نازم حیكمەت باشتر بناسین
ڕەگی ھۆنراوەكانی من لە خاكی سەرزەمینمدایە
نازم حیكمەت
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
بەشی شەشەم
نازم حيكمه‌ت بيری لێكرده‌وه، كه له‌وه زياتر ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌م سته‌مه بگرێت. ئه‌و چاك ده‌يزانی، كه ئازادبوونی ئەو واته ئازادبوونی هه‌زاران زيندانی ڕامیاریی دیكە، كه له زيندانه جۆراوجۆره‌كانی وڵات‌دا به‌ندكرابوون …
هيچكام له ناڕهزايهتییهكان، به‌ياننامه، تێله‌گراف و نامهگەلێك، كه له گشت لایەكی جيهانه‌وه هه‌روه‌ك لافاو به‌ڕووی سه‌رانی توركيه’دا ههڵياندهكرد، كاراییان دانه‌نابوو. له‌تاو ئەوە نازم حيكمه‌ت بڕياریدابوو، دواشتێك كه بۆی ماوه‌ته‌وه، لە ڕێی ئازادی خۆی و هه‌زاران زيندانيدا بيبهخشێت: واته گيانی !
هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت بگوترێت “نيوه‌ی گيانی!”، چونكه له‌م دوازده ساڵه‌دا سه‌ره‌ڕای پشتئێشە و و لاوازی سییه‌كانی و ئازاری لاڕەشە سیاتالجی Sciatalgia، تووشی نه‌خۆشی دڵيش بووبوو. سەرەڕای گشت ئه‌وانه‌ش، ئەو بڕياریدا له خواردن مانبگرێت : يان ئازادبوون يان مردن !
له‌م سه‌رده‌مه‌دا، نازم حيكمه‌ت له زۆربه‌ی وڵاتانی دونيادا ته‌واو ناسراوبوو. له توركيهش ڕۆژنامه‌وانان ساتێك لێی نائاگانهبوون و چاپكراوه‌كان هه‌موو ڕۆژێ هه‌واڵێكی تازه‌ی ئەویان بڵاوده‌كرده‌وه.
نازم حيكمه‌ت وێردی سه‌ر زمانان بوو. هه‌مووان خوازياری ئازادبوونی ئەو بوون. ئێستاكه ئيدی بۆی ساخ بووبووه‌وه، كه له ماوه‌ی ئه‌م دوازده ساڵه‌دا به‌رگه‌ی چ سته‌مێكی كوشنده‌ی گرتووه.
نازم حيكمه‌ت ڕايگه‌ياند، كه له ڕۆژی ٨ی ئاپريڵی١٩٥٠’وه له خواردن مانده‌گرێت و نووسی كه ئه‌م كاره‌ی ئەو هه‌رگيز له ئه‌نجامی نائومێدییه‌وه نییە، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆيه‌تی و هه‌روا درێژهیدايێ، ” گيانی ته‌نيا شتێكه، كه ده‌توانێت به‌وپه‌ری ئاره‌زووه‌وه له‌ڕێی خۆی و كه‌سانی دیكەدا بیبەخشێت …”.
بابه‌تی لهخواردنمانگرتنی نازم له چاپكراوهكاندا بڵاوكرايه‌وه و گشت لايه‌نگرانی ئەوی پهشێوكرد و ڕای گشتی دونيای وروژاند. جارێكی دیكە لافاوی تيلهگراف و نامه‌ی ناڕه‌زايه‌تی به‌ره‌و سه‌رانی ده‌وڵه‌تی توركيه له هه‌ر چوارلای دونياوه ههڵيكرد. له‌لايه‌كی دیكەيشهوه لايه‌نگرانی نازم و هه‌رواش لێپرسراوان به‌شێوه‌يه‌ك ده‌يانويست به‌ر به مانگرتن له خواردنی ئەو بگرن. لايه‌نگرانی نازم، په‌شێوی گيانی ئەو بوون و ده‌يانزانی كه ئەو نه‌خۆشه و توانای به‌رگه‌گرتنی ئه‌و كاره‌ی نییه. سه‌رانی وڵاتيش ده‌يانويست به‌ر به وروژانی خه‌ڵك بگرن.
