خوو و نەریتی فەیسبووكئاوا

لە سەدا نەوەد و پێڼج [ ٩٥% ] زیاتری دانیشتووانی فەیسبووكئاوا خەریكی ئەم بەزمەن ….

“ھاوڕێیان ئەم چاویلكەمە تازە كڕیوە، جوانە لێم دێ” سەدان لایك و پێداھەڵدان و ترۆھاتی دیكە …. “ھاوڕێیان پاش چەندین ساڵ ئەمە یەكەم جارە جلی كوردی لەبەردەكەم، جوانە ” دەیان لایك و پێداھەڵدان و ترۆھاتی دیكە …. ” ھاوڕێیان ئەمە تازەترین وێنەمە بەڕای ئێوە لەسەر پەیجەكەم دایبنێم” سەدان لایك و پێداھەڵدان و ترۆھاتی دیكە ، ھەڵا ھەڵا، ھەڵا، ھەڵا، ھەڵا ، ھەڵا ، ھەڵا، …

من كەسێك دەناسم كە بەناوێكی ژنانەوە دەنووسێت و وەرگێراندەكات، ھەموو جارێك بابەتەكەی لە سەرووی سایتەكانەوە لە ڕێزی ئەستێران دادەنێن. ھەروا كەسی دیكەش دەناسم، بیرۆكە لەم و لەو دەدزێت و پاش كۆنبوونی پۆستی ھاوەڵەكەی، كەمێك ترش و خوێی خۆماڵی پێوەدەكات و بەناوی خۆیەوە دەیفرۆشیتەوە ، ئەم لیستەش درێژە و بەخۆتان، تەواوی بكەن ….

لە سەدا پێڼج ٠٥% كەمتری دانیشتوانەكەی دیكەی فەیسبووكئاوا، خەریكی خۆكوژی و خۆخواردنەوە و كاتبەفێڕۆدانن لەپێناو ھوشیاركردنەوەی [٩٥% ]ی چەپڵەلێدەران و لایككەران و پێداھەڵدەرانن !

ئەم بەیانییە، پاش خوێندنەوەی تاكتیكی ھاوەڵێكی فەیسبووك Wshecar Wshejar] ئەم بۆچوونەم لەلا گەڵاڵەبوو، كە ئەگەر ئەو ژنانەی ھەزاران لایكیان بۆ دەكرێت، بەناوی پیاوانەوە خۆیان بناساندایە، ھەنووكە تەنیا دەبوو گۆڕانی “ھەوار چۆڵ و ھۆڵ، ھەی ماڵی وێرانم، ئەی خوادا ھاوار چ بكەم، دیارنین ھیچ یەك لە لایككەرانم” … ھەروا پیاوانێك كە لە كایەی ھزریی و فیلۆسۆفیدا چالاكن، ئەگەر ئەكاونتەكانیان بەناوی ژن و بە وێنەی ژنێكەوە بووایە، ئیدی لەتاو وەڵامدانەوەی پێداھەڵدان و لایك و پەیامە تایبەتەكان و گروھییەكان و واژۆنامەكان، كاتیان بۆ ھزراندن و فیۆلۆسۆفاندن نەدەمایەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیێنێت، كە تەنیا پیاوان دەبەنگی فەیسبووكئاوان، بەڵكو ژنانیش لەو بوارەدا ھاوكاریانن و بەخۆیان بزانن یا نا، بوونەتە كەرستەیەكی بازاری، وەك پێشینان دەبێژن “چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێ”، تەواو بە پێچەوانەی بۆق و چێڵەكەی وانەی كوردی پۆلەكانی سەرەتاییەوە، “كەواتە ھەموومان بێسوودین، لایككەر و لایكراو”

دەی ھاوڕێ و ھاوەڵ و خزم و خوشك و براینە، وەرن با فریای خۆمان بكەین و لە حەشاماتی لایككەران خۆمان جیابكەینەوە، ئەگینا دواتر زۆر درنگ دەبێت و چارەسەری نەخۆشییەكە ئاساننابێت !