نازم حیكمەت باشتر بناسین / ١

نازم حیكمەت باشتر بناسین

ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە

نازم حیكمەت

و. لە فارسییەوە : ھەژێن

بەشی یەكەم

 

لە سێ ساڵیدا لە حەڵەبی تازە، پاشا بووم

ساڵی لە دایکبوونی نازم حیکمەت ١٩٠٢ی زاینییە. لەم ساڵەدا یەکەمین کۆنگرەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی سەرتاسەری ئیمپراتۆری گەورەی عوسمانی لە پاریس دەبەسترێ و ئەم کۆنگرەیە سەرەتایەکە بۆ ھەڵگێڕانەوەی کۆشکی سەرکوتگەرانەی سوڵتان عەبدولحەمید دووەم ئیمپراتۆری سەرکوتگەری عوسمانی.

‘حیکمەت بەگ’  باوکی نازم ئەندامی شالیارگەی کاروباری دەرەوەی عوسمانییە و لە ‘سالۆنیك’ خزمەتدەكات و باپیرە گەورەی ‘نازم پاشا’   لە پیاوانی دەوڵەتی عوسمانییە، كەسێكی ئازادە و شەیدای ھۆنراوە و ئەدەب و ھۆگری ھۆنراوەكانی ‘مەولەوی’یە و  لە سەرەتادا والی زۆرێك لە ویلایەتەكانی توركیە بووە، بەڵام چونكە لە ماوەی فەرمانڕەواییدا لە مێرسین دژی خۆبەدەستەوەدان [كاپیتۆلاسیۆن] وەستاوەتەوە و ئینگیزێكی مرۆڤكوژی بەبێ ڕەزامەندی كۆشكی پاشایەتی لەسێدارەدا، بەو ھۆیەوە لەبەرچاوی سولتان كەوت و ئەوییان بەشێوەی نیوە دوورخرانەوەیەك وەك ‘والی’ ناردە حەڵەب.

‘حیكمەت بەگ’یش لەم كاتانەدا لە خزمەتی شالیارگەی دەرەوە وەرس دەبێت، بە ھاوسەرەكەی ‘جەلیلە’ خاتوون، كچی ‘ئەنوەر پاشا’ كە ژنێكی جوان، تێگەیشتوو و خوێنەدوار بوو و زمانی فەرەنسی بە چاكی دەزانێ و نیگاركێشیشدەكات دەڵێت  “من لە شالیارگەی دەرەوە وازدەھێنم, چونكە لەم بارەدا یان دەبێت لایەنگری سولتان بیت و سیخوڕیی بكەی یان ئازادیخواز بی و بەرەوپیری مەرگ بڕۆی.” بە ڕەزامەندی جەلیلە خاتوون واز لە كارەكەی دێنێ و لەبەرئەوەی كە لەو جێیە دەرامەتێكی نییە، ناچار كوڕە تازە لەدایكبووەكەیان ‘نازم’ لەتەك خۆیاندا دەبەن و دەچنە حەڵەب بۆ لای نازم پاشا. نازم حیكمەت تا سێ ساڵی لە حەڵەب لەلای باپیرەی دەژی و لێرەدا مەبەست لەو ساڵانەیە، كە لە ھۆنراوەی ‘ئۆتۆبیۆگرافی’ خۆیدا دەڵێت ” لە حەڵەبی تازە پاشا بووم”.

سەرئەنجام پاشا’ش خانەنشینكراو لەتەك خێزانەكەیدا گەڕایەوە ئیستانبول. موچەی خانەنشینی پاشا بەشی ژیانی خێزانەكەی نەدەكرد. نازم كە یەكەم جار ناردبوویانە فێرگەی مناڵە دەوڵەندەكان، ناچار گواستیانەوە بۆ فێرگەیەكی ھەرزانتر، بەڵام باپیرەی خانەنشین، ھەرچەندە لەكاتی دەستكورتیشدا ماڵەكەی ھەمیشە پڕ بوو لە میوان، بەڵام بێجگە لە باسی ھۆنراوە و ھۆنەری، ھیچ كارێكی دیكەی نەبوو و نازم’ی بچكۆڵەش لە تەنیشتی ئەو و لەژێر كارایی كەشی ئەم كۆڕ و كۆمەڵانەدا لەتەك شەیدابوونی بۆ ھۆنراوە و ھۆگریی بۆ ‘مەولەوی’ گەورە بوو.

