ەڕێ جەنەڕاڵەكانی میسر، شۆڕشەكەی [چەپ]یان گەیاندە كوێ ؟

ھەرچەندە لە مەیدانی ئازادی [میدان التحریر] قاھیرە خەڵك دەكوژرێت، ھەرچەندە سكیولاریزمی جەنەراڵەكان بڕیاری قەدەخەكردنی كۆبوونەوەی دە (١٠) كەسی دەدات، ھەرچەندە لە كەرتە پیشەسازییەكانی سوپای میسردا كرێكاران وەك كۆیلەی سەدەكانی نێوەڕاست كاریانپێدەكرێت و مامەڵەدەكرێن، ھەرچەندە ڕێكخرابوون و سەردانی ڕۆژنامەگەران بۆ كارخانەكانی سوپا و جەنەراڵەكان قەدەخەیە، ھەرچەندە و ھەرچەندە …، كەچی چەپ وەك گوكەرەكەی سەرەڕێ، خۆی بە چیلكەوەردان بەنێو خۆڵەپۆتەی ڕامیاریی خەریككردنەوە، وادەزانێت ئازادیخوازان ھەلھەلەی ئەوانیان بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە لە ھەرێمی كوردستان و ئێرانەوە بۆ میسر و پیاھەڵدان بە ھەنگاوە مێژووییەكانی كودەتاچییانی میسر’یان لەبێردەچێت.

بەڵام ئازادیخوازان وەك ڕێبواری ئەو ڕێیەی كە گووكەرانی چەپ لە ڕۆخیدا خۆیان بە چیلكەئاژنی خۆڵەپۆتەوە خەریككردووە، لەتەك ھەر ڕەشبگیرێك و كوژرانی ھەر خۆپیشاندەرێك و سەركوتی ھەر مانگرتنێكدا بیریاندەھێنینەوە، كە سوپا بە سپی و ڕەش و مۆر و سوورییەوە، بێجگە لە سەركوتگەری جەماوەری ژێردەست، ھیچی دیكە نییە!