به شێوازی جۆراوجۆر ويستيان ئەو له بڕيارهكهی پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه و جارێكی دیكەيش بههيوايهكی بێبنه‌ما ئەو له‌پشت دیواری زيندان ڕابگرن. به‌ڵام نازم له‌سه‌ر بڕياری خۆی سووربوو و له هه‌مان ڕۆژدا كه پێشتر ڕايگه‌ياندبوو، ده‌ستیدايه مانگرتن له خواردن …
لهخواردنمانگرتنی نازم نه‌ك ته‌نيا بۆچوونی گشتی توركيهی دژی كه‌سانێك، كه ئه‌م هۆنه‌ره ئازاديخوازه، كه به شانازی ئه‌ده‌بياتی هاوچه‌رخی تورك و باوكی هۆنراوه‌ی توركی ده‌ژمێردرا، زيندانیكردبوو، وروژاند، به‌ڵكو خه‌ڵكی زۆرێك له وڵاتانيش له‌تاو ئه‌و هه‌مگه سته‌م و نادادوهرییهی كه سه‌رانی ده‌وڵه‌تی توركيه به‌رامبه‌ر ئه‌م هۆنه‌ره گه‌وره‌يه ڕهواياندهبينی، توڕه‌كرد … ده‌وڵه‌ت و ڕامیاركارانی وڵات به‌ره به‌ره شڵه‌ژان. شالياری دادوه‌ریی ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵه‌ره‌وانی نارده زيندانی بورسه و ھەوڵیاندا به به‌ڵێندانی درۆينه، ئەو له بريارهكهی پاشگه‌زبكه‌نه‌وه. به‌ڵام نازم گوێی بە ھەوڵەكەی نه‌دا. ناچار، ده‌وڵه‌ت ڕايگه‌ياند، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه نازم حيكمه‌تی هۆنه‌ر به‌توندی نه‌خۆشه و پێداویستییه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی له زيندانی بورسه’دا نين، دهيگوێزرێتهوه بۆ ئێستانبول. زيندانيانی زيندانی بورسه، كه ‘نازم’يان زۆر خۆشده‌ويست و به “بابه” بانگياندهكرد، به‌م هه‌واڵه په‌شێوان. ئه‌وان نهياندەويست، ھەروا به ئاسانی “بابه” له‌ده‌ستبده‌ن. له كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی دڵنيانهبوون و ده‌ترسان، كه لهنێویبهرن. خه‌ريكبوو زيندانيانی بورسه هه‌ڵچن. له‌به‌رئه‌وه كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت له‌ژێر چاودێرییه‌كی زۆردا، نيوه‌شه‌و به‌نهێنی نازم’يان له زيندانی بورسه ده‌ركرد و گواستيانه‌وه بۆ ئێستانبول. له ئێستانبول ده‌ستبه‌جێ ئەویان له نه‌خۆشخانه پڕ ئامێره‌كان خه‌واند. نازم بهرههڵستیدهكرد و ئاماده‌نه‌بوو مانگرتن له خواردنه‌كه‌ی بشكێنێت. دكتۆر و شاره‌زايان چاويانپێكهوت و ڕاپۆرتيان نووسی، كه زۆر نه‌خۆشه، باری سییه‌كان و دڵی زۆر خراپه و بۆی هه‌يه گيانی له‌ده‌ستبدات. نازم ده‌يزانی، كه مردنی ئەو بۆ دوژمنه‌كانی مه‌ترسيداره، له‌به‌رئه‌وه دڵبه‌سته‌ی مردن بووبوو و گوێی له‌و ڕاپۆرتانه شلنهبوو و به‌شێوه‌يه‌كی بێچەندوچون، ملی به مانه‌وه و خه‌وتن له نه‌خۆشخانه نه‌ده‌دا و ئاماده‌ی چارهسهركردننهبوو و داوايكرد هه‌رچی زووتر بيگێڕنهوه زيندان. سه‌ره‌نجام دەسەڵاتداران ناچاربوون، بيبهنه يه‌كێك له زيندانه‌كانی ئێستانبول …
