زرنگانەوە و كارایی ئەو زللەیەی كە دایك و باوك لە منداڵەكەیان دەدەن، لە فەرمانی جەنراڵەكان و سەرۆكانی دەوڵەتدا بۆ كودەتا و سەركوت، كۆتایی دێت !

ئەوە داك و باب نین كە شەق و زللە دەسرەوێننە قون و بناگوێی ئێمە، بەڵكو ئەوە كولتوور و فشاری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن، كە باوك و دایك دەكەنە جەلاد بەسەر منداڵانیانەوە….

ئەوە فشاری سیستەم و شالیاریی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە و خوێندن و دەسەڵاتی كولتووریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی كۆمەڵگەن، كە مامۆستا دەكەنە جەلادێكی داربەدەست.

لەبەرئەوە، ئەوی بخوازێت كۆتایی بە لێدان و تێكشكانی دەروونیی منداڵ بەدەستی دایك و باوك و برا و خوشكی گەورە، لێدان و تێكشكانی دەروونیی و كەسایەتی فێریاران بەدەستی ماموەستایان و لێدان و تێكشكانی دەروونیی و كەسایەتی فەقێیان بەدەستی پیاوانی ئایینی، بھێنێت، خۆبەخۆ ناچاردەبێت دژایەتی سەروەریی چێنایەتی خۆڕێكخستوو لە پێكھاتە قوچكەییەكانی خێزان و فێرگە و مزگەوت و پەیوەندی كولتووریی و دەوڵەتدا، بكات و ھەوڵی جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی پەیوەندی و ڕێكخستن و پێكھاتەی ئازادیخوازانەی ناقوچكەیی بدات.

ئەگەر نا ھەر ھەوڵێك بەبێ لێدان و ڕوخاندنی پێكھاتە قوچكەییەكانی نێو ژیانی ڕۆژانەمان، تەنیا بە بەرھەمھێنانەوەی ھەمان شت كۆتایی دێت، لەوانەیە لە فۆرمێكی دیكە و لە ژێر دێوجامەیەكی دیكەدا، كە ھیچ لە بنەما و بوونی دیاردە و ستەمەكان و پێكھاتە دژە-ئازادییەكان، ناگۆرێت.