مەزھەب، ھونەر و مارکسیزم
ئەلیکساندەر باگدانۆڤ
و. لە فارسییەوە : ھەژێن
بۆ پرۆلیتاریا لە مەیدانی ھونەردا دوو پرسی گرنگ ھەبوون، كە دەبوو چارەسەربكرێن؛ پرسی یەكەم: داھێنانی سەربەخۆییە، كە ھوشیاری لەبارەی خۆ و دەوروبەر لە شێوەی تەنی زیندوو ھاوئاھەنگ، بواری بیرو ھۆشمەندی لە شێوەی ھونەرییەكاندا.
پرسی دووەم: بەدەستھینانی لەبۆماوە [كەلەپوور] و دەستگرتن بەسەر ئەو گەنجینە ھونەرییانەی، كە لە ڕابووردوودا داھێنراون و ھەوڵدان بۆ گونجاندنی گشت جوانی و پشكوتووییەكانیان، بەبێ دەستەمۆبوونی ناوەڕۆكە بۆرجوازی و فیئۆداڵییەكەی، كە تێیدا ڕەنگیداوەتەوە.
چارەسەری پرسی دووەمیش وەك پرسی یەكەم، ھەروا ئاسان نەبووە و ئێمە ھەوڵدەدەین، كە لایەنی گشتی بۆ چارەسەری ئەم بابەتانە بدۆزینەوە.
كەسێكی مەزھەبی كە بە سووربوون و وردەكاریی تەواوەوە لە باوەڕێكی دیكە دەكۆڵێتەوە، بەردەوام خۆی دەخاتە بەردەم مەترسی وەرگرتنی ئەو كێش و باوەڕە یان وەرگرتنی بەشێك لەو باوەڕانەی، كە لە ڕوانگەی مەزھەبەوە بە وەرگۆڕان [كفر] دەژمێردرێن؛ مەسیحیگەلێك ھەبوون، كە بە لێكۆڵینەوەی مەزھەبی بودا، مەزھەبی خۆیان گۆڕیوە یان كەوتوونەتە بەركارایی یان بەپێچەوانەشەوە: ھەمان سیستەمی مەزھەبیش دەتوانرێ لەلایەن كەسێكی ئازادئەندێشەوە لێی بكۆڵرێتەوە، كە لە تەواوی مەزھەبەكاندا تەنیا سروشی شاعیرانەی خەڵك دەبینێ ( ئەمە تەواوی ڕاستی لەبارەی مەزھەبەوە نییە، بەڵكو تەنیا لایەنێكی دەگرێتەوە). لەم بارێكدا، ئایا وەھا كەسێك بەھەمان ئەندازە لەبەردەم ھەمان مەترسیدایە، كە لێكۆڵەرێكی مەزھەبی ڕووبەڕوویەتی؟ ھەڵبەتە نەخێر ! لەوانەیە ئەو لەبەر جوانی و قوڵی یادگیرییەكانەوە، كە سەدان ملیۆن كەسیان بۆ خۆیان ڕاكێشاوە، خۆشی لێبێت. بەڵام دەرك و تێڕوانینی ئەو لەڕوانگەیەكی تەواو نائایینی و جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت. دەوڵەمەندێتی لەڕادەبەدەری ھەستەكی و ھزریی، كە لە بودییزمدا ھەیە، زیاتر دڵ و بیری ئەو ڕاكێشدەكات، تا كەسێكی ئایینی كە ھیچكات ناتوانێت خۆی لە بەرگریی كیش و ئایینی خۆی، ڕزگار بكات و ھەمیشە لەتەك دڵەڕاوكێی ئایینە نامۆكان ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەرگیردەبێت. ڕاستی پرسەكە ئەوەیە، كە بۆ ئازادئەندێشێك ئەگەری دڵەڕاوكێی گۆڕان بۆ سەر ئایینی بودایی لەئارادابێت.
بیركردنەوەی ئەو وەھا سەریھەڵداوە، كە دەتوانێت لە چوارچێوەی ھەمان ئاییندا، ئایین بداتە بەر لێكۆڵینەوە و ئەم گونجاندنە بۆ خۆی دەستەبەربكات. مەسیحییەك و ئازادئەندێشێك لە ڕوانگەیەكی ڕەخنگرانەوە لە بودیزم دەكۆڵنەوە، بەڵام جیاوازی بنچینەیی ئەوان لە جۆر و شێوەی ڕەخنەگریی، زەمینەكان و پێوەرەكانیاندایە. باوەڕدارێك ھەمیشە ڕەخنەكانی خۆی لە دەریچەی دۆگم و ھەستی خۆوە بەرتەسكدەكاتەوە و لەسەر ئەو بنچینەیە ھەوڵدەدات، كە لەبارەی بابەتی لیكۆڵینەوەكەی خۆی ئەو ناكۆكییانەی كە پەیوەندییان بە بەھا (معنوی)یەكانییەوە ھەیە، بخاتەڕوو. كاتێك كە ئەو توانی ئەمە بەدەستبێنێت، ئیدی توانای دەرككردنی ڕاستییەكی ھۆنەرانە و بنەڕەتی كە تێیدایە، نییە.
