ئەرێ بەڕاست ھەرێمی كوردستان بومەلەرزە دەیگرێتەوە یا پاشلەرزە ؟
ئەوەندەی من بزانم ئەوی چووبێتە فێرگە و خوێندبێتی، لە جوگرافیادا ھاتووە، كە عیراق و ھەرێمی كوردستان لەسەر ھێڵی بوومەلەرزە نین و لەو ناوچەدا دوو ھێڵی سەرەكی ھەن، یەكەم بە ئێراندا تێدەپەڕی و وابزانم بە ھەرێمی زاھیدان’دا تێدەپەڕێ و ئەوی دیكە بە توركیادا تێدەپەڕێ، زۆر دڵنیانیم بەڵام وابزانم لە نزیكی ئەرزەروم و ئەو ناوەیە …
واتە كاتێك كە لە ناوچەكانی دیكە بوومەلەزرە ڕووبدات، پاشلەرزەكەی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. لەبەرئەوە ئەگەر بەڕاستی بوومەلەزە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەبێت، ئەوا پێویستی بە لێكۆڵینەوە ھەیە، لەوانەیە دزە ڕزگاركەرەكان [ببوورن میوانە ئازیزەكان ] خەریكی بنكۆڵكردنی ھەرێمی كوردستان بن لە دووی نەوت و كانزا و كەلەپووری میزۆپۆتامیا … تد.
ئیدی واز لەو دڵەراوكێیە بھێنن و لە ماڵی خۆتاندا بە خەیاڵی ئاسوودەوە دانیشن و لەسەر تەماشاكردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییە پڕ توندوتیژی و پووچەكان و كێبڕكێی دەوڵەتمەندبوون و چاولێگەریی و ڕەدووكەوتنی جەنڕاڵەكانی جەنگی نێوخۆ و خۆشباوەڕیی بە ئەفسانەی دەوڵەتی باش ؛ میرایەتی باش ؛ سەرۆكی باش ؛ ڕزگاركەریی ئەمەریكا و دیارییەكانی نیئۆلیبرالیزم، بەردەوامبن و سڵاوات لە دیداری فیلۆسۆفانی ھەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی كۆمەڵگەی چینایەتی بدەن !!!