نامه‌ی پێنجه‌م
له دارالسلام، له خانه‌باخی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»،
لەتاو گەرما خه‌وتن ناكرێ.
گه‌رما به پێستی جەستەمه‌وه دەلكێ
ژن و مێردێکی کەنه‌دایی چه‌ند ساتێك له‌مه‌وبه‌ر نزای شه‌وانه‌یان
به تۆماری دەنگیی خوێند
شێره‌کان نانەڕێنن
شێره‌کان لەنێو جه‌نگه‌ڵدان،
شێره‌کان، فیله‌کان، که‌رگه‌دنەکان،
زێبراكان *، زه‌رافه‌کان، گشت جۆره مامزه‌کان
پێموایه لێره پڵنگ نییه.
له ‘باخچه‌ی ئاژه‌ڵ’ی مۆسکۆ پڵنگ’یش هه‌یه، ورچی سپی و پێنگوین’یش
بەستەنی قەیماخی’یش هه‌یه.
له مۆسکۆ هه‌نووکه به‌فر ده‌بارێ، دانار دانار
گه‌رما به پێستی جەستەمه‌وه ده‌لكێ
له ژێر په‌رده‌کوله به ڕووتی خه‌وتووم،
له‌سه‌ر پەردەکوله‌که مارمێلکان
لە تیمساحی گچكە دەچن، زمانیان ده‌ردەكەن،
له‌وانه‌شه ئه‌مانه مارمێلك نه‌بن
له زیندانی «بورسا» له چه‌رچه‌فه‌کان په‌رده‌کوله‌مان چێده‌کرد.
به‌یانیان به سه‌تڵ قۆلانچه‌مان دەڕشتە دەرێ.
گه‌رما به پێستی جەستمه‌وه ده‌لكێ
گه‌رما له ترپەی دڵم ده‌دا،
ئامێتەی خوێنم دەبێت و بە ڕەگەكانما گوزەردەكا.
بەدڵنیاییەوە لە مۆسكۆ بەفر دەبارێ،
له‌وانه‌شه باران بێ؟
پێش ئه‌وه‌ی بنووی، له په‌نجه‌ره‌وه تەماشای گه‌رمیپێوت کردووە؟
پازده پلە ژێر سفر بوو یا حه‌ڤده؟
له پشتسهری چەرپاکه‌ته‌وه، چراخه‌وێکی شین!
بیر له چی ده‌که‌یته‌وه؟
نەشێ ئه‌م جاره‌ش تا سه‌رت له‌سه‌ر سه‌رین نابێ، خه‌وت لێ که‌وتبێ؟
له دارولسلام له که‌پرۆکه‌ی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»
له‌تاو گه‌رما خه‌وتن ناكرێ.
* Zebra، جۆرە گوێدرێژێكە، كە لە زمانی كوردیدا بە گوێدرێژی جەنگەڵی [كەری وەحشی] ناسراوە.