لەم ڕۆژانەدا جەنگی جیھانی یەكەمیش دەستیپێكرد بوو و دەوڵەتی ئوسمانی شانبەشانی ئاڵمانیا چووبووە جەنگەكەوە و ئەم كارە ھەژاری خێزانەكەی زیاتر دەكرد. لە ھەمانكاتدا ‘پاشا’ كە لە گەڕەكەكەدا بە پایەیەكی بەرز دادەنرا، ھەمیشە خۆی ناچار بە یارمەتی ھەژاران دەدی، كە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندابوون و دەھاتنە بەر دەركەكەی و ئەو دەرامەتە كەمەشی لەنێو ھەژاراندا دابەشدەكرد.

نازم پەڕاوەكانی فێرگەی، یەك بە یەك لەو ھۆنراوانەی كە دەھۆنینەوە، پڕدەكردەوە. لە كۆتایی جەنگدا ئەو ھۆنراوانەی كە نازم دەیانھۆنێتەوە، لە كۆڕوكۆمەڵەكانی باپیرەیدا دەخوێندرانەوە و ھەموویان ئافەرینیان لێدەكرد. ‘جەمال پاشا’ شالیاری دەریاوانی كە ئەندامی ئەم كۆڕوكۆمەڵانەیە، شەیدای خۆشی و چالاكی نەوەی پاشا دەبێت و ھانیدەدا، تاوەكو بچێتە فێرگەی ھێزی دەریایی. نازم بەو پێشنیارە ڕازی دەبێت و دەچێتە فێرگەی سەربازییەوە.

شایانی باسە كە پێنج ساڵ دواتر لە ١٩٢٢دا نازم و جەمال پاشا لە مۆسكۆ یەكتردەبیننەوە. جەمال پاشا وەك جاران داوا لە نازم دەكات، كە ھۆنراوەیەكی بۆ بخوێنێتەوە و نازم بۆی دەخوێنێتەوە. ڕوخساری پاشا دەشێوێ. ناچار بێدەنگییەكەی دەشكێنێت و دەڵێت ” ئەگەر ڕێوشوێنی جارانم ھەبووایە، داوامدەكرد لە سێدارەت بدەن و لەژێر سێدارەكەدا دەگریام.”

نازم وەڵامی دەداتەوە “بەڵام جیاوازی من و تۆ ئەوەیە، كە من تۆم لە سێدارەدەدا و نەشدەگریام.”

ئایا لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا نازم چی بەسەر ھاتبوو و چۆن نەوەی پاشا گەیشتبووە مۆسكۆ و بووبووە ھۆنەرێكی شۆڕشگێڕ. ڕووداوەكانی ئەم پێنج ساڵە بەكورتی :

نازم فێرگەی دەریایی تەواوكرد و بۆ خولی پراكتیكی چووە ھێزی دەریاییەوە، بەڵام پاش تووشبوونی بە لاڕەشە pleuritis سییەكانی بە خەستی خڵت دەگرن و لەخزمەتكردن لەنێو ھێزی دەریاییدا  لێیدەبوورن.