خاتوو ‘جه‌ليله’ دايكی نازم حيكمه‌ت، كه تاڕاده‌يه‌ك بينايی له‌ده‌ستدابوو و له خه‌می كوڕه ئازاديخوازهكهيدا له باری ئاسايی كه‌مێك پيرتر ده‌هاته‌به‌رچاو، بۆ ڕزگاركردنی كوڕه‌كه‌ی كه له يازده‌هه‌مين ڕۆژی مانگرتن له خواردنهكهيدا بێهۆشكهوتبوو و له گيانهڵاندا بوو، له‌سه‌ر پردی به‌ناوبانگی ‘ گالاتای’ دانيشت و ڕۆژووی ڕاگه‌ياند و بۆ ڕزگاری ئەو واژۆی كۆده‌كرده‌وه. خه‌ڵك له ده‌وری ئه‌م ژنه جه‌رگسووتاوه، كۆبوونه‌وه و له‌سه‌ر پرده‌كه قه‌ره‌باڵخییه‌كی سه‌ير په‌يدابوو. پۆليس ئەویشیان گرتيان برديانه پۆليسخانه، به‌ڵام پاش چه‌ند ساتێك (ساعه‌تێك) بۆ پێش‌گرتن به وروژانی زياتری خه‌ڵك، ئازاديانكرد.
به‌ڵام بۆ سبه‌ينێی ئه‌و ڕۆژه، ئورهان وه‌لی ، ئه‌كتای ڕه‌فعه‌ت و مهليح جه‌وده‌ت، سێ هۆنه‌ری به‌ناوبانگ و خۆشه‌ويستی خه‌ڵك، بۆ ڕزگاركردنی گيانی نازم حيكمه‌ت سێ ڕۆژ ڕۆژوويان ڕاگه‌ياند … له‌م كاته‌دا هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكرد. له‌به‌رئه‌وه تا پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی تازه و په‌سه‌ندكردنی ياسای لێبورنی گشتی، ده‌بوو چاوهڕوانبكرێت. له‌سه‌ر داخوازی پێداگرانه‌ی زۆرێك له نووسه‌ران و هۆنه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبيرانی وڵات، به‌تايبه‌ت كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی زۆر له لايه‌نگرانی، نازم ئاماده‌بوو به‌شێوه‌ی كاتی مانگرتنەكەی له‌خواردن بشكێنێت.
سه‌ره‌نجام هه‌ڵبژارن كرا و پارتی ديموكرات ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، پاش پێكهێنانی پارلەمان، پێشنیاری لێبوردنی گشتی چووه به‌رده‌م پارلەمان. جارێكی دیكە دوژمنانی نازم ده‌سته‌وه‌ستان نه‌مانه‌وه و خاڵيێكيان خسته ياسای لێبوردنی گشتییه‌وه، كه به‌پێی ئه‌وه كه‌سانێك، كه به‌پێی به‌ندی (٩٤)ی ياسای سزادانی سەربازیی گيرابوون، به‌ر لێبوردن نه‌كه‌ون و ئه‌مه بەواتای پانزده (١٥) ساڵی دیكە له زيندانداڕاگرتنی نازم حيكمه‌ت، بوو. به‌ڵام ناڕهزايهتییهكان جارێكی دیكە زياد و زيادتر پهرهيانسهند و دواجار بە ناچاریی خاڵێكی دیكەيان خسته ياساوه، كه وهبهركهوتووانی ئه‌و به‌نده‌ش دوو له‌سه‌ر سێی سزاكه‌يان ده‌به‌خشرا و نازم كه سيازده ساڵی له بيست و هه‌شت ساڵ زيندان بەسەربردبوو، سه‌ره‌نجام ڕۆژی ١٥ی جونی ١٩٥٠ به دڵێكی نه‌خۆش و سی لاوازوه له‌پشت شورەی ئاسنينی زیندان هاته‌ده‌ر. هاوسه‌ره‌كه‌ی منه‌وه‌ر، له ته‌واوی ئه‌م ماوه‌دا بۆ ساتێك وچانی نه‌دابوو. يه‌ك ساڵی ته‌واو له شاری بورسه نيشته‌جێ بووبوو و له‌م گشته ماوه‌دا تا ئه‌و جێیەی، كه ده‌ستوره‌كانی زيندان بواريان ده‌دا، چاودێریی و ئاگاداریی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد.