لەكاتی گەیشتن بەم ڕاستییە بەشێوەیەكی ناكۆك بە خۆی، بۆی دەڕوانێت و ئەو ساتەیە كە ئیدی كاتی “خۆدانە دەستی دڕدۆنگی” دێت.
ئەو توانای دەرككردنی ئەوەی، كە بودیزم لە شێوەی كەلەپوری فەرھەنگی دونیایەكی دیكە وەربگرێت، نەبووە و كاتێك بەتێڕوانینێكی خوازیارەوە بۆ ئەم نەگونجانە بنواڕێت، ئەوە ئەو كاتەیە كە ئەو بەخۆبەدەستەوەدانی لە ئایین و باوەڕی خۆی ھەڵدەگەڕێتەوە. ڕێوشوێنی بێباوەڕی توندڕەو ئاوەھایە. ئەو نیشاندەری پێشكەوتووترین، بەڵام نەك بە ئەندازەی پێویستی ئاستی گەشەكردوویی ھوشیاری بۆرجوازی، كە لە ھەر ئایینێكدا تەنیا خەیاڵپەرستی و فڕوفێل، دەبینت. لە ڕاستیدا ئەو باوەڕدارێك بەولاوەتر نییە. ئەو بەو ئەندازە دژی ئایین وەستاوە، كە تەنیا نكۆڵی لێبكات، بەڵام نە بەو ڕادەیەی كە لێی تێگەیشتبێت. بۆ ئەو ئایین كەلەپور نییە و تەنانەت ھەندێك جار تووشی دڕدۆنگی دەبێت. ھەندێك جاریش ئەم ھەستە بەسەریدا زاڵدەبێت، كە ئایین تەنیا لە خەیاڵپەرەستی و فڕوفێڵدا بەرتەسكنابێتەوە بەڵام ھیچكات پەی بە كەتواری ئەم پرسە نابات.
لە ڕێوشوێنێكی تەواو جیاوازدا ئازادئەندێشەكەی ئێمە دەربڕی بەرزترین سەردەمێكە، كە ھوشیاری و دەركی بۆرجوازی دەستی پێراگەیشتووە.
ڕوانگەی ئەو سەبارەت بە ئایین وەك بەرھەمی داھێنانی ھۆنەرانەی خەڵك ئەو مۆڵەتە بەو دەدات، كە لە چوارچێوەی بیری خۆیدا بابەتی لێكۆڵینەوەكە بەبێ ھیچ دەمارگیرییەك و بە جۆرێكی ئازادانە دەركبكات. بۆ ئەو ھیچ دژوار و ناكۆك نییە، كە بۆ نموونە فێرببێت، كە یاساكانی ئایینی ‘مانی’ لەنێوان ئاریایییەكانی ھیندی كۆندا، كە بۆچوونی زۆر قوڵیان ھەبووە، بەپلەیەك لە ئایینی مەسیحی ھاوچەرخ یا ڕەسەن پێشكەوتووترە، یان ھەڵھێنجان و دەركی ئەوان لە مەرگ بەو جۆرەی كە لە ئاھەنگی بەخاكسپاردنیاندا، وەھا پرسێك بەرچاودەكەوێت، كە لە ڕەسەنێتی و بەرزی و جوانیدا لەچاو ئایینی مەسیحی لە ئاستێكی باڵاتردایە.
ئازادئەندێشی ئێمە، كە لە ھەر جۆرە ڕێگریی و ھەستێكی ئایینی ڕزگاری بووە و ھەر كاتێك بیركردنەوەی ئایینی ببێتە ھۆی ناڕۆشنی لە بیركردنەوەی ئەودا یان ببێتە ھۆی بەلاڕێدابردنی خواستە مرۆیییەكانی ئەو، بەرھەڵستی دەكات و ھەروا لە بارودۆخێكدا دەمێنێتەوە، كە لە ئایین كەلەپورێكی بەنرخ بۆ خۆی و كەسانیدیكە پێكەوەبنێت.
بەرخوردی پرۆلیتاریا لەتەك گشت كولتوورە كۆنەكان چ بۆرجوازی چ فیئۆداڵیدا، بەگشتی وەك یەكە. كارگەر، لە سەرەتادا ئەم پرسە تەنیا لە شێوەی كولتووردا وێنادەكات، كولتوور لە ئاستێكی گشتیدا، بەڵام ئەم لایەنەی لەبەرچاو نییە، كە نێوەڕۆكی كولتوور شتێكی جیاوازە لەوەی كە ئەو وێنایدەكات.
لە فیلۆسۆفی و زانستی ھەر كولتوورێكدا بۆی ھەیە ھەڵەی گەورە ھەبێت، بەو جۆرەرەی كە لە ھونەریشدا چەندین ھەڵە و لە (معنویات) و یاساشدا نادادوەریی ھەیە. بەڵام ئەمانە خاڵگەلێك نین، كە پەیوەندیان بە نێوەڕۆكی ئەو كولتوورەوە بێت و تەنیا ھەڵە و لادان و كەموكوڕییەكن، كە دەتوانرێت لەتەك بەرەوپێشچوونەكانی داھاتوو قەرەبووبكرێن.
