كۆیلەی سۆپاسگوزار لەبەردەم بەزەیی سەروەراندا

لاوێكی ھیندی، پەروەردە و گەورەبووی خێزانێكی نەدار و كۆڵان و گەڕەكێكی ھەژار، پاش ئەوەی كە خوێندنی زانكۆ بە نیوە ئیس و نیوە خوێندن تەواودەكات، لە دووی خولیای منداڵی دەڕوات، كە خزمەتكاریی كۆشكی شاژنی بریتانیایە و دواجار خەونەكەی دێتەدی و بەو پەڕی سوپاسگوزارییەوە لە پشت دەرگەكان دەوەستێ و كاتێك كە وەك خزمەتكارێكی نوێ نیشاندەردرێت، سەدان كامێرای كاناڵەكان و ئەوەندەش ڕۆژنامەنووسی ئەكادێمی ئامادەی پێشكەشكردنەكەی دەبن و ھەزاران لاوی كۆیلە و سوپاسگوزاری بەردەرگەی شاژن ئامادەی خۆشییەكەی دەبن.

بەڵام بەختەوەریی كۆیلەی سوپاسگوزار زۆر درێژە ناكێشێت و لە كارەكەی بەبێ ڕوونكردنەوە دەردەكرێت و پاش تەوابوونی ڤیزای خوێندنەكەی لە بریتانیاش دەردەكرێت و دەگەێتەوە گەڕەكە ھەژارنشین و ئامێزی خێزانە نەدارەكەی.
باوكی لاوەكە دەڵێت، “وێڕای سوپاسگوزاریمان بۆ شاژنی بریتانیا، ھیوادارم كارەكە بە كوڕەكەم بداتەوە و لەو خۆشییە بێبەشینەكات”. ھەروەھا خودی لاوەكەش بەو پەڕی ھیوادارییەوە ئەم پەیامە بۆ شاژن و كوڕ و نەوەكانی دەنێرێت، كە “سوپاسگوزار و بەختەوەر دەبێت، ئەگەر مۆڵەتی بدەن جارێكی دیكە خزمەتی كۆشی شاژن بكات …”

ئازیزانم، بەم گێڕانەوەیە، دەمەوێت بە نووسەران و ڕەخنەگرانی یەكێتی و پارتی و ئەكادێمیستەكانی كورد بێژم، نەخوێندەواری و گوندیبوون و نەداریی بەڕێوەبەرانی شار و كاربەدەستان، ھۆكاری كۆیلەتییان بۆ دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە نییە، بەڵكو لاساییكردنەوەی ئەكادێمییەكانە، كە گوندییە بەدبەختەكانی نێو شاری تووشی ناجێگیریی دەروونی و خۆبەكەمزانین و سوپاسگوزاریی كردووە، ئەوە نییە، كە ئەكادێمیستەكەی ھیندوستان، تەنیا خەونی خزمەتكردنی شاژن و دەستوبەندەكەیەتی، ئەوە نییە ئامادەیە پێڵاوی سەروەران ڕیزبكات ؟

ھەروەھا ئەوانەی كە ئەم ڕۆ لە ھەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندن و ڕاوێژكاریی و خزمەتكاریی دەسەڵاتداراندا ھەموو توانای خۆیان خستووەتەگەڕ، كەسانی نەخوێندەوارنین و گوندی نین، ئەوە ئەكادێمیستە شارییەكانی پەردەوەردەی ئەوروپان، ئەوە ئەوانەی، كە شەو وڕۆژ كلە میدیای دەسەڵات و میدیای لاورگ “ئەھلی”دا سووكایەتی بە خەڵكی لادێ و نەخوندەوار و ئاوارە و كۆچەرانی كوردی بەشی سوریە و توركیە و ئێران و عەرەب دەكەن.