زندانيانی زيندانی بورسه، چ ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای لێبوردنی گشتی ئازاد بووبوون و چ ئه‌وانه‌ی كه چه‌ند ساڵ له‌ماوه‌ی زيندانی بوونهكهيان داشكابوو، به‌ڵام هێشتاكه ده‌بوو له زيندان بمێننه‌وه، به شادی و دڵخۆشییه‌كی بێوێنه‌وه له ده‌وری نازم كۆبووبوونه‌وه و به‌بۆنه‌ی ئازادبوونی ئەوه‌وه، جه‌ژنيان ده‌گێڕا.
نازم’يش وه‌ك گشت زيندانییه ئازادبووه‌كان پاش چه‌ند ڕۆژ كه‌وته گه‌ڕان له دووی كار. ده‌يويست كار بكات و خه‌رجی خۆی و هاوسه‌ر و كۆرپهكهيان كه به‌ڕێوه‌بوو، پەیدابكات. ئەو چه‌ند زمانی ده‌زانی. له زيندان ساڵه‌های ساڵ كاری ڕستن و چنينی كردبوو و له‌م كاره‌دا بووبووه وه‌ستا. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له ته‌واوی ئه‌م ساڵانه‌دا نهيانهێشتبوو گه‌وره‌ترين هۆنه‌ری تورك هه‌ناسه‌يه‌كی ئاسووده هه‌ڵكێشێت، جارێكی دیكە له‌سه‌ر ڕێی ئەو كۆمەلێك ڕێگریی نهديتراو و ديتراويان دانان.
ئەو له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه تاوانبار بوو، ئه‌گه‌رچی به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وتبێت يان نا، ده‌بوو ده‌نگی ئەو كپبكرێت، چونكه هه‌ندێك گوێچكه به‌رگه‌ی بیستنی ده‌نگی ئەویان نه‌ده‌گرت. نازم له‌م ده‌رگه و له‌و ده‌رگه‌ی دەدا، ئاماده‌بوو هه‌ر كارێك بكات، تاوه‌كو ته‌نيا بتوانێت خه‌رجی ژيانی خۆی و هاوسه‌ر و مناڵی دابینبكات. ئيدی ته‌نيا ئاره‌زووی ئەو ئه‌وه بوو، كه ماڵێكی گچكه بهكرێبگرێت و به ئاره‌زوو و خواستی خۆی بيڕازێنێتهوه و پاش ساڵانێك له زيندان و ده‌ربه‌ده‌ری به ئاسوده‌ییه‌وه له ته‌نيشت هاوسه‌ر و مناڵهكهيدا بژی و خه‌ريكی كاری ئه‌ده‌بی و هۆنراوه و شانۆنووسين بێت. ڕۆژانێكی دورودرێژ له دووی كار گه‌ڕا، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌نه‌بوو، كار بەو بدات. له هه‌مووی خراپتر، ئه‌وه‌ی كه هێشتا پۆليس له دووی بوون، بۆ هه‌ر شوێنێك ده‌ڕۆيشت، چه‌ند پۆليسی نهێنی له دووی بوون.