دواتر ئەو بۆی دەردەكەوێت، كە ئەم كولتوورەش ھەڵگری تایبەتمەندیی بۆرجوازی و ئۆرۆستۆكراتی بووە، كە دەبێتە ھۆی پتەوی بەرژەوەندی چینە سەروەرەكان، ئەو خۆگرتنانەی كە دەبنە ھۆی بەلاریدابردنی كولتوورەكە، بەڵام ئەو ھەروا ھیچ جۆرە دوودڵییەكی لە نێوەڕۆكی ئەو كولتوورە (شێواز و ڕوانگەی) نییە.
ئەو وەھا خۆی لە ئاستی ئەو كولتوورەدا داناوە، لە كاتێكدا ھەوڵ بۆ گونجاندنی گشت خاڵە باش و پۆزۆتیڤەكانی دەدات، بەڵام لە دڕدۆنگییەكی پارێزگارانە كە ‘براھمان ‘ێك یان ‘ بودایی ‘یەك لە بەرامبەر مەسیحییەتدا ھەیانە یان بەپێچەوانەوە لێی بەھرەمەندن، بەھرەمەند نییە. ئەو كە شێوەی بیركردنەوە و ھەستە ڕابوردووەكان ڕاكێشیانكردووە و گشت بەرخوردەكانی لەتەك دونیای دەوروبەری لە جەمسەری شێوە كۆنەكانەوە سەرچاوەدەگرن، كاتێك بە ڕوانگەی چینایەتی پرۆلیتێری چەكداردەبێت، دەستبەجێ ڕووبەڕووی دەنگی فەرماندەرانەی بەرژەوەندی چینایەتی كە لەتەك ئەودا دەدوێت، دەبێتەوە. بەڵام لە كاتێكدا كە ھەموو پرسەكان بە ڕۆشنییەكی چاوەڕوانكراو نەبن و پرسە زۆر ئاڵۆزەكانی ژیان و بەتایبەت پرسی تازەتر ھاتبنە گۆڕێ، ئیدی ئەو توانای چارەسەری سەربەخۆی پرسگەلی ئاوای نییە. یان سوود لە ڕێگەچارەیەكی پێشتر ئامادەكراوی دەوروبەری خۆی وەردەگرێت یان ئەوەتا بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتێری ئەو، ڕوانگەیەكی بێگانە بۆ خۆی ڕادەكێشێت. ھەر دوو ئەو ئاراستانەی كە لە سەرەوە باسكران، لە ڕەفتاری ڕۆشنبیرانی چینی كرێكاری ئەوروپادا لەبارەی جەنگەوە دەركەوتن. ھەندێك بەبێ ھیچ جۆرە سەرنجێك لەسەر ئەم پرسە، كە كەسانی دیكەیش ‘توانای دەركی’ ئەم پرسەیان ھەبووە، كە ” بەرژەوەندی فراوانتر “ی چینی كرێكار خوازیاری یەكگرتن لەتەك بۆرجوازیدا بۆ پارێزگاری لە خاكی باپیران و سامانەكەی دەبێت و لە “نێوچوونی دەبێتە ھۆی تێكشكانی چینی كرێكار و بەرەودواگێڕانەوەی گشت شارستانییەت ” ڕەوتی خۆیان بە شەپۆلی نیشتمانپەروەری سپارد. ئەم ئەزموونە گەورە و ستەمكارانەیە ئەم كەتوارەی تەواو دەرخست، كە تاوەكو پرۆلیتاریا ڕوانگە و شێوەی بیركردنەوەی خۆی ڕۆشننەكاتەوە، ھیچ كات توانای زاڵبوونی بەسەر كەلەپوری كولتووریدا نییە. بەڵام ئەوە كولتووری بەسەرچوو نییە، كە زاڵبوونی خۆی ھەروا لەسەر ئەو پاراستبێت و ھەروەك ئامرازێكی مرۆیی بۆ ئامانجەكانی خۆی سوودی لێ وەرگرتبێت.
