سنووری ئازادی من، ئازادی تۆ و ئەوانی دیكەیە

سنووری ئازادی من، ئازادی تۆ و ئەوانی دیكەیە

ئازادی و سەركوت بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی تاكەوە پەیوەستن، كاتێك كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكان لەسەر بنەمای سەر و خوار، فەرمانڕەوا و فەرمانبەر ، سەروەر و ژێردەست، ڕەنجدەر و ڕەنجخۆر [مشەخۆر] ڕۆنرابن، ئیدی قسەكردن لە ئازادی تاك دەچێتە خانەی پووچگەراییەوە.

كاتێك كە تاك ئازاد نەبێت، ئیدی قسەكردن لە ئازادی كۆمەڵ، لە فریودان و شاردنەوەی سەركوتی كەمینەی سەروەر لەسەر ژێردەستی زۆرینە، بەدەرنییە.

لەبەرئەوە ئازادی كۆمەڵ بە ئازادی تاكەوە بەستراوە و ئازادی تاكیش تەنیا لە كۆمەڵگەی ئازاددا دابیندەكرێت، بۆ ئەوەی خودی ئازادی وەك بنەمای پەیوەندی كۆمەڵایەتیی بوونی ھەبێت، پێویستی بە بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی ھەیە، كە یەكسانی ئابووریی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ھاوبەشیی گشتییە لە دەسەڵات و بەڕێوەبردندا.

ھەڵبەتە دەسەڵات بە واتای بڕیاردانی پێكڕایی لەسەر كاروبارەكانی كۆمەڵگە، نەك دەزگەی فەرمانڕەوایی و دەوڵەتیی سەرووخەڵكی. بەو جۆرە سنووری ئازادی ھەر تاكێك، تەنیا ئازادی ئەوی دیكە دەبێت و بەس، ئەوەش زەمینەسازی سەرھەڵدانی ھێزێكی یەكگرتووی كۆمەڵایەتییە و بەختەوەریی ھەمووانی دەئافرێنێت !