دواجار له هه‌مان كۆمپانی فيلمسازيدا، كه پێش زيندانییكرانی، كاری لێ ده‌كرد، توانی كارێك پهيدابكات. هه‌رچه‌نده داهاتێكی كه‌می هه‌بوو، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌م چاكهيهی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانییەكه سوپاسگوزار بوو، كه وێرابوويان كار بەو بده‌ن. له‌و كۆمپانییهدا سيناريۆی ده‌نووسی، خه‌ريكی كاری دوبلاج بوو و له ئاماده‌كردنی فيلمه‌كاندا چاودێرییدهكرد، به‌ڵام بڕياربوو به‌هيچ شێوه‌يه‌ك له هيچ كوێيهكی ئه‌و فيلمانهدا ناوی ئه‌و نه‌بردرێت. نازم بەم مەرجە ڕازيبوو. پاشنيوهڕوان ماندوو و نيوهگيان له‌كار ده‌گه‌ڕاوه و له ته‌نيشت هاوسه‌ره‌كی منه‌وه‌ر، هيلاكی ڕۆژگاری له‌بيری خۆی ده‌برده‌وه و بۆ ساوايه‌ك كه له داهاتوويه‌كی نزيكدا لهدايكدهبوو، پلانی داده‌ڕێژا و جار جار هاوهڵە نزیكەكانی وه‌ك ‘عابدين دنيو’ی نيگاركێش، ‘سه‌عيد فايق’ نووسه‌ری به‌ناوبانگ و ‘ئه‌كتای ڕه‌فعه‌ت’ی هۆنه‌ر ده‌هاتنه ديده‌نی و چه‌ند سات پێكه‌وه داده‌نيشتن و له‌باره‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌بيات قسهوباسياندهكرد.
سه‌ره‌نجام منه‌وه‌ر، كوڕێكی بوو. نازم هه‌ميشه به خزم و هاوه‌ڵانی ده‌گوت : كه منه‌وه‌ر كوڕێكی بۆ ئەو ده‌بێ و پێشتر ناويشی نابوو ‘مه‌مه‌ت’ … سەرەنجام مه‌مه‌ت له‌دايكبوو. شادی نازم له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوو. ئه‌م پياوه، ئه‌م مرۆڤه كه دونيای به هۆنراوه‌ی جوان و پايهدارییهوه داگرتبوو، به‌خته‌وه‌ری به‌واتای كەتواریی، پاش ئه‌و هه‌مووه ڕه‌نج و كوێره‌وه‌رییه بێئهژمارانه، كه له‌و نێوه‌نده بچووكه خێزانییه‌ی به‌ده‌ستیهێنابوو. به شادییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و و به شانازیی باوكانه‌وه له‌باره‌ی مه‌مه‌ت’وه ده‌دوا. مافی خۆی بوو، چل و نۆ ساڵ له ته‌مه‌نی ده‌گوزه‌را و تازه بووبوو به باوك.
نازم ده‌يزانی كه ده‌يانه‌وێت ئه‌م خۆشییه گچكهيهی، كه پاش ساڵانێك له زيندان و ده‌ربه‌ده‌ری به‌ده‌ستیهێنابوو، لێیبستێنن. ده‌يزانی كه هه‌ميشه چاودێرییدهكهن، ده‌يزانی كه چاوه‌ڕێی بيانوويهكی بچووكن، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو توانای خۆی ده‌خسته‌گه‌ڕ، تاوەكو بيانوويهك نه‌داته ده‌ست دوژمنانی. چونكه بەتەمابوو له وڵاته‌كه‌يدا له ته‌نيشت خێزانه‌كه‌يدا بژی و ئيدی به هيچ شێوه‌يه‌ك ئاماده‌نه‌بوو، ئه‌وه‌ی كه به‌ده‌ستیهێناوه، له‌ده‌ستیبدات. به‌ڵام …
