جاران سەرتاشخانەکان، شوێنی کۆڕ و کۆمەڵی گوند و شار بوون. ئیدی هەرجێ هەبوو و نەبوو دەکەوتە بەرباس و تەنانەت شتە تابووەکانیش .

ئەگەر لای فەرەنسییەکان مەیخانەکان پارلەمانی گەلیی بن، ئەوا لە کوردستاندا سەرکانی و کۆڕی پرسە و سەرتاشخانەکان، و چایخانەکان پارلەمان بوون و بەشداربووانیان زۆر لە ئەندامپارپارلەمانەکان و ڕامیارەکانی ئێستا بە ئەدەبتر و بە مە‌عریفەتر و بە ئوسوڵتر و راستگۆتر و دەست و دەم پاکتر بوون.

کەس هاواری بەسەر کەسدا نەدەکرد و هەمووانیش ڕەتی یەکدییان دەدایەوە. فەرهەنگێك کە بەداخەوە رامیاریی هات و ڕایماڵی، پارتایەتی هات و لەبیری بردینەوە، دەوڵەت هات و نامۆیکرد، …. ئیدی بەخۆتان ئەم لیستە درێژبکەنەوە و ببینن، کە دەوڵەت و رامیاریی و پارتایەتی و سەرۆک سەرۆکێنە و دەسەڵاتخوازیی و چاوچنۆکی و مشەخۆریی دەسەڵاتداران، چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆگەندکردن و چۆن تاکی ژینگە پاریزییان کرد بە ژینگە تێکدەر و چۆن تاکی ئاژەڵدۆستییان کردە ئاژەڵ بەندکەر، چۆن هەرەوەزیی و هاوپشتی کۆمەڵایەتییان وەرگۆڕییە سەر خۆپەرستیی و فڕوفێل و هەڵپەی بەشە تاڵانی و گەندەڵیی ؟

هیوادارم هەر کەس لە جێی خۆیەوە هەوڵی یاداوەرییەکانی لە هەر هەر بواریکدا بۆی دەلوێت، بنووسێتەوە و جانسێك بە نەوەکانی ئەمڕۆ ببەخسێت، کە بەلایەنی کەمەوە بزانێت جاران مرۆڤەکان بەبێ ڕامیاریی و دەوڵەت و پارتایەتی دەژیان و چۆن بەختەوەر و ویژدان ئاسوودە و ساکار و گەلیی بوون. ئەگەر نا، ئەوا ژاراوی ڕامیاریی و ژاوەژاوی میدیاکان گەمژەیان دەکات و لەبەرامبەر رانەپەراندنی ئەم ئەرکە مرۆییەماندا، مێژوو لێمان نابورێت، هەروەك چۆن ئەمڕۆ ئێمە بەرۆکی پێشنیانی خۆمان لەسەر ڕانەپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەگرین …

ئەگەر جاران بۆ تۆمارکردنی یاداوەرییەکانمان و بڵاوکردنەوەیان پێویستمان بە بڕە پارەیەک بۆ تایپ لەلای تایپچن و چاپکردنیان لە چاپخانە یا بڵاوکردنەوەیان لە بڵاوکراوەیەکدا پاش تێپەڕبوونی لە سانسوور و بە هەزار و یەک پارانەوە هەبوو، ئەوا ئەمڕۆکە بە مۆبایلەکەی گیرفانمان و بە کۆمپیوتەرەکانمان، بە ئاسانی دەتوانین پەیامەکانمان بە نەوەی ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتووش بگەیێنین، چ لە فەیسبووک و گوگڵ پلاس و چ لە بلاگێکی تایبەت بە خۆمان، هەڵبەتە هەمووی سەربەست و بە خۆڕایی …