ئەگەر پرۆلیتاریا لەبارەی ئەم پرسەوە باوەڕیھێنابێت، تەنیا بەڕەتكردنەوەی بێكەڵكیی كولتووری كۆنە دەگات. ئەگەر نكۆڵی لە وەھا كەلەپورێك بكات، ئەو كات بەرخودێكی سەرەڕۆیانە لەمەڕ كەلەپوری ئایینی، خۆی خستووەتە جێی بێباوەڕێكی تونڕەو. بەڵام لەتەك گشت ئەمانەدا ئەو تەنانەت دەكەوێتە ڕێوشوێنێكی خراپتر، چونكە بۆ بێباوەڕانی بۆرجوا وەھا توانایەك بەبێ ئاشنایەتی لە ئایین ھەبووە و بۆ ئەوان بەھای كولتووریی دیكەیش دەبن، كە پشتیان پێببەستن. بەڵام كرێكار لە بارودۆخێكدا نییە، شتێك ڕۆبنێت، كە ببێتە ھۆی ھاوتایی كولتووری دەوڵەمەند و گەشەكردووی بەرەی نەیار. ئەو توانای داھێنانی ھەر شتێكی نوێی لە ھەمان ئاستدا، كە بتوانێت ئامرازێكی شكۆدار دژی خۆی لە دەستی دژكانیدا بێت، نییە. سەرئەنجامی وەھا پرسێك زۆر ئاشكرایە. چینی كرێكار دەبێت لە پەیداكردنی گەشەكردووترین ڕوانگە لە بەرفراوانترین ئاستی لواودا، كە پایەدار و لێھاتووتر لەكولتووری كۆن بێت، بەو جۆرەی كە ڕوانگەی ئازادئەندیشێك لە ئاستێكی بەرزتر لە دونیای ئایینە.
لە ژێركارایی وەھا ھەلومەرجێكدایە، كە توانای زاڵبوون بەسەر كولتووری كۆندا بەبێ دەستەمۆبوونی ھەیە، كە بتوانێت وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی ژیانێكی نوێ سوودی لێ وەربگیردرێت و وەك چەكێك بۆ خەبات دژی كۆمەڵی كۆن، كە ئەم كولتوورەی لێوەزاوە بەكاربھێنرێت.
كارڵ ماركس بۆ زاڵبوون بەسەر ھێزە بیریارەكانی دونیای كۆندا، دەستپێكەری وەھا بزووتنەوەیەك بوو. شۆڕشێك كە ئەو لە بواری زانستی كۆمەڵایەتی و فیلۆسۆفی كۆمەڵایەتییدا دەستیپێكرد، لەڕاستیدا دەرخەری ئەم شتە بوو، كە ئەو، شێوازە سەرەتایییەكان و ئەنجامەكانی لە ڕوانگەیەكی تەواو نوێوە، كە ھەمان ڕوانگەی پڕۆلیتێرییە خستییە بەر پێداچوونەوە. ماركس بۆ وەھا ڕۆنانێكی گەورە بە زۆری سوودی لە سەرچاوە بۆرجوازییەكانی وەك ئابووریزانە كلاسیكە بۆرجواكان، ڕاپۆرتی پشكنێنەرانی كارخانە بریتانییەكان، ڕەخنەی وردەبۆرجوازی* لە سەرمایەداری لەلایەن ‘ سیسمۆند ‘ و ‘ پرۆدۆن ‘ و ڕۆشنبیرانی سۆشیالیزمی خەیاڵیی، دیالەكتیكە ئایدیالیستەکانی ئاڵمانیا، ماتریالیزمی (كۆمەڵەی زانستنووسان)ی فەڕەنسی و فۆیێرباخ، تیئۆری چینە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن مێژوو نووسانی فەرەنسی و شتاییشی دەروونناسیی چینایەتی لەلایەن بالزاك و ئەوانی دیکەوە، وەرگرت. تەواوی زانیارییەكان بەرێكخستنەوەیەكی نوێ گۆڕان بە ئامرازێك بۆ دروستكردنی ڕێكخراوەیەكی پرۆلیتێری. چەكێك بۆ خەبات دژی فەرمانڕەوایی سەرمایە.
بەڵام ئەم كەتوارە سەرسوورھێنەرە چۆن بە ئاكام گەییشت ؟
ماركس ئەم پرسەی وەھا دەستپێكرد، كە كۆمەڵگە لە یەكەم لیكدانەوەیدا جۆرە ڕێكخستنێكە بۆ بەرھەمەێنان و ئەمە بنەمای گشت یاسا و گەشەی شێوەكانییەتی. ئەمە خاڵی دەستپێكردنی چینی بەرھەمھینەری كۆمەڵایەتی و خاڵی دەستپێكردنی گەلكارییە. بە سوودوەرگرتن لەم پرسە بۆ دەستبەكاربوون خودی ماركس بە ڕەخنەگرتن لە زانستی پێش خۆی دەستیپێكرد و بەپوختەكردنی كەرەستەكانی و تێكھەڵكێشکردنی لەتەك بۆچوونەكانی خۆی زانستی پڕۆلیتێری یان ھەمان سۆشیالیزمی زانستی لێ بەدیھێنا. ئاوەھا بووە، كە دەستكەوتە كولتوورییەكانی ڕابووردوو گۆڕدراون بۆ كەلەپورێكی کەتواریی بۆ چینی كرێكار و ئەوەش لە شێوەی نوێكردنەوەی نەزمێك لە ڕوانگەی گەلكارییەوە. بەم جۆرە بوو، كە ماركس دەركی بە ئامانجەكانی خۆی كرد و ئەم پرسە تەنیا ڕێكەوت نەبوو، كە ئەو بەرھەمی سەرەكی خۆی ‘ سەرمایە ‘ی بە ڕەخنەیەك لە ئابووری ناودەبرد. ئەم شێوازە تەنیا لە چوارچێوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا نەگیرسایەوە و بەڵکو لە گشت لایەنێكەوە پەلیهاویشت، مەبەستمان شێوازی بەدەستھێنان و گونجاندنی كەلەپوری پێشینە و ڕەخنە لێگرتنی، ڕەخنەی پرۆلیتێرییە.
