ڕاپۆرتی تانگانیكا / نامەی ھەشتەم

ڕاپۆرتی تانگانیكا

نازم حیکمەت
و. لە فارسییەوە: هەژێن

نامەی ھەشتەم

چۆنی « تولیاکۆڤا » لە چ دونیایەكدای ؟
پڕچ كاڕەنگی، چۆنی ؟
لەچیدای، ئەی برژانگ شین ؟
گەر برژانگە شینەكانت، ڕێمبدەن،
دەمەوێ نێوی چاوانت ببینم
دەمەوێ لەنێو چاوانتا بگەرێم و لەتەك خۆم ڕووبەڕووبم.
لەوانەیە لەنێو دێڕی پەرتووكێكا
لەوانەیە جارێكی دیكە لە «پێشانیا»، وێستگەی ئۆتوبوس
لە چاوانتا لەتەك خۆم ڕووبەڕووبم،
بڵێم ” سڵاو نازم، چۆنی، بەختەوەری؟ ”
سڵاو بۆ ڕوباری مۆسكۆ،
سڵاو لە مەیدانی سوور، دوكەڵكێشی كارخانەكان، گشت شانۆكان
سڵاو لە دەرگای ماڵەكەمان،
سڵاو لە بۆ وێنەكەی ھەڵواسراوەكەی ئیستانبوڵ،
گەر لە ھەواڵی من بپرسی، من دوو ڕۆژە لێرەم لە باشوور،
لە «ئاروشا » لە « موشی».
لە دەوروبەری كێوی بەفرگرتووی «كلیمانجۆرا » .
كێوێكی گەشتیاریی
ئاساییشی ھوتێلەكان، لە ئەستۆی سویسرییەكانە.
لە «موشی» خێڵی « جاگا » دەژی .
لە ھوتێلەكان، قاوەخانە و بێشەكانی سێزاڵ’دا كاردەكەن.
بێشەكانی سێزاڵ، ھی ئینگلیس و ھیندی و یۆنانییەكانن
خەڵكی «جاگا » ڕووخۆش و ژیر و ئارامن.
پیاوانیان بە كراس و شەڵواری كورتەوە، زۆربەیان پێخاوسن
حەزیان لە بایسكیل ھاژووتنە،
ژنانیان لەنێو كراسە سوورەكان، بە لەنجەولار دەڕۆن و
لە بان سەریان باری گەورەتر لە خۆیان ھەڵگرتووە
گشت ژنانی ئەفریكا ئاوھان.
كیژۆڵانی جوانم دیتن.
پێپەری ڕەش، نوقلی بادامی،
كراسە نایلۆنەكانیشیان فشكردووە
خوێندەوارانیان لە ئەناتۆڵی زیاترن
چوومە بوركانی « نگۆرۆ نگۆرۆ »
دەمی بوركانەكە بە گیا و درەختان داپۆشراوە.
گوتیان پانتایی دوو كیلۆمیتری چوارگۆشەیە.
كەرگەدەنی گەشتیارییم دیت.
زەرافە و فیلی گەشتیاریی
بە گەل ڕێدەكەن،
جیپەكان بە كنیانا دەڕۆن، بەلای لوتیانا.
سەرێ بەرزدەكەنەوە و سەرنجێ دەدەن،
ماركەی ئۆتۆمۆبێلەكە دەناسنەوە،
لاندرۆڤەر.
بەخەمەوە لا بەولاوە دەكەن،
بە بێزاری.
تەنیا مامزەكان لەتەك « لاندرۆڤەر» ڕانەھاتوون.
سڵەمینەوە و ھەڵھاتن.
ئیدی شەوێك، گەشتیارێكی ئەمەریكایی لەبەر فرە مەستی لە بێشەوارێكا
خەوی لێكەوتوو،
شێرەكان تاكو بەیانی لە بان سەری چاوەڕێمانەوە
دیتیان كە لە خەو ڕانابێ،
كەوتنە خواردنی
گۆڕەكەم دیت، ڕووداوەكە لەسەر كێلی گۆڕەكەی نووسرابوو
لەم دەوروبەرەدا « ماسایی’یەكان» دەژین، ڕووت و قووت
تەنیا ژنایەتییان پۆشراوە.
گەورە پەیكەرن.
شەیدای ڕەنگی قاوەیین
ڕوخساریان بە قاوەیی ڕەنگدەكەن
لێواری گوێچكەی ژنانیان، تا سەر شانیان شۆڕبووەتەوە.
دەڵێن بە كێشێك درێژیانكردووە.
« ماسایی»یەكان كۆچەرن.
گەلەدارن
گۆشتی مانگاكانیان دەخۆن و خوێن و شیریان بە گەرمی دەخۆنەوە.
كاتێك شێرێ ھێڕش دەكاتە سەر گەلەیەك، دەیگرن
بە كوتەك لە سەری دەدەن.
لە ھوتێل كاخەزێكیان پێداین،
لە بوركانەكە چ شتێ فرەتر بەلاتانەوە پەسەندبوو؟
فیلەكان ؟
كەرگەدنەكان ؟
ماسایییەكان ؟
یا كارمامزەكان ؟

فێبریوەری ١٩٦٣
*****************************
ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.
تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.