ساڵی ١٩٢٠، دوو ساڵ بەسەر كۆتایی جەنگدا تێپەڕیوە. دەوڵەتی ئوسمانی لە جەنگدا شكستی خواردووە و گشت وڵاتەبندەستەكانی ئەو ئیمپراتۆرییە ئازادكراون و لەو ئیمپراتۆرییە پانوپۆڕە تەنبا خاكی بنەڕەتی توركیە واتە ‘ئاسیای بچووك’ ماوەتەوە. بەڵام لەم سنوورە فەرمانڕەواییە بچووكەشدا، ئیدی سەربەخۆی لەئارادانەبوو. ‘سولتان موحەمەد’ی پێنجەم لە دەسەڵات خۆی كێشایەوە و ‘سولتان موحەمەد’ی شەشەم لەجێی ئەو چووە سەر تەخت. ئیستانبول لەلایەن ھێزە ھاوپەیمانەكانەوە داگیركرابوو، ‘بابعالی’ و كۆشكی ‘دۆلما باخچە DOLMABAHÇE SARAYI’ لە بێدەنگییەكی مەرگباردا نیشتبوو و دوا ئیمپراتۆڕی ئوسمانی لە دەستی ھێزە داگیركەرەكاندا تەنیا بووكەشوشەیەك بوو. میلەت بەگشتی لە سولتان تەمابڕ بووبوون و گشت چاویان بڕیبووە ئاناتۆڵی و بەرەو ‘موستەفا كەمال پاشا’ كە لە ئانكارا ‘ھێزی میللی’ی دامەزراند و دەكەوێتە ھەوڵی ڕزگاركردنی وڵات لەدەست بێگانەكان. داھاتوو لە ئاناتۆڵی’یە، ھیوا لە ئاناتۆڵی’یە، پەیوەندی دەوڵەت لە ئاستانبول لەتەك ئاناتۆڵی’دا پچڕاوە و ئەو كەسانەی كە ھۆگری ڕزگاری نیشتمانن، ڕوو دەكەنە ئانكارا.

لەم ساڵەدا ‘نازم حیكمەت’ی ھەژدە ساڵە لە كۆڕ و كۆمەڵە ھونەرییەكانی ئیستانبول’دا وەك ھۆنەرێك تەواو ناسراوە. ھۆنراوەكانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا چاپدەكرێن، لە پێشبڕكێی ھۆنراوە’دا بەشداریدەكات و براوەدەبێت. بەڵام بۆ ئەو ژیان لە ئیستانبول كە لەژێر پۆستاڵی داگیركەراندایە، لە توانای بەرگەگرتندا نییە. دواجار بڕیاری خۆی دەدات. بەبێ ئەوەی لەم بارەوە لەتەك باوكی قسانبكات، لەتەك یەكێك لە ھاوەڵە دڵسۆزەكانی ‘والا نورەدین’ گەشتی خۆی بۆ ئاناتۆڵی دەستپێدەكات. لەم گەشتەدایە، كە بۆ یەكەم جار نازم ڕوخساری كەتواریی نیشتمان و گەلەكەی خۆی دەبینێت. یەكەمین جارە كە لەتەك ژیانی كولەمەرگی ژنان و مناڵانی برسی و ڕووتەڵە و نەخۆشی نیشتمانەكەی خۆیدا ئاشنادەبێت. نازم ھەرگیز تا كۆتایی تەمەنی ناتوانێت ئەوەی كە لە ئاناتۆڵی بینیویەتی لەبیربكات و لەوەو بەدواوە، گشت ھۆنراوەكانی ئەو سروش لە ژیانی ئەم خەڵكەوە  وەردەگرن و بۆ ئەم خەڵكە دەبن.