ئیستا ھەوڵی تێروانینێكی قوڵتر لە زەمینەی ڕەخنەكانی خۆمان دەدەین. سەرەتا دەبوو كڕۆكی خاڵی تێروانینی “گەلكاری” بۆمان ڕۆشبێتەوە. لە سەرھەڵدانی پرۆسەی كۆمەڵایەتییدا دەتوانرێت سێ قۆناخ دەستنیشانبكرێن، یان ئەگەر بمانەوێت وردتر لەتەك ئەم پرسەدا مامەڵەبكەین دەكرێت بووترێت، كە پرۆسەی كۆمەڵایەتی سێ لایەنی ھەیە :
١– تەكنیكی
٢– ئابووری
٣– ئایدیلۆجیكی.
لەلایەنی تەكنیكییەوە كۆمەڵگە لە بەرھەڵستی سرووشتدایە بۆ دەستەمۆكردنی، ڕێكخستنی دونیای دەرەوە بۆ بەرژەوەندی ژیان و گەشەپێدانی، لەلایەنی ئابوورییەوە پەیوەندی ھاریكاری و دابەشكردن لەنێوان مرۆڤەكاندا و ڕێكخستنی كۆمەڵگە بۆ بەرامبەركێ لەتەك سروشت. لەلایەنی ئایدیلۆجییەوە، كۆمەڵگە ئەزموونەكانی خۆی ڕێكدەخات، تا لەم ئەزموونانە ئامرازێك بەدیبێنێت، كە بتوانێت بەھۆی ئەوەوە ژیان و گەشەی خۆی ڕێكبخات. لە ئاكامدا ھەر ئامانجێك لەلایەنی تەكنیكییەوە یان ئابووریی و هزرییەوە بۆ خۆی ئامانجێكی ڕێكخەرانە دەبێت : كاری ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی.
ئەم یاسایانە بەتەواوی بەم جۆرە بوون و ھەڵاوێری وەرناگرن. لەشكرێك بۆ ئامانجەكانی دەتوانێت خراپكاری و لەنێوبردن و تێكدان لەبەرچاو بگرێت، بەڵام دوا ئامانجی نین. چونكە لەشكر خۆی ئامرازێكە بۆ نوێكردنەوەی ڕێكخستنی دونیا لەپێناو ئەو بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەی كە لەشكر پێوەی پەیوەستە.
لەبارەی ھونەرمەندێكەوە، تاکگەراێك بۆی ھەیە ئەم پرسە ئاوا وێنابکات، كە ئەو بۆ خۆیی و بۆ خۆیەتی كە شتێك دائەھێنێت. بەڵام ئەگەر ئەو بەڕاستی بۆ خۆی كاربكات، داھێنانی ئەو بۆ ھیچ كەس بێجگە لەخۆی سەرنجڕاكێشنابێت. ئەو كات ھیچ جۆرە پەیوەندییەكی لەتەك كولتووری هزرییدا بێجگە لە خەونی تەمەن كورت و ناپەیوەست ( بەڵام جوان) نابێت. ئەگەر ئەو ھەوڵبدات كە شتێك لە خۆوە دابھێنێت، بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە سوودێك لە كەرەستە و یان شێوەكار و داھێنان و توانایی دەوروبەری كۆمەڵایەتیی خۆی ببینێت، ئیدی لە ڕاستیدا ئەو شتێكی دانەھێناوە. ڕوانگەی گەلکاری تەواو ڕێكخراوەیییە. وەھا پرسێك ھەروا لەبارەی چینی كرێكاریشەوە دروستە. بە جۆرێك كە مادەی دەرەكی لە شێوەی كاڵا بەگەلكاری خۆی ڕێكدەخات و خۆی لە شێوەی كۆمەڵێكی داھێنەر و جەنگاوەر و ھاریكار لە خەباتی چینایەتییدا ڕێكدەخات. سەرئەنجام ئەزموونەكانی خۆی لە شێوەی ھوشیارییدا لەتەك گشتێتی شێوەی ژیان و كاری داهێنەرانەی ڕێكدەخات. بۆ چینێك كە دەیەوێت ئامانجی مێژوویی خۆی، كە ڕێكخستنی تەواوی ژیانی مرۆڤایەتییە بێجگە، لەمە ناتوانێت شتێكیدیكە بێت.
