دۆستێك لە پەیامێكی تایبەتدا نووسیویەتی ” تۆ زۆر سووكایەتی بە سیاسی و سیاسەتمەداران دەكەی …..”

دۆستی ئازیز، من سووكایەتی بە كەس ناكەم، پەندێكی پێشنان ھەیە كە دەبێژێت “وەڵامی قوزەڵقورت، سندانە”

ڕۆژانە لە كاناڵە تەلەفزیۆنییەكان و لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەكاندا ڕامكاران و ئەو فەریكە ڕامكارانەی كە خەریكن وەك كارگی نێو سەنێرگە ھەڵدەتۆقن، بە ھەزار و یەك شێوە سووكایەتی بە خەڵكی نەخوێندەوار و ھەژار و بێكار و كرێكار و جوتیار و فەرمانبەر و خوێندكار و كەمئەندام و پەككەوتە و خانەنشین و لەنێو ئەوانەشدا بە ژنان دەكەن و دەلێن ” ئەوان خەڵك، كۆمەڵگە، چینی كرێكار، ژنان، ..تد پێویستیان بە ڕزگاركەر، بە ڕابەر، بە قسەكەر، بە نوێنەر، بە فریادرەس، بە سەرۆك، بە پارتی پێشڕەو، بە دەمراست، بە …. و بە …. و بە …و تد ھەیە”

ھەندێك جار بە دیوە بێپەردەكەیدا بە ئاشكرا دەڵێن “خەڵك نەزانە، خەڵكی نەخوێندەوار، لادێی، دەمبەتاڵ، دژی دەسەڵات، ئاژاوەچی، …تد”

لێرەدا داوا لە خوێنەرانی ئازیز بە دۆستە ڕامیارەكەشمەوە دەكەم، كە كەمێك ھەستەوەرانە گوێ لە دەستەواژەی ڕامیاركاران لە ھۆڵی پاڕلەمانەوە تا ستودیۆی كاناڵە تەلەفزیۆنییەكان و تا ڕووپەڕی تایبەتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ڕادێرن و بخوێننەوە و شیكارییان بۆ بكەن و بزانن ئەوەی من بە ڕامیاركارانی دەبێژم جنێو و سوكایەتییە یا ئەوەی ئەوان بە خەڵكی ژیڕدەستی دەڵێن ؟

ڕامیاركاران دەڵێن چین و توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە گێلن و بێتوانا و نەزانن و پێویستیان بە شوانە و فریادڕەس و نوێنەر ھەیە، منیش گوتوومە و دەیڵێمەوە ڕامیاران فریودەر، لوتبەرز، دەسەڵاتخواز، مشەخۆر، چاوچنۆك، درۆزن، جنیودەر، ھەرچی دزێوی دیكە ھەیە ..تد

پرسیار ئەی دۆستی ئازیز و پارێزەری ڕامیاركاران، ھێشتا لەسەر گللەییەكانت سووریت و خۆت و ڕامیاران بە سووكایەتیپێكراو دەزانیت و منیش بە سووكایەتیگەر؟