نازم و ‘والا’ لە ئیستانبوڵەوە چوونە ‘ئینەبولو’ و لەوێوە بە پێخاوسی بەنێو گوندی وێران و خەڵكی نەخۆش و برسیدا ڕێگەی ئانكارا’یان گرتەبەر. ئەم گەشتە، حەوت ڕۆژ درێژەیكێشا. ئانكارا لەنێو ھەژاری و بەدبەختی و بێچارەییدا خەریكبوو نوقمدەبوو، بەڵام ھۆنەری لاو ڕێگەی خۆی ھەڵبژاردبوو؛ دەیویست لە جەنگی سەربەخۆییدا بەشداریبكات. ھەوڵێكی زۆری دا، بەڵام ئەوییان وەرنەگرت، كەسانێك بوون، كە دەیانزانی سییەكانی ئەو نەخۆشن و پێشتر لە خزمەتی سەربازی لێیبودراوە. خزم و كەسانێك، كە لە ئانكارا ھەیبوون، ھەوڵیاندا تاوەكو كارێكی گونجاوی لە نووسینگەی چاپەمەنی ئانكارا بۆ پەیدابكەن. بەڵام نازم ڕازینەبوو و ئەو ویستی بینێرنە جەنگ یا وەك مامۆستا بنێرنە گوندەكانی ئاناتۆڵی. بەم ھۆیەوە دەیویست خەڵكی ئاناتۆڵی باشتر و زۆرتر بناسێت.  ئەویان نەناردە جەنگ، بەڵام توانی بەپێداگرتنێكی زۆر، فەرمانی مامۆستاییەكەی لە لادێی ‘بولو’ بەدەستبێنێ و ھاوەڵەكەشی ‘والا’ كەوتە دوای ئەو و ھەدووك چوونە ‘بولو’.

لە ھاوینی١٩٢١دا نازم و ھاوەڵەكەی بەپێ كەوتنەڕێ. نازم لەنیوەی ڕێدا نەخۆشكەوت و بە خزمەتگەریی گوندنشینان چاكبووەوە و دواجار ماندوو و نیوە گیان، گەیشتنە ‘بولو’.

مامۆستایی لە ‘بولو’ ئەوی زیاتر لە خەڵكی ھەژار و لێقەوماوی ئەو ناوچەیە نزیكدەكردەوە. ھەرچەندێك پەیوەندی خەڵكی لەتەك نازم’دا زیاتردەبوو، زەنگی مەترسی بۆ ئاخا و سەرۆكھۆزە ناوچەییەكان دەزرینگایەوە، بەجۆرێك كە سەرئەنجام بڕیاڕی كوشتنی ئەویان دا و ئەگەر یارمەتی ‘ضیاء حلمی’ فەرمانداری ‘بولو’ نەبووایە، كە كەسێكی ڕۆشنبیر بوو، لەوانەیە پەڕاوی ژیانی ھۆنەر [نازم حیكمەت] ھەر لەو گوندە دووردەستەدا داخرایە. ‘ضیاء حلمی’ دەستبەجێ نازم و ھاوڕێكەی لە ‘بولو’ دەربازكرد و بردنیە گوندێكی ئاو و ھەوا خۆش لەو نزیكانە. نازم لەوێندەرێ ژیانێكی تا ڕادەیەك ئاسوودەی ھەبوو و دەیپەرژایە سەر خوێندنەوە و نووسین و ھۆنینەوەی ھۆنراوە. لە ‘ضیاء حلمی’یەوە فێری فارسی دەبوو و ھەروەھا خەریكی باشتر فێربوونی زمانی فەرەنسی دەبوو، كە لە مناڵیدا لە دایكییەوە فێربوو بوو. لەنێو ئەو پەرتووكانەی كە دایكی بۆی ناردبوو، چەند پەرتووك لەبارەی شۆڕشی فەرەنسەوە بوون، كە نازم بە ھۆگرییەوە دەیخوێندنەوە و بەردەوام ئارەزومەند بوو، كە شۆڕشێك وەك شۆڕشی فەرەنسە لە وڵاتەكەی ئەویشدا ڕووبدات، بەڵام  ‘ضیاء حلمی’ ئەوی لەم خەون و خەیاڵە دەرھێنا و پێیگوت كە ” ئەو شۆڕشە ئیدی بەسەرچووە. شۆڕشێكی گەورەتر و قوڵتر لەم وڵاتە ھاوسێەماندا لە ڕوسیە ڕویداوە و سەیرە كە ھێشتاكە ئێوە لە ئارەزوو وخەونی شۆڕشی بۆرجوازی فەرەنسەدان.” ئەم وتانە و قسەوباسی دوورودرێژ، كە بەدوای ئەوەدا پێكەوە ھەیانبوو، بەرە بەرە نازم’یان لەژێر كارایی شۆڕشی فەرەنسە ڕزگاركرد و  بیر  و  سەرنجی ئەوی بەلای شۆڕشی ڕوسیە’دا شكایەوە. ئیدی نازم و ھاوەڵەكەی ‘والا’ لە جیاتی فەرەنسە و پاریس دەیانویست بچنە ڕوسیە و بەتایبەت مۆسكۆ.