ئێستا دووبارە دەگەڕێینەوە سەر نموونە یەكەمەكەی خۆمان. ئایا ئایین دەتوانێت كەلەپورێك بێت بۆ پرۆلیتاریا، کە تاوەكو ئێستا دژ بە ھەر كەسێك، تەنیا چەكێك بووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی. ئەم كەلەپورە دەتوانێت چ سوودێكی ھەبێت و دەتوانرێت چ كارێكی پێئەنجامبدرێت؟
ڕەخنەی ئێمە وەڵامێكی تەواو ڕۆشن و پوخت بەم پرسیارە دەداتەوە. ئایین ڕێگەچارەی پرسێكی ئایدیلۆجیایییە لە جۆرێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە، كە ھەر ھەمان كۆمەڵگەی سەرکوتگەرانەیە. ئایین پەیوەستە بە پێكھاتەی كۆمەڵێكەوە، كە بە هاریکاریی زۆرەملێیانە و سەركوتگەرانە پشتئەستوورە، تێیدا ھێندێك ڕۆڵی ڕابەریی و ئەوانی دیکە ڕۆڵی فەرمانبەریی دەگێڕن. كۆمەڵگەیەك كە پەیوەندی بڕیاردەر و فەرمانبەریی بەسەریدا زاڵە، ئەم جۆرە كۆمەڵگانە، كە پەیوەندی بابسالارانە تیایاندا فەرمانڕەوایە، دەتوانرێت لە كۆمەڵگە فیئۆداڵی و پێكھاتە ڕەنجبەری و كۆیلەكان، دەوڵەتە بۆرۆكراتییە پۆلیسییەكانی ئەوڕۆ و پەیوەندییەك كە لەنێو سوپاكانی ئەمڕۆدا ھەیە، ببیندرێن. لە ئاستێكی گچکەتریدا پێكھاتەی خێزانی بۆرجوایی و سەرئەنجام ئەو پەیوەندییەی، كە سەرمایە ڕێكخستنی خۆی لەسەر جەمسەری ئەوەوە، بەپێیی بنەماكانی بڕیاردان و فەرمانبەری دادەڕێژێت.
لە كۆمەڵێك باوەڕگەلی پەسەندكراو، دەتوانرێت چ سوودێكی ڕێكخەرانە بەدەستبهێنرێت؟ بۆ ڕێكخستنی ھاوكێشیی ئەزموونەكانی كۆمەڵگە بەشیۆەیەك، كە لەتەك سەراپای ئەو ڕێكخستنەدا گونجاوبێت، بەو جۆرەی كە دەستكەوتە كولتوورییەكان، بەنۆرەی خۆیان دەتوانن لە خزمەت و چەكێك بۆ ڕێكخستن بەمەبەستی پاراستن و پتەوكردنی شێوە و فراوانكردنی ئەو ڕێكخستنە گشتییە بن. وێناکردنی ئەوەی كە چۆن ئەمانە لە شێوەیەكی سەركوتگەرانەی ژیاندا ڕێكخراون، زۆر ئاسانە. وەھا نەزمێك بە سادەیی لە چوارچێوەی ئەزموون و بیركردنەوەدا موتوربە دەكرێت. ھەر كردارێك چ بەشێوەی مرۆیی یان توخمی و ھەر دیاردەیەك دەربڕی پێكھاتەیەكی دوو پەیوەندە: یەكێك خواستی چالاكانەی ڕێكخستن و ئەوی دیكە جێبەجێكردنی دەستەمۆیانەیە. تەواوی دونیا وەك گشتێكی سەركوتگەرانە وێناکراوە، كە لە لووتکەیدا بڕیاردەری باڵا، خوا، یان بە ئالۆزی پێكھاتەی سەركوتگەرانە وەك زنجیرەیەك لە لێپرسراوانی وابەستە لوتکەوە، كە بۆ بەڕێوەبردنی لایەنەكانی دیكەی ژیان ھەڵبژێردراون، بنیاتنراوە. تەواوی ئەم نواندنەش شان بە شان لەتەك ھەست و ڕەوشتی سەركوتگەرانە هەروەك پیاداھەڵگووتن و ملكەچی و ترس ئابڕومەندانەیە و بەم جۆرەیە، كە پەیوەندیگەلێك لە ئاییندا ھەبووە، كە ئەوە بە تەواوی ئایدئۆلۆجییەكی سەركوتگەرانەیە.
ئەم پرسە تەواو ڕۆشن و ئاشكرایە، كە وەھا پەیوەندییەك چەندە چەكێكی زۆر نایابە بۆ نەزمی ژیانێكی سەركوتگەرانە. ئایین لە ڕاستیدا مرۆڤی بە وەھا نەزمێك ئاشناكردووە و شوێنی لە وەھا سیستەمێكدا بەپێی پلەبەندی ئەو بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی كە پێیسپێردراون، ڕۆشندەکاتەوە. لە ھەست و بیركردنەوە و ئەزموون و كەسایەتیدا بەتەواوی بەدەوروبەری كومەڵایەتییەوە لكێنراوە و یەكە و شێوەیەكی ناجێگیر و شیاوی تێداچوون، دەگرێتەخۆی.
