بانێكە و دوو ھەوا
بە بۆچوونی من، نادادوەرییە ئەوەندە یەخەی نەوشیروان موستەفا لەسەر كۆبوونەوەی داخراو لەتەك مەسعود بارزانی، بگرین. دەی ئەویش وەك ھەموو رامیارانی دیكە [لە چەپەوە بۆ ڕاست و لە راستەوە بۆ چەپ] ئارەزووی سەروەریی و مشەخۆریی ھەیە. لەبەرئەوە گلەییكردن لێی نیشانەی خۆشباوەڕییمان دەبێت، یا بە واتایەكی دیكە نیشانەی ھەبوونی چاوەڕوانیمانە لەو !
دەمێكە لەلای خۆمان دەبێژن “ڕامیاریی دایك و باوكی نییە”، لە ئەوروپاش دەبێژن “رامیاریی و مۆراڵ كوجا مەرحەبا “.
من تێناگەم، بۆچی ئەوانەی بە كۆبوونەوەی نەوشیروان و تاڵەبانی / بارزانی تووشی شۆكدەبن و تێناگەن، كە ئەویش وەك ئەوانی دیكە خەریكی بەكاربردنی ھونەری لەخشتەبردن [رامیاریی/ ڕامكاری]ە.
من لەم پارادۆكسانە تێناگەم؛ پارتێك كە پاگەندەی پێشڕەوی پڕۆلیتاریای جیھان دەكات، كەجی سەركردایەتی و بنكردایەتی گلەییان لە سەردان و دانیشتنی نەوشیروان موستەفا و مەسعود بارزانی ھەیە ! ئەگەر ئەمە چاوەروانی نەبێت، ئەدی دەبێت چی بێت ؟
دەنگدەرانی لیستەكەی نەوشیروان، بە شەرمەوە گلەییان ھەیە، ئەمە لە كاتێكدا كە لە كاتی دەنگدانەكاندا ئامادەی سنگھەڵدڕینی ھەر كەس بوون، لە رابوردوو و ئێستای نەوشیروان ڕەخنەبگرێت !
ئایا دەنگدان بە كەسێك و ئاواتخواستن بۆ بەدەسەلاتگەییشتنی، سەرەنجامەكەی ھەر گەیاندنی كاندیدەكان نییە بە كابینەی دەسەڵات و ئاشكردنەوەیان لەتەك نەفرەتاوییەكان لە گەمەی دێمۆكراسی پارلەمانیدا ، خۆ بڕواباكەم دەنگدانیان بۆ ئەوە بووبێت، كە نەوشیروان بە “وەرەندڵ”ەوە بچێت لە ‘سەری ڕەش’، سەری سوور “قزڵباشی” بگرێت و مەسھود بارزانی ئاودیوی توركیا بكات ؟
ئەوی دژی گەندەڵی و سەركوتی سەروەرانی ھەرێمە و لە سازشی نەوشیروان لەتەك ئیسلامییەكان و مەسعود بارزانی، خۆشینایێت، ئەوا تەنیا ڕێگەیەك دەمێنێتەوە، ئەویش دژایەتی ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریییە، داچڵەكانە لە خەونی پارت[حزب]ی باش و دەوڵەتی/ فەرمانداریی باش و سەرۆكی باش و لیستی باش و پارەلامنی باش و چەوسێنەری و سەروەری باش، گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی سروشتیانەی كۆمەڵایەتی پشتبەستوو بە ھاوپشتی و ھەرەوەزی و ئاشتی كۆمەڵایەتی، گەرانەوەیە بۆ پەیڕەوكردنی ئازادی تاك و ئۆتۆنۆمی كۆمەڵگەكان، زیندووكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ڕزگاركردنیانە لە تاعون و وەرەمی ڕامیاریی و سیستەمی دەسەڵاتخوازیی و مشەخۆریی !
ئەگەر نا، سەدان ساڵی دیكەش، دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستانیش وەك دەنگەران لە ئەمەریكا و ئەووروپا، تەنیا خەریكی خولانەوە لە بازنەی خۆشباوەڕیی ڕامیاریی و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر و خۆسەرگەرمكردن بە درۆكانی كاتی دەنگدانەكان، دەبن!