دواجار بڕیاری یەكجارەكی خۆیان دا و ‘ضیاء حلمی’یش لەم بارەوە كۆمەكیكردن. تەنانەت خودی ئەو پێیوتن كە لەتەكیاندا دێت و پێكەوە ئامادەبوون. ‘ضیاء حلمی’ لە ‘تەرابزون’ مایەوە و ئەوان بە بەرگەگرتنی دژوارییەكی زۆر، خۆیان گەیاندە ‘باتوم’.

نازم ھیچ پارەیەكی لە گیرفاندا نەمابوو، لەبەرئەوەی بیستبووی كە لە ڕوسیەی بۆلشەڤیكیدا، ئیدی پارە ڕواجی نییە، گشت پارەی پاشەكەوتی خۆی خەرجكردبوو و دابوویە گوندنشینەكان. بەڵام لە ‘باتوم’ نازم ناچار بە فرۆشتنی پۆتینەكانی بوو و پاش چەند ڕۆژ سەرگەردانی ڕۆیشتنە ‘تفلیس’. لێڕەش ڕێكەوت كۆمەكی پێكردن، لەتەك یەكێك لە ناودارانی تورك  ‘ئەحمەد جەواد ئیمرە’، كە چەند زمانێكی دەزانی و فێرگەری زانكۆ بوو، ئاشنا بوون و ئارەزووی خۆیان بۆ ڕۆیشتن بۆ مۆسكۆ و خوێندن لە زانكۆ لەتەك ئەودا باسكرد. بەڕێكەوت لەو ڕۆژانەدا پێشنیارێك لە مۆسكۆوە بۆ ‘ ئەحمەد جەواد ئیمرە’ ھاتبوو، كە ئەویان بۆ وانەگوتنەوە لە ‘ئەنیسیتوتی خۆرھەڵاتیی مۆسكۆ ‘ بانگەواز كردبوو. ‘ئەحمەد جەواد’ لە وەڵامدا نووسی، كە ئەو دوو ھاوەڵی لاوی لەتەكدایە و پێكەوە ‘خێزانێكی كۆمەڵایەتی’یان پێكھێناوە. ئەم دوو لاوە ئارەزووی خوێندنیان لە زانكۆی مۆسكۆ ھەیە. لەبەرئەوەی كە پێویستیان بە كۆمەكی ئەو ھەیە. بەو جۆرە دەیەوێت ئەوان لەتەك خۆیدا بباتە مۆسكۆ. پێشنیارەكەی پەسەندكراو و خەرجی خوێندنی نازم و ‘والا’ دەوڵەتی سۆڤیەتی بۆلشەڤیكی لە ئەستۆی گرت، بەو مەرجەی كە لە ڕۆژانی پشووی زانكۆدا بڕۆنە گوندەكان و لە كێڵگەكاندا كار بكەن.

** ئه‌م نووسينه‌ له‌ په‌رتووكی ( آخرين شعرها ترجمهْ: رضا سيد حسينی – جلال خسروشاهی انتشارات بامداد آﺫرماه ١٣٥٩) وه‌رگيراوه‌.