شێوەی ئافەراندن و داھێنانی ئایینی لە بەشی ھەرە زۆریدا فرە ھۆنەرانەیە. ئەم خاڵە ئازادئەندێشی ئێمە بە دروستی لێیتێگەیشتووە، ئەگەرچی پەی بە پرسە سەرەكییەكە، كە نێوەڕۆكی كۆمەڵایەتیی ئایینە نەبردووە. بە درێژایی قۆناخەكانی گەشەی كۆمەڵایەتی، كە ئایین خۆی بەرجەستەکردووە، ھۆنینەوەی هۆنراوە لە ڕووی تیئۆریی و كارەوە جیانەكراوە بووە و لە ڕێڕەوی خۆیدا ئەوانیشی گرتۆتە خۆی. ئایین كاتێك كە تەواوی دەرك و ئەزموونە مرۆیییەكانی ڕێكخستووە، ئەو كاتەیە ناسین تەنھا لەسروشەوە (كە تەنیا لە خواوە سەرچاوە دەگرێت) بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان لەلایەن ھۆكارێكی میانجیکارەوە، توانای دەرككردنی ھەیە.
ئێستا ئەم كولتوورە ئایینییە چ كەلەپورێكی بۆ پڕۆلیتاریا ھەیە ؟ كەلەپورێكی بەنرخ و گرنگ. كەلەپورێك، كاتێك بكەوێتە بەر ڕەخنەی كرێكاران، ئەو كات ھەروەك چەكێك لە دەستیاندا دەتوانرێت بۆ ناسینی گشت لایەنە سەركوتگەرەكان لە ژیاندا سوودی لێوەربگیردرێت. دونیای سەركوت ڕوو لە ڕووخانە، بەڵام ھێشتا نەمردووە، پاشماوەكانی ئێمەی لە ھەموو لایەكەوە ئابڵۆقەداوە و ھەندێك جار زۆر ئاشكرا، بەڵام بەزۆری لە پۆشاکی جۆراوجۆر و چاوەڕواننەكراودا، دەمانخاتە تەنگەنەكانی ئابڵۆقەی خۆی. لەبەرئەوە بۆ سەركەوتن بەسەر وەھا دوژمنێكدا، ئاشنابوون پێی بە شێوەیەكی تەواو، زۆر پێویستە. كەواتە پرسەكە تەنیا ئەوە نییە، كە تاكەكەسێك نكۆڵی لە ئایین بكات. چونكە لە وەھا بارێكدا كرێكارێك كە لەبەرخوردێكی ڕەخنەگرانەی نوێ بەھرەمەندە، بەپلەیەكی باشتر پێشكەوتنی دەبێت، تاوەكو ئەو بێباوەڕە بێفێڵەی، كە نكۆڵی لە ھەر جۆرە كێش و باوەڕێك دەكات. چونكە نكۆڵیلێكردنی ئایین بۆ بێباوەڕە بێئایینەكەی ئێمە، تەنیا لەبەر پێداگرتن لەسەر ئەوەی كە ئایین داھێنراوی كەشیشانە بۆ بەھرەکێشیی لە خەڵك، نەك نكۆڵیکردن لە چیەتی كاركردی ئایین. بەڵام لە ھەموو گرنگتر ئەوەیە، كە بەرخورد لەتەک وەھا كەلەپورێك، ئەو توانایەمان دەداتێ، كە خەمڵاندنێكی دروستمان لەمەڕ واتای توخمە سەركوتگەرەكانی كۆمەڵگەی ئەوڕۆکەیی و پەیوەندی دوولایەنەیان لە پەیوەند بە گەشەی كۆمەڵایەتییەوە، ھەبێت.
ئەگەر ئایین چەكێكە بۆ ڕاگرتن و ھێشتنەوەی ڕێكخستنی سەركوتگەرانە. ئیدی ئەوە ڕۆشندەبێتەوە، كە لە پەیوەندی چینەكاندا، ئایین بۆ كرێكاران شتێك نییە بێجگە لە دڵنیایی و دەستەبەركرنی ھەلومەرجێك بۆ ملدانی ئەوان بە سەروەری و چەكێك بە مەبەستی پەسەندکردن و ملدان بەو نەزم و مۆڕاڵانەی، كە چینە سەروەرەكان بە مەبەستی بەھرەكێشی كرێكاران، خوازیاریانن.
سەرەڕای ھەر شتێك كە سوشیالیستە ڕەنگا و ڕەنگە ئایینییەكان بیانەوێت بیڵێن، زۆر ڕۆشنە دەربڕینێك كە پارتە كرێكارییە جیاوازەكان ھەڵیانبژاردووە، كە ئایین پرسێكی كەسییە، بێجگە لە سازشێكی ڕامیاریی كاتی، كە ئێمە ناتوانین پشتیپێببەستین، هیچی دیکە نییە.
