لە بارەی شوناسسازی بۆ بكەرانی ڕووداوەكانی ھەولێر و كەركووك
پێش ھەموو شتێك، خەریكە دەستی دەسەلات لە پشت ڕووداوەكانەوە دەردەكەوێت، جارێك عەرەبە ئاوارەكان دەكرنە ئەكتەری سینارۆكە و ئەم جارەش ھەڵەبجەیی !!!!
من لەو ھەموو سیناریۆسازییەدا، تەنیا یەك شت دەبینم، لادانی سەرنجی خەڵك لەسەر ڕێكەوتنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات لەسەر سەروەریی و مشەخۆریی ھاوبەش بەسەر خەڵكەوە، ئەگینا ئەو ھەمووە درۆ بێسەرەوبەرەیە لە پای چی، پاشان بە چ مەبەستێك شوناسی ناوچە و شار و گوند بە بكەرانی كارێك دەدەن؟
یەكێك لە بنەماكانی ڕۆژنامەگەریی، تێوەنەگلانی خێزان و بنەماڵە و شار و ئایین و نەتەوە و چین و توێژ و بیروباوەڕە بە تۆمەت یا تاوانەوە. بەڵام ئەوەی لە كوردستان پێیدەگوترێت میدیا بێجگە لە باند-باندێنی دەسەڵاتداران ھیچی دیكە نییە و ھەر دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتێك خاوەنی چەند سایت و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە. جاران لە سەرۆكایەتی ئەفواج خەفیفەدا چەند ژنە و چەند ئۆتۆمەبیڵ و میدیالیای سەرۆكی قوماندە باوبوو، كەچی ئەم ڕۆ باو باوی سایت و ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگەی “ئەھلی”ییە !