ڕۆژێك كاربه‌ده‌ستێكی فه‌رمانگه‌ی سهربازگيریی له ده‌گه‌ی ماڵه‌كه‌ی ده‌دا و داوا له نازم ده‌كات، كه هه‌رچی زووتر خۆی بۆ ئه‌نجامدانی خزمه‌تی سه‌ربازیی بناسێنێت. نازم حيكمه‌ت باوه‌ڕینه‌ده‌كرد، كه له ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵيدا ئه‌ويان بۆ خزمه‌تی سه‌ربازیی بيه‌وێت. بێجگه له‌وه‌ش، ئه‌و كه كۆلێجی هێزی ده‌ريايی ته‌واوكردووه و ماوه‌يه‌كيش له هێزی دهريايیدا خزمه‌تیكردووه. هه‌رچۆن بوو، سبه‌ينێی ئه‌و ڕۆژه گشت بڕوانامه‌كانی و ڕاپۆرته پزيشكییه جۆراوجۆره‌كان له‌باره‌ی نه‌خۆشی دڵ و لاوازی سییه‌كانی و ئازاری لاڕەشە سیاتالجی Sciatalgia، لەتەك خۆی بردنییه فه‌رمانگه‌ی سهربازگيری و چه‌ند سات لەتەك كاربه‌ده‌ستانی بيانووگير مشتومڕدهكات، ڕۆشنیدهكاتهوه و باسیده‌كات. به‌ڵام ھەوڵەكەی بێسووددەبێت. ته‌نانه‌ت شوێنی خزمهتكردنهكهشی پێشتر ئاماده‌كرابوو؛ له شوێنێكی دوورده‌ست و ئاو و هه‌وا ناجۆری وڵات ! نازم پێشنيارده‌كات، كه پزيشكی سەربازیی بیبینێت. پزيشك به‌وردی دهيپشكنێت و دووبه‌دوو پێیده‌ڵێت ” تۆ به‌م باره‌وه كه ههتە، نيو سات له‌به‌ر خۆره‌تاو بووه‌ستیت، مردنت مسۆگەرە ! به‌ڵام چیبكه‌م، كه ده‌بێت له ڕاپۆرتهكهمدا بنووسم، كه ته‌ندروستيت زۆرباشه ! “
ئيدی ئه‌مه له توانای ئەو به‌ده‌ربوو. به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ناتوانرێت ئه‌م پيلانه پوچه‌ڵبكرێته‌وه و به‌هيچ شێوهيهكيش ناتوانرێت به‌رگه‌ی بگيردرێت. له‌و كاته‌دا نازم ڕووداوی كوشتنی ‘سهباحهدين عه‌لی’ بيركه‌وته‌وه ؛ نووسه‌ری به‌ناوبانگ، كه دواجار به فێڵ و ته‌ڵه‌كه له‌سه‌ر سنووری بولگاريا له‌كاتی هه‌ڵهاتندا كوشتيان ! نازم كه‌وته بيركردنه‌وه : ‘سهباحهدين عه‌لی’يان ئه‌وه‌نده خسته ژێر فشاره‌وه، تاوەكو ناچاربوو ڕابكات و سەرەنجام له‌سه‌ر سنووری توركيه- بولگاريا به‌ده‌ستی يه‌كێك له نۆكهرانيان كوشتيان و ئاوايان نيشاندا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه لەتەكيدا بووه، له‌به‌ر چاوبڕينه پاره‌وپوول، ئه‌وی كوشتووه …. نازم ئەمەی بەخەیاڵداھات، نه‌كا ئێستاكه بۆ ئه‌ويش وه‌ها پيلانێكيان داڕشتبێت؟ تۆ بڵێی ئه‌م جاره ويستبێتيان به شێوه‌يه‌ك ئەو له‌ناوبه‌رن. هه‌ر چه‌ند شه‌وێك له‌وه‌وپێش، كه له‌سه‌ر كاره‌وه بۆ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕايه‌وه، خه‌ريكبوو به ئۆتۆمۆبێل بەژێرییهوه بكەن … ئه‌و ڕۆژانه هاوه‌ڵانی دوور و نزيكی ئاگادارياندهكردهوه و پێداگرانه داوايانلێدهكرد كه ئاگاداری خۆی بێت … نازم هه‌ستی به‌مه‌ترسی كردبوو … هه‌رده‌م مه‌رگ بۆ ئەو له بۆسه‌دا بوو … ئه‌م جار ده‌يانويست بيبهنه سه‌ربازی و له‌و ناوچه ئاو وهه‌وا خراپه‌دا سهنگومی بكه‌ن. ئه‌وان به‌باشی ده‌يانزانی، كه ئه‌و نه‌خۆشه ! باری دڵ و سییه‌كانی جۆرێكه، كه له‌و ناوچه‌دا چه‌ند ڕۆژ زياتر ناژی.