ئێستاكە ئیدی ڕۆشندەبێتەوە، كە چ پەیوەندییەك لەنێوان سوپا و ئاییندا ھەیە. چونكە ھەردووكیان ڕێكخستنێكی سەركوتگەرانەن و ڕۆشنە كە بۆچی وردەبۆرجوا بابسالارەكان و خێزانە جوتیاریییەكان، ئەوەندە ھۆگری ئایین و یاساكانی خوا’ن و مەترسییەك كە دەتوانێت ئەم كڕۆكە سركوتگەرانە كارایە لە پێشكەوتنی كۆمەڵایەتییدا ھەیبێت، ببینین. ڕوناكییەكی نوێ بەسەر ڕابەرە پارتییەكاندا، بەسەر لێپرسراوان و چەمكی كۆنترۆڵی بەكۆمەڵ، كە بەسەر ئەواندا بەكار براوە، باڵیکێشاوە !
ھەرچەند زیاتر گەنجینەی ھونەری و ئەزموونگەری خەڵك، كە لە نووسین و نیگارەكاندا بپارێزرێت، بە نۆرەی خۆی دەبێتە ھۆی فروانتربوونی ھوشیاریی كۆمەڵایەتییان و پێگەی داھێنانی سەربەخۆ، كە ملكەچی خو و ڕێسا جێكەوتەكان نییە، دەستەبەردەكات. ئەگەر ئاوەھایە، ئایا دەبێت چینی كرێكار میراتبەری كەلەپوری ئایینی خۆی بێت ؟
****************
پەراوێز:
* وەرگێڕانی ئەم بابەتە و چەند بابەتێکی دیکە، بۆ هاوبۆچوونی من لەتەك بیرۆکەکانی نووسەرانیان ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ هاندەرێك دەگەڕێتەوە، کە ئەو ڕۆژانە وەك شێوازێك پەنام بۆ دەبرد، ئەویش نیشاندان و خستنەڕووی ڕاستی ڕەخنەی سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان بوو لە دەمی خودی مارکسیستەکان و لایەنگرانی بۆلشەڤیزمەوە، یەکێك لەو کارانەی کە کاتێکی زۆم بۆ تەرخانکرد، وەرگێرانی شانۆگەریی “ترۆتسکی لە دوورخراوگە ” بوو، کە لە گۆڤاری ‘ هونەریی ژیلەمۆ’دا بە زنجیرە بەش بڵاوکرایەوە، تەنیا ئامانجم نیشاندانی چۆنیەتی سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاریی و ئۆپۆزسیۆنی کرێکاریی نێوخۆی پارتی بۆلشەڤیك و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی نوێنەرانی کرێکارانی مانگرتووی پترۆگراد و ڕاپەڕیوانی کڕۆنشتات بوو، هەروەك لەم وەرگێڕانەشدا دەبینن، چۆن خودی ‘ لێنین ‘ بەبێ پەردە و ئاشکرا ” بزووتنەوەی پرۆلیتێری ” و ‘ باگدانۆڤ ‘ ناچار بە بێدەنگبوون و وازهێنان دەکات !
** ھەرچەندە بە دوای واژەی (اینوكنی)دا گەڕام، بە ھیچ شێوەیەك ناوێکی ئاوا پەیدانەبوو، ڕاستییەكەی ئەوەندەی كاتم بۆ دۆزینەوەی واژە و ناوەكان بە زمانی ڕوسی یا ئینگلیزی بەسەربردووە، ئەوەندە وەرگێڕانی بابەتەکان كاتیان نەبردووە. بەداخەوە لە وەرگێڕەرانی زمانی فارسی و عەرەبیدا، ھاوشانی نووسینی ناوەكان بە زمانی خۆیان، ناوەكان بە ئینگلیزی یا لاتینی نانووسنەوە، لەبەرئەوە مەگەر ئەھریمەن یا ڕێكەوت لە دۆزینەوەی ناوەكان لە زمانی سەرەكیی نووسینەكەدا، كۆمەككەربێت. هەروەها بەداخەوە زۆربەی وەرگێڕەرانی کورد’یش بە هەمان شێوەی نادەربەستانەی وەرگێڕەرانی فارس و عەرەب، ناوەکان دەشێوێنن و بواری خوێندنەوەی زیاتر لە بابەتی ئەو نووسەرانە یان لەبارەیانەوە، لە خوێنەری کورد دەگرن و بێبەشیدەکەن. لێرەدا چەند بارەی دەکەمەوە، هیوادارم وەرگێڕەرانی کورد لە کاتی دانانی ناو و واژە زانستیی و ڕامیاریی و فیلۆسۆفییەکاندا، هەوڵبدەن ناو و واژەکان بە زمانی بنەڕەتی دەقەکە یا بە ڕێنووسە لاتینییەکەی دابنێن، تاوەکو خوێنەری کورد دەستی بە سەرەداوی دیکە لەمەڕ خودی نووسەر و هزریی نووسەر، دەستبکەوێت.
سەرچاوەی فارسی بابەتەكە: نشریەی كرگر سوسیالیست ضمیمەی شمارە ٦٠ دی ماە ١٩٧٧
http://www.marxists.org/farsi/archive/bogdanov/works/1924/mazhab.pdf