگات، هەوڵبدات ئەگەر ئەو ڕەشنووسەی لەلا ماوە، بۆمبنێرێتەوە یا بەخۆی بڵاوبکاتەوە …
ئاخ چەندە ناخۆشە ژیان
لە پاش مەرگی ئازیزان
چەند ناخۆشە مانەوە،
بۆ خوێندنەوەی خەمی هاوڕێیان
ڕۆژ نییە،
هەواڵی مەرگی بەشێك لە ژیانم،
نەگاتە گوێم
سات نییە،
خەمی ئێوە،
ژیان نەکاتە ئازارێکی نەبڕاوە، لێم
هاوڕێ تۆ ڕۆییشتی و
دڕاندت بەشێك لە پەڕاوی یاداوەریی من
تۆ ڕۆیشتی و
بە مەرگی ناوادە و ناخواستەت
مراندت بەشێك لە ژیانی من
بەم جۆرە من ماوم،
تا خەمی تۆ و ئەوانی دی بگرمە دڵ
بە گیانی وێڵ و
جەستەی ماندوو
بکەم سۆراخی خەندەی تۆ،
لەسەر پەڕەی گوڵ