دژایەتیكردنی كوردانی پەنابەری خۆرھەڵات لە ژاوەژاو و گارەگاری گاڵتەجاری ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستاندا

ھێرشێك كە سەدام و بەعسییەكان دژی كرێكارانی كۆچەری میسری بەڕێیانخست، وا ئەمڕۆكە زووڕناژەژانی یەكێتی و پارتی و لیستەكەی نەوشیروان، خەریكن بەڕووی كوردانی خۆرھەڵات (ئێران)دا دووبارەی دەكەنەوە

بەداخەوە وێرای ئەوەی كە پارتە ناسیونالیستەكانی كوردانی عیراق، ھەر لە سەردەمی ڕژێمی شای ئێران و ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا، بە كۆن و تازەیانەوە ھەر لە پارتی دێمۆكراتی كوردستانی عیراق و یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە تا دەگاتە بزووتنەوەی پۆست-جەلالییەكان (لیستی بەناو گۆڕان)، كە بە دانەوەی تێكۆشەران بە دەست ساواك و پێشلەشكریی بۆ سوپای پاسداران بۆ سەر شارەكانی سنە و مەھاباد و مەریوان و …تد دەستپێدەكات و بە ھێنانی پاسدار بۆ سەر كۆیە و تیرۆر و ڕادەستكردنی نەیاران بۆ ڕژێمی ئێران لە سلێمانی و ھەولێر ، تا دەگاتە سووكایەتی بەوانەی ناجاریی كار و خوێندن و ھەڵاتن لە ھەڕەشەی رژێمی ئیسلامی ئێران لە ھەرێمی كوردستاندا ڕۆژانەدا وەك مرۆڤی پلەچەند ڕەفتاریان بەرامبەر دەكرێت و سەدان پەروەندەی شاراوەی دیكە لە چەشنی ئەتككردنی مێردمناڵێكی ١٣ سالانی خەلكی ئورومیە لە شاری سلێمانی ..تد بەردەوام دەبێت. ئەوەی پارتە دەسەلاتدار و بێدەسەلاتەكانی ئەم ھەرێمە بە كوردانی خۆرھەلآت و باكوور و خۆراوایان كردووە، ھیچ كات دوژمن نەیكردووە.

من وەك كەسێكی لەدایكبووی ھەرێمی كوردستان (عیراق)، ھەرچەندە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بە ھەموو توانامەوە دژایەتی ئەو ڕسوایەم كردووە و پێش ئەوەش بە ھەموو تاوانایەكمەوە ھەر لە منداڵیمەوە تا ئەمڕۆ كۆمەكی راكردووانی خۆرھەڵاتم كردوووە، بەڵام ھێشتا ھەست بە شەرمەزاریی دەكەم، كاتێك كە دەبینم، وێڕای ئەو ھەموو ڕەفتارە نامرۆڤانەیەی پارتەكان و تاكە پاشڕەوەكانیان بەرامبەر پەنابەرانی ئێرانی، ئەم ڕۆژانە دژایەتی و سووكایەتی و ھێڕشكردنە سەر كوردانی ئێران وەك بەشێك و دەستپێكی گارە گاری گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و دەنگدان، دەستیپێكردووە و سەر بە ھەر سایت ھەر ژوورێكی پالتۆك و ھەر ئەكاونتێكی فەیسبووكیدا دەكەیت، لایەنگرانی پارتە دەسەلاتدار و ئۆپۆزسیۆنەكانی ھەرێمی كوردستانی عیراق بەڕووی كوردانی پەنابەری ئێران لە ھەرێمی كوردستاندا دەڕشێنەوە و خەریكن ھێرشێك كە سەدام و بەعسییەكان دژی كرێكارانی كۆچەری میسری بەڕێیانخست، زووڕناژەژانی یەكێتی و پارتی و لیستەكەی نەوشیروان، بەڕووی كوردانی خۆرھڵات (ئێران)دا بەرێیدەخەن، ھەروەك چۆن لە ئۆكتۆبەری ١٩٩٢دا بەڕووی كوردانی باكوور (توركیە) و ساڵێكە بەڕووی كوردانی خۆراوا (سوریە)دا بەڕێخرا و بەڕێدەخرێت.

خوێنەرانی ھێژا، كرێكارانی كۆچەر و پەنابەرانی كوردی ئێران، تەنیا ئامانجم لەم چەند دیڕە دەربڕینی ھەست بە شەرمەزاریكردنی خۆمە، وەك كەسێك كە لەم دەڤەرە لەدایبكبووم و ڕۆژگارێك لە ڕێزی ئەو گروپانەدا جالاكبووم. چەندە لەو ژاوە ژاوە میدیایەی دەسەلاتداران و دەسەڵاتخوازان دڵنیام، كە تەنیا ئامانجیان دۆژمن دروستكردنە بۆ دەنگدەر و ھەلبژێرەرەی ناھوشیار و خۆشباوەڕ، سەد ئەوەندە لە تۆلێرانسی ئێوە كوردانی ئێران دڵنیام و لەوە دڵنیام كە بە ھوشیارییەوە ھەڵوێستی پارتە رامیارییەكان و ئۆپۆزسیۆنی كۆن و تازە ھاریكاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە ھەلوێستی ئازادیخوازان و تاكە سەربەخۆكانی ھەرێمی كوردستان جیادەكەنەوە و ناكەونە داوی ئەو كولتوورە قێزەونە رامیاریی و پارتبازییەوە، كە لایەنگرانی دەنگدان و بەشداری ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان تێیكەوتوون و وەك بەعسییەكانی سەردەمی سەدام، ھەرچی میدیا و پارت و سەرانیان بیڵێن، بەبێ لێكدانەوە و وردبوونەوە چەندبارەی دەكەنەوە و ھێڕش و بانگەوازی ڕەیسیستی بەرامبەر ئێوە بەرپادەكەن.

وەھا ژاوەژاوەێك بەرامبەر كوردانی ئێران لەلایەن ناسیونالیستەكانی ھەرێمی كوردستانەوە، باشترین دەرخەری دیوی راستەقینە و چییەتی پاگەندەكانی ناسیونالیزمە، نیشاندەری ئەودیو دێوجامەی ھاوخوێنی و ھاوبەرژەوەندی و ھاودەردی و ھاوبەشیی نەتەوەییە، كە دەسەڵاتخوازان بۆ گەییشتن بە مەرامە گڵاوەكانیان، تاكی ناھوشیاری كوردی پێفریودەدەن..

تف و نەفرەت لە ڕامیاریی بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە كولتووری پارتایەتی بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە شوناسە دەستكردەكان بە ھەموو چەشنەكانییەوە
تف و نەفرەت لە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی ڕەیسیستی ھەرێمی كوردستان
تف و نەفرەت لەو نووسەر و دەستەبژێرە ڕۆشنبیرانەی كە ھەر خولێك. زووڕناژەنی لایەنێكە و لەپێناو و ناوبانگ و پلە و بەرتەریی ئابووریی، لە ھیچ تاوان و سووكایەتكردنێك سڵناكەنەوە

درود بۆ تۆلێرانس و وردبینی و ھوشیاری تاكی سەربەخۆ
درود بۆ پێكەوەژیان و یەكسانی ھەموو مرۆڤەكان

*******************************
www.hezheen.tk